ئێران و تورکیا؛ سیاسەتکردن لە ژینگەیەکی ھەرێمایەتیی جەمسەرگیردا

پێشەکی: ئارشین ئەدیب، سەرۆکی سەنتەری دیراساتی ئێرانی لە زانکۆی لەندەن، ڕای وایە لە سەرەتای سەدە نوێدا پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیا لەسەر سێ بنەمای گرنگی ھاوڕایی، بەردەوامییان ھەبووە، وێڕای ململانێ و جیاوازییەکان، ئەوانیش بریتی بوون لە: یەکەم، ئاڵوگۆر و پەیوەندیی ئابووری، دووەم، کۆکبوون لەسەر ڕێگریکردن لە سەربەخۆییی کوردستان، سێیەم، پشتگیریکردنی دامەزراندن یان ڕاگەیاندنی دەوڵەتی فەڵەستینی. ئەم سێ بنەمایە بەردەوامییان بە پەیوەندییەکانی نێوانیان دا، وێرای ململانێی توند لەسەر ئاسیای ناوەند و سووریا و ھەندێک دۆسیەی گرنگی ھەرێمایەتی. وێڕای ئەوەی ھەندێک لە توێژەران لە وێناکردن و شیکارکردنی پێدراو و گۆڕاوەکانی پەیوەندیی سیاسیی نێوان تورکیا و ئێران، ھەمیشە دەگەڕێنەوە بۆ دوو خاڵ و بابەتی مێژوویی: یەکەم، میراتی ململانێی عوسمانی و سەفەوی؛ دووەم، ململانێی مەزھەبیی شیعە و سوننە. بەڵام گرووپێکی دیکە لە لێکۆڵەرەوان و توێژەران ڕایان وایە کە ھەڵە و نەگونجاوە ململانێکانی ئێران و تورکیا لەو چوارچێوە مێژوویی و مەزھەبییەدا قەتیس بکرێت. لایان وایە خوێندنەوەی دروست ئەوەیە کە ھەر یەک لەو دوو دەوڵەتە، ململانێی جێبەجێکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆیان دەکەن و، چوارچێوەی نوێ بۆ خوێندنەوەی ململانێکان، بابەتە مێژوویی و مەزھەبییەکانی تێ پەڕاندووە و ھەر یەک لەوان لە چوارچێوەی سیستەمی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتیدا ھەوڵی ڕۆڵگێڕان و بەدیھاتنی بەرژەوەندیی نیشتمانی دەدەن.

لە دیدگه‌ی ئێمەوە، دەکرێت ھیچ یەکێک لەو دوو بۆچوونە بەڕەھایی ڕەت نەکرێنەوە و ھەڵوەستەی وردیان لەسەر بکرێت. ئەگەرچی گرووپی دووەم لە توێژەران، ڕایەکی  نزیکتریان لە واقیع ھەیە، کە بەرئەنجامی  تیۆریی ڕیالیزمی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە کە ستراتیژیی سەرەکیی دەوڵەت لە سیاسەتی دەرەوەیدا، دەبێت جێبەجێکردن و بەدیھێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەیییەکانی بێت. لەم چوارچێوەیەیشدا ئێران و تورکیا ھەوڵی داڕشتنەوەی ڕێساکانی گەمەی سیاسیی ھەرێمایەتی دەدەن لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیان و داڕشتنەوەی پیوەندییەکان بە جۆرێک دەکەن کە بەرزترین ئاستی بەرژەوەندیی نیشتمانییان بۆ مسۆگەر بکات، بەڵام ڕەتکرنەوەی ململانێی مێژوویی و بە نادیدەگرتنی لە ململانێکانی ئێستادا ڕەنگە دروست نەبێت. لانی کەم بۆ ئەوەی دیدگه‌یەکی بابەتییانەمان ھەبێت، ناتوانین لەو ڕاستییە ھەڵبێین کە میکانیزمەکانی بەرێوەبردنی ململانێی ئێرانی – تورکی زۆر کات مەزھەبییانە خۆی نمایش دەکات؛ جەمسەربەندییەکان سیمای ململانێیەکی مەزھەبییان پێوە دیارە. ئەگەر وردتر قسە بکەین، دەکرێت ئەو تێگەیشتنەمان ھەبێت کە لە بنەڕەتدا ململانێکان بۆ بەرژەوەندیی دەوڵەتی، یان نیشتمانین، بەڵام ھەندێک کات بۆ گەیشتن بەو ئامانجه‌، میکانیزمەکان مەزھەبین، یان بەرگی مەزھەبییان بەبەردا کراوە.

جیا لەوەیش ئەگەر دوورتر ھەڵوەستە بکەین، بەدیھاتن و جێبەجێکردنی ئەو بەرژەوەندییانە، تەنیا لە جوغزەی ململانێی نێوان ئێران و تورکیادا قەتیس نەبووە، بەڵکوو ھاوپەیمانێتی و جەمسەربەندیی بۆ پێک ھێنراوە؛ ناوچەکەی لە ئاستی ھەرێمایەتی، تووشی دابەشکاریی قووڵ کردووە. بکەرە لۆکاڵییەکانی ئەم ململانێیە ھەندێک کات زۆر مەزھەبییانە دەردەکەون ، وە هەندێک جار بۆ مانەوەی خۆیان وابەستەن بە کاراکتەری سەرەکیی جەمسەربەندییەکەوە و بە ناوی بەرگری لە ناسنامه‌ی مەزھەبی دەجەنگن؛ نموونەکانی حوسییەکانی یەمەن و حزبولڵای لوبنانی و چەندین گرووپ و ڕێکخراوی دیکەی ھەر دوو جەمسەرەکە بەروونی ئەوە بەدیار دەخەن. لەم وتارەدا تیشک دەخەینە سەر گرنگترین خاڵە ناکۆک و پەیوەندییە ھاوبەشەکانی نێوان ئێران و تورکیا و، ھەوڵ دەدەین دیدگه‌یەکی ئاییندەیی بۆ پەیوەندییەکانیان و سروشتی ململانێکان بخەینە ڕوو:

یەکەم : لە نێوان سیاسەت و ئابووریدا: لە دوای ئەو ڕووداوە گرنگانەی کە لە ئەدەبیاتی ناوچەکەدا بە "بەھاری عەرەبی" دەناسرێت، پەیوەندییە سیاسییەکانی ئێران و تورکیا چوونە قۆناغێکی نوێوە، کە ھەندێک لە توێژەران بە پاییزی پەیوەندییەکانی دەناسێنن. پاش ئەو گۆڕانکارییە ئاڵۆزانەی سووریا، ھەر دوو دەوڵەت چوونە ناو قۆناغێکی نوێی ھاوکێشەی سیاسی و ھاوپەیمانێتییەوە؛ تورکیا زیاتر لەگەڵ سعوودیا و قەتەر ھاوھەڵوێست بوو، ئێرانیش لەگەڵ ڕووسیا. گرژیی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ڕووسیا، پاش خستنەخوارەوەی فرۆکە ڕووسییەکە لە لایەن تورکیاوە و چڕکردنەوەی ھەوڵەکانی ڕووسیا لە ڕووی سەربازییه‌وه‌ لە سووریا و ھێنانی سیسته‌می بەرگریی مووشەکی s 400 و پاشان ھەوڵی سعوودیا بۆ چڕکردنەوەی پشتگیرییەکانی بۆ ئۆپۆزیسیۆنی سووری، جۆرێک لە کارتە بەھێزەکانی تورکیای بۆ مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە لاواز کرد. ھەموو ئەمانەیش بوونە ھۆی کاڵبوونەوە، یان لاوازبوونی پەیوەندیی سیاسیی تورکیا و ئێران. بەڵام ئەم کاریگەرییە نەرێنییە لەسەر پەیوەندییە ئابوورییەکانی ھەر دوو دەوڵەت دروست نەبوو. ڕوونتر بڵێین، ئەگەرچی لە ئاستی ھەرێمایەتیدا لە ڕەھەندە سیاسییەکەدا پەیوەندیی ئێران و تورکیا بارگاوییە بە ململانێ، بەڵام لە ئاستی پەیوەندیی دوولایەنەدا ململانێکان بەو ئەندازەیە توند نین. لە پاش کۆدەتاکەی ناوخۆی تورکیا و پشتگیریی ئێران بۆ حكوومەتی ئەو وڵاتە، دەروازەیەکی دیکەی بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندییە سیاسییە بارگرژەکان ئاوەڵا کرد. ھەرچەندە ئێران لە دیدگه‌یەکی پراگماتییەوە دژی کۆدەتا وەستایەوە، بەوەی ھەوڵی پاراستنی دۆخی تەناھی (ئاسایش)ی وڵاتەکەی بدات؛ چونکە ئێران لە وشکانی و دەریایییەوە پازدە دەوڵەت دراوسێیەتی، کە بەشێک لە و وڵاتانەی لە ڕووی وشکانییەوە دراوسێی ئێرانن، لە دۆخێکی تەناھیی ناسەقامگیرن، وەک: ئەفغانستان و پاکستان لە ڕۆژھەلاتی ئێران و، عێراق لە ڕۆژاوای ئێران. تورکیایش وەک دراوسێی ئێران، ئەگەر پەشێویی تەناھی ڕووی تێ بکات، کاریگەریی لەسەر ئێران دادەنێت. بە شێوەیەکی گشتی، وێڕای ھەڵکشانی ململانێ سیاسییەکانی نێوان تورکیا و ئێران، بەڵام پەیوەندییە ئابوورییەکان لە دۆخێکی تایبەت و بایەخپێداندان. قەبارەی ئاڵوگۆری بازرگانیی نێوان تورکیا و ئێران ساڵانە ٣٠ ملیار دۆلارە. لە ئێستایشدا پاش سووکبوونی سزا و گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران پاش ڕێککەوتنی ٥+١ و زیاتر دەستاوەڵابوونی ئێران لە بواری بازرگانیدا، ھەر دوو لا بەرنامەڕێژی دەکەن بۆ زیادبوونی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان، بەتایبەت پاش سەردانی ئەردۆغان بۆ تاران لە ٢٠١٥، کە ٨ ڕێککەوتننامەی گرنگ لە بواری بازرگانی و وەبەرھێنان واژوو کران. لە ئێستادا ئێران ٩٥% گازی سروشتی ڕەوانەی تورکیا دەکات، کە دەکاتە ٢٠%ی پێویستیی تورکیا لە گازی سروشتی.

دووەم: حەلەب و مووسڵ:  لە ئێستادا پرسیاری سەرەکی بریتییە لە ھۆکاری لاوازیی ڕۆڵی دەوڵەتانی عەرەبی لەو ململانێیانەی کە لەسەر جوگرافیای دەوڵەتانی عەرەبی ھەیە. تورکیا و ئێران ململانێکانیان گواستۆتەوە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان. ڕەنگە لە ڕەھەندێکدا ئەم بابەتە وابەستە بێت بە دووبارەبوونەوەی ڕووداوە مێژویییەکانی ململانێی عوسمانی و سەفەوی بە فۆرمێکی نوێ، بەڵام لە ڕەھەندی نوێدا ئەم بابەتە وابەستەیە بە دوو خاڵی گرنگ و تەواوکەری یەکدی: یەکەمیان لاوازیی بەرێوەبردن و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ململانێیانەیە لە لایەن بەشێکی زۆری دەوڵەتانی عەرەبییه‌وه‌، کە لە ئێستادا لە ڕووی ڕۆڵی ھەرێمایەتی لە ھەموو کات لاوازترن، جگە لە چەند دەوڵەتێکی دیاریکراو نەبێت؛ دووەمیان، وابەستەیە بە ھەڵکشان و گەشەی ھێزی ئێرانی و تورکی لە گشت بوارەکان لە ئاستی ھەرێمایەتیدا. بۆیە ژینگەکە بەتەواوی بۆ تورکیا و ئێران لەبارە، کە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان بۆ بەدەستھێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆیان بجەنگن. لە پێگەی ستراتیژیی حەلەبدا تورکیا ھەوڵی زۆری ھەبوو کە ڕۆڵی گرنگ بگێرێت و، لەناو خاکی سووریایشدا بۆ ڕێگریکردن لە ھەوڵەکان و بەرژەوەندییەکانی ئێران چەند پرۆسەیەکی سەربازیی ئەنجام دا، پاشان ئێران بە ھاوکاریی ڕووسیا، توانیی ھەندێک لە ھاوکێشەکانی ھێز لە حەلەب بەتایبەت و، سووریا بەگشتی، بگۆرێت بۆ بەرژەوەندیی خۆی. لە مووسڵ سیناریۆکانی ئێران و کاریگەریدانان لەسەر حکوومەتی عێراق بە پەراوێزخستنی ڕۆڵی تورکیا لە پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵدا، مەسیجی گرنگی سیاسی و سەربازی و تا ڕاددەیەک مێژووییشی  تێدا بوو کە ئەو ڕێگه‌ وشکانییەی، ئێران دەیەوێت بۆ گەیشتن بە دەریای سپیی ناوەراست بەدەستی بھێنێت قابیلی پاشەکشەلێکردن نییە. وێڕای ئەوەیش تورکیا بە پرۆسە سەربازییەکانی لە بەشێکی دیاریکراوی سووریادا توانیویەتی نیگەرانی قووڵ بۆ ئێران دروست بکات کە بەربەست و ئاستەنگەکانی گەیشتن بە دەریای سپیی ناوەراست لە ڕێگه‌ی وشکانییەوە زیاتر بن. ئەمە نموونەیەکی سادە و ساکاری نوێیە لە گواستنەوەی ململانێکان بۆ دەرەوەی جوگرافیای ئێران و تورکیا و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان.

 سێیەم: کەنداو و ھێژموونیی ڕێژەییی ئێران: ھەوڵەکانی ئێران بۆ گەیشتن بە دڵی کەنداو،  سەرلەنوێ سنووردارکردنی ڕۆڵی دەوڵەتەکانی کەنداو بەگشتی و سعوودیا بەتایبەت، دۆخێکی خوڵقاندووە کە ھانی دەوڵەتانی کەنداوی داوە لە پەیوەندییەکی بەھێزی دیپلۆماسی و سیاسی و بازرگانی و سەربازیدا بن لەگەڵ تورکیا. ڕەھەندی سوننەگەرایی و بە ھاوبەشبوونی ئەم خاڵە لە نێوان نوخبەی حوکمرانی کەنداو و تورکیا بە بارێکی دیکەدا زەمینەسازیی زیاتری بۆ ئەو ھاوکارییە کردووە. فۆبیای ئێران و ھێژموونیی ڕێژەییی ئێران لە کەنداو، بەتایبەت لە بەحرێن و تا ڕاددەیەک لە ڕۆژاوای سعوودیا، دۆخێکی پاڵنەری خوڵقاندووە بۆ بەھێزبوونی پەیوەندی لەگەڵ تورکیا و فۆرمولەبوونی جەمسەربەندییەک کە لە ڕووی بونیادییەوه‌ ناوچەکەی تووشی گرفتی گەورە کردووە لە ناسەقامگیریی سیاسی و تا ڕاددەیەک سەربازیش.

چوارەم : گۆڕانکارییەکان: ئاییندەی جەمسەرگیرییەکان: لە ئێستا کە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بەشێکی گیرۆدەی جەنگێکی خوێناوییە و بەشێکی دیکەیشی سەرزەمینی ململانێیەکی توندی نێوان جەمسەرەکانە (ئێران – تورکیا) بۆ داھاتوویەکی تا ڕاددەیەک نزیک لە بەردەم چەند سیناریۆیەکی گرنگی بەھێزکردن و لاوازکردن و، تا ڕاددەیەکیش ھەڵوەشاندنەوە ھاوپەیمانێتییەکانە کە بە شێوازێکی سەرەکی، ئێران و تورکیا لە ھەرەمی ئەو ململانێیانەدان :

سیناریۆی ١: بەشێک لە توێژەرانی بواری پەیوەندیی نێودەوڵەتی، ڕایان وایە کە ناوچەکە لە بەردەم دووبارە بەھێزکردنەوەی  ھاوپەیمانێتییەکاندایە. پێدراوە سیاسییەکانی ناوچەکە و بەرزبوونەوەی ئاستی ململانێکان، جیا لەوەی سعوودیا و تورکیا لە سەروبەندی ھاوپەیمانێتیەکەدا دەھێڵنەوە بەڵکوو ھەوڵی بەھێزکردنیشی دەدەن بە دوو ئاراستە: ئاراستەی یەکەم، بەدەستھێنانی پشتگیریی ھەندێک لە دەوڵەتانی دیکەی ناوچەکە کە تا ئێستا جۆرێک لە دڵەڕاوکێییان ھەیە بۆ هاتنه‌ناو ئه‌م جەمسەرگیرییەوە؛ ئاراستەی دووەم، ھەوڵدانە بۆ بەھێزکردنی جەمسەرگیرییەکان بە پشتبەستن بە زلھێزە گەورە جیھانییەکان. ئەم حاڵەتە بۆ ئێرانیش ھەمان شێوەیه.

 سیناریۆی ٢: گۆرانکاری و پێدراوە سیاسییەکان و نزیکبوونەوەی تورکیا لە ڕووسیا و کاڵبوونەوەی ھەندێک ململانێی سیاسی و، توندوتۆڵیی پەیوەندیی بازرگانیی ئێران و تورکیا وێڕای ناکۆکییەکانیان لە ئاستی ھەرێمایەتیدا، وای لێ دەخوێنرێتەوە کە ناوچەکە دەخاتە بەردەم گۆرانکارییەکی نوێ و کاڵبوونەوەی ھاوپەیمانێتیی سعوودیا و تورکیا، بگرە ھەندێکی دیکە لە توێژەران زۆر بەڕەھاگیرییه‌وه‌ باس  لە ھەڵوەشاندنەوەی ئەو ھاوپەیمانێتییە دەکەن لە ئاییندەدا .

پوختە: پەیوەندییەکانی ئێران بە تورکیاوە، ئەگەر لە ڕەھەندی مێژووییدا دەری بھێنین، وابەستەن بە ھەوڵێکی ڕیالیستییانەی پوخت بۆ جێبەجێکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ھەر دوو لا. ئەوەی گرنگە لێرەدا، قسەکردنە لەسەر فۆرمی ئێستا و ئاییندەی ئەم ململانێ و پەیوەندییانە، کە ئایا ناوچەکە بەرەو ئارامبوونەوە دەبات و تێگەیشتنی زیاتر لەسەر بابەتە ململانئامێزەکان دەخوڵقێنێت؟ یان فۆرمی داھاتووی ئەم ململانێ و ناکۆکییانەی ئێران  و تورکیا توندتر دەبێت و، ڕەنگە سەر بکێشێت بۆ جەنگێکی ڕاستەوخۆ و، تەنیا لە قاڵبی جەنگی بەوەکالەتدا نەمێنێتەوە؛ ئەمەیش ئاییندەی سەقامگیری لەسەر ئاستی ھەرێمایەتی بەرەو نادیار دەبات. بەڵام لە چوارچێوەیەکی گشتیدا، پێویستە ئاماژە بە ڕاستییەکی گرنگ بدەین: وێڕای ئەوەی تورکیا و ئێران دوو دەوڵەتی سەربەخۆ و ئەندامی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتین، بەڵام بە سیسته‌مێکی نێودەوڵەتی و ھاوپەیمانێتییەکانی ناو سیسته‌می نوێی جیھانه‌وه‌ بەستراونەتەوە. ئەگەرچی لە ئاکاری سیاسیدا ئازاد بن، بەڵام ئەو ئازادییە ڕەھاگیر نییە و تۆڕی بەرژەوەندییەکانیان پێکەوە گرێدراوی زلھێزە جیھانییەکانە. ڕەنگە ھەندێک لە توێژەران زۆر ڕەھاگیرانە ئەو ڕایە بدەن کە ئێران و تورکیا لە دواجاردا ھیچ نین جگە لە گەمەکەرێکی ھەرێمایەتی، کە لە پەراوێزی گەمەکارانی زلھێزی نێودەوڵەتیدا گەمە دەکەن.

سەرچاوەکان  

١- د. منهل الهام عبدال العقراوي واخرون، العلاقات التركية – الايرانية: دراسة في العلاقات السياسية والاقتصادية، دار غداء للنشر والتوزيع، عمان، 2014.

٢- سعد ارزيج ڕمضاني، العلاقات التركية الايرانية: 1979-2006  واقع والمستقبل، أطرؤوحة دكتوراه غير منشورة، كلية العلوم السياسية، جامعة بغداد، 2008.

٣- نضال جهاد العبيدي، العلاقات الايرانية –التركية: بين التنافس الاقليمي وانحسار النفوذ: الانترنيت:

http://hcrsiraq.org

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples