هەر دەسەڵات و حکوومەتێک، بۆ ئەوەی بتوانێت بەکارایی و سەرکەوتوویی کارەکانی ڕابپەڕێنێت، دەبێت ئیرادە و توانای پەیوەندیکردنی لەگەڵ هاووڵاتییەکانیدا هەبێت. بۆ نموونە، لە ئەمریکادا، ساڵانە بودجەیەکی ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ گەیاندنی کار و چالاکییەکانی حکوومەت بە خەڵک و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ خەڵک و ئاگادارکردنەوەیان لە تەواوی کار و بڕیارەکانی حکوومەت، تەرخان کراوە. ئەگەر ئەمریکا وەکوو یەکێک لە سەقامگیرترین و دامەزراوترین دیموکراسییەکانی جیهان ئەو کارە بکات، هەرێمی کوردستان کە ئێستاکەیش لە قۆناغە سەرەتایییەکانی پڕۆسەی دەوڵەتسازیدایە، دەبێت چی بکات؟
هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا لە قۆناغی هەڵاوێردوویی (exceptional)دایە؛ بەو مانایەی کە ئەوەی ئێستا لە هەرێمدا دەگوزەرێت تەنیا هەلومەرجێکی کاتی، یان کێشەی بەشێکی کۆمەڵگه، حزب و لایەنێک یان بەشێکی حکوومەت و دەسەڵات نییە، بەڵکوو کێشە و قەیرانەکان ڕاستەقینەن و کاریگەریی تەواوی لەسەر سێکتەرە جیاوازەکانی ئاسایشی نیشتیمانی، پڕۆسەی دەوڵەتداری، تەواوی ژیانی سیاسی، گرێبەستی کۆمەڵایەتی و، هەروەها ئاییندەی ئەو کیان و کۆمەڵگهیەدا هەیە. بۆیە سەرەتا، دەبێت وەسفکردنێکی زانستی و دروستمان بۆ دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان، کۆمەڵگه و دامەزراوەکانی هەبێت، چونکە بێ وەفسکردنێکی دروست، ناتوانین بەدروستی دەستینشانی ڕێکار و چارەسەرییەکانیش بکەین.
لە ڕوانگەی تیۆرییەکانی زانستە سیاسییەکان و، هەروەها بەتایبەت ئەدەبیاتی قۆناغی بنیاتنانەوە، ئینتیقالی و ئەدەبیاتی دەوڵەتسازی، کە بەراورد بە دیسیپلین و بوارەکانی دیکەی نێو زانستە سیاسییەکان، بوارێکی نوێن، ناتواندرێت هەرێمی کوردستان بخرێتە چوارچێوەی کاتیگۆری و پۆلێنی "دەوڵەت و حکوومەتە شکستخواردووەکان"، کە لە ماوەی ڕابردوودا ئەو چەمکە لە نووسینەکان و گوتاری بەشێک لە حزبە سیاسییەکان و تەنانەت خۆپیشاندانەکانیشدا هاتووە. بەڵام، دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان لە دۆخێکدایە ناتوانێت بەباشی کارەکانی بکات، یان ئەوەی پێی دەڵێین لە "دۆخی لاوازی و شکستبار و بێهێزیدایە (state of fragility and vulnerability). چونکە هەرێمی کوردستان تا ئاستێکی باش توانیویەتی ئەمنییەت و ئاسایشی خەڵک و هەرێم بپارێزێت (هەڵبەت ئاسایش بە مانا فراوان و هاوچەرخەکەی نا)، تا ئەوکاتەیشی دەسەڵات توانای پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵگهی هەبێت، ناتواندرێت پێی بگوترێت "دەوڵەتی شکستخواردوو" (failed state). دامەزراوەی “OECD”لە وەسفکردنی ئەو دەوڵەت و کۆمەڵگهیانەی لە دۆخی لاوازیدان، وا دەبینێت کە دەسەڵات و حکوومەتیك، کاتێک دەچێتە ئەو قۆناغەوە، که ئەو دەوڵەت و کۆمەڵگهیە ئیرادەی سیاسی، یان توانا و ئیمکانییەتی بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان لە بواری پەروەردە و تەندروستی و پێشکەوتن و ئەمن و ئاسایشی وڵاتدا، نەبێت. یان بەکورتی، هەروەک بەشێک لە شارەزایانی ئەو بوارە لەسەری کۆکن، دۆخی بەرشکستێتی دەناسرێتەوە بە ئاستێکی لاواز لە حوکمڕانی و لاوازیی بونیاد و دامەزراوەکانی حکوومەت لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە سەرەکییەکانیدا.
هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکەی، لە ئێستادا لە بەردەم قەیرانی گەورەدان لە بەرامبەر دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، بەتایبەت مووچەی فەرمانبەران، کە تاکە داهاتی بەشێکی زۆری خەڵکی هەرێمە. ئەو کێشانەیش، خۆیان هەم دەرەنجام و ئاکامی چەند سیاسەتێک و مومارەسەیەکن کە لە ڕابردوودا ڕوویان داوە و، هەمیش دەتوانن ببن بە هۆکاری سەرهەڵدانی چەند کێشەیەکی نوێ؛ بۆ نموونە ڕاگرتنی دەوامی خوێندن لە شاری سلێمانی و چەند ناوچەیەکی دیکە.
ئەو هەڕەشانەی هەرێمی کوردستان لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی بۆتەوە، ئاستی مەترسیدارییەکەی بە جۆرێکە، کە لە دوای قۆناغی جهنگی ناوخۆوە، هەرێم هەڕەشەی وا گەورەی لەسەر ئاسایشی خۆی نەبینیبوو، بۆیە پێشبینیکراو بوو ئامادەباشی و توانایەکی گەورەیشی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەیشدا نابێت. جۆری ئەو هەڕەشانە، هەروەک لە ئەدەبیاتی ئاسایشی نەتەوەییدا هاتووە، بە جۆری هەڕەشەی چارەنووسسازی گەورە (existential threat) ناو دەنرێن. لەبەر ئەوە، شارەزا و توێژەرانی قوتابخانەی کۆپنهاگن بۆ لێکۆڵینەوەکانی ئاسایش، پێیان وایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو جۆرە هەڕەشانە، دەسەڵات پێویستی (و پاساوی) بە هەموو ڕێوشوێنێکی، تەنانەت سەرووی ئاسایییەوە، دەبێت. بەو مانایەی کە ئەگەر هات و، ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشانە نەبینەوە، ئەوا تەواوی بوون (وجود)ی کیانەکە دەخاتە ژێر هەڕەشەی لەناوچوونەوە. ئەو هەڕەشانەیش بریتی بوون لە: 1- جهنگی داعش 2- قەیرانی مووچە 3- پرسی سەرۆکایەتی.
ئەگەر بەوردی لێکۆڵینەوە لەسەر سروشتی هەڕەشەکان و دەرهاوێشتەکانیان لەسەر خەڵک و کۆمەڵگهی کوردستانی بکەین، دەتوانین خاڵی هاوبەش لە نێوان ئەو سێ هەڕەشەیهدا ببینینەوە، کە هەرسێکیان بوونی کیان و کۆمەڵگهکەیان خستە ژێر هەڕەشەوە؛ بێگومان لە شێوە و ناوەڕۆکی جیاوازدا. بەڵام، خاڵی جیاوازی زۆر لە نێوان سروشتی هەڕەشەکان و دەرهاوێشتەکانیان و، بێ گومان میکانیزمەکانی ڕووبەڕووبوونەوەیشیاندا هەن، بەتایبەت کاتێک بە پڕۆسەی دەوڵەتداری لە هەرێمی کوردستان، پهیوهستی دهكهین. هەڕەشەی داعش، سەرەڕای زیان و مەترسییەکانی، بووە هۆی ئەوەی هەرێم بتوانێت لە زەرورەتی بەدامەزراوەییکردنی پێشمەرگە تێ بگات، ناوچە کوردستانییەکان پارێزراو بکات و، بتوانێت پەیوەندی و پشتگیرییەکی گەورەی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت؛ بەڵام قەیرانی مووچە و پرسی سەرۆکایەتی، تا ئێستا نەتواندراوە تێ بپەڕێندرێت و، هەرێمی کوردستان لە دۆخی بەرشکستێتی بۆ دۆخی (resilience) و دووبارەهەڵسانەوە بگوازێتەوە، چونکە کاریگەرییەکی نهرێنی (نێگهتیڤ)ی درێژمەوداوی لەسەر پڕۆسەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و خەڵکهوه دروست کردووە.
بەردەوامبوونی ئەو هەڕەشانە و دەرهاوێشتەکانیان لەسەر خەڵک و کۆمەڵگه، هەرێمی کوردستانیان بە شێوەیەکی مەترسیدار بردە "دۆخی لاوازی"، کە دۆخێکە ترسی بردنی ناکۆکییەکان بۆ قۆناغی توندوتیژی و سەرهەڵدانی چەندین جۆری ناکۆکیی ناوخۆییی نوێ، مومکین دەکات. یەکێک لە دەرهاوێشتە مەترسیدارەکان کە لێرەدا باسی لەسەر دەکرێت، بریتییە له: تێکدانی پەیوەندیی نێوان دەسەڵات-خەڵک، یان دەسەڵات-کۆمەڵگه. پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و خەڵک، بە بنەمایەکی گرنگی بەردەوامیی سیستەمی سیاسی، ڕەوایەتی و کارابوونی هەر سیستەمێک دادەنرێت و، لە پرسی هەرێمی کوردستانیشدا پەیوەندیی نێوان دەسەڵات-خەڵک، بە بنەمایەکی جەوهەری و ژمارە یەکی پڕۆسەی دەوڵەتسازی و دەوڵەتداری (state-building and statehood) دادەنرێت. بەو مانایەی کە، هەر کاتێک کێشە لە نێوان پەیوەندیی دەسەڵات-خەڵکدا هەبێت، یەکێک لە بنەما جەوهەرییەکانی دەوڵەتسازی لە هەرێمی کوردستاندا کێشەی تێ دەکەوێت. دەوڵەتسازی لە ڕوانگەی دامەزراوەی "OECD"، بریتییە لە: ''پرۆسەیەکی ناوخۆیی بۆ زیادکردنی توانای دامەزراوەکان و شەرعییەتی دەسەڵات، کە لە پەیوەندیی نێوان دەسەڵات-خەڵک سەرچاوە دەگرێت''. ئەو پرۆسەیەیش پڕۆسەیەکی بەردەوام و داینامیکییە و، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە گرێبەستی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگهوە هەیە. بۆیە، ناکرێت هەڵە و کەموکورتی لە هیچ یەک لە قۆناغەکانیدا هەبێت، بەڵکوو ئەو پرۆسەیە، دەبێت وەکو ئامێر کار بکات؛ بەردەوام قۆناغەکان یەکدی تەواو بکەن، چونکە کارابوونیان پەیوەستە بە دۆخی یەکدییەوە. ئەو پڕۆسەیە پێک دێت لە:
کەواتە دۆخی بەرشکستێتی، دەرهاوێشتەی بوونی کێشەیە لەو پێنج قۆناغەدا. بە مانایەکی دیکە، بۆ ئەوەی لە دۆخی بەرشکستێتی ڕزگارمان ببێت و، بچینە دۆخی (resilience)، دەبێت کار لەسەر دروستکردنی ئەو سیستەمە بکرێت کە پڕۆسەی سیاسی، پشتئەستوورە بە بوونی پەیوەندییەکی تەندروستی نێوان دەسەڵات و خەڵک. دۆخی بەرشکستێتی لە زۆربەی حاڵەتەکانیدا، گوزارشتە لە نەبوونی شیان و توانا لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان لەسەر پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و خەڵک. بۆیە دووبارەتەرکیزکردنەوه لهسەر تەواوی پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای پەیوەندیی دەسەڵات-خەڵک لە پڕۆسەی بونیادنانی دەوڵەتدا، ڕۆڵێکی گرینگ لە تێپەڕاندنی دۆخی لاوازی و بەرشکستێتیدا دەبینێت.
چی دەبێت بکرێت؟
یەکەم: مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو قۆناغەدا، دەبێت لە چوارچێوەیەکی ستراتیژیدا بەڕێوە بچێت. بەو مانایەی کە میکانیزم و چارەسەری و ڕێکارەکان، دەبێت ڕوانگەیەکی ستراتیژییان هەبێت، لەژێر ڕۆشناییی پڕۆسەی دەوڵەتسازیی کوردیدا، نەوەک وەک هەلومەرجێکی کاتی، یان کێشەی بەشێکی کۆمەڵگه سەیر بکرێت.
دووەم: تێپەڕاندنی دۆخی بەرشکستێتی، تەنیا بە بڕیارێک و داڕشتنی سیاسەتێک دروست نابێت، بەڵکوو پڕۆسەیەکی بەردەوامی درێژخایەنە. چونکە لەو دۆخەدا تەواوی پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و خەڵک لە کێشەدایە و، متمانە و ڕەوایەتی، کێشەی گەورەیان هەیە؛ بۆیە دەبێت پڕۆسەیەکی بەردەوام بێت و، لە تەواوی دامەزراوەکانی هەرێمدا وەکوو "یەکەیەک" کاری لەسەر بکرێت. یەکگرتنی هەموو ئەکتەر و دامەزراوەکانی هەرێم، بە بەکارهێنانی هەموو سەرچاوەکان، لەژێر ڕۆشناییی سیاسەتی ئاسایشی نیشتیمانی، بە هاوتا لەگەڵ پڕۆسەیەکی وردی ڕاوێژکاری لەگەڵ ئەو ئەکتەرانەی كه دەبێت لە داڕشتنی ئەو ستراتیژییەتە بەشدار بن. مەبەست لەو پڕۆسەیە، بەشداریپێکردنی زیاتر لە ئەکتەرێک و بەشێکە (interagency).
سێیەم: هاوسەنگی، چونکە ئەرک و خەباتی دەوڵەتداری و دەوڵەتسازی، دەسەڵات ڕووبەڕووی کۆمەڵێک بژاردەی نەخوازراو دەکاتەوە. شتێک، دەبێت لەو دۆخەدا وەکوو فەزیلەت سەیر بکرێت، ئەویش "هاوسەنگییە". هاوسەنگیڕاگرتنی داواکارییە تێکهەڵچڕژاو و دژبەیەکەکانی لایەن و پێکهاتەکانی کۆمەڵگهی کوردستان، تا چەندین ساڵی دیکە، دەبێت لە ناوەڕۆکی هەر ستراتیژیەتێک بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغەدا بێت.