زەیدییەکان؛ دەروازەیەک بۆ ھێژموونیی ئێران لە یەمەن

پێشەکی: بەپێچەوانەی بەشێکی زۆری مسوڵمانان، کە ڕایان وایە ئیمامی عەلی کوڕی ئەبو تالب، جێنشینی چوارەمی پێغەمبەرە، شیعەکان ڕایان وایە ئیمام عەلی، جێنشینی یەکەمی شەرعیی مسوڵمانانە و، ڕایان وایە کە دەبوو کوڕەکانی، جێنشینی ئیمام عەلی کوڕی ئەبو تالب بن. پاش کۆچی دواییی ئیمام عەلی لە سه‌ده‌ی حەوتەمی زاینیدا و، سەرھەڵدانی خه‌لافەتی ئەمەوی، شیعەکان ئەو دۆخە نوێیەیان ڕەت دەکردەوە و، لایان وابوو کە دەبێت جێنشینی پێغەمبەر لە لایەن پێغەمبەرەوە دیاری بکرایە. لە سەرەتاکانی سه‌ده‌ی ھەشتەم و پاش کۆچی دواییی ئیمام عەلی، "حوسێن"ی کوڕی، کە ئیمامی چوارەمی شیعەکان بوو، شیعەکان تووشی ڕای جیاواز و دابەشکاری بوون، گرووپێک لە شیعەکان کە بە زەیدییەکان ناسرابوون، زەیدی کوڕی عەلی (عەلیی ئیمامی چوارەمی شیعە، نەک عەلی کوڕی ئەبوتالب، کە ئیمامی یەکەمی شیعەیە)یان وەک ئیمامی پێنجەمی شیعەکان دەناساند.

گرووپێکی دیکە، کە دواترا بە شیعەی دوازدە ئیمام ناسران، محه‌مه‌دی برای زەید،  کە ئەویش  کوڕی ئیمام عەلیی چوارەمە، وەک ئیمامی پێنجەمی شیعە دەیانناساند. ھۆکاری سەرەکیی ئەم دابەشبوون و دووبەرەكییە بۆ جیاوازیی بۆچوون دەگەڕایەوە. زەیدییەکان ڕایان وا بوو کە پێویستە بکەونە خۆیان و دژی حوکمڕانیی ئەمەوییەکان ڕاپەڕن و تۆڵەی جەنگی کەربەلا بکەنەوە، کە لە کۆتاییی سه‌ده‌ی حەوتەمدا ڕووی دا و، ئیمام حوسێنی کوڕی عەلی ئەبو تالب (ئیمامی سێیەمی شیعەکان)ی تێدا کوژرا. بەڵام  شوێنکەوتووانی  ئیمام محه‌مه‌دی کوڕی عەلی (ئیمامی چوارەم)، ڕایان وا بوو کە ستەمکاریی ئەمەوییەکان دەرھەق بە شیعە، بە شێوەیەکی بەرچاو شیعەکانی لاواز کردووە و، پێویستە لە سەرەتادا ناوماڵی شیعە ڕێک بخرێتەوە و، تۆڵەکردنەوە لە ئەمەوییەکان و ئەوانەی ستەم لە شیعە دەکەن بخرێتە ئەو کاتەی کە ئیمامی مەھدی مونتەزەر دێت و، بە ویستی خودا تۆڵە لە ستەمکارانی دەرھەق بە شیعە دەکاتەوە. پاش دابەشبوون و جیاوازی لە دیدگه‌کاندا، کە ببووە خەسڵەتی جیاکاریی نێوان شوێنکەوتووانی ئیمام زەید و ئیمام محه‌مه‌د، بیرۆکەی جیھاد و جەنگ له‌ دژی حوکمڕانیی ستەمکار، بووە ناسنامەی ھزریی زەیدییەکان.

زەیدیەکانیش بەوە دەناسرانەوە کە، بۆ بەرپەرچدانەوەی ستەمکاری، پەنایان بۆ ھەڵگیرساندنی جەنگ دەبرد و، ڕەخنەیشیان لە شوێنکەوتووانی ئیمام محه‌مه‌د دەگرت، بەوەی کە لە بەگژداچوونەوەی حوکمڕانانی ئەمەویدا، سارد و خاون. ئیمام زەید، بەرامبەر بە حوکمڕانیی ئەمەوییەکان وەستایەوە و جەنگی بەرپا کرد. لە کۆتاییشدا، لە جەنگەکەدا کوژرا و، بووە شەھیدی زەیدییەکان بە پلەی یەکەم. لەو ساتەوە، پێویستە ھەموو ئیمام و سەرکردەیەکی سیاسی –ڕۆحیی زەیدییەکان پابەند بە وەستانەوە دژ بە فەرمانڕەوای نادادپەروەر و ستەمکار، بێت. بە شێوەیەکی گشتی و بە تێپەڕبوونی کات، پێڕەوانی ئیمام زەید و ئیمام موحەمەد، دوو قوتابخانەی ئایینیی جیاوازیان لە یەکدی بۆ پەیدا بوو و، لە ھەمان کاتیشدا بەشێکی زۆر لە شوێنکەوتووانی زەیدییەکان و شیعەی دوازدە ئیمام، مەدینەیان بەجێ ھێشت و بەرەو ئێران بەڕێ کەوتن.

لە ساڵی (٨٩٧)، کەسایەتییەک لە زەیدییەکان بە ناوی "یەحیای کوڕی حوسێن" مەدینە جێ دەھێڵێت، بەرەو یەمەن کۆچ دەکات، نازناوی "الھادی الی الحق" لە خۆی دەنێت، وەک ئیمام خۆی دەناسێنێت و جەخت لە بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاری دەکاتەوە و، ڕای وایە سەرکردەی یاخی و دژ بە زۆرداری، دەتوانێت ببێت بە ئیمام. زەیدییەکان ڕایان وایە کە، بوون بە ئیمامی، لە ڕێگەی سازان و پەسەندکردنی زانایانی مسوڵمانی کۆمەڵگەوە دەبێت؛ بەپێچەوانەوە لای شیعەی دوازدە ئیمام، "بەئیمامبوون" لە ڕێگەی دیاریکردنه‌وه‌ لە لایەن پێغەمبەر، یان ئیمامی پێشووتر، دەبێت. جیا لەوەیش، ھەندێک لە توێژەرانی ئیسلامی، ڕایان وایە زەیدییەکان لە ھەندێک کاروباری فیقھیدا، لە قوتابخانەی شافیعی و حەنەفی لە مەزھەبی سوننەدا نزیکترن، وەک لە مەزھەبی شیعەی دوازدە ئیمام.

ڕووخاندنی فەرمانڕەوای ستەمکار؛ وه‌رچەرخان لە دیدگه‌ی شیعەی دوازدە ئیمامیدا: وێڕای بوونی ستەمکاری و نادادپەروەری، بەڵام ئیمامەکانی شیعەی دوازدە ئیمامی، ھیچ کات دژ بە حوکمڕانیی فەرمانڕەوا ستەمکارەکان نەوەستاونەتەوە. ئەم دیدگه‌یە، لای شیعەی دوازدە ئیمامی بەردەوامیی ھەبووە و، ئەو بەرەنگاربوونەوەیان تا کاتی دامەزراندنی حکوومەتێکی شەرعیی ئایینی و دەرکەوتنی ئیمامی مەھدی مونتەزەر دوا خستووە. ئەم دیدگه‌یە لای سەفەوییەکانیش، کە ئیسلامی شیعییان وەک ئایینی ناوچەکە ناساند، لەو ناوچانەی ئێستا پێی دەگوترێت ئێران، بەردەوامیی ھەبوو. زانایانی شیعە لە جیاتی ھاندان بۆ دامەزراندنی حوکمڕانییەکی تیۆکراتی (theocratic)، ھەوڵیان داوە کە دان بە شەرعییەتی سیستەمی حوکمڕاندا بنێن. ئەمە لە پەرتووکی "کشف الاسرار"ی ئایەتوڵڵا ڕوحوڵڵا خومەینیشدا ھاتووە کە زانایان و فەقیھانی شیعە، ھەوڵی ڕووخاندنی حکوومەتەکان نادەن، بەڵام پاش زیاتر لە یەک دەیە، خومەینی ئەم دیدگه‌یەی دەگۆڕێت و پرەنسیپی "ویلایەتی فەقیھ" دادەنێت؛ بەوەی کە فەقیھی ئایینی بەتەنیا مافی ئەوەی ھەیە حوکمی ئاینیی وڵات بکات.

لە و ڕوانگەیەوە شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لەسەر دەستی فەقیھێکی  شیعەی دوازدە ئیمام، وەک سوپرایزێک وا بوو بۆ زەیدییەکان، کە ھەمیشە بەوە خۆیان جیا دەکردەوە و ناسنامه‌یه‌كی تایبەتیان بۆ خۆیان دادەنا کە جیاوازن لە شیعەی دوازدە ئیمام؛ بەوەی کە ھەمیشە زەیدییەکان بوون، بە ڕووی فەرمانڕەوای زۆردار و ستەمکاردا وەستاونەتەوە. ئەمەیش وای کرد شیعەی دوازدە ئیمامی (جەعفەری) لە ئێران، ببێتە جێگه‌ی سەرنجڕاکێشانی شیعە زەیدییەکانی یەمەن و، چەندین کەسایەتییان گەشتیان بۆ ئێران كرد بۆ زیاتر ئاشنابوون و لێکتێگەیشتنی زیاتر لە پێڕەوانی شیعەی دوازدە ئیمام  و بەرەنگاربوونەوە و دژوەستانی ئێران بەرامبەر ئیسڕائیل، بووە مایەی سەرنجڕاکێشانی زەیدییەکانی یەمەن بە سیاسەتی دەرەوەی ئێران.

ھەرچەندە هیچ سەرچاوەیه‌كی فەرمی بۆ دیاریکردنی ژمارەی پەیڕەوانی شیعەی دوازدە ئیمام (جەعفەری) لە یەمەن، نییە، بەڵام سەرچاوە نافەرمییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە لە ئێستادا ڕێژەی ١٠%ی دانیشتووانی یەمەن، لە پەیڕەوانی شیعەی دوازدە ئیمامین. عەلی عەبدوڵڵا ساڵحی سەرۆکی پێشووی یەمەن، کاتێک کە دژایەتیی زەیدییەکانی یەمەنی دەکرد، ھەمیشە بەوە تۆمەتباری دەکردن کە لە پەیڕەوی زەیدی لایان داوە و سەر بە ئێرانن. بە شێوەیەکی گشتی، شیعەکانی یەمەن نەیاندەتوانی بەئاسانی  لایەنگریی خۆیان بۆ مەزھەبی شیعەی دوازدە ئیمامی دەرببڕن. بەشێک لە زانایانی زەیدی، ڕایان وایە کە لە ڕووی سیاسەتی ئایینییەوە جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان زەیدییەکان و شیعەی دوازدە ئیمامیدا نەماوە، بەڵام لە ڕووی فیقھییەوە جیاوازییەکان ماون؛ وێڕای ئەوەی کە لە ئێستادا بەشێک لە زەیدییەکان ڕایان وایە کە شیعەی دوازدە ئیمامی (جەعفەری) لە ئێستادا بەهەق زەیدین، چونکە دژی ئیمریالیزم و حکوومەتە بێگانەکان دەوەستنەوه‌.

حوسییەکان:  پارێزگای "سه‌عده‌ (صعدة)"، کە دەکەوێتە باکووری یەمەن و ھاوسنووری سعوودیایە، شوێنی مێژووییی زەیدییەکانە کە تیایدا بۆ یەکەم جار لەسەر دەستی یەحیای کوڕی حوسێن، وەک ئاماژەمان پێ کرد پاش گەشتکردنی لە مەدینەوە بۆ یەمەن، توانیی دەوڵەتێک بۆ زەیدییەکان دروست بکات، تا ساڵی ٩١١ کە کۆچی دواییی کرد. لە مێژووی نوێدا، پاش یەکگرتنەوەی ھەر دوو یەمەن لە ساڵی ١٩٩٠ و، پەیڕەوکردنی سیستەمی فرەحزبی لەو وڵاتەدا، یەکەم حزبی سیاسی، بە باکگراوندی مەرجەعییەتی زەیدییەوە دامەزرا، کە "حزب الحق"  بوو. ئەم حزبه‌ لە سەرەتادا بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە کە پشتگیریی چەند زانایەکی زەیدیی لەگەڵ بوو، بەوەی کە شەرعییەتی ڕژێمی فەرمانڕەوا پەسەند دەکات و، دامەزراوەی ئیمامەت دامەزراوەیەکی مردووە و، باشترین میکانیزم لە چاخی نوێدا، بریتییە لە پەیڕه‌وکردنی دیموکراسیی ڕاوێژکاری (تەشاوری). ئەم بەیاننامەیە لە لایەن گەورە مەرجەعەکانی زەیدییەوە پەسەند نەکرا و، بە ھیچ جۆرێک پشتگیریی نەکرا، لە سەروو ھەموویشیانەوە "مەجدەدین موئەیەدی" بوو، کە مامۆستای بەدرەدین حوسی بوو. لە کۆتاییی سەدەی ڕابردوودا، زەیدییەکان، ھەوڵی دووبارە ژیانەوە و نۆژەنکردنەوەی پەیمانگه‌ و قوتابخانە ئاینییەکانیان لەم پارێزگایە دا.

دوو کەسایەتیی دیار لەو ناچەیەدا دەرکەوتن کە بریتی بوون لە بەدرەدین حوسی و حوسێنی کوڕی، کە بانگەشەی ڕەوتێکی ئایینیی سیاسییان دەکرد کە دواجار بە حوسییەکان ناسران. حوسێن حوسی، بزووتنەوەی گەنجی باوەردار (الشباب المؤمن)ی   لە ساڵی ١٩٩٢دا دامەزراند کە پاشان بە پشتیوانانی خودا (انصار اللە) ناسرا. لە حوزەیرانی ٢٠٠٤دا جەنگ لە سه‌عده‌ بەرپا دەبێت و، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ حوسێن حوسی دەردەچێت و لە جەنگەکەدا دەکوژرێت. پاش خۆیشی، عەبدولمەلیک حوسی، کە زڕبرایەتی و لە براکانی دیکەی حوسێن حوسی بچووکترە، دەبێتە سەرکردەی بزووتنەوەی حوسییەکانی یەمەن و، تا ساڵی ٢٠١١ بە شەش قۆناغ جەنگ لە نێوان حکوومەتەکەی عەلی عەبدوڵڵا سالح و حوسییەکان بەردەوام دەبێت. پاش لابردنی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، دۆخی نوێ لە یەمەن دێتە پێشەوە و، حوسییەکان زیاد لە جاران بەھێزتر دەبن و سوود لە شڵەژاوی و ناسەقامگیریی دۆخی ئاسایشی و سیاسی و دامەزراوەییی ئەو وڵاتە دەبینن بۆ فراوانکردنی دەسەڵات و ھێژموونییان لە یەمەندا .

سۆفتپاوەری ئێرانی و کاریگەریی لەسەر شیعەکانی یەمەن:

یەکەم: بڵاوبوونەوەی شیعه‌گه‌ری (تەشەیوع): ئێران لە یەمەن، لە ڕێگه‌ی ناردنی یەمەنییەکان بۆ نزرگه‌ و خوێندنگه‌ و پەیمانگه‌ ئاینییە شیعەکان لە ئێران و سووریا و لوبنان، کاری لەسەر بڵاوکردنەوەی شیعه‌گه‌ری کردووە. بۆ ئەم مەبەستە، سوودی لە زەیدییەکانی یەمەن و چەند کەسایەتییەکی دیکەی عێراقیی شیعە، کە لە یەمەن نیشتەجێن، وه‌رگرتووه‌. جیا لەوەیش ئەو فرەحزبییە، لە پاش یەکگرتنەوەی ھەر دوو یەمەن لە ١٩٩٠ ڕووی دا و، چاودێریکردنی دەوڵەتی لەسەر که‌لتوور و پەرتووکی شیعەی دوازدە ئیمامی (جەعفەری)ی کەم کردەوە.

دووەم: دژایەتیکردنی ئەمریکا و ئیسڕائیل: دەرکەوتنی زمانی توندی ئێران لە ڕاگەیاندن و ئەدەبیاتی سیاسییان بەرامبەر ئەمریکا و ئیسڕائیل، ھاوسۆزی و پشتیوانییەکی باشی لای شیعەکانی یەمەن بۆ ئێران دەستەبەر کردووە. ئەم کاریگەرییە گەیشتە حوسێن حوسی، کەسایەتی و سەرکردەی دیار و پێشەنگی حوسییەکان. میتۆدی ئێرانی بۆ دژایەتیکردنی ئەوەی خۆیان پێی دەڵێن ئیمپریالیزم، ته‌واو كاری تێ كرد.

سێیەم: پشتگیریی فەڵەستین: پشتگیریکردنی ڕاستەوخۆی خومەینی و پاشان سەرکردە و کەسایەتییە دیارەکانی ئێران بۆ کەیسی فەڵەستین، لای بەشێکی زۆر لە شیعەکانی جیھانی عەرەبی، ھاوسۆزییەکی زۆری بۆ ئێران دروست کردووە و، ئێران وەک ھێزێکی فریادڕەسی دژ بە ئیسڕائیل ناسراوە.

چوارەم: پێدانی چەک و کەرەستە سەربازییەکان لە لایەن ئێرانەوە بە حوسییەکانی یەمەن، بە یەکێک لە میکانیزمەکانی سۆفتپاوەری ئێرانی بۆ کاریگەریدانان لەسەر گۆرەپانی سیاسیی یەمەن و فراوانکردنی ھێژموونیی سیاسیی خۆی لەو وڵاتە و، زیاتر نزیکبوونەوە لە حوسییەکان، ھەژمار دەکرێت. بۆ ئەم مەبەستەیش چەندین بەڵگە لەبەردەستن کە ئەم ھاوکارییانە بسەلمێنێت. حوسییەکان توانییان لە مانگی  ئابی  ساڵی ٢٠١٦دا بنکەی سەربازیی نەجرانی سعوودیا بە مووشەکی "زلزال ٣"، کە موشەکێکی دروستکراوی ئێرانە، بۆردوومان بکەن. لە ٤ی نیسانی ئەمساڵدا دوو کەشتیی دەریاییی ئەمریکی (کەشتیی سیرۆکۆ و کەشتیی گرافلیی)  لە دەریای عەرەب (بحر العرب)، توانییان ڕێگری بکەن لە گەیشتنی شەحنەیەکی چەک و تەقەمەنیی ئێرانی کە بۆ حوسییەکانی یەمەن دەچوو. لە ٢٧ی شوبانی ئەمساڵیشدا کەشتیگەلی دەریاییی ئوسترالی، ڕێگریی لە ھەمان ھاوکاریی سەربازیی ئێران ‌ بۆ حوسییەکان، كردووه و، لە ٢٠ی ئاداریشدا کەشتیگەلی دەریاییی فەرەنسی، توانیی ڕێگری بکات لە شەحنەیەکی دیکەی چەک و تەقەمەنی، كه‌ لە لایەن ئێرانەوە بۆ حوسییەکان دەچوو. لە ١ی ئایاری ٢٠١٥دا شارەزایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاپۆرتێکی نھێنییان پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە،  کە تیایدا ئاماژە بەوە دەدات کە ئێران لە ساڵی ٢٠٠٩وە بە شێوەیەکی بەردەوام ھاریکاریی چەک و تەقەمەنیی سەربازی، دەگەیەنێتە حوسییەکانی یەمەن.

پێنجەم: ئێران لە ڕێگه‌ی  ھاوکاریی ئابووری و میدیایی و پەروەردەیییەوە، ھەوڵی کاریگەریدانان لەسەر حوسییەکانی یەمەن بەتایبەت و، کۆمەڵگەی یەمەنی بەگشتی دەدات. لەو بارەیشدا ئێران بە ھاندانیان بۆ گەشتکردن بۆ ئێران و خوێندن لە پەیمانگه‌ ئایینییه‌كانی شیعە و ھاریکاریی ئابووریی حوسییەکان و پاڵپشتیی میدیاییی ئێران و ھاوپەیمانەکانی بۆ خەباتی چەکداریی حوسییەکان،  بەردەوام بووە.

گرنگیی یەمەن بۆ ئێران:  

ئێران دەیەوێت شوێنپێیەکی لە یەمەن ھەبێت کە لەگەڵ سعوودیا و کەناراوەکانی دەریای سووردا ھاوسنوورە. ئێران دەیەوێت ڕۆڵی لە ڕێرەوەكانی ئاویی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەبێت كه‌ ئێستا بەسەر گەرووی ھورموز دەستەباڵایە و، ھەوڵی کۆنترۆڵکردنی گەرووی باب ئه‌لمەندەب دەدات. ئەم ناوچە ئاوییە، ڕێرەوی ٢٢%ی ھاتوچۆی نەوتی جیھانە و، کۆنترۆڵکردنی بۆ ئێران، دەبێتە کارتێکی گوشاری گرنگی ئێران لەسەر ئابووریی جیھان. شیکەرەوە و لێکۆڵەرانی بواری دیراساتی نێودەوڵەتی، ڕایان وایە کە ئێران بەچڕی ھەوڵی جیابوونەوەی باشووری یەمەن دەدات. "بروس ڕێدل" بەڕێوەبەری پرۆژە ھەواڵگرییەکان لە پەیمانگه‌ی برۆکینگز دەڵێت: جیابوونەوەی باشووری یەمەن و ھاوپەیمانبوونی لەگەڵ ئێراندا، دەبێتە دەستکەوتێکی ستراتیژیی گرنگ کە ڕەنگە قەرەبووی زیانی لەدەستدانی سووریا بکاتەوە لە حاڵەتی کەوتنی حوکمڕانیی بەشار ئەسەد.  لە بارێکی دیکەدا، یەمەن پشتێنەیەکی ئاسایشیی گرنگی کەنداوە لە ھەموو ڕوویەکەوە و، خاڵی گەیشتنی کەنداوە بە ئەفریقا و، ڕێگرێکی گەورەی گەیشتنی کۆچبەرانی ئەفریقایە بە کەنداوی عەرەبی. بە بیانووی قەڵاچۆکردنی چەتەکانی دەریا، ئێران کەشتیگەلە سەربازییەکانی بەرامبەر کەناراوەکانی یەمەن لە کەنداوی عەدەن و دەریای سوور ڕاگرتووە. ئامانج لەو بڵاوبوونەوە دەریایییە، بریتییە لە چاودێریکردن و فراوانبوونی هێژموونیی دەریاییی ئێران لە ڕێرەوە ئاوییەکان.  

ئێران و ھەوڵی گەیشتن بە دەریای سوور، ناوچەیەکی جیۆستراتیژی: یەمەن ناوچەیەکی گرنگە لە ئاسایشی دەریای سوور؛ دەریای سووریش ناوچەیەکی دەریاوانیی گرنگی جیھانە و، بە ڕێرەوێکی ئاویی جیۆستراتیژیی گرنگ ئەژمار دەکرێت. جێگه‌ی گەیاندنی ھەر سێ کیشوەری ئاسیا و ئەفریقا و ئەوروپایە. جگە لە ئیسڕائیل و ئەریتریا، ھەموو ئەو دەوڵەتانەی دەکەونە سەر دەریای سوور، دەوڵەتی عەرەبین: میسر، سعوودیا، یەمەن، جیبۆتی، سۆماڵ، سۆدان و ئۆردن. پێگەی دەریای سوور لە ڕووی جوگرافیای سیاسی و جوگرافیای ستراتیژییەوە زۆر گرنگە. ڕێرەوی سەرەکیی ھەناردەکردنی نەوتی کەنداوە و دەرچەی دەریاییی باشووری ئیسڕائیلە و گەیەنەری سەرەکیی نێوان دەریای سپیی ناوەڕاست و زەریای ھیندی و دەریای عەرەبە.

لەو ڕوانگەیەوە، گرنگە ئاسایشی دەریای سوور پارێزراو بێت و، ئەمەیش وای کردووە دەوڵەتانی وەک ئەمریکا و فەرەنسا و بریتانیا، بەبەردەوامی ھەوڵی بوونی ھێژموونیی خۆیان لەو پارچە جیۆستراتیژییە ئاوییە گرنگە بدەن و، گرنگیی ئاسایشی ئەو دەریایە زۆر جار وای لە دەوڵەتانی عەرەبیی سەر کەناراوەکانی دەریای سوور کردووە، کە ھەوڵی پێکھێنانی ھێزێکی سەربازیی تایبەت بە پاراستنی ئاسایشی ئەو دەریایە، بدەن. ئێرانیش لە گرنگیی ستراتیژیی ئەو ناوچەیە گەیشتووە و لە ھەوڵی دەستەبەرکردنی ھێژموونیی سیاسیدایە. بۆ ئەم مەبەستەیش، لە ناسەقامگیریی دۆخی ئێستای یەمەندا، ئێران ھەموو پشتیوانییەکی حوسییەکانی کرد بۆ ئەوەی بەتەواوی بگەنە کەناراوەکانی دەریای سوور، کە ١٠٠ کیلۆمەتر لە شاری "سه‌عده‌"ی شوێنی ھێژموونیی حوسییەکانه‌وه‌ دوورە.

بەشێک لە لێکۆڵەرانی بواری ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئاماژە بەوە دەدەن کە سعوودیا لە پرۆسەی "عاصفة الحزم"دا کە ئەنجامی دا، مەبەستی سەرەکیی  ئەوە بوو کە مەترسییەکانی ئێران و حوسییەکان لە خۆی دوور بخاتەوە و سەقامگیریی ئاسایشی دەریای سوور بپارێزێت، کە حوسییەکان جەنگیان بردبووە نزیک کەناراوەکانی دەریای سوور. ئەم ھەنگاوەی سعوودیایش بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بووە بۆ گرەنتیکردنی ئەو ڕێرەوە بازرگانییە دەریایییە گرنگەی جیھان و پاراستنی ئاسایشی کەنداو .

کۆتایی:

١ ئێران بۆ فراوانبوونی ھێژموونی لە یەمەندا، بەتەواوەتی پشت بە ھاوبەشە لۆکاڵییەکانی (حوسییەکان) لە یەمەن، دەبەستێت.

٢ ھەوڵی ئێران بۆ ھێژموونگەرایی لە یەمەن، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە یەمەن ناوچەیەکی جیۆستراتیژیی گرنگە بۆ ئێران و، دروستکردنی ھەڕەشەی ئاسایشی لەسەر کەنداوی عەرەبی و شکاندنی پشتێنەی ئاسایشی کەنداو.

٣ ئێران بۆ یارمەتیدانی حوسییەکان و سەرپێخستنی ئەزموونێکی نوێ لەو وڵاتەدا و یەکلاییکردنەوەی ھاوسەنگیی ھێز، ڕەنگە لە چاوەڕوانیی ڕووسیادا بووبێت، بەوەی کە ھاوشێوەی دۆخی سووریا دەستێوەردان بکات. ئەمەیش لە پەیامی عەلی ئەکبەر ویلایەتی"دا بەڕوونی دیار بوو، کاتێک گوتی: وەرچەرخانێکی بێپێشینە لە ھەماھەنگی لەگەڵ  ڕووسیا ھەیە و، ئەمەیش تەنیا لە سووریادا کورت نابێتەوە. بەڵام ئەمە ڕووی نەدا و ئەستەمیشە لە ئێستادا ڕوو بدات، بە ھۆی دووریی نێوان تاران و سەنعا و داخستنی بواری ئاسمانیی یەمەن لە لایەن سعوودیا و، داخستنی ڕێڕەوە ئاوییەکانی یەمەن بە ڕووی ئێران و، ڕێگریکردن لە دزەپێکردنی چەک لە لایەن ئێرانەوە بە ڕێرەوە ئاوییەکاندا .

٤  بڕیاری ژمارە ٢٢١٦ی ئەنجوومەنی ئاسایش لە ١٤ی نیسانی ساڵی ٢٠١٥، لەسەر پێشنیاری نوێنەری بریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ماسیۆ ڕیکرفت، سەبارەت بە سڕکردنی ڕەسیدی حوسییەکان و عەلی عەبدوڵڵا ساڵحی ھاوپەیمانیان و، پشکنینی ئەو کەشتیگەلانەی کە گومانیان لێ دەکرێت بۆ ڕێگرتن لە ناردنی چەک بۆ حوسییەکان. بە بارێکی دیکەدا، زەنگێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو سەبارەت بە سیاسەتی دەستێوەردانی ئێران لە یەمەن.

٥- ھەوڵی ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێرەوە ئاوییەکان لە ڕێگه‌ی یەمەنەوە،  ھەوڵێکە بۆ کاریگەریدانان لەسەر ئاست و بڕی بازرگانیی وزە و بازرگانیی گشتی لە بەشێکی گرنگی ناوچەکەدا.

٦ ئاییندەی ململانێکان و  ھەوڵی ئێران  بۆ ھێژموونگەرایی لە یەمەن، ئەو ناوچەیە دەکاتە ناوچەیەکی پر لە ململانێ و کێشمەکێشی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و، دواجاریش فۆرمی بێئۆقرەیی و ناسەقامگیریی سیاسی – ئاسایشی، دەبێتە یەکێک لە ھەرە سیما دیارەکان و بەرزبوونەوه‌ و ھەڵکشانی ململانێکان. ڕەنگە جەنگەکە لە ئاستی ناوخۆییی یەمەندا نەھێڵێتەوە و، جوگرافیا و پانتایییەکی دیکەی زیاتری پێ بدات  و، فەزای نائۆقرەییی سیاسی بەرجەستە بکات. شکاندنی پشتێنە ئاسایشییەکانی کەنداو کە ستراتیژیی دیاری ئێرانە، بێ جەنگی خوێناوی، کۆتایی نایەت و، بەریەککەوتنی قووڵ و درێژخایەن دروست دەکات .

 

سەرچاوەکان:

1-علي ڕمضان القطبي الموسوي ، ثورة زيد بن علي ونشؤ فرقة الزيدية ، دار طباعة فيشيون ميديا ، السويد ، 2010

2-  السيد محه‌مه‌د بن حمود بن احمد العمدي، الزيدية والامامية جنبا الى جنب اطروحة وحدوية في مقابل اطروحة الزيدية والامامية وجها لوجه،مركز الابحاث العقائدية،الطبعة: الاولى 1427هـ.

3- ممدوح بريك محه‌مه‌د الجازي ،النفوذ الايراني في المنطقة العربية على ضوء التحولات في السياسة الامريكية تجاه  المنطقة 2003-2010، ڕسالة ماجستير العلاقات الدولية ، جامعة مؤتة، الاردن 2011.

4- السيد عبدالرسول الموسوي ، الشيعة في التاريخ ، دار الترجمان ، ط2، 2007.

5- عبدالعزيز بن فرحان ، تصور إستراتيجي لمواجهة النفوذ الإيراني في اليمن وانعكاساته على أمن المملكة العربية السعودية، ڕسالة ماجستير جامعة نايف العربية للعلوم الأمنية، كلية العلوم الإستراتيجية، قسم الدراسات الإقليمية والدولية، 2014.

 6- نيفين مسعد، ثلاثون عاما على قيام الثورة الاسلامية في ايران ،مجلة شؤون الاوسط ،العدد 131،شتاء 2009.

7--مصطفى اللباد، قراءة في مشروع ايران الاستراتيجي تجاه المنطقة العربية ،شؤون عربية،العدد138، صيف2009.

8- أشرف محه‌مه‌د كشك ، امن الخليج بعد حرب العراق، مجلة السياسة الدولية ، العدد155، يناير 2004.

9-نبيل البكيري، حقيقة التدخل الإيراني في اليمن،

http://www.aljazeera.net

10- مهدي خلجي ، زيديو اليمن: نافذة للنفوذ الإيراني،

 http://www.washingtoninstitute.org

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples