عێراقێکی ئێرانی

"خوێندنەوەیەک بۆ ھێژموونیی ئێران "

پێشەکی : ئێران ئەکتەرێکی سیاسیی گرنگی ئەو کارلێکردنانەیە کە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا ڕوو دەدەن، بە ھەموو توانا و قورساییی خۆیشییەوە ھەوڵی سەقامگیرکردن و سەپاندن و فراوانکردنی  ھێژموونیی خۆی دەدات. ئەم ھەوڵدانەی ئێران لە تێگەییشتنیەتی بۆ گرنگی و بایەخی ستراتیژیی عێراق، بەوەی کە دەروازەیەکی گرنگی پەیوەندیکردنی سیاسی، ئابووری و بازرگانییە. جیا لەوەیش، عێراق جوگرافیاییەکی گرنگە بۆ بنیاتنان و فراوانکردنی ھێژموونیی سیاسی، ئابووری، بیروباوەریی ئێران و فراوانکردنی لە ڕۆژھەڵاتی عەرەبیدا. لە مێژووی سێزدە ساڵی ڕابردوودا، دوو ڕووداوی گرنگ، دەروازەیەک و ئۆفەرێکی سیاسیی تەواو گرنگ بوون بۆ ئێران بۆ ئەوەی ئەجێندایەکی تایبەت دەرباره‌ی عێراق و ژینگەی ھەرێمایەتی بگرێتە بەر، کە له‌گه‌ڵ ستراتیژیی ھێژموونخوازی ئێران لە ناوچەکەدا ھاوتەریب بێت، ئەوانیش بریتی بوون لە: یەکەم:

ڕووداوی گەورەی کەوتنی سیستەمی حوکمڕانیی عێراق لە ٩ی نیسانی ساڵی ٢٠٠٣، کە لە بنەرەتدا تەنیا کەوتنی سەددام حسێن و نەیارێکی ئێران و دوژمنێکی کۆنی جەنگ نەبوو، بەڵکوو کەوتنی ھەموو ئەو "بەھا نەیارانە "بوو بۆ ئێران، کە بەعس بە ھەموو جۆرێک لە عێراقدا ھەوڵی دوورخستنەوەی ئێرانی پێ دەدا. ئەو دۆخە سیاسییەی لە پاش کەوتنی سیستەمە حوکمڕانییەکەی بەعس لە عێراق ڕووی دا، ئێرانی بۆ کرانەوە بە ڕووی عێراقدا زیاتر دەستئاوەڵا کرد، کرانەوەیەک بۆ فراوانکردنی ھێژموونی، کرانەوەیەک بۆ ئێرانیکردنی عێراق و دروستکردنی عێراقێکی ئێرانی؛ ھەڵبەت بەئێرانیکردنی عێراق لە ڕووی ئابووری و سێکیوریتییەوە نا، بەڵکوو لە ڕووی سیاسی و بیروباوەریی و پرۆسەی گرنگیدان بە تشیعه‌گه‌ری و ڕابەرایەتیکردنی ململانێی مەزھەبی لە ناوچەکەدا، کە دواجار "عەزفکردن"ی سیاسەتە لەسەر "وەتەر"ەکانی ئایین. دووەم: دەرفەتی گرنگی دیکەی بەردەم ئێران، بۆ ئەوەی بەتەواوی عێراق بکاتە "گۆڕەپانی پراکتیزەکردنی پەیوەندییەکانی ھێز          Areans for acting out power relationship"، بریتی بوو لە ھاتنی داعش و دامەزراندنی "دەوڵەتی خەلافەت" لە عێراقدا، کە ئەمە فۆرمی بوون و ئامادەییی ئێرانی تا ڕادەیەک، گۆڕی بۆ بوون و ئامادەیییەکی زیاتر تەناھیی (ئەمنی) و سەربازی. ئێمە لەم وتارەدا ھەوڵ دەدەین تیشک بخەینە سەر ئەو شێواز و میکانیزمانەی کە ئێران بۆ چوونه‌ناو بنیاتی عێراق بەکاری دەھێنێت. 

پرۆژەی ئێرانی لە عێراقدا، پاڵنەر و شێواز و میکانیزمی جۆراوجۆری ھەیە. کۆمەڵە پاڵنەرێکی گرنگ هه‌ن کە وا دەکەن ئێران وەک ئه‌کتەرێکی گرنگی سەر گۆڕەپانی عێراق دەربکەوێت، کە دەکرێت پوختیان بکەینەوه‌:

گەڕان بە دوای دەرچە و ھەناسەیەکی ھەرێمایەتیی دیکە: سیاسەتی چڕکردنەوەی بوونی ئێران لە عێراقدا، بریتییە لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەکی دیکەی ھەرێمایەتی. ھۆکاری ئەمەیش بریتییە لەو دۆخە دژبەیەک و ناجۆرەی لە ناوخۆی ئێراندا بوونی ھەیە، جیا لە خراپی دۆخی ئابووری، کە سیگناڵی گەشەی ئابووریی ئێران لە گەڕانەوە و پاشەکشەدایە، لە پاڵ بوونی ململانێی توندی ناوخۆیی لەسەر ناوەندەکانی ھێژموونی و ھێز لە نێوان باڵەکانی سیستەمی حوکمڕانیدا. لە پاڵ ئەمانەیشدا، ترسێک ھەیە لە کشانی تیرۆر و توندوتیژی بۆ ناوخۆی ئێران. ھەرچەندە ئەمەیان لای ھەندێک لە چاودێرانی سیاسی و لێکۆڵەرەوانان بەگومانەوە لێی دەڕوانرێت، چونکە ئەو تیرۆریزم و توندوتیژییەی ئیسلامی سیاسی لە فۆرمی داعشدا خۆی مانیفێست کردووە، توانیویەتی زیان بە بنیاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرھەنگیی زۆرێک لە گەلانی ئەم ناوچەیە بگەیەنێت، جگە لە ئێران .

ڕەھەندی بیروباوەری و مەزھەبگەرایی: لەم سۆنگەیەوە ڕۆڵی ئێران لە پاڵ پێکھاتەی شیعەی عێراق و نوخبەی سیاسیی فەرمانڕەوایی شیعەی عێراق، وا خوێندنەوە و بەھانەی بۆ دەکرێت کە ئامانج لێی پاراستنی مەزارگه‌ و جێگه‌ پیرۆزە ئایینییەکانی مەزھەبی شیعە و شیعەمەزھەبەکانە. لەم ڕوانگەیەیشەوە، فەتوای مەرجەعییەتی شیعە بە "الجھاد الکفائی"، تەنیا  فەتوایەکی عێراقی نییە و، زیاتر وەک فەتوایەکی "بان عێراقی" لێی دەڕوانرێت.

وەبەرھێنانی جەنگی دژی تیرۆر: ئێران ویستێکی گەورەی بۆ سازدانی جەنگ دژی گرووپە سوننییەکان ھەیە، بەتایبەت کە لای ھەموو لایەک باوەرپێکراوە کە داعش ھێز و ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە. بەڵام بەر لە داعش، جەنگانی ئێران لەگەڵ قاعیدە کە ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە، بەو جۆرە نەبوو. دەلالەتی گرنگی ئەم نایەکسانییە لە مامەڵە و ئەم جۆرە لە وێناکردنی دوو گرووپی تیرۆریستی لە دوو جوگرافیای جیاواز، وابەستەیە بە ژینگەی لەباری عێراق بۆ ئێران، بە مەبەستی پتەوکردنی پایەکانی ھێژموونگەرایی. جیا لەوەیش، ئێران لە ڕێگه‌ی ھاوکاریکردنی حکوومەتی عێراق و گرووپە شیعە چەکدارەکان کە لەژێر چەتری حەشدی شەعبیدا ناسێنراون، ئامانجێکی گەورەی ھەیە کە ئەویش بریتییە لە گۆڕینی وێنەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەوڵەتێکی ھاریکار بۆ تیرۆر و توندوتیژی، وەک بەشێک لە ڕۆژاوا و دەوڵەتانی دیموکراسی و زۆربەی دەوڵەتانی عەرەب ڕایان وایە، بۆ دەوڵەتێک کە دژ بە تیرۆر دەجەنگێت. ئەمەیش دووباره‌داڕشتنەوەی ناسنامەی کۆماری ئیسلامییە دەرباره‌ی تیرۆر و توندوتیژی و، ھەوڵێکە بۆ دەربازبوون لەو وێنایەی کە ئێران لە ھاریکاریی توندوتیژیدا، ھەیەتی. دەکرێت ئاماژە بەوە بدرێت یەکێک لە پاڵنەرەکانی ئێران لە سوودوەرگرتن لە دۆخی عێراق، گۆڕینی ئەم ناسنامەیەی دەوڵەتی ئێرانە. بەڵام ئەم ھەوڵە لە دیدگه‌ی ئێمەدا، ناتوانێت قەناعەتی تەواوەتی لەسەر ئاستی جیھان و ناوخۆیی دروست بکات، کە کۆماری ئیسلامی، ئه‌کتەرێکی ئاشتیخواز و ھاریکارە لەنێو خێزانی نێودەوڵەتی و جیھانیدا. ھۆکارەکان لەم بارەیەوە زۆرن، ڕەنگە بەکورتی بتوانین بڵێین کە: ئێران تا ئێستایش دەوڵەتێکی دیموکراتی نییە لە نێوخۆی خۆیدا. توندوتیژیی دەوڵەت سەبارەت بە پێکھاتەکان و زیندانیکردن لەسەر ناسنامە و سزای لەسێدارەدان و سنووردارکردنی مەوداکانی ئازادی و چالاکیی سیاسی لەسەر ئاستی ناوخۆیی، باشترین گەواھیدەرن بۆ ئەوەی ئێران تا ئێستا نەتوانێت ئەندامێکی کارای  ئاشتیخوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێت. لەسەر ئاستی ھەرێمایەتی و جیھانیش، ئێران لەپشت پارەدارکردن و پڕچەککردن و دەستەبەری پشتیوانیی مادددی و واتایییە بۆ زۆرێک لەو گرووپانەی کە ناسنامەیەکی مەزھەبییان ھەیە و دژ بە سیسته‌می حوکمڕانیی وڵاتانی خۆیان دەوەستنەوە، کە دواجار پەشێوی و ناسەقامگیریی سیاسیی دروست کردووە؛ بۆ نموونە لوبنان و بەحرێن و یەمەن و ھتد.

عێراق وەک سەکۆیەکی ستراتیژیی ھەرێمایەتی: ئێران وا لە عێراق دەڕوانێت و دۆخی جیۆپۆلیتیکیی عێراقیش وایە کە، ئێران بۆ  پەلھاوێشتن بۆ ژینگەی ھەرێمایەتی و گرێدانەوەی ھێڵەکان بە ئاراستەی سووریا و لوبنان و ئۆردن و ناوچەی کەنداوی عەرەبی، سوود لە بوونی ھێژموونی و باڵادەستیی سیاسی و سەربازی و ئابووری و که‌لتووری و عەقائیدی وەربگرێت.

بەرزبوونەوەی ئاستی مەترسییە تەناھییەکان (ئاسایشییەکان) لەسەر عێراق:  پاش ھێرشی داعش لە عێراق و پەرتەوازەبوونی سیسته‌می بەرگریی عێراقی لە ناوچە عەرەبییە سوننەنشینەکان، تەواوی دۆخی عێراق لە ڕووی ئاسایشه‌وه،‌ کەوتە بەر مەترسیی جددی و، ئەگەری لەدەستدانی ناوچەکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش لە ئارادا بوو. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکەی عەرەبی، تا ڕادەیەک ھاوکاری جددیی عێراق نەبوون لە بەرامبەر ھەڵکشانی ئەو مەترسییە ئاسایشییانەی ڕووبەڕووی حکوومەتی ناوەند دەبووەوە و، لە بەغداد، دیارە ھۆکارگەلێکی زۆر بۆ ئەو خەمساردییەی سەرەتا ھەبوو، لەوەی کە حکوومەتی مالیکی لە عێراق بەتەواوی ببووە حکوومەتێکی تائیفیی توندوتیژ و نادادپەروەر بەرامبەر پێکھاتەکانی دیکەی عێراق و، دەیان ھۆکاری دیکە کە ڕەنگە ئاماژەپێدانیان لە پێویستییەکانی ئەم وتارە نەبێت. پاش خستنەڕووی وێنە سەرەتایییەکە، کە خۆی لە ھاوکێشەیەکدا دەبینییەوە کە بریتی بوو لە ھەڵکشانی مەترسییە ئاسایشییەکان و خەمساردیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەھاناوەچوونی عێراق، ئێران بە خوێندنەوەی وردی ئەو ھاوکێشەیە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوەی سەربازی و ئاسایشی و ھەوڵگریدا، بڕیاری دا بە ھاوکاریکردنی نوخبەی حوکمڕانی شیعەی عێراق. ئەم ھاوکارییە، پایەکانی ھێژموونگەرایی و و فراوانبوونی تۆڕی پەیوەندییەکان و گەشەکردنی ڕۆڵی سیاسی و سەربازیی ئێرانی لێ دەکەوێتەوە، کە دواجار جیا لەوەی بۆ زەمەنێکی درێژ، ھەموو گرووپە شیعەکانی عێراق دەکاتە پاشکۆی خۆی، دەبێتە ھەوڵێک بۆ ئەوەی عێراقێکی ئێرانی دروست بکات، لە ڕووی ھەڵوێست و وەرگرتنی بڕیاری سیاسی، چ لە ئاستی ناوخۆ، چ لە ئاستی ژینگەی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.

سروشتی سیاسەتی ئەمریکا لە عێراقدا: سیاسەتی ئیدارەی باراک ئۆباما لە عێراقدا، دەرەنجام ئەوەی لێ کەوتەوە کە ئێران بتوانێت ڕۆڵی گرنگ لە ھاوسەنگییەکانی عێراقدا بگێڕێت. وێڕای بەشدارنەبوونی ئێران بەفەرمی، لەو ھاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەی کە ئەمریکا لە جەنگی دژ بە داعش سەرکردایەتیی دەکات، بەڵام وا دەخوێنرێتەوە کە ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ ئێران ھەڵکردبێت .

ژینگەی عێراقی: ژینگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئاسایشی و تا ڕادەیەکی زۆریش عەقائیدی، زەمینەیەکی لەباری ڕەخساندووە بۆ ئەوەی ئێران بتوانێت ڕۆڵی گرنگ لە عێراقدا بگێڕێت. ئەم ژینگەیە ھۆکاری سەرەکیی زیادبوون و فراوانبوون و گەشەکردنی خێرای ھێژموونی و سیاسەتی پاوانخوازیی ئێران بووە لە عێراقدا. لە ساڵی ٢٠٠٣وە، ئێران بەقووڵی ھەوڵی ڕۆچوونە ناو کۆمەڵگە و سیستەمی فەرمانڕەوایی و پرۆسەی سیاسیی عێراق دەدات. ھەوڵەکانی ئێران لە چەند فۆرمێکدا وێنا دەبن کە دەکرێت پوختی بکەینەوە  

یەکەم، ڕۆڵی سیاسی: یەکەم ڕۆڵی سیاسیی ئێران لەو کاتەوە دەست پێ دەکات کە عێراق لە دوای کەوتنی فەرمانڕەواییی "سەددام حسێن"ەوە، کەوتە قۆناغی گواستنەوەوە. ئەمریکا کە بانگەشەی پرۆسەی بەدیموکراتیکردنی عێراقی دەکرد و، ھەوڵی دا مۆدێلێکی جیاوازی حوکمڕانی بنیات بنێت، ئێران ڕاستەوخۆ لەسەر ھێڵی پشتگیریکردنی ئەو پلانەی ئەمریکا بوو وەک تاکتیک؛ بە مەبەستی بەدیھێنان و بنیاتنانی دەسەڵاتێکی سیاسیی نزیک  لە خۆی کە تیایدا نوخبەی سیاسیی عەرەبی شیعە، سەنتەر بن. ڕۆڵی سیاسیی ئێران، لە ڕێگه‌ی تۆڕێکی فراوانی پەیوەندییەوە لەگەڵ ناوەندە حکومییەکان و ڕەوت و حزبە سیاسییەکانی ناو پرۆسەی سیاسی و مامەڵەکردن و کاریگەریدانان لەسەر کەسایەتییە شیعەکانی ناو پرۆسەی سیاسی و کایەی ئایینیدا، بەرجەستە دەبێت. جیا لەوەیش، ئێران ڕۆڵی سیاسیی خۆی لە ڕێگه‌ی پێشکەشکردنی ڕاوێژ بە ناوەندەکانی بڕیاری سیاسی لە گشت ئاستە سیاسی، ئابووری، بازرگانی و گەشتوگوزارییه‌كان و، ھەروەھا بۆ چارەسەری کێشەکان، بەرجەستە دەکات. ھەروەھا کاریگەریدانان لەسەر ڕەوتی سیاسەتی دەرەوەی عێراق و بەئاراستەکردنی سیاسەتی دەرەوە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران: دوایین ھەڵوێستەکانی عێراق لە سیاسەتی دەرەوەیدا بەرامبەر بە ڕەتکردنەوەی "عاصفە الحزم" و تەنگژەی سووریا و کێشە لەگەڵ باڵوێزخانەی سعوودیا .

دووەم، ڕۆڵی ئایینی: ئێران لە بواری ئایینیدا ڕۆڵی بەرچاو دەگێرێت لە عێراقدا، ڕەواجیدان بە بیرۆکەی مەزڵومیەتی شیعە لە عێراقدا ڕۆڵی ئێرانی لەم وڵاتەدا کارا و فراوانتر کردووە، ئێران کاریگەریی گەورەی ھەیە لە سەر پیاوانی ئایینی شیعە و دەتوانێت لە ڕێگای فەتوای پیاوانی ئاینی بەشێک لە ئامانجە سیاسییەکانی بەدی بھێنێت. ڕۆڵی ئێران لە داھاتوودا لە بواری ئایینیدا گەورەتر و بەرفراوانتر دەبێت ئەگەر ھاتوو ھەوڵەکانی ئێران بەدانانی مەحمود ھاشمی شاھرودی، کە لە عێراق لە دایک بووە و لە ئێران نیشتەجێیە، سەر بگرێت وەک شوێنگرەوەیەک بۆ سیستانی.

سێیەم، ڕۆڵی ئابووری و بازرگانی: ڕۆڵی ئێران لە کەرتی ئابووری لە عێراقدا زۆر ئاکتیڤ و پەرەسەندووە، ئێران لە وەبەرھێنانێکی فراواندایە لە عێراقدا، کە گشت سێکتەرەکانی عێراقی گرتۆتەوە، لە ماوەی ٤ ساڵی دواییدا بری وەبەرھێنانی ئێرانی زیاتر لە ١٢ ملیار دۆلار بووە، لە بواری نیشتەجێبووندا  کۆمپانیا ئێرانییەکان سەرقاڵی دروستکردنی زیاتر لە ٤ ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوونن، لە بواری گەشتوگوزاری ئاینیدا ئێرانییەکان سوودمەندن و کۆمپانیا ئێرانییەکان زۆرترین سەرمایەگوزاری گەشتیاریی ئایینی دەکەن لە عێراقدا .

چوارەم، ڕۆڵی ئاسایشی و سەربازی و ھەواڵگری: لە ئێستادا ئەم ڕۆڵە، لە گرنگترین و بەرچاوترینیانە. بە حوکمی ھاتنی داعش و، ئێرانیش بە بیانووی پارێزگاری لە یەکێتیی مەزھەب و نزرگه‌ و مەزارگه‌ ئایینییەکانی شیعە، بە شێوەیەکی ئاشکرا و فەرمی ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی بەغداد، حکوومەتێکی شیعەی زاڵی سیاسییە و، بەفەرمی داوای ھاوکاریی لە ئێران کردووە و، بە ھەزاران ڕاوێژکار و پاسدار و ئەفسەر و کارمەندی ھەواڵگریی ئێرانی لە عێراقدا هه‌ن. ئێران لە تەواوی عێراقدا بە سەدان خاڵی ھەواڵگریی ھەیە، کە بەچڕی، کار بۆ بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەن.

پێنجەم، ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و که‌لتووری: ئێران لە ڕێگه‌ی کردنەوەی نوێنەرایەتیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامییه‌وه‌، توانیویەتی کاریگەری و ھێژموونیی خۆی لەم بارەدا دابنێت. ئێران لە ڕێگه‌ی کردنەوەی بەرنامە و خولی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی و فێربوونەوە، توانیویەتی پێکھاتەی کۆمەڵایەتیی شیعە بپارێزێت، ھانی ناردنی چەندین کەسایەتی و ڕۆژنامەنووس و مامۆستا و چالاکڤانی داوە بۆ سەردانیکردنی ئێران و، پیشاندانی مۆدێلی ئێرانی لە بواری که‌لتووری و کۆمەڵایەتییەوە .

ئێران بۆ گێڕانی ئەو ڕۆڵانە، چەندین میکانیزمی لەبەردەستدایە کە دەتوانێت ئامانجی پێ بپێکێت: ١- کاریگەریی بیروباوەری ٢- پشتگیریکردن لە ھەڵبژاردنەکان ٣- پشتگیریی دارایی ٤- گێڕانی ڕۆڵی ناوەندکار ٥- میدیا و پروپاگەندە ٦- سیاسەتی ئەلتەرناتیڤ .

کۆتایی: فراوانبوونی ھێژموونیی ئێرانی لە عێراق، بەتەنیا ناگەڕێتەوە بۆ توانا و ستراتیژیی بەرنامەداڕێژراوی ئێران، بەڵکوو بە شێوەیەکی بنەڕەتی وابەستەیە بەو گۆڕاو و پێدراوانەی سەر گۆرەپانی سیاسیی عێراق. پرۆژەی ئێرانی لە عێراقدا، بە بارە سەربازیەکەیدا، بریتییە لە دروستکردنی سیستەمێکی بەرگریی خۆپارێز لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران. بە بارێکی دیکەیشدا، بە ھێزکردنی ھیلالی شیعییە. ئێران ھەوڵی داوە "عێراقێکی ئێرانی" دروست بکات. عێراقێک لە ئێران بچێت لە ڕووی ھەوڵدان بۆ بەدیھێنانی بەرژەوەندییەکانی ئێران. عێراقێک لە ئاستی سیاسەتی دەرەوەدا، بڕیارەکانی زیاتر وا دەربکەون ئاماژەن لە خواستی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی، وەک ئەوەی گوزارشت بێت لە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ. بەئێرانیکردنی عێراق و، عێراقێکی ئێرانی، پرۆسەیەکی ستراتیژیی ئێرانە، کە له‌ داڕشتنی بڕیاری سیاسی – ستراتیژی ، ئێران تێیدا سەنتەر بێت، نەک عێراق. لە ئێستادا، حکوومەتێک لە عێراق بوونی نییە کە بۆ یەک حاڵەتی سادە و ساکاریش جیاواز بێت لە ئێران یان جیاواز بیریش بکاتەوە. مەبەستیش لە حکوومەت بەربژێری سیاسیی فەرمانڕەوای شیعەیە، کە لە چوارچێوەی "دەوڵەتی نەتەوەیی"یه‌وه‌ دەرچوون و، ناشتوانن پردی پەیوەندیی بەھێزیان لەگەڵ ژینگە عەرەبییەکەدا ھەبێت. ئەم ھەوڵ و سەرکەوتنەی ئێران لە تەواوی جوگرافیای عێراقدا نییە، بەڵام لە بەشێکی گرنگیدایە کە ھێمان بۆ بواری سیاسی و ئابووری و، گوزارشتن لە مامەڵەکردن لەگەڵ دنیای دەرەوە. لە گرنگترین لەمپەرەکانیش لە بەردەم ئێراندا، نەتوانینیه‌تی بۆ گشتاندنی وێنای بەغداد بۆ تەواوی عێراق. بەشی زۆری باشووری کوردستان، بەتایبەت ناوەندی بڕیاری کوردستان، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سیاسەتێکی سەربەخۆی لە ئێران و لە حکوومەتی ناوەندییش ھەیە، کە بەرمەبنای داخوازی و مافگەلێکن، جودا لە ستراتیژیی ئێرانی و عێراقی .

سەرچاوەکان :

1- ممدوح بريك محمد الجازي ،النفوذ الإيراني في المنطقة العربية على ضوء التحولات السياسة الخارجية تجاه المنطقة 2003-2011 ـ الاكاديميون للنشر والتوزيع – المملكة الاردنية الهاشمية ، 2014.

2- حافظ عواد خلف العزاوي، النفوذ الاستراتيجي الايراني في العراق،مركز العصر للدراسات الاستراتيجية والمستقبلية – لندن ، 2012.

3- سهيلة عبد الانيس ، ايران وسياسة التدخل  في العراق، الانترنيت، تاريخ التصفح : 10-11-2016 : على الموقع : http://www.niqash.org/ar/articles/politics/1843/

4-علي حسين باكير ، النفوذ الايراني في العراق: طبيعته ودووره واهدافه، الانترنيت ، تاريخ التصفح11-11-2016،على الموقع : http://www.alrased.net/main/articles.aspx?selected_article_no=4632

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples