داعش لە دامێنی شکستی سووریا و عێراقدا؛ گرفت و لێکەوتەی هەرەسی یەکە نێودەوڵەتییەکان

هەرچەندە داعش وەک گرنکترین ئەو بگۆڕانەی کە بە سەرهەڵدانی، گۆڕانکارییەکی گەورە لەسەر نەخشەی سیاسی و جیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەبێت و، لێکەوتە و کاریگەریی بێئەندازەی لەسەر دروستبوونی بۆشاییی ئاسایش و دروستکردنی سەرچاوەی هەڕەشە لەم ناوچەیە هەبوو، بە شێوەیەک کە بەشێک لەو وڵاتانە لە ئێستادا بە هۆی بوونی داعش تیایاندا، بە گەورەترین ناوچەی نائارام پێناسە دەکرێن؛ وەک هەر یەک لە وڵاتانی سووریا و عێراق. بۆیە ئەو پرسیارە سادەیە کە لەم وتارەدا بە دوای وەڵامیدا دەگەڕێین ئەوەیە: ئایە ئەو هۆکارانە چی بوون کە بوونە مایەی سەرهەڵدانی داعش لە سووریا و عێراق؟

پێویسته‌ هەڵوەستەیه‌ک بكه‌م لەسەر ئەو هەلومەرجە ئەمنی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەی کە دەرهاوێشتەی سەرهەڵدانی داعشن لە وڵاتە شکستخواردووەکانی وەک سووریا و عێراق؛ سەرەڕای ئەوەی کە داعش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و، لەو دوو وڵاتەی کە ناومان بردن بەتایبەتی، بەرەو لاوازی دەڕوات و پێگەی ستراتیژی و جیوئەمنیی خۆی لەدەست داوە. لەگەڵ ئەوەیشدا، نابێت لەبیرمان بچێت کە ئێمە تاوەکوو ئێستایش لە سەردەمی پاڕادایمی داعشداین و، کۆتایی بەو پاڕادایمە نەهاتووە.

لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد لە نێوان ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەتی جاران لە کۆتاییی هەشتاکانی سەدەی بیستەم، پرسگەلێک، کە بوون بە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی و نابەرقەراریی سیستەمی نێودەوڵەتی، بریتی بوون لە پرسی هەرەسی یەکە نێودەوڵەتییەکان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و کۆچی نایاساییی مرۆڤ و نەخۆشییە سنووربەزێنەکان و ماددە هۆشبەرەکان، لە سەرووی هەموویانەوە پرسی شکست و داڕمانی یەکە نێودەوڵەتییەکانە وەک شکستی سووریا و عێراق و چەندین وڵاتی دیکە.

دەستەواژەی "وڵاتانی شکستخواردوو" بۆ یەکەم جار لە لایەن سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، بیل کلنتن، بەکار هێنرا، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو وڵاتانەی کە نەیانتوانیوە ئەرکی سیاسی، ئیداری، ئابووری و سەروەریی خۆیان وەک پێویست بەدی بهێنن؛ کە ئەو کات مەبەستی بیل کلنتن هەر دوو وڵاتی ئەفغانستان لە سەردەمی بزووتنەوەی تاڵیبان و وڵاتی سۆمال بووە. بەو مانایەی کاتێک کە ئەو وڵاتە شکستخواردووانە نەتوانن ئاسایشی خۆیان بپارێزن، دەبن بە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و وڵاتانی دەوروبەر. هەروەها لە دوای ڕووداوی ١١ی سێپتەمبەری ساڵی ٢٠٠١ لە ئەمریکا، دەستەواژەی "وڵاتانی شکستخواردوو" هێدی هێدی دەبێتە جێی بایەخی پسپۆرانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و توێژینه‌وه‌ ئەمنییه‌كان و، دەبێتە بەشێک لە ئەدەبیاتی ئەو پسپۆرییانە و، لێکۆڵینەوە و تۆێژینەوەی زانستی لەسەر ئەو وڵاتانە دەکرێت کە کەوتوونەتە ئەو خانەوە، بە مەبەستی دەستنیشانکردنی ئەو هۆکارانەی کە کاریگەرییان لەسەر شکستی وڵاتان و دیاریکردنی پێوەرەکان و گرفت و لێکەوتەکانی هەیە.

لە ئێستایشدا ڕێکخراوی سندووقی ئاشتی (Found For Peace) بە هاوکاری لەگەڵ گۆڤاری سیاسەتی دەرەوە (Foreign Policy) کۆمەڵێک پێوەریان دەستنیشان کردووە بۆ ناساندنی ئەو وڵاتانەی کە دەکەونە ئەو چوارچێوەیەوە؛ هەر لە پێوەری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییه‌وه‌، تا پێوەری ئاسایش و ناسەقامگیری.

لە زۆربەی ئەو لێکۆڵینەوە و توێژینەوانەی کە لەو بارەیەوە کراون، دەرکەوتووە کە، کاتێک دەوڵەتێک وەک یەکەیەکی نێودەوڵەتی تووشی شکست و داڕمان دەبێت، ئەوا کۆمەڵێک  لێکەوتەی مەترسیدار لە ڕووی بۆشاییی ئاسایشەوە دروست دەکات. ئەم ئه‌تمۆسفیرە ئەنارشیستە، وا دەکات کە گرووپی ڕادیکالی بیرتوند نمە بکه‌ن و فەرمانڕەوایی لەسەر بنەمای ئایینی (Theocracy) دابمەزرێنن. لەو چەشنە هەلومەرجەدا، دەسەڵات لە ناوەندی دەوڵەتەوە، ناتوانێت سەروەریی خۆی بەسەر تەواوی هەرێمەکان و ناوچەکانی سەر بەو دەوڵەتە بسەپێنێت، بە شێوه‌یەک کە ئەو هەرێم و ناوچانە لەگەڵ ناوەنددا تووشی دابڕانی جوگرافی دەبن و بە شێوەی دەوڵەتگەلێکی بچووک (Semi States) ڕەفتار دەکەن و لە بری ناوەندێکی دەسەڵات، چەندین ناوەندی دەسەڵات و بە شێوەی جیاواز دروست دەبن.

ئەو ئه‌تمۆسفێرە ئەنارشیستەی، کە وەک ئاماژەمان پێ کرد لە ئەنجامی داڕمان و شکستی دەوڵەتانەوە دروست دەبێت و ڕێک لەسەر هەلومەرج و دۆخی سووریا و عێراق وێنا دەکرێت؛ لەوەی کە ئەو دوو وڵاتە بە هۆی شکستی ئەوانەوە داعش نمە دەکات و دەوڵەتی خۆی لەسەر بنەمای خەلافەتی ئیسلامی دادەمەزرێنێت. کەواتە داعش و ئه‌و ڕێکخراوانەی کە هاوشێوەی داعشن، لە ئەنجامی دروستبوونی ئەو ئەتمۆسفێرە هاتۆنەتە کایەوە، نەک ئەوان هۆکار بن بۆ سەرهەڵدانی ئەو ئەتمۆسفێرە. بە واتایەکی دیکە، داعش لە ئەنجامی شکستی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی ئەو وڵاتانه‌وه‌ هاتۆتە کایەوە، کە نەیانتوانیوە وەک پێویست دەوەڵەتداری بکەن و خاوەن سیستەمی سیاسیی جێگیر بن و ئابوورییەکی پتەویان هەبێت.

هەڵسەنگاندنی ژینگەی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی ئەو دوو وڵاتە و شیکردنەوەیان، پێویستیی بە خوێندنەوەیەکی بابەتی و پێوەرییە؛ ئەویش بە بەستنەوەی ئەو ژینگانە، بەو پێوەرانەی کە ڕێکخراوی سندووقی ئاشتی بە هاوکاری لەگەڵ گۆڤاری سیاسەتی دەرەوە بۆ پێناسەکردنی دەوڵەتی شکستخواردوو دایان ڕشتووە. سەرەڕای ئەوەی کە داعش وەک ڕێکخراو، لەدایکبووی ڕێکخراوی قاعیدەیە، بەڵام ئەوەی کە وای کرد داعش لە هەناوی ئەو ڕێکخراوە لەدایک بووبێت و دواتر گەشە بکات، بە شێوەیەک کە لە سەدا ٣٠ بۆ ٤٠ی خاکی ئەو دوو وڵاتەی بکەوێتە ژێر ڕکێفی، بریتی بوو لەو ژینگە و فەزایەی کە ناومان بردن.

لە ڕووی سیاسییەوە: سیستەمی سیاسی لەو دوو وڵاتە لەسەر بنەمای تائیفی داڕێژراوە، ئەویش سوودمەندبوونی پێکهاتەیەکە و بێبەشبوونی پێکهاتەیەکی دیکەیە لە جیاوکەکانی دەسەڵات. هەر لەسەر ئەو بنچینەیە، داعش توانیی لە ناوچە سوننەنشینەکانەوە گەشە بکات، خۆی پێ بگەیه‌نێت و ڕۆڵی پەراوێزی سوننەکان لە پڕۆسەی سیاسی و حوکمڕانییەت، بۆ دروستکردنی خۆی بقۆزێتەوە. کاتێکیش کە دامودەزگه‌کان و ده‌زگه‌ی بیرۆکراسیی سەر بە حکوومەتی ئەو دوو وڵاتە، لاواز و گەندەڵ بن و نەتوانن وەک پێویست خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بە هاووڵاتیان بکەن و کارەکانیان ڕایی بکەن، لەو گۆشەنیگایەوە داعش خۆی لە کۆمەڵێک دامودەزگه‌ و وەزارەت دەنوێنێت، بۆ جێگرتنەوەی ئەو دامودەزگه‌یانەی کە هاووڵاتیان گلەییان لێی هەبوو.

لە ڕووی ئابوورییەوە: ئەو دوو وڵاتە خاوەنی ئابوورییەکی لاواز و ناجێگیر بوون. داهاتی تاکەکەس لە خوارووی مامناوەند بووە. ڕێژەی بێکاریش بەپێی ئامارەکانی بەنکی نێودەوڵەتی و سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، لە زیادبووندا بووە. کاتێکیش بێکاری زۆر بێت، پەیوەندیکردن بە ڕێکخراوە توندڕەوەکان دەبێتە پیشە و وەزیفە؛ بۆیە داعش لە هەمبەر هەر پەیوەندیکردنێک بە خۆیانەوە، بڕێک پارەی دەبەخشی.

لە ڕووی کۆمەڵایەتی چڤاتییەوە: لەو دوو وڵاتەدا، جیاوازیی چینایەتی، لە نێوان چینی ئەریستۆکرات و پرۆلیتاریا، کە چینی خاوەن دەسەڵات و نفووز و چینی هاووڵاتیی ئاسایییە، زۆرە و ڕوو لە هەڵکشانە. کردەوە و هەڵسوکەوتی بەرپرسان و مناڵەکانیان لە بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و بە شێوەیەکی نایاسایی، هاووڵاتیانی ئاساییی تووشی جۆرێک لە هەستی نامۆیی دەکات لە هەمبەر نیشتمان، خاک، کۆمەڵگه‌، سیمبۆل، بەها و...هتد. بۆیە وەک پەرچەکردارێک لە دژی ئەو کردەوانە، بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە، خەڵکانێک خۆیان دەخزێننە نێو داعش و هاوڕێکخراوەکانی پەيوەندییان پێوە کردووە. لە کۆتاییدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم کە داعشیش ڕێکخراوێکی شکستخواردوو بوو و نەیتوانی ببێت بە ئەلتەرناتیڤی ئەو دوو وڵاتە لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئیدارییەوه‌ و، جگە لە ڕێکخستنێکی تۆقێنەر و ترسێنەری تیرۆر، نەیتوانی هیچ فۆرمێکی ئەقڵانی لە دەسەڵات پێشکەش بەو خەڵکانە بکات کە لە سنووری حوکمڕانیی خۆیان بوون. کۆتاییهاتن بەو ڕێکخراوەیش زەروورەتێکی حەتمییە. ئەو شەرەفە مێژوویییە و پڕ لە دەستکەوتە لەسەر دەستی "هێزی پێشمەرگەی کوردستان" تۆمار دەکرێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples