داعش لە ڕوانگەی جیۆئەمنیی ئاسیای ناوەڕاست و قەوقازەوە

داعش، ئەو ڕێکخراوە ڕادیکالە فەندەمێنتالیستە تۆقێنەر، ترسێنەر و سنووربەزێنه‌یە، کە تەواوی سیاسەتی نێودەوڵەتیی لە سێ ساڵی ڕابردوودا بە خۆیەوە سەرقاڵ کردبوو و، وەک ئەکتەرێکی نافەرمی (Non State Actor)، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هاوکێشەکانی هێز و داڕشتنەوەی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لە سووریا و عێراق، هەبوو.

یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی بەهێزکردنی داعش لە ڕووی چۆنیەتیی و چەندایەتییەوە، بریتی بوو لە فاکتەری "سەرووی نەتەوەیی و جوگرافیایی". بەو مانایەی کە، داعش ڕێکخراوێک نەبوو لە ڕووی ڕێکخستن و دیسپلینی ڕێکخراوەیییه‌وه‌ لە نەتەوەیەک و جوگرافیایەکی دیاریکراودا قەتیس بمێنی، بەڵکوو تاکە ڕێکخراوە کە تەواوی تایبەتمەندییەکانی پێناسەکردنی "ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و جیهانی"، لە ڕووی جوگرافی و ڕەگەزییەوە لەخۆ دەگرێت، بۆ نموونە داعش لە زۆربەی کیشوەرەکان لق و پۆپی هەیە و لە زۆرینەی نەتەوه و ڕەگەزەکان پێک هاتووە. ئەوەیش لەبەر ئەوە بووە کە کاریگەرییەکانی داعش ناوچەبەزێن و هەرێمبەزین بووە. یەکێک لە گرنکترین ئەو ناوچانە، ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست و قەوقازە.

سنووری ئاسیای ناوەڕاست لە بەشی ڕۆژهەڵاتی دەریای قەزوینەوە دەست پێ دەکات تا باکووری ڕۆژاوای چین، هەروەها سنووری ناوچەی قەوقازیش کە لەگەڵ ئاسیای ناوەڕاست هاوتخوبە، لە بەشی سنووری باکووری ئێرانەوە دەست پێ دەکات تا بەشی سنووری باشووری ڕووسیا. ئەو ناوچانە لە ساڵی 1917وە دوای شۆڕشی ئوکتۆبەری بەلشەفی، خرانە سەر خاکی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران. 

گەلانی ئەو ناوچانە زۆربەیان لە ئایینی ئیسلامن. لە دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران و سەربەخۆبوونی وڵاتانی ئەو ناوچانە، بزووتنەوە ئیسلامیيەكان لەو وڵاتانەدا گەشە دەکەن و، دەبن بە بەشێک لە سیستەمی جڤاکی و سیاسی. بەڵام پرسگەلێک کە دێنە پیشەوە ئەوەن، کە ئایە تاچەند ئەو ناوچانە لە ڕووی سیستەمی ئاسایشەوە، لە بەرامبەر سەرهەڵدانی هێزێکی توندڕەوی ئسوڵگەرای وەک داعش و ڕێکخراوی قاعیدە، پارێزراون؟ ئایا هێزە ئیسلامییەکان لە وڵاتانی ئەو ناوچانە، لە ڕووی چۆنیەتی و چەندایەتییه‌وه‌، چ ڕۆڵێكیان لە بەهێزبوونی داعش و "بەرەی نوسرە" لە سووریا و عێراق، هەبووە؟

بەپێی پێناسەی پسپۆری بواری ئاسایش لە کایەی پەیوەندییە نێودەوڵه‌تییەکان، "باری بوزان"، بۆ پێناسەکردنی سیستەمی ئاسایش "Securitization" لە هەرێمەکان و ناوچەی جوگرافیی بەیەکەوەگرێدراو، کە پێی وایە بریتییە "لەو سیستەمەی کە مەترسییەکان و هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی وڵاتانی ناوچەیەک بەیەکەوەلکێنراوە، بە شێوەیەک هیچ وڵاتێک ناتوانیت پێی وابێت کە هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی خۆی، جیاوازە لە هی وڵاتانی دیکە".  یاخود پێی وایە، بریتییە لە "کۆمەڵێک یەکەی نێودەوڵەتی، کە خاوەنی یەک پڕۆسەی بەئاسایشکردنی ناوچەکەن، بە شێوەیه‌ک کە ناتوانرێت خوێندنەوە و شرۆڤەی جیاواز و بەتەنیا لە نێوان ئەو یەکانە بۆ کێشە ئاسایشییەکان، بکرێت". ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە ئاسایشی ئەو ناوچانە بەیەکەوەگرێدراوه‌ و، هەڕەشە و کێشە ئاسایشییەکان لەو ناوچانە، پەیوەستن بە کۆی گشتیی ئاسایشی ئەو وڵاتانەوه‌؛ بەو مانایەی، بوونی هەر مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی یەکێک لەو وڵاتانە، بە مانای بوونی مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی تەواوی ناوچەکە.

لەو چوارچێوەیه‌دا، دەتوانین ئاماژە بە 3 فاکتەر بکەین کە لە ڕووی جیۆئەمنییەوە ببوونە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئەو ناوچانە:

1.     دەستێوەردانی ڕووسیا لە کاروباری چیچان، سەرکوتکردنی گرووپە ئیسلامییەکان و تەسکردنەوەی بازنەی دینداری، وای کرد کە ئاراستەی توندڕەوی لەو ناوچەیە بەرەو زیادبوون بڕوات.

2.     کشانەوەی سوپای ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ئەفغانستان، بووە مایەی ئەوەی کە دەرفەت بە هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکانی ئەفغانستان و پاکستان بدرێت، پەیوەندی بکەن بە هێزە ئیسلامییەکانی وڵاتانی ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست و قەوقاز. ئەوەیش، مەترسیەکی دەستپێک بوو بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی ئەو ناوچانە، لە ڕووی زێتربوون و فراوانبوونی چالاکییەکانی گرووپە توندڕەوەکان.

3.     سەرهەڵدانی داعش لە عێراق و سووریا، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر تۆڕی جیهادیزمی جیهانی و پەیوەندیی نێوان هێزە جیهادییەکان و، هەروەها لەسەر دابەشبوونی ئەو هێزانە بەسەر داعش و جەبهەی نوسڕە، دروست کرد. ئەمەیش وای کرد کە هێزە جیهادیستەکانی ئەو ناوچانەیش، دابەش ببن بەسەر ئەو دوو ڕێکخراوە و، کەوتنە دژایەتیکردنی یەکتر؛ دواجار ئاسایشی ناوخۆی ئەو وڵاتانە کەوتە مەترسییەوە.

هەرچی پەیوەست بێت بە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە لە دەسپێکی ووتارەکەمدا خستبوومە ڕوو، کە ئایە ڕۆڵی هێزە ئیسلامییەکانی ئەو ناوچانە لەسەر داعش، چی بووە؟ ئەوا بێ گومان دەتوانین بڵێین کە ئەو هێزانە کاریگەرییەکی جۆرییان لەسەر بەهێزبوون و فراوانبوونی ڕێکخراوی داعش هەبووە، بەتایبەتی لە ڕووی خستنەڕووی ئەزموونی ڕێکخراوەییی ئیسلامی، تەکنیکى شەڕ، زانستی سەربازی و تەکنەلۆژیای سەربازی.

ڕۆڵی گرووپە قەوقازییەکان لەو نێوەندەدا:

گرووپە چەکدارییەکانی قەوقازی، بەتایبەتی چیچانییەکان، بە کارامەترین و لێهاتوترین گرووپی شەڕکەر لەناو ڕیزەکانی داعش ئەژمار دەکرێن؛ ئەم چەکدارانە هەر زوو بەشدارییان لە پاڵپشتیکردنی داعش لە سووریا و عێراق کرد. ئەم پاڵپشتییەی چیچانییەکان بۆ ئەو ڕێکخراوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە داعش لە ڕووی تەکنیکی پرۆپاگه‌ندەوە بۆ موخاتەبەکردنی گرووپە ئیسلامییەکان زۆر بەهێز بوو. بۆ نموونە سەرۆکی ڕێکخراوی داعش (ئەبوبەکر بەغدادی) توانیی لە ڕێگەی دوو پەیامی سەرەکییەوە هەست و سۆزی ئەو گرووپانە بۆ لای خۆیان ڕابکێشێت. پەیامی یەکەم: بریتی بوو لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتێک بە ناوی "خەلافەتی ئیسلامی" ئەو فۆرمە لە دەوڵەت بۆ هێزگەلێکی ئسوڵگەرای ڕادیکاڵ، بە واتای زیندووکردنەوەی سەردەمی خەلافەت و  سەلەفی ساڵحە.

پەیامی دووەم: بریتی بوو لە بانگەشەی ڕزگارکردنی وڵاتی  چیچان و، کردنی بە بەشێک لە دەوڵەتی خەلافەتەکە و، چیچانییەکان لەژێر چەپۆک و ستەمی ڕووسەکان ڕزگاریان دەبێ. ئەم بانگەشەی داعش، هاوتەریب بوو لەگەڵ بڵاوکردنەوەی دیمەنە ڤیدیۆیییه‌کانی خۆیان لە دەستبەسەرداگرتنی فڕۆکەیەکی ڕووسی لە سووریا، کە بۆ چیچانییەکان بە ئەندازەی  ڕاستی و ڕاستگۆییی داعشە لە جێبەجێکردنی بانگەشەکەیان.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، ژمارەی چەکدارە قەوقازییەکان کە لە وڵاتانی چیچان و داغستان و جۆرجیا و ئازه‌ربایجانەوە هاتبوون و لە ڕیزەکانی داعش لە عێراق و سووریا دەجەنگن، نزیکەی 2000 بۆ 3000 چەکدار دەبێت. چەکدارە چیچانییەکان زیاتر بەوە ناسراون کە لە بواری تەکنەلۆژیی پەیوەندیکردن و جەنگی دەروونی و دروستکردنی جۆری تەقەمەنییەکان زۆر لێهاتوون.

یەکێک لە گرنگترین گرووپە چەکدارەکانی چیچان کە لە سووریا و عێراقدا دەجەنگن و بەیعەتیان بە "ئەبوبەکر بەغدادی" داوە، بریتییە لە "سوپای مهاجرين و ئەنسار"، بە سەرکردایەتیی "ئەبو عومه‌ر چیچانی"،كه‌ ناوه‌ ڕاستەقینەکەی "تارخان باتیر ئاشفیلی"يه. ئەو گرووپە لە ساڵی 2012 لە شاری "حەلەب" لە ئەنجامی یەکگرتنی چەند کەتیبەیەکی قەوقازییەکان دروست بوو.

ئەم گرووپە ڕۆڵێکی یەکجار مەزنی لە تەکتیکی جەنگ و شەڕی مان و نەمان لە سووریا و عێراقدا بینی و، لەو ڕووەوە "ئەبو عومه‌ر چیچانی" بە کەسی دووەمی ڕێکخراوی داعش لە دوای "ئەبوبەکر بەغدادی" ئەژمار دەکرا. بەپێی زانیارییەکانیش، ناوبراو بەدەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە نزیک به‌نداوی مووسڵ کوژرا.

ڕۆڵی گرووپەکانی ئاسیای ناوەڕاست لەو نێوەندەدا:

هاوشێوەی گرووپە قەوقازییەکان، ئەو گرووپانەی کە لە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاستەوە هاتبوونه‌ سووریا و عێراق، خاوەنی لێهاتووییی سەربازی و کارامەییی تەکنیکیی زۆر بوون. ئەو شاره‌زایییە لە بواری سەربازیدا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆربەی چەکدارەکانی ئەو گرووپانە وەک چەکدارە قەوقازییەکانیش پێشتر لە ڕیزەکانی سوپای یەکێتیی سۆڤیەتی جاراندا سه‌رباز بوون؛ ئەمە سەرباری ئەوەی کە لە ڕیزەکانی ڕێکخراوی قاعیدەیش جەنگاون.

چەکدارەکانی ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست، بەتایبەتی چەکدارە ئۆزبەکییەکان، بەوە ناسراون کە شارەزایییەکی زۆری ئۆپه‌راسیۆنی سەربازییان هەیە، بەو پێیەی کە پێشتر بەشێک بوون لە تۆڕی جیهادیی جیهانی لە ئەفغانستان و پاکستان؛ بەو دوایییەیش لە عێراق و شام. بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان، چەکدارێکی زۆری ئۆزبەکییەکان، کە بە سەدان چەکدار دەخه‌ملێنرێن، لە نێوان سنووری ئەفغانستان - پاکستان بۆ پەیوەندیکردن بە ڕێکخراوی داعش لە عێراق، سووریا و باکووری ئەفریقا ڕاهێنان دەکەن.

یەکێک لە دیارترین گرووپە ئیسلامییەکانی ئۆزبەکی، کە بەیعەتی بە "ئەبوبەکر بەغدادی" داوە و لە ڕیزەکانی داعشن لە سووریا و عێراق و باکووری ئەفریقا، بزووتنەوەی ئیسلامیی ئۆزبەکییە. ئەم بزووتنەوەیە لە سەرەتای دروستبوونی لە نه‌وه‌دەکانی سەدەی ڕابردوو لە ناوچەی "فرغانە" لە ئۆزبه‌کستان، بزووتنەوەیەکی بانگخوازی بوو، بەڵام کاتێک کە لە  بەشێک لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و، لەو نێوەندەیشدا ئۆزبەکستان، دەست دەکرێت بە سەرکوتکردنی بزووتنەوە ئیسلامییەکان، بزووتنەوەی ئیسلامیی ئۆزبەکی، ئامانجی بانگخوازیی خۆی، دەگۆڕێت بۆ ئامانجی سیاسی و جیهادی، هەر بۆ ئەم مەبەستە، هەوڵ دەدات کە پەیوەندی بە بزووتنەوە جیهادییەکانی تاجیکستانه‌وه‌ بکات و، لەوێوە یەکەم ئەزموونی چەکداریی خۆی لە جه‌نگی ناوخۆی تاجیکستان لە نێوان ساڵانی 1992 بۆ 1997 بەکار دەهێنێت، دواتر له‌ 1998 پەیوەندی بە ڕێکخراوی ئه‌لقاعیدە‌ لە ئەفغانستان دەکات.

یەکێک لە بەرچاوترین ئامانجەکانی بزووتنەوەی ناوبراو، بریتی بوو لە ڕووخاندنی حکوومەت و ڕژێمی سیاسی لە ئۆزبەکستان و، دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی، کە لەسەر بنەمای شەریعەتی ئیسلامی بنیات نرابێت. بەڵام کاتێک وەک ئاماژەم بۆ کرد پەیوەندی بە بزووتنەوە جیهادییەکان دەبەستێت، ئەو بزووتنەوەیە زیاتر هەوڵ دەدات، ببێت بە بەشێک له‌ تۆڕی جیهادیی جیهانی. هەر بۆیە، کاتێکیش کە ئەفغانستان لە لایەن ئەمریکاوە لە بزووتنەوەی تاڵیبان و ڕێکخراوی ئه‌لقاعیدە ڕزگاری دەبێت، بزووتنەوەی ناوبراو دەچێتە ناوچەی وەزیرستان و شان بە شانی بزووتنەوەی تاڵیبان لە پاکستان ڕێکخستنەکانی خۆی ڕێک دەخاتەوە.  کاتێکیش داعش بانگەشەی خەلافەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام کرد، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەو ڕێکخراوەوه‌ دەکات، کە تاکوو ئێستایش بوونیان هەیە.

گرووپێکی دیکەی ئۆزبەکی بە ناوی کەتیبەی "ئیمامی بوخاری" کە سەر بە ڕیکخراوی داعشە، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ڕیزەکانی داعشدا هەیە. بەگشتی چەکدارە ئۆزبەکییەکان لە سووریا دەجەنگن و بە شێکی زۆریان، بوون به‌ بەشێک لە ڕێکخراوی داعش و، لەو چوارچێوەدا پێگەیەکی بەرچاویان لە ڕێکخستنەکانی داعشدا هەیە.

بەگشتی ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست و ناوچه‌ی قەوقاز لە فەرهەنگی ئەمنیی داعشدا، لە ڕووی جیۆئەمنییەوە ناوچەگەلێکی پڕبایەخن. بەو پێیەی کە گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو ناوچانە، ڕۆڵێکی یەکلاکەره‌وەیان لە لاسەنگکردنی هێز لە بەرژەوەندیی داعشدا هەبووە و، هۆکاری سەره‌کی بوون لە بەهێزبوونی داعش و فراوانبوونی ئەو ڕێکخراوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples