ئەوروپا و ترامپ

دەروازە: سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا لە لای بەشێک لە چاودێرانی سیاسی، بە بوومەلەرزەی سیاسی دەناسرێت. ئەو سەرکەوتنە، تەنیا بۆ ئەمریکا لێکەوتەی نییە، بەڵکوو لە ئاستی جیھاندا کاریگەری دروست دەکات. ئەوروپایش لە دۆخی ئێستا لە بەردەم جۆرێکی دیکەی پەیوەندیدا دەبێت، کە ڕەنگە باش خۆی بۆ ئامادە نەکردبێت. داھاتووی پەیوەندییەکانی ئەوروپا و ئەمریکا، باسی زۆرێک لە سیاسەتمەدار و ناوەندەکانی توێژینەوەیە. ھەردوو لا، بە شێوەیەکی گشتی جۆرێک لە لێڵی، ڕەشبینی و ناڕوونیی پێوە دیارە .

تەوەری یەکەم:

لێدوانی بەرپرسانی ئەوروپی: بۆ تێگەیشتن لە سروشتی ئەو دۆخە نوێیە (سەرکەوتنی ترامپ)، پێویستمان بە ھەڵوەستەیەک لەو لێدوانە سیاسییانەی دەبێت، کە لە ئەوروپاوە گوێبیستی بووین. بەشێکیان نێگەتیڤانە لە سەرکەوتنی ترامپیان دەڕوانی و، بە شێکی دیکەیشیان وەک ھەنگاوێکی پۆزەتیڤ و سەرەتای قۆناغێکی نوێی ئەوروپی و گۆڕانکاری لە ئاستی ئەوروپا باسی لێوە دەکەن. بە شێوەیەکی گشتی، ئەو دابەشبوونە لە نێوان بە نێگەتیڤ و پۆزەتیڤ سەیرکردنەی سەرکەوتنی ترامپدا، زیاتر خۆی لە دوو بەرەدا وێنا دەکات. بەرەی لیبڕاڵەکانی ئەوروپا، کە بە ھۆی سەرکەوتنی ترامپەوە، جۆرێک لە دڵەڕاوکێییان پێوە دیارە؛ بەرەی ڕاستڕەوەکان، یان ڕاستڕەوە توندڕەوەکان پێشوازیی سەرکەوتنەکە دەکات و موژدەی دووبارەبوونەوەی ئەزموونی ڕەوتێکی ناسیۆنالیستی لە ئەوروپادا دەدەن. مارین لۆبان وەک یەکەم کەسایەتی و سیاسیی فەرەنسی و سەرۆکی پارتی بەرەی نیشتمانی، پێشوازی لە سەرکەوتنی ترامپ کرد و، ئومێدەوار بوو ئەو ئەزموونە لە ھەڵبژاردنی مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٧ی فەرەنسا دووبار ببێتەوە. لە ئەڵمانیا، مارکۆس برتزل، کەسایەتیی دیاری حزبی ئەلتەرناتیڤ لە پێناو ئەڵمانیا، سەرکەوتنی ترامپ بە قۆناغێکی نوێی مێژوویی دەزانێت. لە بەلژیکا حزبی بەرژەوەندیی فەلمنکی، کە حزبێکی جوداخواز و دژ بە مسوڵمانانە، ئاماژە بە پێویستیی دووبارەبوونەوەی ئەزموونی سەرکەوتنی ترامپ لە بەلژیکادا، دەکات.

لە ھۆڵه‌ندا "ڕاستی توندڕەو" خیرت فیلدرز دەڵێت: بە ھەڵبژاردنی ترامپ، ئەمریکییەکان زەوییەکانی خۆیان دەست کەوتەوە و، ئەوروپایش لە بەردەم بەھارێکی ناسیۆنالیزمییانەدایە. لە ھەمان کاتدا ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی مەجەر، ھەواڵی سەرکەوتنی ترامپی، بە ھەواڵی مەزن ناوزەند کرد. مارتن سلمایر سەرۆکی دەستەی کارکردن لەگەڵ کۆمسیۆنی ئەوروپی، لە چریکەیەکی تویتەردا پێشبینییەک دەخاتە ڕوو کە لە پێش کۆبوونەوەی گرووپی حەوت G7لە تۆکیۆ ئاماژەی پێ دەدات دەڵێت: دەبێت جیھان چی لێ بەسەر بێت، کاتێک لە جیاتی باراک ئۆباما و فرانسۆ ئۆلاند و دەیڤد کامیرۆن و ماتیۆ ڕینتسی، چەند سەرکردەیەکی وەک دۆناڵد ترامپ و مارین لۆبان و بۆریس جۆنسن و بیبی گریلۆ کۆ ببنەوە؟ بە بارێکی دیکەدا، ئۆلاند وێڕای پیرۆزبایی لە ترامپ، قۆناغی داھاتووی بە قۆناغی جۆرێک لە نامتمانەیی و نادڵنییایی ناوزەند کرد.

جان مارک ئیرۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ئاماژەی بەوە کرد کەسایەتیی ترامپ ھەڵگری چەندین پرسیارە. ئەنجێلا مێرکل، وێڕای پیرۆزبایییە پرۆتۆکۆلییەکەی، بەڵام ھەست بە جۆرێک لە نادڵنیایی بە وتەکانییەوە دەکرا. لەو ڕوانگەیەیشەوە، "ھایکۆ ماس"، وەزیری دادی ئەڵمانیا، بەڕوونی گوتی دنیا بە ھەڵبژاردنی ترامپ کۆتایی نایەت، بەڵام سەرشێتیی زیاتر بەخۆوە دەبینێت. مارتن شۆلتزی سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپی، لە پاش دەرچوونی ترامپ لە ھەڵبژاردندا، ئاماژەی بە سەختیی قۆناغی داھاتووی کارکردنی یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا کرد. "بیرت کوندرز"، وەزیری دەرەوەی ھۆڵه‌ندا، ئاماژە بە قورسیی دۆخی نوێ لە پاش سەرکەوتنی ترامپ دەکات، بەڵام ڕای وایە ئەوروپا و ئەمریکا پێویستییان بە یەکدی ھەیە و، پرسگەلێکی وەک گۆڕانی کەشوھەوا و تیرۆریزم پێویستییان بە کاری ھاوبەش دەبێت و، نەیشیشاردۆتەوە کە نیگەرانە لە ئاسایشی ئەوروپا لە سەردەمی ترامپدا، ئەمەیش بەرمەبنای گوتەکانی ترامپە لە کاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن .

تەوەری دووەم :

ئەوروپا و بیرکردنەوە لە سیناریۆکان: نووسەری ئەمریکی، مارکۆس وۆڵکر، لە نووسینێکیدا ئاماژە بەوە دەدات کە لێدوانەکانی ترامپ دەربارەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەگشتی و، بەتایبەت بەرامبەر ئەوروپا، ئەوروپییەکانی خستۆتە دۆخێکەوە کە بیر لە سێ سیناریۆ بکەنەوە:

سیناریۆی یەکەم: دوورکەوتنەوەی ئەمریکا لە ئەوروپا بە شێوەیەکی گشتی، کۆتایی بەو سەردەمە لە پەیوەندیی توندوتۆڵی نێوان ئەوروپا و ئەمریکا بھێنێت. ئەوروپییەکان ناچار بەوە بکاتەوە کە ڕێگه‌چارەی نوێ بۆ بەرگریکردن لە ئارامی و سەقامگیری  و ئاسایشی ئەوروپا لە دەرەوەی ھاوپەیمانێتیی ناتۆ، بکەنەوە.

سیناریۆی دووەم: کاربەدەستان و بڕیاردروستکەرانی ئەوروپا، ھەوڵی قەناعەتپێکردنی ترامپ بدەن، بەوەی کە ئەمریکا لە مانەوەی لەسەر سیاسەتی توندوتۆڵی خۆی لەگەڵ ئەوروپا بەردەوام بێت، بەتایبەت لە ڕووی ئاسایشییەوە لە چوارچێوەی ھاوپەیمانێتیی ناتۆ. بەمەیش سەرکردە ئەوروپییەکان تا ڕاددەیەک جۆرێک لە دڵنیایی دەدەن، بەوەی کە ترامپ ڕاوێژکاری ئاسایشیی لە کۆمارییەکان دادەنێت و، لە ئێستایشدا گوتەکانی ڕابردووی کە ئاماژەی بەوە دەکرد: سەردەمی ھاوپەیمانێتیی ناتۆ بەرەو کۆتایی دەچێت و ئەم ڕێکخراوە سەربازییە – ئاسایشییە، کاتی تەواو بووە، بەرەو جۆرێک لە کاڵبوونەوە دەچێت.

سیناریۆی سێیەم: ئەم سیناریۆیە تیشک دەخاتە سەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی ترامپ و نزیکبوونەوەی لە ڕووسیا و ھەوڵدان بۆ دابەشکردنی ناوچەی ھێژموونی بە شێوەی دوولایەنە لە نێوان ڕووسیا و  ئەمریکا، ئەمەیش وا دەکات ڕێساکانی گەمەیەکی فرەلایەن تێک بچێت و، بەشێک لە دەوڵەتانی بچووکی ئەوروپی لە ناوەڕاست و ڕۆژھەڵاتی ئەو کیشوەرە لێی زەرەرمەند بن، بەتایبەت دەوڵەتانی وەک ئۆکرانیا، پۆڵه‌ندا و ئیستۆنیا .

تەوەری سێیەم :

سەرکەوتنی ترامپ و کاریگەریی لەسەر دۆخی بازرگانیی ئەوروپا: ئۆرلیش گریللۆ، سەرۆکی پیشەسازیی ئەڵمانیا دەڵێت: "پێویستە ئەمریکا له‌ پشتبەستن بە بازاڕی ئازاد به‌رده‌وام بێت و، خۆی تووشی گۆشەگیریی بازرگانی نەکات." ھۆکاری ئەم وتانەی گریللۆ، ترس بوو لە وتەکانی ترامپ، کە لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردندا باسی لە پێداچوونەوەی ڕێککەوتننامەی بازرگانیی ئازاد دەکرد لەگەڵ ئەوروپادا. ترامپ ڕای وا بوو ھۆکاری بێکاری و خراپیی دۆخی ئابووریی چینی ناوەندی ئەمریکا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێککەوتننامە بازرگانییانەی ئەمریکا لە بواری نێودەوڵەتیدا ھەیەتی. ھەر ئەمەیش وای کرد کە پاش سەرکەوتنی ترامپ، پشکی بازرگانیی بۆرسەکانی ئەوروپا بە جۆرێک ڕوو لە داشکان بکاتەوە.

تەوەری چوارەم :

ترامپ و دۆخی ئاسایشی ئەوروپا: ترامپ ڕای وایە، ئەوروپا پێویستە تێچووی پاراستنی ئاسایشی خۆی بدات و، ئەمریکا چی دیکە، نابێت بە تێچووی زیادە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی دەوڵەتانی ئەوروپی بارگران بکرێت. لەو ڕوانگەیەوە، ترامپ دژە بەو دۆخەی ئێستا ھەیە، کە ئەمریکا بەشی زۆری تێچووی داراییی ناتۆ لە ئەستۆ بگرێت کە زۆربەی ئەندامانی ھاوپەیمانێتیی ناتۆ دەوڵەتی ئەوروپین. ھەموو ئەمانە وای لە ترامپ کرد داوای ئەوە بکات کە پێویسته‌ بڕی دارایی و خەرجیی ئەمریکا لە ناتۆ دیاری بکرێت و، ئەگەر ئەوەیش  نەکرا، ئەمریکا دەکرێت ناتۆ جێ بھێڵێت. بەڵام جێھێشتنی ناتۆ لە لایەن ئەمریکاوە لە دیدگه‌ی ترامپەوە، ناکاتە ئەوەی ئەمریکا واز لە ھێژموونی و پلەیەکەمیی ھێزی سەربازیی خۆی بھێنێت لە جیھاندا.

تەوەری پێنجەم :

ترامپ، یەکێتیی ئەوروپا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست: ھەرچەندە بەشێک لە توێژەران ڕایان وایە، ترامپ سەبارەت بە پرسەکانی دەرەوە، پێڕەوی سیاسەتی پەناگیری، یان گۆشەگیری دەکات، بەتایبەت بەرامبەر ئەوروپا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام ئەمە ڕای بەشێکی کەمی توێژەرانە و، بەشی زۆر لەوانەی گرنگی بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەدەن، لەوە تێگەیشتوون کە ئەمریکا بۆ پارێزگاری لە ھێژموونیی خۆی و بۆ بەدیھێنانی بەرژەوەندییەکانی، ناتوانێت دەستبەرداری ناوچە گرنگەکانی جیھان بێت؛ ئەو ناوچانەی لە ئابووری و بازرگانی و بەدەستھێنانی بەرژەوەندییەکاندا، بوونەتە سەنتەر و دڵی جیھان. ڕای زۆرینە وایە، پرسگەلێک لە ڕۆژھەڵاتی ناڤین ھەیە کە ئەمریکای ترامپ لە جاران زیاتر ئاراستەکار، یان بە ڕێوەبەر، یان خوڵقێنەر، یان چارەسەرکاریان دەبێت. ئەوەی لە قۆناغی ترامپ دەخوێنرێتەوە، ئەوەیە کە ئەمریکا تەماشاکار نابێت، گۆشەگیر نابێت، سەرکردایەتیی سیاسی- سەربازیی دۆخی نوێی ڕۆژھەڵاتی ناڤین دەکات. بۆ ئەم مەبەستەیش، ناتوانێت بەبێ ھاریکاریی ئەوروپا بەردەوام بێت. پشتکردنە ئەوروپا لە لایەن ترامپەوە، ھەڵەیەکی کوشندەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەبێت، کە ڕەنگە ناوەندەکانی دیکەی دروستکردنی بڕیار لە ئەمریکا بەئاسانی وەرنەگرن و، کاریگەریی گەورە لەسەر دیدگه‌ی ترامپ دابنێن.

کۆبەند:

ئەمریکای ترامپ، لای  زۆرینەی ئەوروپییەکان ئەمریکایەکی لێڵە، ھێشتا بەتەواوی سیماکانی دەرنەکەوتوون، کە ئایا قۆناغی داھاتوو بۆ ئەوروپا سەخت دەبێت، یان به‌بێ گۆرانکارییە. وەک بەشێک لە سەرکردە پۆپۆلیستییەکانی ئەوروپا دەڵێن، سەردەمی دووبارەبوونەوەی  ترامپێکی دیکە لە ئەوروپا بەڕێوەیە  و، قۆناغی  پشتکردنە لیبراڵیزمی باوە و، قۆناغی داھاتوو بەو ئاراستە فیکرییانەی ئێستا، بەڕێوە نابردرێن. بەشێک لەوانەی لە ئەوروپا، ھیوایان بە ترامپە، لەگەڵ گۆرانکاریی ئاراستەی فیکری و دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانن لە بەرگێکی نوێدا؛ ئەوانەیشی لە ئەوروپا، بەرگری لە دۆخی باو دەکەن، دەزانن گۆڕانکاری لە شێوازی پەیوەندییەکان بەڕێوەیە و، لە بەشێک لە دەوڵەتانی ئەوروپادا ئەگەری دووبارەبوونەوە و هاوشێوەی سەرکەوتنی ترامپ بوونی هەیە. بە شێوەیەکی گشتی، ئەوروپا و ئەمریکا لە حاڵەتی پەیوەندیی بەردەوامدا دەبن، بەڵام ڕەنگە جۆری پەیوەندییەکە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت. ھاوبەشکاری لە بەڕێوەبردنی زۆرێک لە دۆسیەکان و ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆریزم و کێشەکانی پەناھەندەکان و مەترسیی گۆرانکاریی کەشوھەوا لە سەردەمی پێشکەوتنی پیشەسازی و گلۆبالیزەیشندا،  وا پێویست دەکات کارەکان پێویستییان بە ھاوبەشیی زیاتر ھەبێت و، لەو ڕوانگەیەوە کەسایەتییەکان بتوانن خۆیان لەگەڵ دامەزراوەکان بگونجێنن نەک بەپێچەوانەوە. لێرەوە دەتوانین بڵێین قۆناغی سەرکەوتنی ترامپ، بریتی نییە لە گۆڕینی تەواوی سیاسەت و ستراتیژیی ئەمریکا لە بەرامبەر ئەوروپا بەتایبەت و، جیھان بەگشتی.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples