دەروازە: ئەڵمانیا وەک دەوڵەتێکی گرنگ لە ئاستی جیھان بەگشتی و، ئەوروپا بەتایبەت، سەیر دەکرێت. گرنگیی ئەڵمانیا، لە مێژوو و پێگە سیاسی و ئابووری و پیشەسازییەکەیەوە دێت. ئێمە لێرەدا ھەوڵ دەدەین تیشک بخەینە سەر گرنگیی ئەڵمانیا و، لە ھەمان کاتدا تیشک بخەینە سەر گەشەی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و باشووری کوردستان، پاشان دیدگهیەکی ئاییندەیی بخەینە ڕوو .
تەوەری یەکەم: ئەڵمانیای سیاسەت و پیشەسازی و ئابووری
١- ئەڵمانیا لە ڕووی سیاسییەوە لە ئاستی ئەوروپادا بە دەوڵەتێکی ھەرە گرنگ ئەژمار دەکرێت. ساڵانی ڕابردوو و تا ئێستایش، ئەڵمانیا ڕۆڵی گرنگی لە ئاراستەکردنی سیاسەتی یەکێتیی ئەوروپادا ھەبووە؛ لای زۆرێک لە توێژەران، ئەڵمانیا دەوڵەتێکی گوێلێگیراو و ڕێزلێگیراوی ناو یەکێتیی ئەوروپایە .
٢- لە پاش ئەمریکا و چین و ژاپۆن، ئەڵمانیا خاوەنی چوارەمین ئابووریی گەورەی جیھانە و، خاوەنی باشترین ئابووریی ئەوروپایە .
٣- توێژەران ڕایان وایە گەشەی ئابووریی ئەڵمانیا و پێگە ئابوورییەکەی، وای کردووە لە ڕووی ئابوورییەوە لەناو یەکێتیی ئەوروپادا جۆرێک لە هێژموون بۆ ئەڵمانیا بخوڵقێت. ئەم پێگەیە کاتێک دروست بوو کە ئەڵمانیا قۆناغی گەشەکردنێکی باشی ئابووری تێپەڕ کرد پاش چارەسەرکردنی گرفتە ئابوورییەکانی ئەڵمانیای ڕۆژھەڵات.
٤- بەگوێرەی وێبسایتی گلۆبال فایر پاوەر، ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠١٦ و ٢٠١٧دا لە ڕووی سەربازییەوە لە ڕیزبەندی ھەشتەمین دەوڵەتانی دونیایە؛ کە ئەم پێگەیەیش گرنگییەکی زۆر دەداتە ئەڵمانیا. لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کیشوەری ئەفریقایشدا ئەڵمانیا بەشداریی کارای لە چەندین پرۆسەی سەربازیدا ھەیە.
٥- ئەڵمانیا ئەندامێکی کارای "ناتۆ"یە.
تەوەری دووەم: باشووری کوردستان و ئەڵمانیا
١- ھەرێمی کوردستان وەک ئهکتەرێکی نادەوڵەتی، توانیویەتی ڕایەڵەیەکی فراوانی پەیوەندی لەگەڵ ئەڵمانیادا دروست بکات. ئەم پەیوەندییە سیاسییە - دیبلۆماسییە لە کاتی جەنگی دژی داعش و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە لایەن ھێزی پێشمەرگەوە، بەرەو ھەڵکشانی زیاتر چوو؛ ١٥٠ ڕاھێنەر و ڕاوێژکاری سەربازیی ئەڵمانی لە کوردستاندا ھاوکاری پێشکەشی پێشمەرگە دەکەن. ئەم بابەتەیش ڕەھەندێکی یاساییی ھەیە و لە پەرلەمانی ئەڵمانیا دەنگی لەسەر دراوە و تا ساڵی ٢٠١٨ درێژ کراوەتەوە. بۆ ئەڵمانیا ئەمە یەکەمین ساتە لە دوای جەنگی جیھانیی دووەمەوە چەک بداتە ھاوپەیمانێکی خۆی و، ئامادەسازی بکات بۆ ھاریکاریی سەربازی. ئەڵمانیا نەک لەگەڵ ئهکتەرە نادەوڵەتییەکان، بەڵکوو لەگەڵ ئهکتەرە دەوڵەتییەکانیشدا ئەو چەکھەناردەکردنەی نەبووە؛ ئەمەیش بەرھەمی کۆمەڵێک بەھای گرنگە کە کوردستان توانیویەتی لە بواری دیبلۆماسیدا وەبەرھێنانی پێ بکات و، بە سوودی خۆی بەکاری بھێنێت.
٢- ھاریکاریی پێدانی چەکی ئەڵمانی بە ھێزی پێشمەرگە، کە لە ١٠٠ ملیۆن یۆرۆ تێپەڕی کرد، دەرخەری نیشانەیەکی پۆزەتیڤی پەیوەندییەکانی نێوان باشووری کوردستان و ئەڵمانیایە. ئەمەیش بۆتە ھاریکارییهكی گرنگ بۆ ھێزی پێشمەرگە لە دۆخی سەختی جەنگ دژی داعشدا. تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠٠ تۆن چەک بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕەوانە کراوە.
٣- ھەرێمی کوردستان ئەگەر خوازیار بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا پێگەیەکی باشی ھەبێت و، بە ھەمان جۆریش لەناو یەکێتیی ئەوروپادا ئهکتەرێکی ڕێزلێگیراو بێت، پێویستە لەگەڵ ئەڵمانیا لە پەیوەندیی باش و بەردەوامدا بێت. چونکە ئەڵمانیا لە پاڵ فەڕەنسا و ئیتاڵیا، وەک لە وتاری پێشوودا ڕوونمان کردەوە، بە سێکوچکەی ھێژموونگەرا ئەژمار دەکرێن؛ کە بەبێ ئەوان مانایەک بۆ یەکێتیی ئەوروپا نامێنێتەوە.
٤- باشووری کوردستان دەتوانێت لە ئاییندەدا یەکێک بێت لە سەرچاوەکانی دابینکردنی وزە بۆ ئەڵمانیا لە ڕووی گازی سروشتییەوە؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە کوردستان خاوەن یەدەگێکی زۆری گازی سروشتییە. بۆ ئەڵمانیایش گرنگە، لەگەڵ کوردستان لە پەیوەندیی باش و بەردەوامدا بێت؛ بە حوکمی ھەڵکەوتەی جوگرافیاییی کوردستان و باری جیۆسیاسیی کوردستان.
٥- کۆنگرەی ئاسایش لە میونخ، کە ساڵانە ساز دەکرێت، ھەرێمی کوردستانی بانگھێشت نەدەکرد، بەڵام پاش قارەمانێتیی پێشمەرگە و ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان و ھەوڵەکانی ئەڵمانیا بۆ بەشداریکردنی ھەرێمی کوردستان لەو کۆنگرەیەدا، لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٦دا شاندی ھەرێمی کوردستان، کە سەرۆکی ھەرێم سەرۆکایەتیی دەکرد، لە کۆنگرەکەدا بەشدار بوون. بەشداربوون لەم کۆنگرەیەدا کە ئەڵمانەکان ڕۆڵیان تێدا گیرا، تەنیا بەھایەکی ڕەمزیی نییە، بەڵکوو دەرفەتێکە بۆ گەشەکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسیپەکانی کوردستان لەگەڵ دنیای دەرەوە.
٦- بۆ ھەرێمی کوردستان گرنگە، جیا لە بوارە سیاسی و سەربازییەکە، ھەوڵی توندوتۆڵکردنی پەیوەندییە کهلتووری و زانستییەکان لەگەڵ ئەڵمانیا بدات؛ چونکە پاشخانێکی دەوڵەمەندی لەو بوارانەدا ھەیە. دەکرێت تۆڕی پەیوەندییەکان فراوان بکرێت بۆ سوودوەرگرتن لە ناوەندە ئەکادیمییەکان و ناوەندە تەکنەلۆژییەکان؛ ئەزموونی ئەڵمانیا بۆ کوردستان گرنگیی تایبەتی ھەیە.
٧- باشووری کوردستان لە کاتی بەدەستھێنانی سەربەخۆییدا، پێویستیی بە پشتگیریی دەوڵەتانی گەورە ھەیە، لەنێویشیاندا ئەڵمانیا؛ نەک تەنیا بۆ داننان بە سەربەخۆییی کوردستان وەک دەوڵەتێک، بەڵکوو بۆ پارێزگاریلێکردنیشی.
پوختە: گرنگە ھەرێمی کوردستان، لە پاڵ ھەنگاونان بۆ بەدیموکراسیکردنی حوکمڕانی لە باشووری کوردستان، لە ھەوڵی بەردەوامدا بێت بۆ گەشەکردنی ئاستی پەیوەندییە سیاسی و بازرگانی و سەربازی و کهلتوورییەکانی. ئەڵمانیای داینەمۆی ئابووریی ئێستای یەکێتیی ئەوروپا، گرنگیی تایبەتی خۆی ھەیە. لە ئاستی سیاسیدا، جێگەی بایەخە کوردستان لەگەڵ دەوڵەتێکی گرنگی ئەوروپی وەک ئەڵمانیادا ھاوپەیوەند بێت. لە ئاستی سەربازیدا، گرنگە کوردستان بتوانێت لە چەکی پێشکەوتووی سەربازی، وەک g٨ و دژەتانک سوودمەند بێت و، لەو بوارەیشدا بتوانێت لەشکری پێشمەرگەی کوردستان لە ڕووی چەک و ڕاھێنان و پەروەردەی سەربازیی مۆدێرنهوه زیاتر دامەزراوەیی بکات.
ئەڵمانیا لە بواری بازرگانی و ئابووریدا دەتوانێت ھاوکار بێت بۆ کوردستان و تێپەڕاندنی تەنگژە دارایییەکانی کوردستان. کوردستانیش دەتوانێت ژینگەیەکی گرنگی کار و کەرەستە بێت بۆ کۆمپانیا ئەڵمانییەکان، بەتایبەت لە بواری وزە. کوالێتیی ئاستی زانستی لە کوردستان، پێویستیی بە بەرزبوونەوە ھەیە؛ بۆ ئەم مەبەستە گرنگە کوردستان سوود لە دامەزراوە زانستییەکانی ئەڵمانیا وەربگرێت. لە کۆتاییدا دەکرێت وەک پێشنیار ئەوە بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بخرێتە ڕوو، کە ئێستا قۆناغی ئامادەسازییە بۆ واژووکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی گشتگیر، یان لانی کەم ھاوشێوەی یاداشتەکەی کوردستان – فەڕەنسای ساڵی ٢٠١٠؛ کە دەبێتە مایەی کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ لە پەیوەندیی کوردستان بە ئەڵمانیاوە.