یەکێتیی ئەوروپا و ئێران

دەروازە: سیماکانی پەیوەندی لە نێوان یەکێتیی ئەوروپا و ئێران، جۆرێک لە ناڕوونیی پێوە دیارە. پەیوەندیی بەردەوام لە نێوان ئێران و دەوڵەتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپادا ھەیە، بەڵام ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌، بە پەیوەندییەکی ناڕوون وێنا دەکرێ. ئەمەیش وابەستەیە بە ئاستی پراکتیزەکردنی دیموکراسی و سیسته‌می حوکمڕانی لە ئێران، بەڵام ھەموو ئەوانە ناتوانن وامان لێ بکەن پێویستیی ھەر دوو لا بە یەکدی، لە ڕووی وزەوە، لەبەرچاو نەگرین. ئێران وەک ناوچەیەکی پڕ وزە و ئەوروپایش وەک ناوچەیەکی تینوو بە وزە. لەو ڕوانگەیەوە ئەم وتارە تیشک دەخاتە سەر بەشێک لەو دۆسییانەی کە مایەی ناکۆکی و لە ھەمان کاتدا دیالۆگی ھەر دوو لایە، وێڕای بوونی کاری ھاوبەشیان.

تەوەری یەکەم: لە دیالۆگی ڕەخنەگرانەوە بۆ دیالۆگی گشتگیر: لە ڕابردوودا کۆمەڵێک گرێبەستی بازرگانیی سنووردار لە نێوان ئێران و کۆمەڵەی ئەوروپیدا ھەبوو. زۆربەی ئەو گرێبەستانە بەر لە ڕووخاندنی فەرمانڕەواییی شا، کۆتایییان پێ ھات. لە ھەشتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوویشدا ئێران دەوڵەتێکی پەسەنداری باش نەبوو لای ئەوروپییەکان، بە ھۆکاری شۆڕشی کۆماری ئیسلامی و جەنگ لەگەڵ عێراقدا. لە کۆتاییی ١٩٩٢دا لە لووتکەی ئەوروپی لە ئەدنبرە، بڕیار درا کە دەستپێکی "دیالۆگێکی ڕەخنەگرانە" لەگەڵ ئێران دەست پێ بکرێت. ئەم گفتوگۆیە لەسەر کۆمەڵێک پرس بەردەوامیی ھەبوو، تا ئەو کاتەی کە پەیوەندییەکان لە نێوان ئێران و ئەوروپا بەرەو ئاراستەی تەنگژەیەکی نوێ بووە لە ساڵی ١٩٩٦دا؛ کاتێک دادگه‌ی باڵای ئەڵمانیا بڕیار (حوکم)ی بۆ عەلی فەلاحیان، وەزیری ھەواڵگریی ئێران و چەندین بەرپرسی باڵای ئێرانی دەرکرد، کە دەستیان لە تیرۆرکردنی سەرکردەکانی کوردی ڕۆژھەڵات لە ساڵی ١٩٩٢دا ھەبوو. پاش سەرکەوتنی محەمەد خاتەمی لە ھەڵبژاردنی ئێران لە ١٩٩٧دا، دەوڵەتانی یەکێتیی ئەوروپا جۆرێک لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی دیپلۆماسییان لەگەڵ ئێران ئەنجام دا. ھاتنی خاتەمی، وای لە ئەوروپییەکان کرد کە بە ئاراستەی گفتوگۆی گشتگیر لەگەڵ ئێران ھەنگاو بنێن.

ئەو گفتوگۆ گشتگیرە، ئامانجی بریتی بوو لە پشتگیریکردنی ڕیفۆرم و سیاسەتی گشتیی ناوخۆی ئێران بە ئاراستەی چاکسازی. ئەو دیالۆگە گشتگیرە، ساڵانە دوو جار کۆبوونەوەی ترۆیکای ئەوروپیی لەگەڵ ئێران لە ئاستی بریکاری وەزارەتەکان لەخۆ دەگرت، لە ساڵی (١٩٩٨)ه‌وە چووە بواری جێبەجێکردنەوە. دیالۆگە لە ھەموو بوارەکان گشتگیرەکان بەردەوام بوو، تا گەیشتە ڕێککەوتنی گرنگ لە نێوان ھەر دوو لادا .

تەوەری دووەم: ھەڵسەنگاندنی دیالۆگی گشتگیر: دەکرێت لە چەند ئاستێک ھەڵسەنگاندن لەسەر دیالۆگی گشتگیری نێوان ئێران و دەوڵەتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپیدا بکەین :

أ- مافی مرۆڤ: دیالۆگی مافی مرۆڤ لە نێوان ئەوروپییەکان و ئێران، لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانییه‌وه‌ ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ڕەخنە دەبێتەوە، بەوەی کە ئەوروپییەکان خۆیان بە کارێکەوە ماندوو دەکەن کە بێھوودەیە و ھیچ دەرەنجامێکی نییە. لە لایەکی دیکەوە، ھەندێک لە  ناوەندە ئەمریکییەکانیش ڕەخنەیان ھەیە بەوەی دیالۆگی مافی مرۆڤ لە نێوان ئێران و ئەوروپییەکان بێبەرھەمە و، ھەندێک جار ئێرانییەکان بۆ ڕەخنەبارانکردنی ئەمریکا، سوود لەو دیدارانە وەردەگرن. ھەندێک توێژەری دیکە ڕایان وایە کە ئەوەی لە نێوان ئێران و ئەوروپادا ڕوو دەدات،  کۆمەڵێک ئامادەسازین بۆ چالاکیی ئابووری لە پشت پەردەی دیالۆگ بۆ پرسەکانی مافی مرۆڤ. بەڵام بەشێکی گرنگ لە دەوڵەتانی ئەوروپی ڕایان وایە دەستپێکێکی گرنگ بۆ دیالۆگ لە بواری مافی مرۆڤ لەگەڵ ئێران دەستی پێ کراوە.

ڕاستە، كه‌ ئامانجی تەواوی نەپێکاوە، بەڵام نابێت ئەوەیش نادیدە بگیرێت کە قەناعەتێک بۆ ئێران دروست بووە کە لە ئاستی میللیدا ئاگایییەک ھەیە بۆ گرنگیپێدانی ئەوروپییەکان بە مافی مرۆڤ لە ئێران و، دەوڵەتی ئێرانیش قەناعەتی لا دروست بووە کە ئەوروپییەکان لە مامەڵەکردن لە دۆسیەی مافی مرۆڤ بە بەراورد بە ئەمریکییەکان، جددیترن. بەڵام لە ڕاستیدا ئەگەر وەک توێژەرێک ھەڵسەنگاندن بۆ ئەم دۆسیەیە بکەین، دەکرێت بڵێین کە گوشار و ھاندانی ئەوروپییەکان، کارێکی باشە بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ڕێگریکردن لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن سیستەمی فەرمانڕەواییی ئێران. بەڵام ڕاستییەکی تاڵیش ھەیە کە دەکرێت ئاماژەی پێ بدرێت، ئەویش ئەوەیە لە ئێران جگە لە پیشێلکردنی مافی مرۆڤ، تیرۆری دەوڵەتیش بەرامبەر مرۆڤەکان بوونی ھەیە. پەراوێزێکی کەم بۆ ئازادی ھەیە، بەڵام پانتایییەکی زۆر ھەیە بۆ پێشێلکاری دەرھەق بە مرۆڤەکان؛ ئەمەیش لە زیھنییەتی سیسته‌می فەرمانڕەواییدا بەرجەستەیە. بەڵام دەستوپەنجەنەرمکردنی ئەوروپییەکان لەم دۆسیەیەدا، تا ڕاددەیەک دوورە لە سۆز و، جۆرێک لە ئه‌قڵانییه‌تی پێوە دیارە، کە دەوڵەتانی ھاوشێوەی ئێران پێویستییان بەوە ھەیە گۆڕانکاریی دیموکراسی تیایاندا ڕوو بدات و، ئەمەیش زەمەنێکی پێویستە .

ب- دۆسیەی ئەتۆمی: یەکێتیی ئەوروپا بە ھۆی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئێراندا، لە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێراندا ھەندێک جار جیاواز لە ئەمریکا دەردەکەوت. وێڕای ئەوەی سێ دەوڵەتی گرنگی ئەوروپا (بریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا) ڕۆڵی زیاتریان لە دەوڵەتانی دیکەی ئەوروپی لە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێراندا دەگێڕا، لە سیاسەتی ئەمریکی لە بەرامبەر دۆسیەی ئەتۆمیدا زۆرترین نزیکییان ھەبوو؛ بەڵام ئەوە ناکاتە ئەوەی کە جۆرێک لە جیاوازی و پاراستنی بەرژەوەندیی ئەوروپییان لەبەرچاو نەگرتبێت. یەکێتیی ئەوروپا ڕای وا بوو کە ئێران مافی ھەیە دەستی بگاتە تەکنەلۆژیی ئەتۆمی بۆ کاری ئاشتییانە. ڕای ئەوروپییەکان وا بوو کە دەبێت پەنا نەبرێتە بەر بەکارھێنانی ھێز لەگەڵ ئێراندا. پشوودرێژی لە گفتوگۆدا، بەربژاری سەرەکیی ئەوروپییەکان بوو لەگەڵ ئێران لە دۆسیەی ئەتۆمیدا. ئەمەیش ھۆکارێکی ستراتیژیی لە پشتەوە بوو، کە  بریتی بوو لەوەی دەوڵەتانی یەکێتیی ئەوروپا لە جەنگ و بەسەربازیکردنی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناڤیندا بەرژەوەندییەکانیان پارێزراو نابێت، بەتایبەت بە ھۆی بوونی هێژموونیی ئەمریکاوە، لەم ناوچەیەدا باڵادەستییه‌كی  زۆر بۆ ئەوروپییەکان نییە. بەرپاکردنی جەنگ لە ڕۆژھەڵاتی ناڤیندا ھاوشێوەی عێراقی ٢٠٠٣، بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەوروپا، بەتایبەت لە بواری وزەوە، دەخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورە. لە کاتێکدا، ئەوروپا تینووی وزەیە و، ئەم ناوچەیەیش سەرچاوەیەکی گرنگی دابینکردنی وزەی  ئەوروپایە .

تەوەری سێیەم: پەیوەندییەکانی ئەوروپا و ئێران لە سەردەمی "ترامپ"دا: ساڵی ٢٠١٦، لای ھەندێک توێژەر و چاودێری سیاسەتی نێودەوڵەتی، بە ساڵی ڕێککەوتن لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران ھەژمار دەکرێت. بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەمریکا و بەڵێنەکانی ترامپ سەبارەت بە ھەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و گەڕاندنەوەی سزا ئابوورییەکان لەسەر ئێران، جۆرێک لە دڵەڕاوکێی بۆ ئەوروپییەکان دروست کردووە. ئەمەیش وای کرد کە ژمارەیەک دیپلۆماتکار، شارەزای فەڕەنسی، بریتانی و ئەڵمانی سەردانی ئەمریکا بکەن بۆ دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ تیمی سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمریکا بۆ تێگەیشتن لە دیدگه‌ و پلانی ترامپ سەبارەت بە ژمارەیەک پرس، بەتایبەت ڕێککەوتنی ئەتۆمی و سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران. پاش ژمارەیەک دیدار، تیمە ئەوروپییەکە دڵنیایییان دا لە ھەڵنەوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە، بەڵام وتەکانیان ئاماژەی ئەوەی تێدا بوو کە ترامپ ژمارەیەک گوشار لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە لەسەر ئێران دادەنێت. لە ھەمان کاتدا، نابێت ڕۆڵی ئیسڕائیلیش لەم بابەتەدا لەیاد بکرێت کە ھاندەری سەرەکیی ترامپە بۆ گرتنەبەری سیاسەتێکی توند بەرامبەر ئێران. چونکە ئیسرائیل لای وایە ئێران پاش گۆشەگیری و خراپیی دۆخی ئابووری، توانیویەتی سوود لەو ڕێککەوتنە وەربگرێت. بەرھەمھێنانی نەوتی بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل بەرز کردۆتەوە. جۆرێک لە کارئاسانیی بۆ ھەندێک لە کۆمپانیا ئەوروپییەکان کردووە، لەوانەیش گرێبەست لەگەڵ تۆتاڵی فەڕەنسی بە بڕی یەک ملیار دۆلار و، کۆمپانیای (CNPC) چینی بۆ گەشەپێدانی کێڵگەکانی گازی سروشتی. ھەموو ئەمانە، نیگەرانیی ئیسرائیلی لێ کەوتۆتەوە و خەریکی لۆبیکردنە بۆ گرتنەبەری سیاسەتێکی توند لە بەرامبەر ئێران لە لایەن ئیدارەی ترامپەوە .

کۆتایی: ئەم وتارە، تیشکی خستە سەر بەشێکی کەمی پەیوەندیی ئەوروپا و ئێران و خستنەڕووی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان و خاڵە جیاوازەکان. بە بارێکی دیکەدا، قسەکردن بوو لەسەر پێشھاتێکی نوێ لە پاش سەرکەوتنی ترامپ لە ھەڵبژاردنی ئەمریکا، کە دەکرێت بەکورتی بڵێین :

١- گفتوگۆی گشتگیری ئەوروپی و ئێرانییەکان لەبارەی دۆسیەی مافی مرۆڤەوە بەردەوامیی دەبێت؛ وێڕای دوو ڕای جیاواز، کە ھەندێک لایان وایە ئەوروپییەکان لەم بارەیەوە کات دەکوژن و ناتوانن ھیچ گۆڕانکارییەک، بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ بۆ باشکردنی دۆخی مافی مرۆڤ، دروست بکەن.

٢- گرژی و بەسەربازیکردنی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران، بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا دەخاتە بەردەم مەترسیی گەورەوه‌. ھاتنی ترامپ  و فشار لە سەر ئێران، بە دیوێکی دیکەدا، ڕەنگە فشاریش بێت بۆ سەر ئەوروپا .

٣- ئاییندەی پەیوەندییەکانی ئەوروپا و ئێران تەنیا دوولایەنە نییە؛ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەشێک دەبن لە فاکتەرەکانی کاریگەریدانان لەسەر ئەو پەیوەندییانە.

 

سەرچاوەکان:

1- والتر بوش، الاتحاد الأوروبي وإيران: بناء وفقدان الثقة،

 http://araa.sa/index.php?view=article&id=2998:2014-08-06-17-09-49&Itemid=172&option=com_content

2- اشرف محمد كشك، العلاقات الايرانية – الاوروبية،

http://www.albainah.net/Index.aspx?function=Item&id=1560&lang=

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples