''وا عێراق بە بەرچاوی ئێمەوە دابەش دەبێت، دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان دەرەنجامێکی چاوەڕوانکراوە.''
ئەڤیگدۆر لیبەرمان، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل (٢٠٠٩-ـــ ٢٠١٥)
کامەران محەمەد عەزیز/ مامۆستا لە کۆلێژی یاسا و زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سەلاحەددین
هیچ کاتێک هێندەی ئەو دوو ساڵەی ڕابردوو توێژینەوە لەسەر کورد و پرسی سەربەخۆیی نەکراوە؛ بەتایبەت لە نێوەندگەلی لێکۆڵینەوەیی ئەمریکا و ئیسرائیلدا پرسی دەوڵەتی کوردستان بووەتە جێگەی بایەخی گەلێک توێژەر. ئەو قۆناغە نوێیە، هاوکاتە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ئاشکرای پێوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسرائیل لە بواری ئابووری، سەربازی، کەلتووری و سیاسییەوە؛ لە هەمووی ئەوانەش گرنگتر ڕەخساندنی ڕەهەندێکی ستراتیژییە لەو پێوەندییانەدا.
پشتگیریی ئیسرائیل بۆ کورد و دواتریش پێوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان مێژووییەکی درێژی هەیە. کورد و بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکەی، بەردەوام وەکو بەشێک لە دۆکترینی 'periphery alliance' ئیسرائیل سەیر کراوە. ئەو دۆکترینە لە لایەن یەکەم سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، (دەیڤید بن گۆریۆن)ەوە داڕێژراوە و، مەبەستی پشتگیریکردنە لەو هێز و کیانە ناعەرەبیانەی بەرهەڵستی ڕێژیمە عەرەبییەکان دەبنەوە، بۆ ئەوەی دواتر ئەو ستراتیژییە بۆ پاراستنی دەوڵەتی ئیسرائیل بەکار بێت. ئیسرائیل لەژێر ڕۆشنایی ئەو ستراتیژییەدا یارمەتیی ئێرانی پێش ساڵی ١٩٧٩ و تورکیا و کوردی داوە. بەڵام ئێستا، ئیسرائیل کێشەی لەگەڵ تورکیا و ئێران هەیە و، وێ دەچێت کورد، بەتایبەت کوردی باشوور، تاکە هێز بێت، کە ئیسرائیل دەتوانێت وەکو هاوپەیمانێکی ستراتیژی لە ناوچەکەدا سەیری بکات. بۆیە خراپبوونی پێوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ تورکیا وا دەکات ئەو وڵاتە زیاتر لە هەرێمی کوردستان نزیک ببێتەوە.
بە تێگەیشتن لەو دۆخە، ئێستا هەرێمی کوردستان نە تەنیا لەڕێی ناردنی نەوتەوە، بەڵکوو دیپلۆماسییەکی کەلتووریی cultural diplomacy فرەڕەهەندی دەست پێ کردووە، کە خۆی لە بەهێزکردنی پێوەندییە کەلتووری و ڕۆشنبیرییەکانی نێوان هەرێم و ئیسرائیلدا دەبینێتەوە. لەو کارە گرنگانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ دروستکردنی پێوەندییەکی ستراتیژی و هاوپەیمانەتییەکی متمانەپێکراو لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجامیان داوە، کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەک بۆ جووەکەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمدا و، دانانی پرسەی هاوخەمی لە دهۆک بە بۆنەی کۆچی دوایی شیمۆن پێرێز بوو. ئەم ڕووداوانە بەشێکن لەو گۆڕانکارییە ستراتیژییانەی لە تێگەیشتنی هەردوولادا دروست بوونە و، لە چەندین ڕەهەندی جیاوازدا ڕەنگ دەدەنەوە. لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر، هەرێمی کوردستان وەکوو بەشێک لە عێراق ئەو کارەی کردووە، کەچی ئێستاش عێراق یەکێکە لەو ٣٠ دەوڵەتەی، هێشتا دەوڵەتی ئیسرائیلیان بەفەرمی نەناسیوە. بۆیە لە پشتەوەی ئەو ڕووداوانە، گۆڕانکارییەکی ستراتیژی دەبینرێت.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعشەوە تا ئێستا، لۆبیی ئیسرائیل لە ئەمریکا ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە هاندانی بڕیاردەرانی ئەمریکادا بۆ پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان لە شەڕی داعشدا. ئەڤیگدۆر لیبەرمان، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل (٢٠٠٩-ـــ ٢٠١٥)، بە ئەمریکایییەکانی گوت: ''وا عێراق بە بەرچاوی ئێمەوە دابەش دەبێت، دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان دەرەنجامێکی چاوەڕوانکراوە''. بێنیامین نەتانیاهۆش چەند جارێک پشتگیریی خۆی بۆ دەوڵەتی کوردستان ڕاگەیاندووە؛ وەکوو لەبەردەم دامەزراوەی لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نەتەوەیی Institute for National Security Studiesدا، مانگی ٧ی ٢٠١٤ گوتی: ''دەبێ پشتگیریی خەونی کورد بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی بکەین. ئەوان، نەتەوەیەکن کە سەلماندییان پابەندیی سیاسییان هەیە و شایانی سەربەخۆیین''. ئەو گوتارەی لەنێو سەرکردە باڵاکانی ئیسرائیل و ئەو تێگەیشتنە باوەی لە نێوەندگەلی لێکۆڵینەوەیی ئیسرائیلدا لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی کوردستان دروست بووە، هەموویان یەک شت پات دەکەنەوە: لە کاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستاندا، ئیسرائیل یەکەم وڵات دەبێت، کە دەوڵەتی کوردستان بەفەرمی دەناسێت.
وێناچێت ئەم گوتارە هەر دەرەنجامی کاری توێژەرانی ئەو بوارە بێت، بەڵکوو شێوەی ستراتیژی و بەرنامەیەکی باشداڕێژراوی حکوومەتی ئیسرائیل دەدات؛ هەرچەند هێشتا بەتەواوەتی ڕوون نییە، کە ئاخۆ ئەو بابەتە بووەتە سیاسەت و ستراتیژی، یان هێشتا هەر لە بەرنامەی کاردایە. لە وەڵامی پرسیارێکمدا لەسەر ئەو بابەتە، نووسەرێکی ئیسرائیلی گوتی: ''بۆ هەردوو لا وا باشترە، ستراتیژیی ئیسرائیل بۆ پشتگیری لە سەربەخۆییی کوردستان بەئاشکرا ڕانەگەیەنرێت، چونکە نەیارەکانی هەردوولا دژی دەوەستنەوە''. هەر گوتارێک، بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت، دەبێ لەگەڵ کۆمەڵێک ڕووداو و نموونەی هەیی و واقعی یەک بگرێتەوە. وەکو دەبینین ئەو گوتارە نوێیەی پشتگیریکردنی ئیسرائیل لە دەوڵەتی کوردستان هاوتەریبە لەگەڵ کارابوونێکی بێوێنەی کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان لە هەرێمی کوردستاندا؛ لە بوارە جیاوازەکانی وزە، بیناکردن، پێوەندی و ئاسایشدا. لە بابەتێکی Financial Timesدا هاتووە، هەرێمی کوردستان ٪٧٥ی پێداویستییە نەوتییەکانی ئیسرائیلی دابین کردووە. شیکردنەوەیەکی توێژەرە ئیسرائیلییەکان لەمەڕ ئەو دۆخەوە ئەوەیە، کە ئیسرائیل دەیەوێت هەرێمی کوردستان لەڕێی ئەو پێوەندییەوە بەهێز بێت و لە شەڕی دژ بە تیرۆر و داعشدا کارا بێت.
لە ئاستێکی دیکەدا، ڕوانگەی ئیسرائیل بۆ پشتگیریکردنی دەوڵەتی کوردستان بەستراوەتە بە سیاسەتی ئیسرائیل لەمەڕ گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە:
بە شێوەیەکی گشتی، تا ئێستا سیاسەتی ئیسرائیل لەمەڕ گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لەسەر بنەمای خۆبەدوورگرتن و خۆپارێزی و پاراستنی دۆخی هەنووکەیی status quo بووە. چونکە ئیسرائیل ترسی لە گۆڕانکاریی هێزەکان و تێکچوونی هاوسەنگیی هێز هەیە، کە ڕەنگە هێز و ئەکتەری دژە-ئیسرائیلی لە دەرەنجامی گۆڕانکارییەکاندا دروست ببێت. ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی بەهاری عەرەبی، تەنیا ڕووداو و گۆڕانکارییەک نەبوون لە ئاستی نێوخۆی وڵاتەکاندا، بەڵکو تەواوی سیستەمی هەرێمایەتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەق کرد و گۆڕانکاریی پێکهاتەیی لەگەڵ خۆیدا هێنا و، لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش، وەکو یەکێک لە مەترسیدارترین گرووپە تیرۆریستییە چەکدارییەکانی مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە لەدوای خەلافەتی عوسمانییەوە، هیچ هێزێک نەیتوانیوە وەکو داعش بانگەشەی دامەزراندنی خەلافەت بکات، سەرلەبەری ئەو گۆڕانکارییانە پێکەوە نێوەرۆکی پارادایمی سیاسەتی دەرەوەی ئیسرائیل پێک دەهێنن.
ئەگەر ئیسرائیل بخوازێت، هەر دەستوەردانێک لە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکات، پێشبینی دەکرێت، لە ڕێگای کوردەوە بیکات و وەکو هاوپەیمانێکی ستراتیژی کاری لەگەڵدا بکات. بۆیە وێ دەچێت پشتگیریکردنی دەوڵەتی کوردستان، بەشێک بێت لە سیاسەتی ئیسرائیل لەبەرامبەر گۆڕانکارییە پێکهاتەیيیەکانی ناوچەکەدا، بەتایبەت کاتێک پڕۆسەی دووبارەداڕشتنەوەی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا بەڕێوەدەچێت. تا ئێستا یەکێک لە دەرەنجامەکانی ئەو قۆناغە، ئەوە بووە کە زۆرێک لە حکوومەتە نێوەندییە تەقلیدییەکان لە سوریا و میسر و لیبیا و یەمەن بەتەواوەتی لاوازبوونە و توانای کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی بارودۆخی خاک و جوگرافیای وڵاتەکانی خۆیان نەماوە و، لە دەرەنجامدا کۆمەڵێک ئەکتەری نوێی نادەوڵەتی دەرکەوتوونە.
لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە ئەو قۆناغە، قۆناغێکە لەگەڵ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی لە ناوچەکەدا یەک دەگرێتەوە. ئیتر حکوومەتە نێوەندییە عەرەبییەکان توانای دروستکردنی سوپا و دەستگای سەربازیی گەورەیان نەماوە؛ لەوەش گرنگتر، ئیتر ناوچەکە بە ناوی ناوچەیەکی عەرەبی ناناسرێت، کە هەر دەوڵەتی عەرەبیی تێدا بێت، بگرە کوردەکان لە ڕۆژاوای کوردستان تا ئێستا وەکو ئەکتەرێکی گرنگ دەرکەوتوونە و، هەرێمی کوردستانیش توانیویەتی وەکو بکەرێکی سەرەکی لە شەڕی دژ بە تیرۆردا دەربکەوێت. بۆیە نووسەرێک نووسیویەتی: ''کاتی کورد هات''، ئەو مێژووە درێژەی پێوەندیی نێوان ئیسرائیل و کورد، کە بەردەوام بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و نائاشکرا بووە، چووەتە قۆناغێکی نوێوە، ''پێشبینی دەکرێت ئەو پێوەندییە بگۆڕێت بۆ هێز و جۆرێکی دیکەی سیستەمی هەرێمایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا''.
گرنگترین خاڵەکانی پشتگیریی ئیسرائیل لە سەربەخۆیيی کوردستان لێرەدا ڕوون کراوەتەوە:
لەگەڵ ئەمەیشدا، ڕەنگە ئیسرائیل نەیەوێت پشتگیریکردنەکەی لە دەوڵەتی کوردستان ببێتە تێکچوونی پێوەندییەکانی لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانەی پشتگیری لە یەکپارچەیی عێراق دەکەن؛ لەوانە، ئەمریکا و تورکیا و ئێران. تەنانەت ئەگەر هەرێمی کوردستان هەروەک بەشێک لە عێراقیش بمێنێتەوە، پێشبینیی ئیسرائیل بۆ ئەو کیانە هەر بەردەوام دەبێت. کەواتە پشتگیريی ئیسرائیل بۆ کیانێکی کوردی، خۆی لە ستراتیژییەکی مێژووییدا دەبینێتەوە، نەک ئەوەی کە هەر تاکتیکێک بێت و پێوەندیی بە قۆناغێکی دیاریکراوەوە هەبێت. بەڵام گۆڕانکارییە نێوخۆیییەکانی هەرێمی کوردستان کاریگەریی گەورەی لەسەر ئەو پێوەندییە دەبێت. وەکو لە لێکۆڵینەوەکاندا هاتووە، لە ئەگەری زیادبوونی بڕشتی (نفوزی) ئێران لە هەرێمی کوردستاندا، ئیسرائیل ڕووبەڕووی دۆخ و بژاردەیەکی نادڵنیا لەمەڕ پشتگیریکردنی ئەو هەرێمەوە دەبێتەوە. بۆیە ئەو هێز یان هێزانەی لە کوردستان حوکمڕانی دەکەن و شێوازی پێوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتەکانی ناوچەکەدا، پێوەندییەکی گرنگی بە پشتگیریکردنی ئیسرائیل بۆ دەوڵەتی کوردستانەوە هەیە.
لەبنەڕەتدا، پشتگیریی ئیسرائیل بۆ کورد و دەوڵەتی کوردستان لەسەر بنەمای ئەو دۆکترینە دروست بووە، کە هاوپەیمانیی ناعەرەبی دروست بکرێت و لەدژی دەوڵەتە عەرەبییەکان و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئیسرائیل بەکار بهێنرێت. ڕوونتر بڵێین، هاوپەیمانییەک دروست بکرێت، نەک هەر ئیسرائیل بپارێزێت، بگرە لەدژی دەوڵەتە عەرەبییەکان و لەدژی ناسنامەی ئیسلامیی ئەو کیان و دەوڵەتانەش بێت. بۆیە ئەگەر هەر کیانێکی کوردی بیەوێت پشتگیریی ئیسرائیل بەدەست بێنێت، دەبێ لە دۆخێکدا بێت، کە دژایەتيی عەرەب بکات یان پێوەندییەکانی لەگەڵ عەرەب باش نەبێت. هەر لەم ڕوانگەیەوە لێکۆڵینەوەیەک ڕەخنە لە سەرۆکایەتيی هەرێم دەگرێت، چونکە لە کاتی کردنەوەی کونسوڵخانەی فەلەستیندا لە هەولێر، ئاماژەی بە ستەملێکراویی هەردوو نەتەوەی کورد و فەلەستین کردووە. لەبەرئەمە، لەمپەرێکی گەورەی بەردەم بڕیاردەرانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە چۆن هاوسەنگییەک لەنێوان پشتگیریی ئیسرائیل بۆ کورد و، پێوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیی سوننە و وڵاتە دراوسێکاندا دروست بکەن. چونکە ئەگەر کیانێکی کوردستانی ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر تورکیا و ئێران و وڵاتانی ناوچەکە، ئەو وڵاتانە زۆر زیاتر لە جاران دژایەتيی خۆیان لەهەمبەر سەربەخۆیی و کیانێکی کوردستانیدا دەردەبڕن.