پێویستییە ستراتیژییەکانى ڕۆڵى ئێران لە سووریا

پێشەکى: بە شێوەیەکى گشتى، پەیوەندییەکانى ئێران و سووریا لە سەردەمى نوێدا، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاى هەشتاکانى چاخى ڕابردوو، کۆچى دواییی جەمال عەبدولناسر و لێکەوتەکانى بۆشایییەکى ئایدیۆلۆژی لە ناوچەکەدا و ململانێی توندى  بەعسییەکانى عێراق و سووریا و، هاتنەسەرحوکمى خومەینی لە ئێران و گۆڕانکارییەکانى سیستەمى سیاسیی ئەو وڵاتە و، پاشان بەرپابوونى جەنگى عێراق- ئێران. ئه‌مانه‌ کۆمەڵە هۆکارێک بوون بۆ ڕێگه‌خۆشکردن بۆ دەرچوونى سووریا لەو پەراوێزگیرییەى کە لەگەڵ ژینگە عەرەبییەکەیدا هەیبوو و، پەراوێزبوونى ئێرانیش لەگەڵ ناوەندە عەرەبییەکان. هاوپەیمانێتیى سوورى – ئێرانى، نوێنه‌رایه‌تیی هاوبەشییەکى ستراتیژی دەکات، وەک لەوەى تەنیا هاوکارى دوولایەنەى نێوانیان بێت. وێڕاى دژبەیەکیی ئایدیۆلۆژی لە نێوان "سووریایەکى بەعسى - سێکیۆلار" و "ئێرانێکى کۆمارى ئیسلامی"، بەڵام هاوبەشى لە دژبوون بەرامبەر بە عێراقى سەددام حسێن، دەروازەکردنەوەیەک بوو بۆ دۆزینەوەى هاوبەشییەک لەسەر بنەماى دروستبوونى کۆمەڵێک بەرژەوەندیی هاوبەش.

ئێران و ڕابوونى ئیسلامى (الصحوة الاسلامية):

ئەو دۆخەى لە ئەدەبیاتى عەرەبی و ناوچەکەدا پێی دەگوترێت "بەهارى ئیسلامى"، دەستەواژەیەک  بوو بۆ  گۆڕانکارییەکانى تونس، میسر، یەمەن، بەحرێن، لیبیا و سووریا و، ئێران ئەو دۆخەى ناو نابوو "ڕابوونى ئیسلامى"ی دژ بە سیسته‌مە سێکیۆلار و دیکتاتۆرەکان، بەڵام لەگەڵ گەییشتنى شەپۆڵى ناڕەزایەتییەکان بە سووریا، ئێران هەڵوێستى پێچەوانەى دەربڕى و، کەوتە دژایەتیى داخوازییەکانى خەڵکى سووریا دژ بە حوکمڕانیی بەشار ئەسەد؛ بەتەواوەتى ئەوەى ڕەت کردەوە کە ئەوەى لە سووریا دەگوزەرا، شۆڕش و ڕابوونێکى ئیسلامى بێت. دژایەتیى ئێران بۆ دۆخى سووریاى نوێ، لە چەندین خاڵى سەرەکیدا خۆى دەبینییەوە، کە ئەدەبیاتى سیاسیی ئێران هەوڵى بۆ دەدا:

-   ئەو شۆڕشەى لە سووریا بەرپا بووە، شەرعییەتى ئەو شۆڕشانەى نییە کە لە تونس و میسر و یەمەن و بەحرێندا هەیە.

-   شۆڕشى سوورى، زادەى دەستى دەرەکییە و، ئامانجى، لێدانە لە هەڵوێستى سیاسیی سووریا لە ناوچەکەدا.

-   حکوومەتى سوورى، تواناى کۆنترۆڵکردنى دۆخەکەى هەیە و، ئەوەى لە میسر و تونس ڕووی دا، دووبارە نابێتەوە.

-   ئەدەبیاتى سیاسیى ئێران، بۆ ناشرینکردنى ڕابوونى خەڵکى سووریا دژ بە ئەسەد، دەستەواژەکانى "فیتەگەرى" و "بەکرێگیراوی" و "دەستى دەرەکى"ی بەکار دەهێنا.

بەهارى سوورى : سەرەتاکانى پاڵپشتیى ئێران

پاش سەرهەڵدانى ناڕەزایەتییەکان لە 15-3-2011، دژ بە فەرمانڕەواییی بەشار ئەسەد، ئێران پشتگیرییە سەرەتایییەکانى بۆ حکوومەتەکەى ئەسەد دابین کرد، لە شێوازى کۆنترۆڵکردنى هێڵەکانى ئینتەرنێت و پێشکەشکردنى ڕاوێژ لە شێوازى چۆنیەتیى مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندەراندا، بەڵام پاش ئەوەى وەڵامى هێزە ئەمنی و سەربازییەکانى حکوومەتى بەشار ئەسەد زۆر توند و نێگەتیڤ بوو، ئێران، ئاستى هاریکارییەکانى بەرز کردەوە بۆ هاریکاریى ئابوورى. سەرچاوەکان باس لە پێدانى 600 ملیۆن دۆلار دەکەن لە لایەن ئێرانەوە، بۆ ڕێگریکردن لە هەرەسى ئابووریى سووریا و، ناردنى چەندین ئەندامى شەڕکەرى حزبوڵڵاى لوبنانى و چەندین ئەندامى شەڕکەرى فەیلەقى قودسى ئێرانى و، لە 2012 شدا چەندین هێزى چەکدارى شیعەى عێراقى و چەند هێزێکى شیعەى ئەفغانى لە 2013 و، پاشانیش لە ساڵى 2014دا چەندین چەکدارى پاکستانیى شیعەمەزهەبى بۆ بەرگریکردن لە حوکمڕانیى بەشار ئەسەد، ناردە سووریا.

 ئێران، مانەوەى بەشار ئەسەد، بەرگری لە بەرژەوەندییەکان:

لە ململانێ  و جەنگى ناوخۆی سووریادا، مانەوەى بەشار ئەسەد لە سەرۆکایەتیى سووریا، بە یەکێک لە پێویستییە ستراتیژییەکانى بوونى هێژموونیى ئێران لەو وڵاتە ئەژمار دەکرێت، بە هۆى:

1- بەشار ئەسەد، کە لە پێش ساڵى 2011دا حوکمڕانییەکى تاکڕەوانەى سووریاى دەکرد و، ئێستایش هەمان مۆدێلى حوکمڕانى لەو ناوچانەى کە دەکەونە ژێر دەسەڵاتى سوپاکەى، بەردەوامە، توانیبووى کۆمەڵێک بەرژەوەندیى گرنگ و ستراتیژی بۆ ئێران دابین بکات.

2- ئێران لە ڕێگه‌ى مانەوى بەشار ئەسەدەوە، دەیەوێت پارێزگارى لە کۆمەڵێک ڕێککەوتننامەى گرنگ بکات، کە لە حاڵەتى غیابى بەشار ئەسەددا، بەشێکى زۆریان ڕووبەڕووى هەڵوەشاندنەوە دەبنەوە. بۆ نموونە، ڕێککەوتننامەى بازرگانیى ئازاد لە نێوانیاندا، کە لەمەیشدا ئێران سوودمەندی یەکەمە، بەتایبەت سەرەڕاى دۆخى سەختی سیاسى و ئه‌منیی سووریا ئاڵوگۆرى بازرگانیى نێوانیان لە ساڵى 2014دا ملیارێک دۆلار بووە، بەراورد بە ساڵى 2010، کە ئاڵوگۆڕى بازرگانیى نێوانیان 280 ملیۆن دۆلارى تێ نەدەپەڕاند، ئەم زیادوونە بە ڕێژەى 260% لە ماوەى چوار ساڵدا، سوودێکى باشى بە ئابووریى ئێران گەیاندووە.

3- لە حاڵەتى لاچوونى بەشار ئەسەددا، ئێران پرۆژە ستراتیژییە ئاییندەیییەکانى لە بوارى وزە، لەدەست دەدات. ئێران لە ڕێگه‌ى سووریاى هاوپەیمانییەوە، بەرنامەى ستراتیژیی گرنگى بۆ کاروبارى وزە هەیە. بۆ ئەو مەبەستەیش، لە ساڵى 2011دا ڕێککەوتنى لەگەڵ سووریادا واژوو کردووە بۆ هەناردەکردنى گازى سروشتى لە ڕێگه‌ى بۆڕییەوە، بە جۆرێک هێڵى گازى ئێرانى بە خاکى عێراقدا تێپەڕ ببێت بۆ سووریا و، لەوێیشەوە لە ڕێگەى دەریای سپیى ناوەڕاستەوە، بگوێزرێتەوە بۆ ئەوروپا.

4- ئێران لە مانەوەى ئەسەد لە پاش جەنگ، سوودمەندى سەرەکى دەبێت لە وەرگرتنى پرۆژەکانى سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوە بۆ ئەو ناوچانەى کە زۆرترین وێرانکاریی جەنگیى تێدا ئەنجام دراوە.

5- لاچوونى ئەسەد لە حوکمڕانیی سووریا و، دروستکردنى حکوومەتێکى ڕزگاریى نیشتمانى، کە تیایدا پێکهاتەکانى سووریا ڕۆڵى سەرکردایەتیی نوێى سووریا بگێڕن، دەبێتە هۆى تێکچوونى ئەو ئەندازە سیاسی و جیۆپۆلیتیکییەی کە ئێران لە دروستکردنى هیلالی شیعیدا پشتى پێ بەستووە؛ سووریا لە پێکهێنانى هیلالی شیعیدا، بە "بڕبڕەى پشت - العمود الفقري" ئەژمار دەکرێت. بەشى هەرە زۆرى هاوکارییە سەربازی، تەناهی (ئاسایشی)، سیاسی، دارایی و لۆجیستییەکانى ئێران بۆ حزبوڵڵاى لوبنانى و بزووتنەوەى حەماس و جیهادى فەڵەستینى، لە ڕێگەى "سووریاى ئەسەد"ه‌وه‌ دابین دەکرێت. سووریاى پاش بەشار ئەسەد، گرەنتیى ئەم ڕۆڵگێڕانە بۆ ئێران ناکات.

6- سووریا، وەک هەڵکەوتە جوگرافییەکەى و، پاشان وەک سیسته‌مە حوکمڕانییەکەى کە بەشار ئەسەد ئاراستەى دەکات، ڕۆڵى گرنگ بۆ ئێران دەگێڕێت. ئێران لە لاچوونى ئەسەددا، ناتوانێت گرەنتیى سووریایەک بکات کە لە نێوان دەوڵەتانى کەنداو و ئێران لە لایەک و، لە نێوان تورکیا و ئێران لە لایەکى دیکە، بێلایەن (محاید) بێت. سووریاى پاش ئەسەد، کۆمەڵێک هێڵى سیاسیی نوێ و چەند ڕێسایەکى نوێی گەمەی سیاسی دەخوڵقێنێت، کە ئێران تا ئێستا، نەک نەیتوانیوە دەست و پەنجەى لەگەڵدا نەرم بکات، بەڵکوو نایەوێت بە خەیاڵ (ئیماجەیشن)یش وێنای بکات، چونکە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانى ئێران بەرەو نادیار دەبات، نەک تەنیا لە ناوخۆی سووریا، بەڵکوو لە ئاستى هەرێمایەتی.

7- بەشێک لە سیاسەتى ئێران لە سووریا، بریتییە لە پێکهێنانی "سوپاى ڕزگاریخوازى شیعە". ئەم سوپایە، پێک دێت لە لیواى فاتمییەکان لە ئەفغانستانەوە و، لیواى زەینەبییەکان لە پاکستانەوە و، لیواى حەیدەرییەکان لە عێراقەوە و، چەکدارانى حزبوڵڵاى لوبنانى. ئێران بە پێکهێنانى سوپاى ڕزگاریخوازى شیعە، توانیویەتى مۆزاییکێک دروست بکات و، وەک میکانیزم بۆ پشتگیریى مانەوەى ئەسەد و پشتگیریى بەرژەوەندییەکانى ئێران لە سووریا و ئامادەسازى بۆ هەر جەنگێکى دیکەى هاوشێوەى سووریا، بەکاری بهێنێت. ئەم قۆناغە، گرنگییەکەى بۆ ئێران ئەوەیە کە لە ڕووى مەزهەبییەوە، توانیویەتى سوپایەکى تائیفى لە ئه‌کتەرى نادەوڵەتى دروست بکات، کە فەیلەقى قودس سەرپەرشتیى کارەکانى بکات.

8- یەحیا ڕەحیم سەفەوى، ڕاوێژکارى سەربازیى خامنەیى، ئاماژەى بەوە دا، کە تەنگژەى سووریاى ئێستا، گۆڕانکارى و ڕووداوى مەزنى مێژووى هاوچەرخە و، ئێران بۆ دەستەبەرکردنى ڕێرەوى وشکانی کە بیگەیەنێتە کەناراوەکانى دەریاى سپیى ناوەڕاست، هیچ پاشەکشەیەک ناکات،  گاردیانى بریتانى، پرۆژەى پلانێکى ئێرانیى بڵاو کردەوە کە ئێران لە ڕێگەى عێراقەوە هەوڵى کردنەوەى ڕێرەوێکى وشکانی دەدات بۆ گەییشتن بە دەریاى سپیى ناوەڕاست و، لە حاڵەتى جێبەجێبوونى ئەم پرۆژەیە، ئەگەرچى بێ ئاستەنگ نییە، دەتوانێت مەترسى لەسەر بەرژەوەندییەکانى وڵاتانى کەنداوى عەرەبى و تورکیایش دروست بکات، ئەو هەوڵانەیشى کە تورکیا لە ڕێگەى چەند پرۆسەیەکى سەربازی لەناو خاکى سووریا لە دوو مانگى ڕابردوودا ئەنجامی دان، بۆ ڕێگریکردن بوو لە جێبەجێکردنى پرۆژەى گەییشتنى ئێران بە دەریاى سپیى ناوەڕاست لە ڕێگه‌ى وشکانییەوە. بە گوێرەى گاردیانى بریتانى، کە لە 9ى ئۆکتۆبەرى ئەمساڵدا پرۆژەکەى ئێرانى بڵاو کردەوە، تیشک خراوەتە سەر چەند خاڵێکى گرنگ کە تیایدا ئەم پرۆژەیە ڕوون کراوەتەوە، وەک هەوڵێکى تیۆریى ئێران لە سێ دەیەى ڕابردوودا، کە ئێستا دەیەوێت بەکردارى جێبەجێى بکات؛ بەوەى کە بتوانێت لە ڕێگەى خاڵێکى سنووریى نێوان عێراق و سووریاوە دەست پێ بکات بە ئاراستەى باکوورى خۆرهەڵاتى سووریا و، لەوێیشەوە بۆ حەلەب و شارى حمێى سوورى و، لە بەندەرى لازقییەى سوورى بە کۆتا بگات.  لەم نێوەندەیشدا، شریتى وشکانیى ڕۆژاواى مووسڵ، بۆ ئێران خاڵى یەکلاکەرەوە و جددییە؛ "پارتى کرێکارانى کوردستان" (په‌كه‌كه‌) و "پەیەدە"یش لەو پلانەى ئێراندا هاوبەشى دەکەن. ئێران لە ئێستادا، لە هەوڵى دابینکردنى ئەو ڕێرەوە وشکانییەیه‌ لە ڕێگەى هاوبەش و بریکارەکانى لە عێراق و سووریادا. هەموو ئەمانەیش واى لە عەلى شەمخانى، ئەمیندارى ئەنجوومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەییی ئێران کرد، لە مانگى ئادارى 2015دا بەڕوونى ئاماژە بەوە بدات کە ئێران لە ئێستادا لە هەموو کاتێك زیاتر، لە دەریاى سپیى ناوەڕاست و گەرووى مەندەبه‌وه نزیکترە‌.

خاڵە بەهێزەکانى ئێران لە بەڕێوەبردنى تەنگژەى سووریا:

-   بوونى پراکتیکیى ئێران لە سووریا و ئەنجامدانى پرۆسەى سەربازى تیایدا.

-   پاشكۆیه‌تی (تابعية)ی ڕەهاى سیسته‌مى سیاسیی سووریا بۆ ئێران و، تواناى ئێران بۆ ئاراستەکردنى ڕێڕەوى سیاسەتکردن لەو وڵاتەدا.

-   هاوسۆزیی بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنى سووریا بۆ سیاسەتى ئێران.

-   ئێران، وەک تاکە مەرجەعییەتى شیعەى دوانزە ئیمامی، خۆى دەردەخات، بەتایبەت پاش لاوازبوونى ڕۆڵى مەرجەعییەتى نەجەف و بەشێکى زۆر لە مەرجەعییەتە عەرەبییەکان لەو تەنگژانەى ڕووبەڕووى حوکمڕانە شیعەکان دەبێتەوە.

-   سیاسەتى "جەنگ لە ڕێگه‌ى باڵەکانەوە" بە یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانى ڕۆڵى ئێرانى لە جەنگى ناوخۆی سووریادا، ئەژمار دەکرێت.

-   سیاسەتى ئۆباما بەرامبەر ئێران: "خوڵقاندنى پەراوێزێک بۆ سیاسەتکردنى ئێران لە ئاستى هەرێمایەتى، بەرامبەر سنووردارکردنى توانا ئەتۆمییەکانى ئێران "زەمینەى ساز کرد، بۆ ئەوەى ئێران بتوانێت ڕۆڵێکى زیاترى لە بەڕێوەبردنى تەنگژەى سووری و هاریکاریکردنى بەشار ئەسەد، هەبێت.

خاڵە لاوازەکانى ئێران لە بەڕێوەبردنى تەنگژەى سووریادا:

-   درێژبوونەوەی (تەمەدود) سیاسى و سەربازیى ئێران بۆ ژینگەیەکى سیاسى و کۆمەڵایەتیى وەک سووریا، جێگه‌ى نیگەرانیی تا ڕادەیەک بەشى زۆرى سوورییەکانە.

-   ئێران تا ئێستا نەیتوانیوە بەتەواوى کۆنترۆڵى هەموو بەرەکانى جەنگ لە سووریا بکات. وێڕاى ئەوەى ڕۆڵى گرنگى بۆ مانەوه‌ و نەکەوتنى فەرمانڕەواییی ئێستاى سووریا گێڕاوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا نەیتوانیوە ڕۆڵى سەربازیی یەکلاکەرەوە لە هەموو بەرەکانى جەنگ بەدەست بهێنێت. لەم ڕوانگەیەیشەوە هەندێک لە توێژەران ڕایان وایە دەستێوەردان و هاتنەسەرهێڵى ڕاستەوخۆى ڕووسیا لە ئۆکتۆبەرى 2015، بۆ پشتگیریی فەرمانڕەواییی ئەسەد، لەسەر داواکاریى ئێران بووە و، بەشێکیش بووە لە دابەشکردنى ڕۆڵگێڕانى سەربازى – سیاسى لە پێناو مانەوه‌ى حوکمڕانیى بەشار ئەسەد. ئەمەیش لاى بەشێک لە چاودێران بەرمەبناى نەتوانینى ئێران بوو بۆ یەکلاییکردنەوەى تەواوى بەرەکانى جەنگ بەتەنیا. ڕەنگە ئەم شیكردنه‌وه‌یه‌، بەشێک لە ڕاستیى تێدا بێت، بەڵام هۆکارەکانى هاتنەسەرهێڵى ڕووسیا لەوە قووڵتر و گەورەتر و فراوانترن.

-   دابەزینى نرخى نەوت، بەتایبەت لە ساڵى ڕابردوو و سەرەتاى ئەمساڵدا، لەگەڵ بوونى گەمارۆى ئابووریى سەر ئێران لە لایەن ڕۆژاواوە، جۆرێک لە بارگرانیى دارایی و ئابووریى لە ڕۆڵگێرانى سەربازى و هاریکاریکردنى حکوومەتى بەشار ئەسەددا، بۆ ئێران دروست کردووە. لە ئێستادا ئابووریى ئێران تا ڕادەیەک لە دۆخێکى سەختدایە و، ڕێژەى هەڵاوسانى ئابوورى لە بەرزبوونەوەدایە. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ڕێژەى بێکارى لە ئێران، گەییشتۆتە 22% و، بۆشایییەکى گەورە لە نێوان خەرجییەکانى حکوومەت و بودجەى غەیرەنەوتیدا دروست بووە. هەموو ئەمانە بارگرانیى ئابووری – دارایی لە هاریکاریکردنى سووریا و بەردەوامیی پرۆسە سەربازییەکانى ئێران لەو وڵاتەدا، بۆ ئێران دەخوڵقێنێت، بەتایبەت کە ئێستا ئێران بەچڕى لەسەر هێڵى جەنگە لە  عێراقیشدا.

سیناریۆکانى سیاسەتى ئێرانى لە سووریا:

سیناریۆى یەکەم: چوارچێوەیەکى سیاسیى پەسەندکراو لاى ئێران بۆ سووریا، بێتە کایەوە لە ڕێگه‌ى:

-   سەرپێخستنەوەى بەشار ئەسەد و ڕژێمەکەى و، سەندنەوەى شەرعییەتى سیاسى لە ئیئتلافی نیشتیمانیى سوورى و، لاوازکردنى سیاسیی بەرەى ئۆپۆزیسیۆن.

-   پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانى ئێران لە سووریا و، ڕێگەنەدان بە تورکیا و هەندێک لە وڵاتانى عەرەبى، کە پرۆسەى سیاسى، بە ئاراستەى سوودى خۆیان بەرن.

-   پارێزگاریکردن لە بونیادى ڕێکخراوەیی و عەقائیدیى هەر دوو دامەزراوەى ئاسایش و سەربازیى سووریا.

سیناریۆى دووەم: ئێران لەم سیناریۆیەدا، بە دوو ئاراستە کار بکات:

ئاراستەى یەکەم: بریتییە له‌ هاریکاریى سەربازى بۆ هەندێک گرووپى چەکدار لە نزیک سنوورەکانى ئیسرائیل و، یارمەتیدانى حزبوڵڵاى لوبنانى لە بەرەى "القلمون". پارێزگاریکردن لە هێژموونیى ڕژێمى ئەسەد بە ئاسمانى سووریادا، کە لە ڕووى سەربازییەوە لێی سوودمەند بووە و، ئێران لە هەوڵى زیاتر هاندانى باڵە سەربازی و سیاسییەکانى خۆى بێت بۆ دروستکردنى تەنگژە و پەشێویى ئاسایشی  بۆ دەوڵەتانى نەیار، بەتایبەت حوسییەکان لە یەمەن و، حزبوڵڵا لە لوبنان و هەندێک هێزى دیکە.

ئاراستەى دووەم: ئەم ئاراستەیە، زیاتر سیمایەکى سیاسیى پێوە دیارە، وەک لە سەربازى. ئێران هەوڵ دەدات ڕژێمى ئەسەد وەک تەعبیر لە کۆمەڵگەى سوورى و دەوڵەتى سوورى، بە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بناسێنێت و، جەخت بکاتەوە كه‌ هەر چارەسەرێک بە دیمەشقدا تێپەر نەبێت، گونجاو نییە. جیا لەوەیش، بەچڕتر هەوڵ بدات بۆ سیاسەتى هەناردەکردنى تەنگژە بۆ وڵاتانى دراوسێی سووریا لە لوبنان و تورکیا و بەشێک لە وڵاتانى کەنداوى عەرەبى، بۆ ئەوەى ئەم گوشارە سیاسییانەى ئێران، ڕۆڵى ئەوان لە تەنگژەى سووریدا سنووردار بکات.

کۆتایی:

دەستێوەردانى ئێران لە کێشە و تەنگژەکانى ناوچەکە، وێنە و سیماى ئێرانى لەناو هاووڵاتیانى دەوڵەتە عەرەبییەکاندا گۆڕیوە. دامەزراوەى نێودەوڵەتیى "زۆگبى"، کە لە ساڵى 2006دا ڕاپرسییەکى بۆ زانکۆى میرلاند ئەنجام دابوو، "حەسەن نەسروڵڵا" بە پلەى یەکەم و، "مەحموود ئەحمەدىنەژاد"ى سەرۆکى پێشووى ئێران، سەرۆکى ئەوکات، بە پلەى سێیەم هاتوون، وەک کاریگەرترین سەرکردە و خۆشەویستترین کەسایەتیى سیاسى لە نیشتیمانى عەرەبیدا. لە نوێترین ڕاپرسیى دامەزراوەى "پیو" PEW))، كه‌ لە ساڵى 2014دا ئەنجامى داوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران بە هۆى دەستێوەردان لە کاروبارى ناوخۆی دەوڵەتانى عەرەبی و پراکتیزەکردنى ئەو سیاسەتەى لەسەر ئاستى هەرێمایەتیدا هەیەتى، سیماى ئێران بە ناشرین دەرکەوتووە و، ڕێژەى پشتگیریکردنى سیاسەتى ئێران لە 2006دا، بریتی بووە لە 60%، بەڵام لە 2014دا ئەم ڕێژەیە دابەزیوە بۆ 15%. ئێران چەند ساڵێکە هەوڵى بونیاتنانى "پارادایم"ێکى نوێ لە ناوچەکەدا دەدات، ئەویش بریتییە لە "بونیاتنانى مەرکەزییەتى ئێرانى"، کە ژینگەى ناسەقامگیرى عەرەبى، سەرەکیترین زەمینەسازیی بۆ خوڵقاندنى ئەو پارادایمە نوێیەى ئێران کردووە. دەستێوەردانى ئێرانیش لە سووریا، چەندە وابەستەیە بە گۆڕینى جوگرافیاى سیاسیى ناوچەکە، ئەوەندەیش ململانێیە لەگەڵ سعوودیا بۆ یەکلاییکردنەوەى زەعامەتى ئیسلامیى ناوچەکە و، بەسەنتەرکردنى ئێران بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى وڵاتانى ئیسلامى. تەنگژەى سوورى، بۆ ئێران ڕووداوى گرنگى دەیەى دووەمى چاخى بیست و یەکە. ئێران بە هەموو میکانیزمێک، ڕێگرى لە شکست و کەوتنى ئەسەد دەکات، بەڵام هەموو ڕێگه‌کان بۆ ئەم بەرگرییەى ئێران گوڵڕێژ نەکراوە.

هێزى داعش لە سووریا و گرووپە ڕادیکاڵییە توندڕەوەکان و، بوونى ئەجێنداى هەرێمایەتى و نێودەوڵەتیى زۆر چڕ و ئاڵۆز لە سووریا، ڕێگرى بەردەم ئێران بووە بۆ کۆنترۆڵکردنى دۆخى ململانێی خوێناویی سووریا. وەک "بارى بوزان -Barry Buzan"، کە جیهان بەسەر "ناوەند" و "دەوروبەر" و "نیمچە-دەوروبەر"دا دابەش دەکات، ئێرانیش هەمان پۆلێنبەندى و دابەشکاریى هەیە، بەوەى کە بتوانێت ململانێکانى "دەوروبەر" و "نیمچە-دەوروبەر" بەگەڕ بخات بۆ پاراستنى ئاسایشى "ناوەند- ئێران". هەوڵى ئێرانیش بۆ بەڕێوەبردنى ململانێکان لە "دەوروبەر- سووریا"،  به‌ مەبەستى پاراستنى "ناوەندە – ئێرانە". لە کۆتاییدا، دەکرێت دەست بخەینە سەر خاڵێکى گرنگ، ئەویش ئەوەیە: سووریا، بۆ ئێران، بە بڕبڕەى پشتى هیلالى شیعى ئەژمار دەکرێت. ئێران ئەگەرچى بە هۆى تەنگژە و ململانێ خوێناوییەکانى سووریاوە، تووشى گرفت و قورساییی زۆر هاتووە، بەڵام تا ئێستا بەرگریکارێکى سەرسەختى دۆخى دیفاکتۆى سووریایە، کە ئەمەیش دەستکەوتە بۆ ئێران. بەڵام، ئەگەر تا ئێستا، ئێران ئەم خاڵەى لە گەمە سیاسییەکەدا بەدەست هێنابێت، خاڵێکى گرنگ و جەوهەریى لەدەست داوە، ئەویش بریتییە لە نەگەڕاندنەوەى سووریا بۆ پێش قۆناغى 15-3-2011، کە گۆڕەپانى ساغکردنەوەى هێژموونیى ڕەهاى ئێران بوو لە ناوچەکەدا.

سەرچاوەکان :

1   - ڕاشد الغنوشي.. "لست الخميني"، الجزيرة نت، 29 أكتوبر/تشرين الأول 2011 (تاريخ الدخول: 6 أكتوبر/تشرين الأول 2013 :

http://www.aljazeera.net

 - ريان محمد، تغيير التركيبة الديمغرافية في سورية عبر حصار التجويع، العربي الجديد، 31 أغسطس/آب 2015، (تاريخ الدخول: 5 سبتمبر/أيلول 2016:

https://www.alaraby.co.uk/politics

3-  فرح الزمان أبو شعير، العلاقات الإيرانية-الروسية: شراكة حذرة تميز حلف الضرورة، مركز الجزيرة للدراسات, 07 أكتوبر/تشرين الأول 2013 (تاريخ الدخول 10 مايو/أيار

 2016http://studies.aljazeera.net/ar/reports/2013/10/201310710612251555.htm

4-محمود عثمان،النفوذ الإيراني في سورية انحسار أم إعادة تموضع؟، http://www.turkpress.co/node/16710

5- منذر خدام ،دائرة النفوذ الايرانية.

 https://www.annahar.com

6- مركز مزماة للدراسات والبحوث، النفوذ الإيراني: تآكل في سوريا .. محاولات للتوسع في لبنان .. خسارة في اليمن،

http://almezmaah.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples