ئێران و حزبوڵڵا

پێشەکی: ناوی حزبوڵڵای لوبنانی بە شێوەیەکی سەرەکی، بە شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە وابەستە کراوە. شەرعییەتی ناوخۆیی و ھەرێمایەتی و میللیی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ھێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ لوبنان، لە ساڵی ١٩٨٢، بەدەست ھێنا. بە شێوەیەکی تایبەتیش ئەم شەرعییەتوەرگرتنە لە ساڵی ١٩٨٥ و، پاش جیابوونەوەی لە بزووتنەوەی ئەمەلی شیعەمەزھەبی لوبنانی، زیاتر بەرجەستە بوو. بەڵام ھەندێک لە لێکۆڵەران ڕایان وایە کە بەرلە دەرکەوتنی کاری ڕێکخراوەییی حزبوڵڵا وەک ھێزێکی سیاسیی ڕێکخراو، پێشینەیەکی بیروباوەڕی و ھزری ھەبووە کە وابەستە بووە بە بوونی حزبی دەعوە لە عێراق، کە محەمەد باقر سەدر سەرۆکایەتیی دەکرد. ھەر لەو نێوەندەیشدا، ڕۆڵی قوتابخانە ئایینییەکانی نەجەف لە پێگەیاندنی چەندین کەسایەتیی ئایینیی گەورەی شیعەی لوبنان، زۆر دیار بووە.

لە پاش شێخ سوبحی توفەیلی، کە بە شێوەی ئاشکرا سەرۆکایەتیی حزبوڵڵای دەکرد، لە نێوان ساڵانی ١٩٨٩-١٩٩١ شێخ عەباس موسەوی ئەو ئەرکەی گرتە ئەستۆ و، لە ١٩٩٢دا لە لایەن ئیسڕائیلەوە کوژرا و، حەسەن نەسروڵڵا لە پاش ئەو تا ئێستا سەرۆکایەتیی حزبوڵڵای لوبنانی دەکات و، بە شێوەیەک نزیکە لە ئێرانەوە کە ھەندێک ڕایان وایە حزبوڵڵا ھاوپەیمانی ئێران نییە بەتەنیا، بەڵکوو بۆتە بەشێک لە پێکھاتەی ئۆرگانیی سیسته‌می سیاسیی ئێران و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی سیاسەتی ئێران لە بەشێکی زۆر گرنگی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست؛ لەگەڵ بوونی ڕایەکی دیکە کە ئاسانکارییە ھەمەلایەنەکانی نێوانیان تەنیا لە سنووری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا نییە، بەڵکوو پەلی کێشاوە بۆ ئەفریقا و ھەندێک شوێنی دیکەی گرنگ لە دەرەوەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. لە ناوخۆی لوبنانیشدا، حزبوڵڵا تەنیا وەک ڕێکخراوێکی سەربازی دەرناکەوێت، بەڵکوو بۆتە دامەزراوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و ئایینیی گرنگ، کە لە ھەموو بوارەکاندا ڕۆڵ دەگێڕێت.

لوبنان: لوبنان لە ڕووی ئایینی و ئایینزایی (مەزھەبی) و نەتەوەییشەوە، دەوڵەتێکی فرەپێکھاتەیە. چەند دەوڵەتێک، بە حوکمی پەیوەندیی مێژوویی و ئایینییەوە لە وێنای سەرپەرشتیار و داکۆکیکاری پێکھاتەکانی لوبنان لە ناوچەکەدا دەردەکەون و، ئێرانیش بە یەکێک لەو دەوڵەتانە ئەژمار دەکرێت.

پاڵنەرەکانی گرنگیپێدانی ئێران بە لوبنان:

یەکەم: پاڵنەرە ناوخۆیییەکان: دروستکردنی یەکڕیزی و یەکدەنگیی ناوخۆیی لە ئێران بۆ پشتگیریکردنی شیعەئایینزاکانی دەرەوەی ئێران، لە دیارترین ھۆکارە ناوخۆیییەکانی ئێرانە. بەڵام ھەندێک لە چاودێران ڕایان وایە لە پاڵ ئەم ھۆکارەدا، ھەوڵ بۆ زیاتر بەھێزکردنی پەیکەری حوکمڕانی لە ئێران دەدرێت، بەو شێوازەی کە لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی  (١٩٧٩)ه‌وە داڕێژراوە .

دووەم: پاڵنەرە ھەرێمایەتییەکان: ئەم پاڵنەرە، ڕاستەوخۆ وابەستەیە بە بەرفراوانکردنی ھێژموونیی ئێرانی لەسەر ئاستی ھەرێمایەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی ھەموو ئەو پرۆژانەی کە دەیانەوێت ڕۆڵی ئێرانی سنووردار و بەرتەسک بکەنەوە. لە پاڵ ئەم ڕەھەندە سیاسییەدا، بیرۆکەی تەشەیوع (شیعه‌گه‌ری) بە یەکێک لە گرنگترین دیدگه‌ ستراتیژییە ئایینی و سیاسییەکان ئەژمار دەکرێت، کە ئێران ھەوڵ دەدات لە ڕێگەی پێکھاتە شیعەکانی غەیرە فارسەوە، شیعەبوون فراوان بکات.

قۆناغبەندیی فراوانبوونی ھێژموونیی ئێران لە لوبنان: دەکرێت گەشەکردن و ھەڵکشانی ھێژموونی ئێران لە لوبنان، بە چوار قۆناغ بخەینە ڕوو :

قۆناغی یەکەم: پێش ڕێککەوتنی تائیف: جەنگی ناوخۆی لوبنان کە لە ١٩٧٥ دەستی پێ کرد، دۆخێکی پڕ لە نائارامیی خوڵقاند و، دەوڵەت وەک دامەزراوە و پارێزەری دۆخی تەناھی، بەتەواوی تووشی پەککەوتن ببوو. دۆخەکە بەو جۆرەبوو کە لە ئێران شۆڕشی ئیسلامی بەرپا بوو، پاشان ھێرشی ئیسڕائیل بۆ لوبنان لە ١٩٨٢ دەستی پێ کرد. ئێرانییەکان هەستیان بە نەگونجاندنی  دیدگای بزووتنەوەی ئەمەلی لوبنانی دەکرد لەگەڵ میتۆدی کاری سیاسیی ئێران، ئەمەش زەمینەیەکی سازکرد کە ئێران بتوانێت و ھەوڵی جددی بدات بۆ هاوکاریکردنی ھەندێک سەرکرده‌ی ناو بزووتنەوەی ئەمەلی لوبنانی کە ھاوسۆزیی تەواویان بۆ سیاسەتی ئێران ھەبوو. کۆماری ئیسلامی، پلانی جیابوونەوە و لێکترازانی لەناو بزووتنەوەی ئەمەل دانا و، توانیی تەشکیلاتی نوێی سیاسی و سەربازی بۆ ئەو سەرکردانە دەستەبەر بکات کە لەناو بزووتنەوەی ئەمەل بوون و، ھاوسۆزی تەواوەتی سیاسەتی ئێران بوون .

قۆناغی دووەم: پاش ڕێککەوتنی تائیف: پاش ڕێککەوتنی تائیف لە ١٩٨٩ و چەکداماڵینی تەواوی میلیشیا چەکدارەکانی لوبنان، جگە لە حزبوڵڵا کە وەک ھێزێکی بەرگریکار دژ بە ئیسڕائیل ناسێنرا، ئێران توانیی ئەو دەرفەتە لە دەست نەدات کە ئەو حزبە سیاسییە خۆی ھاوکاریی دانانی بناغەی بووە و، ھاوکاریی دارایی و سەربازیی بۆ دەستەبەر کردووە، ببێتە پردێک بۆ دەستگەیشتنی ئێران بە بەشێکی گرنگی ڕۆژھەڵاتی عەرەبی .

قۆناغی سێیەم: کشانەوەی سوپای سووریا لە لوبنان: پاش تیرۆرکردنی حەریری و تۆمەتبارکردنی سووریا بەو دۆسیه‌یه‌، ھێژموونیی ئێران لە لوبنان بە کشانەوەی سووریا، تووشی جۆرێک لە تەنگژە بوو؛ چونکە سووریا توانیبووی بەشێکی زۆری لینکی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و حزبوڵڵا فەراھەم بکات و، بۆ فراوانبوونی ھێژموونیی ئێران لە لوبنان ڕۆڵ بگێڕێت. لەو ڕوانگەیەیشەوە ئێران لە پاش کشانەوەی سووریا و ھەڵگیرسانی جەنگی حزبوڵڵا – ئیسڕائیلی ساڵی ٢٠٠٦، لەسەر ھێڵی گەرمی پەیوەندی بوو بە ھاریکاریی سیاسی و سەربازی و میدیایی و، پاش جەنگیش، ھاریکاریی ئێران بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوە و بونیاتنانەوەی ناوچە زیانمەندەکان، لە فراوانبوونی ھێژموونی ئێران لە لوبناندا ڕۆڵی گرنگی ھەبوو.

قۆناغی چوارەم: قۆناغی ئێستا: ئەم قۆناغە بە یەکێک لە زێڕینترین قۆناغەکانی فراوانبوونی ھێژموونیی ئێران لە لوبنان ئەژمار دەکرێت. دۆخی ناسەقامگیری ناوخۆی لوبنان و پەشێویی وڵاتانی عەرەبی و، بوونی دەیان گرفتی ئاسایشیی پاش "بەھاری عەرەبی"، ئێران توانیی حزبوڵڵای لوبنانی بە شێوەی ئاشکرا بۆ پشتگیریکردنی ئەسەد و مانەوەی لە حوکم و جەنگان لە پاڵ یەکدی دژی گرووپە چەکدارییە بەرھەڵستکارەکان، بەکار بھێنێت. ئەم دەستکراوەیییەی ئێران بۆ پشتگیریی حزبوڵڵا و فراوانبوونی ھێژموونیی لە لوبناندا، زیاتر سیماکانی لە پاش ڕێکكەوتنی ئەتۆمیی ئێران ( ٥+١) بەدیار کەوت. لە ئێستا بەتەواوی یەک سیاسەتی ھاوبەشی ئاراستەکراو لە نێوان ئێران و حزبوڵڵادا لەسەر ئاستی ھەرێمایەتی، پراکتیزە دەکرێت.

میکانیزمەکانی پشتگیریی ئێران لە حزبوڵڵا: تاران لە چەند ئاستێکدا و بە چەند میکانیزمێک پشتگیریی حزبوڵڵای لوبنانی دەکات، کە دەکرێت پۆلێن بکرێت بۆ:

١- میکانیزمی سیاسی: ئێران لە ڕووی سیاسییەوە ھەمیشە لە ھەوڵی ناساندنی حزبوڵڵای لوبنانیدایە وەک ھێزێکی بەرگریکار لە بەرامبەر ئیسڕائیل و ڕزگارکەری فەڵەستین لەژێر دەسەڵاتی ئیسڕائیل. لەو ڕوانگەیەیشەوە، ھەوڵی دا پاش ڕێککەوتننامەی تائیف، حزبوڵڵا تەنیا بزووتنەوەیەکی چەکداری نەبێت، بەڵکوو لە ژیانی سیاسی و پەرلەمانی و حکوومی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیی ناو لوبناندا ڕۆڵی ھەبێت و، ئەرکی دەوڵەتداری بگرێته‌ ئه‌ستۆ .

٢- میکانیزمی کەلتووری و ڕۆشنبیری: ئێران بۆنە ئایینی و نیشتیمانییەکان بە ھاوبەشی لەگەڵ حزبوڵڵادا ئەنجام دەدات. دامەزراوە ئێرانییە که‌لتوورییەکانی ناو لوبنان، بە نموونە کۆمەڵەی ناوەندەکانی ڕۆشنبیریی ئیمام خومەینی کە ١٥ لقی لە لوبناندا ھەیە، ڕۆڵی گرنگ لە پشتیوانیی که‌لتووری و ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بۆ حزبوڵڵای لوبنانی دەگێرێت. ھەروەھا، ئێران توانیویەتی دەیان دامەزراەی پەروەردە و فێركردن لە لوبنان دابمەزرێنێت وەک: زانکۆی ئازادی ئیسلامی و پەیمانگه‌کانی ڕەسوولی ئەکرەم و سەیدە زەھرا و قوتابخانەکانی ئێرانی بۆ کچان و بۆ کوڕان و دامەزراوەی ئیسلامی بۆ پەروەردە و فێركردن  و دامەزراوەی ڕاوێژکاری بۆ توێژینەوە و دۆکیۆمێنتکاری و سەنتەری ڕۆشنبیریی ئیمام خومەینی و کۆمەڵەی "قیم" و کۆمەڵەی "ڕمان".

٣- میکانیزمی میدیایی: ئێران بە شێوەیەکی چڕ، کار لەسەر ھاریکاریکردنی چەندین دامەزراوەی میدیایی دەکات کە وابەستەن بە پەخشکردنی سیاسەتی ئێرانی و حزبوڵڵای لوبنانی و بزووتنەوەی ئەمەلی لوبنانی؛ لەوانەیش کەناڵی "مەنار"ی حزبوڵڵا و کەناڵی "ئێن بی ئێن"ی بزووتنەوەی ئەمەل و، دەیان ڕۆژنامەی ناوخۆییی لوبنانی.

٤- میکانیزمی دراوی و سەربازی: ھاریکاریی ئێران بۆ حزبوڵڵا جێگیر و کۆنکرێتی نییە، بەتایبەت بە ھۆی سزا ئابوورییەکانی سەر ئێرانەوە، بەڵام زۆرێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە جار ھەبووە بڕی ھاریکاریی ئێران بۆ حزبوڵڵا، گەیشتۆتە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ ماوەی ساڵێک. لە ڕووی سەربازیشەوە، چ لە بواری ڕاھێنان و، چ لە بواری ڕاوێژکاریی سەربازی و، چ لە پێدانی چەک بە حزبوڵڵا، ئێران ڕۆڵی گرنگی گێڕاوە و بۆتە پاڵپشتی جددیی ئەو بزووتنەوەیە.

لێکەوتەکانی فراوانبوونی ھێژموونیی ئێران لەسەر ناوخۆی لوبنان: فراوانبوونی ھێژموونیی ئێران لە لوبنان، بەتایبەت لە ڕێگه‌ی حزبوڵڵاوە، چەندین لێکەوتە و کاریگەریی نێگەتیڤی بەجێ ھێشتووە، کە دەکرێت بەپوختی بڵێین :

یەکەم: نائارامیی سیاسی: فراوانبوونی ھێژموونیی ئێران، بۆتە ھۆی تێکچوونی زیاتری دۆخی سیاسیی ناوخۆی لوبنان و، زیاتر لێکدوورکەوتنەوەی ھێزە سیاسییەکانی لوبنان لێکدی و، دابەشبوون بەسەر دوو بەرەی سیاسیی دژبەیەک، تا کار بەوە گەیشت لوبنانییەکان نەیانتوانی بۆ ماوەی دوو ساڵ سەرۆکێک بۆ وڵاتەکەیان دیاری بکەن. دۆخی سیاسیی لوبنان بە جۆرێک بە دابەشکاریی ھەرێمایەتی و جەمسەربەندیی تائیفی بارگاوی بووە، کە وای لە لوبنان کردووە ببێتە گۆڕەپانی ململانێیەکی توندی سیاسی، کە ڕەنگدانەوەی نێگەتیڤی لەسەر کایەی کۆمەڵایەتیی ئەو وڵاتە ھەیە .

دووەم: نائارامیی دۆخی تەناھی (ئاسایش): ململانێکانی ھەرێمایەتی و، بوونی ئێرانیش وەک لایەنێکی ھەرێمایەتی لە پاڵ سعوودیا بۆ فراوانبوونی ھێژموونیی خۆیان، ڕەنگدانەوەی لەسەر ئاستی تەناھی و ئاسایش ھەبووە. لە بەشێکی دەوڵەتدا دامەزراوە ئاسایشییەکان حوکمڕان نیین و دۆخی تەناھی لەژێر ڕکێفی میلیشیا چەکدارەکانە. جیا لەوەیش، پرۆسەی تیرۆری ڕێکخراو بۆ کەسایەتییە سیاسی و ھەواڵگری و ئاسایشییەکان بەچڕی لەم وڵاتەدا ڕوو دەدەن؛ تیرۆرەکانی ڕەفیق حەریری و لیوا ویسام حەسەن، لە دیارترینیانن.

سێیەم: بە ھۆی ھێژموونیی ئێران لە لوبنان: لوبنان نەیتوانی لەناو کۆمکاری عەرەبیدا لە دژی ئەو ھێرشانەی کە لە تاران کرانە سەر باڵوێزخانەی سعوودیا، تا گەیشت بە سووتاندنی، دەنگ بدات. بە ھەمان شێوەیش لە کۆبوونەوەی ١١ی ئاداری ٢٠١٦ی وەزیرانی دەرەوەی عەرەب، بڕیار درا بە پۆلێنکردنی حزبوڵڵای لوبنانی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، بەڵام لوبنان بە ھۆی فشارەکانی تارانەوە، نەیتوانی پشتگیری بڕیارەکە بێت.

چوارەم: تێکچوونی پەیوەندییەکانی کەنداو – لوبنان: ھێژموونیی ئێرانی لە لوبنان و فراوانبوون و ھەڵکشانی لەم چەند ساڵەدا، نیگەرانیی قووڵی کەنداوییەکانی لێ کەوتۆتەوە، بەتایبەت سعوودیا. شێوازی دەنگدانی لوبنان لەناو کۆمکاری عەرەبی و ڕەچاوکردنی ھێژموونیی ئێران بەسەر ئەو دەوڵەتەوە، نیگەرانیی قووڵی لێ کەوتۆتەوە و، لەو ڕوانگەیەیشەوە کاریگەریی خراپی لەسەر پەیوەندییەکانی کەنداو لەگەڵ لوبناندا دروست کردووە. دواترین بڕیاریش لەو بارەیەوە، بڕیاری سعوودیا بوو بە ڕاگرتنی ھاریکاری بۆ سوپای لوبنان. پاشان قەتەر و بەحرێن و کوێت و ئیمارات، ھاوسۆز بۆ سعوودیا، داوایان لە ھاووڵاتیانیان کرد گەشت بۆ لوبنان نه‌كەن و بایکۆتی بکەن.

کۆتایی: حزبوڵڵای لوبنانی، بۆتە دەروازەیەکی گرنگی ھێژموونیی ئێرانی، نەک تەنیا لە لوبنان، بەڵکوو لە ئاست و ڕەھەندی ھەرێمایەتیدا کاریگەرییەکانی بەدیار کەوتوون. ئێران، وێڕای گرنگیی شوێنی جوگرافیی لوبنان و نزیکیی لە ئیسڕائیل و کەوتنەسەر دەریای سپیی ناوەڕاست، لوبنان بە بەشێکی گرنگ و ئه‌کتیڤی جیۆپۆلیتیکی شیعە دەزانێت. لوبنان بە ھۆی دەستێوەردانی ئێران لە کارەکانیدا و پشتگیریکردنی حزبوڵڵا، بۆتە وێستگەیەکی دژواری ململانێ و، بۆتە سەرزەمینی جەمسەربەندی و جەنگێکی ساردی تائیفی. سیماکانی پێکەوەبوون، ھەمیشە ناڕوون و ھەڕەشەلێکراون و ھەموو ساتێک بۆ تەقینەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی، ئامادەیە. پەیوەندییەکانی لوبنان لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو، بە ئاراستەیەک دەچێت کە ناسەقامگیر بێت. ڕەنگە لاوازبوونی ھاریکاریی کەنداو بۆ لوبنان بە ھۆی فراوانبوونی ھێژموونیی ئێران، سیماکانی قۆناغی ئاییندەی پەیوەندییەکانی نێوان جیھانی عەرەبی بەگشتی و، کەنداوی عەرەب بەتایبەت لەگەڵ لوبنان بێت .

سەرچاوەکان:

1- حزب الله، كتاب شهري يصدر عن مركز المسبار للدراسات والبحوث، الكتاب الخامس عشر.

2- محمد عبدالعاطي، حزب الله .. النشأة والتطور،

 http://www.aljazeera.net/specialfiles/pages/25305D60-53CC-4CC4-AAE0-64EB71384AE3

3- ابراهيم منشاوي، الابعاد والتداعيات: النفوذ الايراني في لبنان،

 http://www.acrseg.org/40010

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples