دەروازە: لە پێناس و ئاشنابوونی پەیوەندییە سیاسییە نێودەوڵەتییەکاندا، ڕای باو ئەوە بووە کە پەیوەندیی نێودەوڵەتی، تەنیا لە نێوان ئەو دەوڵەتانەی کە خاوەنی سەروەرین، قەتیسکراو بووە. واتە خاوەن کیانێکی سەربەخۆن، پاشان بە ھۆکاری گەشەسەندن و پێشکەوتنی کاری بواری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ھەوڵی زۆر درا کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش لەناو ئەم کایە گرنگەدا سەرلەنوێ بناسرێن و ڕۆڵیان ھەبێت. جیا لەم پێشکەوتنەی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کە ڕێکخراوەکانیش وەک ئهکتەری نێودەوڵەتی ئەژمار دەکرێن، لە ئێستادا ئەم بوارە لە چەند ساڵی ڕابردوودا پەرەسەندنێکی دیکەی بەخۆوە دیوە، کە لە بەرژەوەندیی ئەو گەل و نەتەوانەیە کە تا ئێستا نەگەیشتوونەتە قۆناغی سەربەخۆیی. کەواتە دەکرێت بڵێین ئێستا بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ڕووی ناوەوە، وەک پەیوەندیی نێوان دەوڵەتان ماوە، بەڵام لە ڕووی ناوەڕۆکەوە جیاوازە و، ڕێکخراوەکان و کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان و ئهکتەرە نادەوڵەتییەکان ڕۆڵ دەگێڕن و، لەو بوارەدا ئهکتیڤن.
ئهکتەری نادەوڵەتی: بە شێوەیەکی گشتی ئهکتەری نادەوڵەتی بەو نەتەوە و گەلانە دەگوترێت کە ڕۆڵ و پێگەیان لە بواری پەیوەندییە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان ھەیە و توانای کارلێکردنیان ھەیە. لە ئێستادا باشووری کوردستان، کە بە ھەرێمی کوردستانی عێراق دەناسرێت، گرنگترین ئەو ئهکتەرە نادەوڵەتییانەیە. لەم بوارەیشدا نموونەکانی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا و کیوبیکییەکان لە کەنەدا و ئەمازیغییەکان لە باکووری ئەفریفا و ھەندێک ئهکتەری نادەوڵەتیی دیکە بوونیان ھەیە. بەڵام ھەرێمی کوردستان، بە ھۆکاری جیاوازی ئازارەکانی ڕابردووی و پێگەی گرنگی جوگرافیایی و وزە و فراوانبوونی تۆڕی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی و ھەڵکشانی بەرەو ئاسۆیەکی ڕوونتر، لە دیارترین و لەپێشترینی ئەو ئهکتەرە خواردەوڵەتی، یان نادەوڵەتییانەیە.
پرسیاری یەکەم: بۆچی فەڕەنسا بۆ باشووری کوردستان گرنگە؟
وەڵامی ئەم پرسیارە ئەو کاتە بەڕوونی دەردەکەوێت، کاتێک لە پێگەی گرنگی فەڕەنسا تێ دەگەین :
١- فەڕەنسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی: فەڕەنسا ئەندامێکی کارای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. یەکێکە لەو ٥ دەوڵەتەی کە مافی بەکارھێنانی "ڤیتۆ"ی لە ئەنجومەنی ئاسایش ھەیە.
٢- فەڕەنسا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان: فەڕەنسا ئەندامی دەیان ڕێکخراوی گرنگی نێودەوڵەتییە لە بواری سیاسی، ئابووری و بازرگانی، سەربازی، کهلتووری، پەروەردەیی، تەندروستی، ژینگەیی و ...هتد. ھەموو ئەمانە، گرنگیی لەڕاددەبەدری خۆیان ھەیە، چونکە کاتێک فەڕەنسا لەگەڵ ھەر دەوڵەتێکدا لە پەیوەندییەکی سیاسی و دیپلۆماسیی باشدا بێت، دەتوانێت لە ڕێگهی ئەندامێتی لەو ڕێکخراوانەدا، پاڵپشتیی ئەو دەوڵەتە، یان ئەو ئهکتەرە نادەوڵەتییانە بکات.
٣- فەڕەنسا و یەکێتیی ئەوروپا: لەناو یەکێتیی ئەوروپادا فەڕەنسا بە یەکێک لە گرنگترین کۆڵەکە سیاسی و ئابوورییەکان ئەژمار دەکرێت. فەڕەنسا لەگەڵ ئیتاڵیا و ئەڵمانیا، ڕۆڵی گرنگ و کاریگەریان لە ئاراستەکردنی سیاسەتی یەکێتیی ئەوروپادا ھەیە. پاش ڕاپرسییەکەی بریتانیا بۆ کشانەوە لە یەکێتیی ئەوروپا، ھەندێک لە پسپۆرانی بواری یەکێتیی ئەوروپا، فەڕەنسا وەک بەھێزترین شوێنگرەوەی بریتانیا لەناو یەکێتیی ئەوروپادا کاندید دەکەن.
٤- فەڕەنسا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست: ئامادەییی فەڕەنسییەکان وەک ئیمپراتۆرییەت، وەک کۆلۆنیالیست، وەک دەوڵەت، ڕەگێکی مێژووییی لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەیە. میراتی فەڕەنسا لەم ناوچەیە، میراتێکی دەوڵەمەندە. فەڕەنسا دەوڵەتێکی شارەزایە بە کاروباری سیاسیی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و داڕشتنەوەی سنوورەکانی و، خاوەن پاشخانێکی مەزنی سیاسییە لەم ناوچەیەدا. ھێڵەکانی کارلێکردنی لەسەر سیاسەتی ناوچەکە، زۆر توندوتۆڵن. لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، فەڕەنسا خاوەنی چەندین کردە و پرۆسەی سەربازییە لە سووریا و عێراق و لوبنان، وەک چۆن لە مالی و کەناراوەکان و ئەفریقای ناوەڕاستیش بەر لە ٣ ساڵ، چەندین پرۆسەی سەربازیی ئامانجداری ھەبووە، کە دەکرێت بڵێین فەڕەنسا ئامادەییی ھەیە لە پێشھات و پرسە سیاسییەکانی ئەم ناوچەیەدا و، لێی دانەبڕاوە.
٥- فەڕەنسا و :G8-G20 فەڕەنسا ئەندامی ھەر دوو گرووپی ٨ و ٢٠ی ئابووریی نێودەوڵەتییە کە تایبەتن بە دەوڵەتە پیشەسازییە پێشکەوتووەکانی دونیا و دەوڵەتانی ئاستھەڵکشاوی بواری بازرگانی و ئابووریی نێودەوڵەتی .
پرسیاری دووەم: بۆچی باشووری کوردستان بۆ فەڕەنسا گرنگە؟
ڕەنگە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەیش پێویستمان بە ھەمان میتۆد ھەبێت کە ھاوشێوەی وەڵامی پرسیاری یەکەمە :
١- پێگەی جوگرافیی باشووری کوردستان: باشووری کوردستان خاوەن ھەڵکەوتەیەکی جوگرافیی گرنگە، کە بەگوێرەی پۆلێنبەندیی پسپۆرانی بواری جیۆپۆلیتیک، کەوتۆتە ناوچەیەکی گرنگەوە کە پێی دەگوترێت "پەراوێزی دڵی زەوی". بە بارێکی دیکەدا، ناوچەیەکی گرنگی جیۆستراتیژییە و بە یەکێک لەو ناوچانە ئەژمار دەکرێت کە بۆ گەیشتنی ڕۆژاوا بە ڕۆژھەڵاتی گۆی زەوی، کارئاسانی دەکات. لە ھەمان کاتدا لە ناوچەیەکی سەختی تەنگژە و ململانێی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتیدایە. ئەم گرنگییە جیۆپۆلیتیکییە، بووهتە جێگەی بایەخی فەڕەنسییەکان.
٢- فەڕەنسا و باشووری کوردستان و ناوچەی ئارام: پرۆژەی دابینکردنی ھێڵی ئارام لە ساڵی ١٩٩١، کە لە ئەنجومەنی ئاسایش پەسەند کرا، پرۆژە پێشنیاری فەرەنسییەکان بوو. ھەوڵێک بوو کە فەرەنسییەکان، بە مەبەستی پێدانی دۆخێکی تایبەت بە کوردستان، دایان؛ چونکە ئومێدی بونیاتنانی پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ باشووری کوردستان لە ئاییندەدا داڕشتبوو .
٣- باشووری کوردستان و جەنگان دژ بە تیرۆر: یەکێک لە ناسنامە گرنگەکانی باشووری کوردستان، بریتییە لە بەرگریکردن و ڕووبەڕووبونەوە دژ بە تیرۆر. لەم نێوەندەیشدا قارەمانێتیی ھێزی پێشمەرگە و جەنگان دژ بە تیرۆر لە ڕابردوودا و، بەرەنگاربوونەوەی داعش لە ئێستادا، ناسنامەیەکی پاک و بێخەوشی بۆ باشوور دابین کردووە. جیا لەوەیش، فەڕەنسا بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی و بەرگری لە بەھا باڵاکانی مرۆڤایەتی، کێشەی تیرۆر وەک کێشەیەکی گلۆباڵ باسی لێوە دەکات و، لای وایە نائارامیی ھەر شوێنێکی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کاریگەریی نەرێنی لەسەر فەڕەنسا دروست دەکات.
٣- باشووری کوردستان و وزە: باشووری کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا بە ھۆی سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەدیھێنانی ئابووریی سەربەخۆی پاڵپشت بە وزە (گازی سروشتی و نەوت)، بۆتە جێگهی بایەخی دەوڵەتە گرنگەکانی دونیا. کوردستان خاوەن یەدەگێکی زۆری نەوت و گازی سروشتییە و، لە ھەمان کاتیشدا خاوەن نەوت و گازی بەرھەمھێنراوە. ئەمەیش وای کردووە دەوڵەتانی گەورە، چاویان لەوە بێت کوردستان وەک بازارێکی گەورە و گرنگی وزە بزانن و، چاویان لەوەیشە لە ئاییندەدا کوردستان ئەو شوێنە بێت کە گازی سروشتیی لێوە، بۆ ئەوروپا بەگشتی و فەڕەنسا بەتایبەت، ھەناردە بکرێ. ئەوە جیا لەوەی لە ئێستادا کۆمپانیا گەورەکانی وەک تۆتاڵی فەڕەنسی لە کوردستاندا لە بواری وزە، خەریکی سەرمایەگوزاری و وەبەرھێنانن.
٤- کوردستان و پێکەوەژیان: ئەزموونی ٢٥ ساڵی ڕابردووی کوردستان، بریتی بووە لە پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییی جۆراوجۆر. فەڕەنسای لانکەی مەسیحییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بە بایەخ و گرنگیی زۆرەوە دەڕوانێتە بەرگریی سەرسەختی کوردستان لە کهلتووری لێبووردەیی و پێکەوهژیان، بەتایبەت ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ ئەمەی بەتەواوی بۆ فەڕەنسییەکان ڕوون کردەوە کە پەناگەی ئارامی مەسیحییەکانی سووریا و عێراق لە شاڵاوی دڕندانەی داعش لەم ناوچەیەدا، بە پلەی یەکەم، کوردستانە .
٥- دیپلۆماسیەتی کوردی و فەڕەنسا: ڕەنگە بەکارھێنانی زاراوەی پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان فەڕەنسا و باشووری کوردستان تا پێش ساڵی ٢٠١٠، تا ڕاددەیەک زانستی نەبووبێت، بەڵام سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ فەڕەنسا لە مانگی ٦ی ٢٠١٠، لە ئاستی پەیوەندیی دیپلۆماسیدا ھەرێمی خستە بەردەم قۆناغێکی نوێی مێژوویی و وەرچەرخاو لەگەڵ فەڕەنسا. دیداری گرنگی بارزانی و سارکۆزی و، پاشان واژووکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ١٩ خاڵی لە ڕێکەوتی ١٥/ ٦/٢٠١٠ لە نێوان بارزانی و کۆشنێر لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا، ناسنامەیەکی دیکەی بەخشییە پەیوەندییەکانی فەڕەنسا و باشووری کوردستان. ئیدی دەروازەی زەمەنێکی نوێ بۆ پەیوەندییەکان ئاوەڵا بوو. فەڕەنسا بووە ھاوپەیمانێکی گرنگی کوردستان. لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا تەنیا سەرۆکی وڵاتێک دوو جار سەردانی باشووری کوردستانی کردبێت، سەرۆک "ئۆلاند" بووە. جیا لەوەی ٦ کۆبوونەوەی سەرۆکە جیاجیاکانی فەڕەنسا لەگەڵ بارزانی لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا لە بواری دیپلۆماسیدا، وەک ئاماژەیەکی ئەرێنی و گرنگ لێی دەڕوانرێت .
٦- لۆبی: وێڕای بوونی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێم لە پاریس و، بوونی کونسوڵخانهی فەڕەنسی لە ھەولێر و سەردانی جۆراوجۆری دیپلۆماتیكی ھەر دوو لا، بەڵام گرنگە ئاماژە بە ڕۆڵی بیرمەندی گەورەی ھاوچەرخی فەڕەنسی بدەین، کە ئەویش "بێرنارد ھۆنری لیڤی" یە، کە کاریگەریی گەورەی بەسەر کۆشکی ئیلیزییەوە ھەیە و لە ساڵانی ڕابردوو توانیویەتی دەنگی کورد و پێشمەرگە و ستەمدیدەییی مێژووی کورد، بباتە ناو کۆشکی ئیلیزییەی فەڕەنسییهوه. لیڤی بە سازدانی سمیناری "لە شنگالەوە بۆ کۆبانی" و بە ڕێکخستنی دیداری نوێنەرایەتیی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ سەرۆک ئۆلاند لە ساڵی ٢٠١٥ و، دەرھێنانی فیلمێکی سینەمایی لەسەر بەرخودانی پێشمەرگە، توانیویەتی لۆبییەکی زۆر باش بۆ باشووری کوردستان بكات.
پوختە :
١- فەڕەنسا، وەک ئهکتەرێکی ئهکتیڤی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی خاوەن کاریگەری، دەتوانێت لە گشت بوارەکاندا ڕۆڵی ئەرێنیی بۆ کوردستان ھەبێت .
٢- ئاییندەی پەیوەندییەکانی فەڕەنسا و باشووری کوردستان، وای لێ دەخوێنرێتەوە كه لە ئاییندەدا لە ئاستێکی گەشەکردوو و پتەوتردا بێت.
٣- ئەم مامەڵە بەھێزەی كه فەڕەنسا لەگەڵ کوردستاندا دەیکات، بەرژەوەندیی ھەر دوو لای تێدا لەبەرچاو گیراوە و، تێیدا جۆرێک لە ھاوسەنگی، پارێزراوە .
٤- یەکەمین پەیوەندیی بەھێزە، کە ئەندامێکی ھەمیشەییی ئەنجوومەنی ئاسایش لە ئاستی دەوڵەتدا لەگەڵ ئهکتەرێکی خواردەوڵەتی، یان نادەوڵەتیدا ئەنجامی داوە .