پێشەکی : دادگهی تاوانکاریی نێودەوڵەتی کە لە ١-٧-٢٠٠٢ بە گوێرەی ڕێککەوتننامەی ڕۆمای ساڵی ١٩٩٨ دامەزراوە، بە یەکێک لە دەستە دادوەرییە جیھانییە گرنگەکان ئەژمار دەکرێت. تا ئێستا ١٢٤ دەوڵەت واژوویان لەسەر ئەم ڕێککەوتننامەیە کردووە. پسپۆریی ئەم دادگهیە بریتییە لە چاولێکردن لە کەیسەکانی تاوانی جینۆساید و تاوانی دژبە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ.
ئاماژەکانی کشانەوەی ڕووسیا لە ڕێککەوتننامەی ڕۆمای ساڵی ١٩٩٨ :
وێڕای ئەوەی ڕووسیا لە ساڵی ٢٠٠٠دا واژووی لەسەر ئەم ڕێککەوتننامەیە کردووە، بەڵام حکوومەتی ڕووسیا تا ئێستایش پەسەندی نەکردووە. لەسەر پێشنیاری ئەلیکسەندەر کۆنۆڤالۆڤ، وەزیری دادی ڕووسی و ڕەزامەندیی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا و دەسەڵاتی داوەری و داواکاری گشتیی ئەو وڵاتە، ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ١٦-١١-٢٠١٦، "ڤلادیمیر پووتین"ی سەرۆکی ڕووسیا، بە مەرسوومێکی کۆماری، ڕەزامەندیی لەسەر کشانەوەی واژووی ڕووسیا لە ڕێککەوتننامەی ڕۆمای ١٩٩٨ دەربڕی. کشانەوەی ئەم واژوویە لە بواری سیاسییەوە، چەندین ئاماژە لەخۆ دەگرێت، کە دەکرێت پوختی بکەینەوە :
یەکەم: بیانووەکانی ڕووسیا بۆ کشانەوەی واژووکەیان، بیانووی جەوھەری نین. ڕووسیا لای وایە ئەم دادگهیە سەربەخۆ نییە و، نەیتوانیوە جێگەی ئومێدی ڕووسیا بێت. ھەرچەندە ئەم دادگهیە بێ کەموکوڕی نییە، بەڵام تا ئێستا نموونەیەکی پۆزەتیڤی دەسەڵاتی دادوەرییە لەسەر ئاستی جیھان. چەند سەرۆکدەوڵەتێک تیایدا دادگهیی کراوە و چەند کەیسێکی گرنگی یەکلا کردۆتەوە. بە تەنیا لە کیشوەری ئەفریقادا ئەم دادگهیە تا ئێستا ٢٣ کەیسی تاوانی جەنگ و تاوانی جینۆساید و تاوانی مرۆڤایەتیی چاو لێ کردووە. لە ئێستایشدا، ٤ کەیسی گرنگی کۆتدیڤوار و ئەفریقای ناوەڕاست و کۆنگۆ و کینیای لەبەردەستدایە .
دووەم: ڕووسیا بە کشانەوەی واژووکەی، دەیەوێت پارێزگاری لە ھەندێک لە سەرکردە ھاوپەیمان و دۆستەکانی بکات لە سربیا، بەتایبەت دەرھەق بەو تاوانانەی ئەنجامیان داوە لە جەنگی سربیا و بۆسنە .
سێیەم: ڕووسیا پێشوەخت دەیەوێت پارێزبەندییەک و بەرگرییەک لەو میلیشیا چەکدارانەی ڕووس بکات، کە لە جەنگی ڕووسیا و جۆرجیای ساڵی ٢٠٠٨دا چەندین تاوانی جەنگیان ئەنجام داوە.
چوارەم: لە جەنگی ڕووسیا و جۆرجیا، جیا لە میلیشیا چەکدارە ھاوسۆزەکانی ڕووسیا، ھێزی چەکداری فەرمیی سوپای ڕووسیا، چەندین تاوانی جەنگیان ئەنجام داوە کە تاوانەکان دیکیۆمێنت کراون. ئەم ھەوڵەی ڕووسیا، پارێزبەندییە بۆ ھەر داوایەک کە لەسەر ھێزی فەرمیی ڕووسیا تۆمار بکرێت .
پێنجەم: ڕووسیا بە شێوەیەکی ئاشکرا، تاوانی جەنگی دەرھەق بە خەڵکی سڤیل و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، بەتایبەت لە حەلەب و دەوروبەریدا ئەنجام داوە و، لە ئاییندەیشدا بەم ھەڵوێستەی دەستکراوەتر دەبێت. ھەوڵەکانی ئەمریکا، فەرەنسا و بریتانیا بۆ دیکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی جەنگ لە سووریا، کە لە لایەن ڕووسیاوە ئەنجام دراون، حکوومەتی ئەو وڵاتەی نیگەران کردووە و، ھەوڵێکی پێشوەختەیە بۆ دەرچوون لە ئاماژەکانی ھەڕەشەی ئەو سێ دەوڵەتە.
شەشەم: ڕووسیا لە داڵدەدانی دیکتاتۆر و تاوانبارانی جەنگ و تاوانبارانی تاوانەکانی جینۆساید و دژ بە مرۆڤایەتیدا دەستاوەڵاترە. ئەگەر ڕووسیا پابهندبوونی بە ڕێککەوتننامەی ڕۆما و دادگهی تاوانکاریی نێودەوڵەتییهوه ههبێت، دەبێت پابەندیش بێت بە ڕادەستکردنی ھەر داوالێکراوێک لە لایەن ئەم دادگهیەوە .
حەوتەم: کشانەوەی ڕووسیا لە ڕێککەوتننامەی ڕۆما، گورزێکی مەترسیدارە لە دادگهی تاوانکاریی نێودەوڵەتی. لە ھەمان کاتیشدا، پەیامێکی توندە دەرهەق بەو دەنگە ناڕازییانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە سەرکۆنەی بەکارھێنانی ھێزێکی بێشوماری ڕووسیا دەکەن بەرامبەر بە ھاووڵاتیان و خەڵکی سڤیل .
ھەشتەم: کشانەوەی واژووی ڕووسیا، پەیوەندییەکانی ڕووسیا و ئەوروپای ڕۆژاوا دەخاتە قۆناغێکی دیکەی نائارامی و دڵەڕاوکێوه. بە جۆرێک لە دژایەتیکردنی سیاسەتی یەکێتیی ئەوروپایش ئەژمار دەکرێت؛ لەو ڕوانگەیەیشەوە، "فیدریکا موگیرینی" پەیامی نێگەتیڤی سەبارەت بەم کشانەوەیەی ڕووسیا دەربڕی .
نۆیەم: کشانەوی ڕووسیا لە ڕێککەوتننامەی ڕۆمای ١٩٩٨، بەرەی نارەزایەتییەکانی دژ بەم دادگهیەی فراوان کرد. سودان، یەکێک لە دەوڵەتە بەرھەڵستکارەکانی ئەم دادگهیە، بە ھۆی کەیسی "عومەر بەشیر"ەوە، بەزوویی پێشوازیی لەم ھەنگاوەی ڕووسیا کرد. فلیپین، ھەمان داخوازیی ھەیە. بەشێک لە دەوڵەتەکانی ئەفریقایش ئەم دادگهیە بەوە تۆمەتبار دەکەن کە نەیتوانیوە ھاوسەنگی ڕابگرێت و "سیاسەتی دووفاقی" بەکار دەھێنێت؛ لەو ڕوانگەیەیشەوە داوایان لە دەوڵەتە ئەفریقییەکان کردووە، کە کشانەوە لەم دادگهیە ڕابگەیەنن.
کۆتایی: بڕیاری کشانەوەی واژووی ڕووسیا، دۆخێکی دیکە بۆ دادگهی تاوانکاریی نێودەوڵەتی دەخوڵقێنێت. ڕەنگە یەکێک لە سیماکانی ئەو دۆخە نوێیە، بریتی بێت لە زیاتر گومانخستنە سەر شێوازی کارەکانی ئەو دادگهیە و کاریگەریی دۆخی بلۆک و جەمسەرگیری و ھاوپەیمانێتییەکان بێت لەسەر ڕەوتی کارەکانی ئەم دادگهیە. فراوانبوونی بەرەی ناڕەزایەتییەکان بهرامبهر دادگهی تاوانکاریی نێودەوڵەتی، ڕەنگە نەبێتە ھۆکاری کۆتاییھاتنی ئەم دامەزراوە دادوەرییە جیھانییە، بەڵام دەبێتە فاکتەری بێمتمانەیی بەو دادگهیە. ڕەنگە گرنگترین ئاماژە، لە چوارچێوەی گشتیدا، سەبارەت بە کشانەوەی واژووی ڕووسیا، ئەوە بێت کە ڕووسیا جگە لەوەی لە ئەنجامی کارەکانی ڕابردووی خۆی و ھاوپەیمانەکانی، دەیەوێت لەدەست دادپەروەریی نێودەوڵەتی قوتاری بێت، لە ھەمان کاتیشدا بەنیازی بەکارھێنانی ھێز بێت و ئاستی توندوتیژی لە جەنگەکاندا بەرزتر بکاتەوە. بەم جۆرەیش، زەنگێکی مەترسیدار بۆ زیاتر نائارامی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕوودانی زیاتری تاوانەکانی جەنگ، لێ دەدرێت.