ڕۆڵی یەکێتیی ئەوروپا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا

دەستپێک: ئەم وتارە تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵ، گرنگی و پێگەی یەکێتیی ئەوروپا لە ناوچەیەکی گرنگی جیھان، ئەویش ڕۆژھەڵاتی ناڤینە. ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست وەک ناوچەیەکی جیۆپۆلیتیکی و جیۆئیکۆنۆمیی گرنگ، وەک ناوچەی تەنگژە بەردەوامەکان لە ڕووی سیاسی، ئابووری، پەروەردەیی، فێربوون، بازرگانی  و...  گرنگیی زۆری بۆ دەوڵەتانی ئەوروپی بەگشتی و ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپا بەتایبەت. ئەم  دامەزراوە گرنگە (یەکێتیی ئەوروپا) کە لە بنەڕەتدا سیما ئابوورییەکان بە کارەکەیەوە دیار بوو، پاشان سیما و خەسڵەتی سیاسیش، بووە کاری ئەم دامەزراوە ئەوروپییە گرنگە، ھەمیشە  لە ھەوڵی ئەوەدا بووە لە پەیوەندیی بەردەوامدا بێت لەگەڵ ئەم ناوچە گرنگەی جیھان. دەرفەت و مەترسییەکان، ئاسانکاری و ڕێگرییەکان، لە خەسڵەتەکانی پەیوەندیی یەکێتیی ئەوروپا بوون بە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە . ئەم وتارە ھەوڵ دەدات لە دیدگه‌یەکی زانستییەوە وەڵامدەرەوەی ئەم پرسیارە گرنگانە بێت :

-  ئایا یەکێتیی ئەوروپا ستراتیژییەکی دیاریکراوی سەبارەت بە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەیە؟

-  بەرژەوەندییەکانی ئەو یەکێتییە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا چین؟

-  نەیارەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەو دەڤەرەدا کامانەن؟

-  دۆستەکانی، کام دەوڵەت و گرووپن؟

- چەندە پێوەرەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ لە سیاسەتەکانی یەکێتیی ئەوروپا، لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دەنگ و ڕەنگی ھەیە؟

-  ئایا ململانێ لە نێوان ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بوونی ھەیە؟ ئەگەر ھەیە، کامانەن؟

 پرسیاری یەکەم: ئایا یەکێتیی ئەوروپا ستراتیژییەکی دیاریکراوی سەبارەت بە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەیە؟

ھەندێک لە توێژەران ڕایان وایە یەکێتیی ئەوروپا بە ئاراستەی کاری بازرگانی و ئابووری، کار لەسەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکات. لە بواری سیاسیدا، ئەو توێژەرانە ڕایان وایە یەکێتیی ئەوروپا لە کورسییەکانی پشتەوەی گەمە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە. ئەوەندەی دەربەست بە ستراتیژییه‌کی بازرگانی و ئابوورییە، ئەوەندە دەربەست بە ڕۆڵگێرانی سیاسی نییە. ئەم یەکێتییە، ئەوەندەی گرنگی بە ڕەواجدان بە فەلسەفەی لیبراڵی لە بواری بازرگانی و ئابووری دەدات، ئەوەندە بۆ کاروباری سیاسی ورد نابێتەوە. لەم بوارەدا نووسەر "ھینر فۆرتگ" لە پەیمانگه‌ی ئەڵمانی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ جیھانی و ھەرێمایەتیییه‌كان (GIGA)، ڕای وایە: پەیوەندیی سەرەکیی ئەوروپا بە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە، بریتییە لە ستراتیژیی کار لە بواری وزە و ئاسایشدا. لەم بوارەیشدا "بیرتس"، سەرۆکی پەیمانگه‌ی ئەڵمانی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و ئەمنی لە بەرلین، ڕای وایە ھۆکاری گرنگیدانی زیاتری یەکێتیی ئەوروپا بە بازرگانی و بابەتی وزە، زیاتر لە کاروبارە سیاسییە پەتییەکان، دەگەڕێتەوە بۆ بڕوای دەوڵەتانی یەکێتیی ئەوروپا بەوەی کە ئەزموونی مێژووییی یەکێتیی ئەوروپا وای کردووە لەم ناوچەیەدا پشتگیریی گۆرانکاریی ناوخۆیی بکات وەک لەو گۆرانکارییانەی لە دەرەوەی ئیرادەی گەلانی ناوچەکە ئاراستە دەکرێن.

ھەر لەم چوارچێوەیەیشدا ڕایەک ھەیە کە سیسته‌می کاری یەکێتیی ئەوروپا بەوەی کە لە بابەتە سیاسییەکاندا ڕێز لە سەروەرییەکانی دەوڵەتانی ئەندام دەگرێت، یەکێکی دیکەیە له‌و هۆكارانه‌ی نەتوانرێت ستراتیژییه‌کی سیاسیی ڕوون بۆ دامەزراوەی یەکێتیی ئەوروپا بەرامبەر بە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بخوێنرێتەوە. ڕایەکی دیکەیش ھەیە کە ئاماژە بەوە دەدات کە پاشخان و میراتی مێژووییی دەوڵەتە ئەوروپییەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بووه‌تە ھۆی ئەوەی کە نەتوانرێت کۆدەنگیی تەواوی ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپا لە دانانی ستراتیژییه‌کی سیاسیی یەکگرتوو بەرامبەر بە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بوونی ھەبێت. بیرمەند "مانور" ڕای وایە کە لە پرۆسەی ئاشتیی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا یەکێتیی ئەوروپا گرنگیی بە بواری وزە و بازرگانیی گشتی دەدات، وەک لە بوارە سیاسییەکە؛ ڕەھەندی سیاسیی ئەو پرۆسەیەی زیاتر بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جێ ھێشتووە. لە ھەمان کاتدا "مانور" ڕای وایە یەکێتیی ئەوروپا ناتوانێت تا کۆتایی، جیاکاری لە نێوان بابەتە سیاسییەکان لەگەڵ بابەتە ئابووری و بازرگانییەکاندا بکات. لێرەدا، دەکرێت بڵێین پەیوەندییەکی گرنگی ئابووری و بازرگانی و پێویستییەکی دوولایەنە لە نێوان یەکێتیی ئەوروپا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەیە.

کۆی ئەم پەیوەندییە، بۆتە جێگه‌ی بایەخی ھەردوو لا و، توانراوە ئەوروپییەکان خۆیان کۆ بکەنەوە بۆ دیاریکردنی ھێڵە گشتییەکانی ستراتیژییه‌کی ئابووری و بازرگانیی ڕوون لە چوارچێوەی یەکێتیی ئەوروپادا. بەڵام لە بواری سیاسیدا، سروشتی دامەزراوەی یەکێتیی ئەوروپا و چۆنیەتیی وەرگرتنی بڕیاری سیاسی و جەختکردنەوە لەسەر سەروەریی دەوڵەتانی ئەندام و ھێژموونیی سیاسیی ئەمریکا لەم ناوچەیە و، زۆر جار ھاریکاریی ئەمریکا بۆ ئەوروپییەکان لە بابەتە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و، زۆر جاریش گوشاری دوولایەنەی ئەمریکا لەسەر یەکێتیی ئەوروپا، کە جارێک بە ئاراستەی پەراوێزخستنی یەکێتیی ئەوروپایە و جارێکیش بە ئاراستەی گوشارخستنەسەریان بۆ قبووڵکردنی ستراتیژیی ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست؛ ھەموو ئەوانە وای کردووە ستراتیژییه‌کی تا ڕاددەیەک ناڕوونی سیاسی لە ھەمبەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەبێت .

پرسیاری دووەم: بەرژەوەندییەکانی ئەو یەکێتییە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا چین؟

کۆمەڵێک بەرژەوەندیی گرنگی یەکێتیی ئەوروپا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بوونیان ھەیە، کە دەکرێت پۆلێن بکرێن بۆ:

١بەرژەوەندیی جیۆستراتیژی: ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ناوچەی پردی نێوان ئاسیا و ئەفریقایە. ناوچەیەکی گرنگی جیۆستراتیژییە و چەندین ڕێرەوی ئاویی گرنگی تێدایە کە بە دەماری سەرەکیی بازرگانی و گواستنەوە دەژمێردرێت.

٢ناسنامە: دانیشتووانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەڵگری چەندین ناسنامەی ئایینی و ئایینزاییی جۆراوجۆرن کە مۆزاییکێکی لە ناسنامە بە ناوچەکە بەخشیوە. یەکێتیی ئەوروپا گرنگیی زۆر بە پێکەوەژیانی ئایینی و ئایینزاییی ئەم ناوچەیە دەدات.

٣بەرژەوەندیی وزە: ئەوروپییەکان تێگەیشتنێکی قووڵیان ھەیە بۆ گرنگیی وزە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، چ په‌ترۆڵ وەک کاڵایەکی بازرگانی و پێویستییەکی ئەوروپییەکان چ لە بواری گازی سروشتیشدا، ئەم ناوچەیە ناوچەیەکی دەوڵەمەندی گازی سروشتییە. ئەوروپا بە ھۆی پێویستیی بە گازی سروشتی و ھێژموونیی ڕووسیا لەسەر یەکێتیی ئەوروپا، لەو بارەیەوە ھەمیشە لەگەڕاندایە بە دوای سەرچاوەی دیکەی گازی سروشتی و گەیشتنی بە ئەوروپا. لەو بوارەدا ئەوروپییەکان پێویستییان بە بەشێک لە دەوڵەتانی خاوەن گازی سروشتی ھەیە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. لەو نێوەندەیشدا، باشووری کوردستان وەک ئه‌کتەرێکی نادەوڵەتی، بۆتە جێگه‌ی بایەخی یەکێتیی ئەوروپا،  بە ھۆی بوونی برێکی زۆری گازی سروشتی لە کوردستان، کە لە حاڵەتی گەیشتنی بە ئەوروپا، بارسووکییەکیان بۆ دروست دەکات. لەو ڕوانگه‌یەوە دابینکردن و گەیشتنی وزە بە ئەوروپای تینوو بە گازی سروشتی، بە ئەولەویترین بەرژەوەندی دێتە پۆلێنکردن .

پرسیاری سێیەم: نەیارەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەو دەڤەرەدا کامانەن؟

نەیارەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، نەیاری سەرسەخت نین، چونکە سروشتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە پاڵ ململانێدا، ھاریکاریش بەسەر دەوڵەتانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەسەپێنێت. لەو ڕوانگەیەوە، دەکرێت بڵێین کە :

١ گرووپی برێکس: (بەرازیل– ڕووسیا- ھندستان- چین– ئەفریقای باشوور)، گرووپێکی ئابووری و بازرگانیی ھەڵکشاون لە بواری پەیوەندییە بازرگانی و ئابووری و دارایییە نێودەوڵەتییەکاندا. بەشێکی گرنگی بازرگانیی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیان بەدەستەوەیە و، کاریگەرییان لەسەر پێگەی بازرگانی و، تا ڕاددەیەک سیاسیی یەکێتیی ئەوروپا دروست کردووە .

٢ئەمریکا: ڕۆڵگێرانی چڕی سیاسیی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جۆرێک لە پەراوێزگیری بۆ ھاوپەیمانەکانی لە یەکێتیی ئەوروپادا دروست کردووە. جیا لەوەیش، ئەمریکا بە ھۆی جەنگەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییە سیاسییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە، توانیویەتی کارتی گوشار بۆ سەر دەوڵەتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا دروست بکات.

٣ھێزە ھەرێمایەتییەکانی ناوچەکە: بەتایبەت ئێران و تورکیا، ڕۆڵیان لە ئاستەنگدروستکردن لە بەردەم سیاسەتەکانی یەکێتیی ئەوروپا ھەیە. جۆری ململانێکانیان و ھەوڵیان بۆ بەدەستھێنانی سەرچاوەکانی وزە و خۆناساندنیان وەک ھێزی ھێژموونگەرای وزە لە ناوچەکەدا، کۆمەڵێک ئاستەنگیان بۆ یەکێتیی ئەوروپا دروست کردووە.

پرسیاری چوارەم: دۆستەکانی، کام دەوڵەت و گرووپن؟

بە شێوەیەکی گشتی، دیاریکردن و دەستنیشانکردنی دۆست و ھاوپەیمانەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بابەتێکی ئەستەمە. ئەم ئەستەمبوونە دوو ھۆکاری ھەیە: ھۆکاری یەکەم پەیوەندیی بە ھاوکێشەکانی ھێزەوە ھەیە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، کە ململانێی ناوەڕاست تا نزیک کۆتاییی چاخی ڕابردوو، ململانێی نێوان ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو بووە لەم ناوچەیەدا. دەوڵەتانی ڕۆژاوای ئەوروپایش لەو بازنەیەدا سووڕاونەتەوە کە ئەمریکا ڕێساکانی گەمە و ململانێی تێدا بەڕێوە بردووە. لەو ڕوانگەیەیشەوە ھێژموونیی ئەمریکی لەسەر ناوچەکە زاڵتر دەرکەوتووە لە بوونی ئەوروپی، بەڵام وەک دەوڵەتانی ئەوروپی بە شێوەی تاک تاک ڕۆڵی گرنگیان لەم ناوچەیەدا ھەبووە. ھۆکاری دووەم، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆرانکارییانەی کە لەناو سیسته‌می نوێی جیھانی سەری ھەڵدا، کە تیایدا ئەمریکا وەک ھێزی تاکجەمسەر دەرکەوت و، ئەوروپییەکانیش خەریکی خۆکۆکردنەوە بوون بۆ زیاتر بەدامەزراوەییبوونی خۆیان و تێپەڕاندنی ناکۆکییە ناوخۆیییەکانیان و داڕشتنی گوتار و سیاسەتێکی ھاوبەش. لەو بارەیشدا یەکێتیی ئەوروپا ھەوڵی دروستکردن و بونیاتنانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە لە ڕەھەندی ئابوورییەوە دەست پێ کرد.

لەو نێوەندەیشدا گرفتی وزەی ئەوروپی، ھاندەر بوو بۆ ھەنگاونانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کرانەوەی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ ئەم ناوچەیەدا. لە بارێکی دیکەیشدا، دەبینین ئەوروپییەکان ھەمیشە لە ھەوڵی دابینکردنی ڕێرەوەکانی وزە بوون، کە سەرچاوەکانی لەم ناوچەیەدا، لە زیاتر لە دەوڵەتێکدا بوون؛ ئەمەیش ھاندەر بووە کە سیاسەتێکی نەرمتر و تا ڕاددەیەک ھاوسەنگتر لە زلھێزەکانی دیکە پەیڕەو بکه‌ن. لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو خاڵی جیاوازیان ھەیە و خاڵی ھاوبەشی ئابووریشیان ھەیە. لەگەڵ ئێران لە دۆسیەی ئەتۆمی ناكۆک بوو، بەڵام لە بازرگانیی گازی سروشتیدا خاڵی کۆکەرەوەیان ھەبوو. لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژھەڵاتی عەرەبی، مێژوویەکی پێکەوەگرێدراوی قۆناغی کۆلۆنیالیزمیان ھەیە کە ناتوانن بەسانایی دەستبەرداری ئەو کاریگەرییانەی ڕابردوو بن.

پرسیاری پێنجەم: چەندە پێوەرەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ لە سیاسەتەکانی یەکێتیی ئەوروپا، لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دەنگ و ڕەنگی ھەیە؟

بابەتی مافی مرۆڤ بۆ یەکێتیی ئەوروپا، لە بابەتە گرنگەکان دەژمێردرێت. ھەر بۆیە دەوڵەتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست زۆر کات دەڵێن کە گفتوگۆکانی ئەوروپا، بەوە لە ئەمریکا جیا دەکرێتەوە کە گشتگیرترە و، زۆر بابەت لەخۆ دەگرێت. یەکێتیی ئەوروپا و دامەزراوەکانی، گرنگیی زۆر بە مافەکانی مرۆڤ لە دەوڵەتە ڕۆژھەڵاتییەکاندا دەدەن. لە پاش ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، لە نوێترین ڕاپۆرتە ئەوروپییەکاندا ئێران وەک دەوڵەتێکی پێشێلکاری بەردەوامی مافی مرۆڤ ئەژمار دەکرێت؛ بۆیە بەشێک لە بەرپرسانی ئێرانی، گەشتکردنیان بۆ ئەوروپا و دەوڵەتەکانی ئەو یەکێتییە لێ قەدەغە کراوە. سەبارەت بە سووریا، یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠١٦دا ڕێگریی لە ١٠ کەسایەتیی سووری کردووە، کە بە ھۆی ئاکاری خراپیان لە دژی مرۆڤەکان، بە ھیچ جۆرێک ڕێگه‌ی گەشتی ئەوروپایان پێ نادرێت. یەکێتیی ئەوروپا بەبەردەوامی کێشەی مافی مرۆڤی لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبیدا ھەیە. زۆر کات ئەوروپییەکان دەنگیان دژی ھەندێک پێشێلکاری کە ئیسرائیلیش ئەنجامی دەدات، دلێر دەبێت. بە شێوەیەکی گشتی، ئەوانە نموونەیەکن لە بایەخی بابەتی مافی مرۆڤ لە لای یەکێتیی ئەوروپا. ساڵانە یەکێتیی ئەوروپا بە دەیان ملیۆن یۆرۆ بۆ ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی و لۆکاڵییانەی کە چاودێریی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دەکەن، تەرخان دەکات .

پرسیاری شەشەم:  ئایا ململانێ لە نێوان ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بوونی ھەیە؟ ئەگەر ھەیە، کامانەن؟

پاش جەنگی سارد و تاکڕەویی ئەمریکا لەناو سیستەمی نوێی جیھاندا، بابەتەکانی ھاورایی و ڕاجوداییی نێوان ئەوروپا و ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، زیاتر دیارکەوتن. ململانێ و گفتوگۆیەکی قووڵ ھەیە لەوەی ئایا سروشتی پەیوەندیی ئەمریکا و ئەوروپا ھاوپەیمانێتییە، یان پاشکەوتەییبوون (تابعیة). ئەوروپییەکان پاش پێکھێنانی یەکێتیی ئەوروپا، زیاتر بە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دەگەڕێن. جیاوازییەکان لە دیدگه‌ و ئاراستەکردنی سیاسەتی دەرەوە بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان ھەردوو لادا، لە ھەندێک حاڵەت بەڕوونی دەردەکەون: "تەمارا کۆفمان" لە "پەیمانگه‌ی بروکینگز" و "ریچارد یانجز"، بەڕێوەبەری پرۆژەی "دیموکراسی و گەشەپێدان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست"، ڕایان وایە کە جیاوازیی سەرەکیی نێوان ئەوروپا و ئەمریکا لە بابەتی بەدیموکراسیکردنی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا سەر ھەڵدەدات. ئەوروپییەکان ڕایان وایە کە ئەوان ورد و درشتی ناوچەکە لە ئەمریکییەکان شارەزاترن، بە ھۆی ئەو پەیوەندییە مێژوویییەی کە لەگەڵ ناوچەکەدا ھەیانە؛ بۆیە ئەوروپییەکان، ھێواشتر و ئارامتر مامەڵە لەگەڵ ئەو پرۆسەیەدا دەکەن.

لە بابەتی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێراندا، جیاوازی لە شێوازی مامەڵە لە نێوان ئەمریکا و ئەوروپییەکاندا ھەبوو، وێڕای ئەوەی یەک ئامانجیان هەبوو، بەڵام ھەندێک توێژەر ڕایان وایە ئەقڵانییەتی ئەوروپی هۆکارێک بوو دەرگه‌ی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا کردەوە. لە دۆسیەی سووریادا جیاوازیی جەوھەری ھەبوو کە ئەمریکییەکان ھەوڵی گۆشەگیرکردنی سووریایان دەدا، بەڵام ئەوروپییەکان پشتگیرییان لە دایالۆگ دەکرد. ئەو جیاوازییانە لە کەیسی ھێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا لە نێوان ئەوروپییەکان و ئەمریکایشدا ھەبوو؛ وێڕای ئەوەی کە ناوماڵی ئەوروپا لەو کاتەدا، دابەش بوونه‌ سه‌ر دوو بەرە لە بۆچوونیان، ئه‌ویش پشتگیرکردن و نەکردنی ئەمریکا بوو.

کۆبەند: ئەم وتارە بە شێوەیەکی گشتی، تیشکی خستە سەر پەیوەندیی ئەوروپا بە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە لە چەند ڕەھەندێکی دیاریکراوەوە. ستراتیژیی یەکێتیی ئەوروپای لە باری سیاسیدا بە جۆرێک لە ناڕوونی وەسف کرد و لە ئاستێکی دیکەدا ڕێگری و ئاستەنگەکانی بەردەم یەکێتیی ئەوروپای لەم ناوچە گرنگ و پڕ لە ململانێیەی جیھاندا، خستە ڕوو. ھەوڵی دا وێنایەکی زانستییانەی دروست بۆ دۆستە ناھەمیشەیییەکانی ئەوروپا بکێشێت و، بە دوو باردا ھەڵوەستە لەسەر بابەتە ھاوڕایییەکان و کێشەلەسەرەکان لەگەڵ دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە بکات .

سەرچاوەکان:

1- كلارا مارينا اونيل: الاتحاد الاوروبي والشرق الاوسط ..ماذا يحمل المستقبل، مجلة السياسة الدولية: الانترنيت:

http://www.siyassa.org.eg

2- سياسة الاتحاد الاوروبي الخارجية في منطقة الشرق الأوسط: قسم الابحاث: http://www.bayancenter.org/2015/10/781/

3- فدريغا بندي و إرينا أنجيليسكو، السياسة الخارجية لاتحاد الاوروبي، مؤسسة بروكنغز، عرض و مناقشة: محمد الخولي، 2015

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples