دەروازە: لە دوو وتاری پێشوودا باسمان لە گرنگیی پەیوەندیی نێوان دوو دەوڵەتی گرنگی ناو یەکێتیی ئەوروپا کرد، ئەوانیش فەرەنسا و ئەڵمانیا بوون. لەم وتارەیشدا، گرنگە تیشک بخەینە سەر گرنگیی دەوڵەتی ئیتاڵیا و پێگەی لەسەر ئاستی جیھان و ھەرێمایەتی و، گرنگیی ئەم دەوڵەتە بۆ باشووری کوردستان، پاشان تیشک بخەینە سەر ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان ئیتاڵیا و باشووری کوردستان و ئاییندەی ئەو پەیوەندییەی لە ئێستادا بوونی ھەیە.
گرنگیی ئیتاڵیا لە ئەوروپادا: ئیتاڵیا لەناو ئهوروپادا بە یەکێک لەو دەوڵەتانە ئەژمار دەکرێت کە لە چەند قۆناغێکی مێژووییی گرنگدا بۆ بنیاتنانی ئەوروپایەکی یەکگرتوو، ڕۆڵی گرنگی گێڕاوە؛ ئەوروپایەک کە لانی کەم لە ڕووی ئابوورییەوە ڕێکخراو بێت و لە ڕووی سیاسییەوە ھەماھەنگکار بێت. لە پایزی ١٩٤١دا ئەلتیرۆ سبینیلی و ئیرنوستۆ ڕووسی، کە بۆ دوورگەی فینتۆتینی دوور خرابوونەوە، بنەماکانی مانیفیستۆی ئەوروپایەکی فیدراڵیان ڕاگەیاند. لە ساڵی ١٩٥٧یشدا، ئیتاڵیا میوانداریی واژووکردنی ڕێککەوتننامەی گرووپی ئابووریی ئەوروپی (CEE) و، ھەروەھا گرووپی ئەوروپی بۆ ئەتۆم (EURATOM) کرد. ئەمانە تەنیا ھەوڵە سەرەتایییەکانن؛ لە پاش ئەوە دەیان ھەوڵ و کاری جۆراوجۆری گرنگ، بوونیان ھەیە کە ئیتاڵیا ڕۆڵی گرنگی لە بنیاتنانی ئەوروپایەکی یەکگرتووی بواری ئابووری و ھەماھەنگکاری بواری سیاسیدا ھەبووە. لێرەوە دەمانەوێت بڵێین ئیتاڵیا دەوڵەتێکی تەماشاکاری دۆخی ئەوروپی نەبووە بە درێژاییی مێژوو، بهڵكوو دەوڵەتێک بووە ڕۆڵ و گرنگیی ھەبووە لەو دۆخەی کە ئێستا ئەوروپا پێی گەیشتووە. ئەمەیش وامان لێ دەکات کە بتوانین بڵێین ئیتاڵیا لەناو یەکێتیی ئەوروپادا دەوڵەتێکی خاوەن پێگە و بڕیارە و، بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی پێکھێنان و مانەوه و بەردەوامبوونی ئەو یەکێتییە دادەنرێت.
ئیتاڵیا لە ڕووی دانیشتووانەوە چوارەمین دەوڵەتی ناو یەکێتیی ئەوروپایە و، لە ڕووی ئابوورییشەوە سێیەمین دەوڵەتی ئابووریی بەھێزی ئەوروپایە، جیوسیب دی ئەرکانجیلیس، شارەزای ئابووری لە زانکۆی لاسابینزا، ئاماژە بە گرنگیی ھەڵکەوتەی جوگرافیایی و بەھێزیی ئابووریی ئیتاڵیا و بابەتی کۆچبەران بۆ زیاتر بەھێزبوونی ڕۆڵی ئیتاڵیا لەناو یەکێتیی ئەوروپادا دەکات و، لای وایە ئیتاڵیا ئێستا یەکێکە لەو دەوڵەتانەی کە لە ئاستێکی پێشکەوتوودا ڕۆڵی لە دروستکردنی بڕیاری ئەوروپی لە زۆربەی بوارەکاندا ھەیە.
گرنگیی ئابووری و سەربازی: لە ڕووی ئابوورییەوە، ئیتاڵیا ئەندامی ھەر دوو گرووپی (G8) و (G20)ە، کە دوو گرووپی ئابووریی گەورەی جیھانن و ڕۆڵی سەرەکی لە ئابووریی جیھاندا دەگێڕن. لە ڕووی سەربازییشەوە بەگوێرەی پۆلێنکردنە جیھانییە باوەرپێکراوەکان، ئیتاڵیا لە ڕووی سەربازییەوە خاوەنی ھێزێکی گەورەی سەربازییە بە ھەموو ڕەھەندەکانییەوە؛ کە لە پلەی ١٠دا دێت.
گرنگیی ئیتاڵیا بۆ ھەرێمی کوردستان: بە مەبەستی ڕاگەیشتن بە گۆرانکارییەکان و زیادکردنی دۆستەکان و تێکەڵبوونی ئەرێنی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، باشووری کوردستان پێویستیی بە ھەنگاوی گرنگ و چوونەپێشەوە ھەیە لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی خاوەن پێگەن؛ چ لە ئاستی نێودەوڵەتی و، چ لە ئاستی ھەرێمایەتی. ئیتاڵیایش یەکێکە لە و دەوڵەتانەی کە پێویستە ھەرێمی کوردستان لەگەڵیدا لە پەیوەندیی بەردەوامدا بێت. پاش پراکتیزەکردنی دیپلۆماسییەتی کرانەوە و گەڕان بە دوای ناسنامهیهكی دیپلۆماسیی کوردیی دامەزراودا، ئێستا ھەرێمی کوردستان لە دۆخێکی جیاوازتر لە ڕابردووی خۆیدایه. دۆخێکە تۆڕەکانی پەیوەندیی دیپلۆماسیی کوردی، فراوان بوون؛ ھەرێمی کوردستان و پێگە جوگرافییەکەی و بابەتی ئینێرژی و سیاسەتی کرانەوە و لێبووردەییی ئایینی و ئایینزایی لە باشووری کوردستاندا، بوونەتە یەک لە ھۆکارەکان بۆ ئەم فراوانبوونەی پەیوەندیی دیپلۆماسی. لە ئێستایشدا کوردستان، پێی ناوەتە قۆناغی پرۆتۆدیپلۆماسییهوه و، جووڵە سیاسییەکانی خستۆتە ناو چوارچێوەیەکی نووسراوەوە؛ ھەرچەندە لە ئێستادا قۆناغی پرۆتۆدیپلۆماسییەتی کوردی لە ئاستێکی سەرەتاییدایە، بەڵام ئومێدی بەرەوپێشچوونی لێ دەکرێت. لە ڕوانگەی ئەو گەشەکردنەی پەیوەندیی نێوان باشووری کوردستان و ئیتاڵیاوە، دەکرێت چەند سێکتەرێکی گرنگ لە پەیوەندی، دیاری بکەین، کە کۆی گشتییەکەی بە بوونی پەیوەندییەکی پۆزەتیڤی نێوان ئهکتەرێکی دەوڵەتی و ئهکتەرێکی نادەوڵەتی ناودێر دەکرێت :
١- لە بواری سیاسیدا: پەیوەندییەکانی نێوان ئیتاڵیا و باشووری کوردستان لە قۆناغی پەیوەندییەکی مرۆیییەوە، کە ساڵانی نەوەدەکانی چاخی ڕابردوو وا دەردەکەوت، گواستراوەتەوە بۆ پەیوەندییەکی سیاسی. پاش جەنگی ٢٠٠٣ی عێراق و سوودوەرگرتنی کوردستان لەو کرانەوە سیاسییەی لە ناوچەکەدا ڕووی دا، کوردستان بەگوێرەی قۆناغبەندییەک توانیی ڕایەڵەیەکی گرنگی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی و ئەوروپیدا بنیات بنێ. کرانەوەی بازارەکانی کوردستان بە ڕووی دنیا و دەرفەتی وەبەرھێنان لە گشت بوارەکاندا، کوردستانی خستە ناو ئەو تۆڕە بەرفراوانەی پەیوەندییەوە. ئیتاڵیایش یەکێک بوو لەو دەوڵەتە ئەوروپییانەی ههر زوو لە گرنگیی باشووری کوردستان و ئاییندەکەی تێ گەیشت؛ بۆیە ھاوتەریب بە چوونەپێشەوەی کوردستان بۆ ئیتاڵیا، بە ھەمان ئاست ئیتاڵیایش ئامادەییی ھەبوو بۆ ھاتنەپێشەوە لە کوردستان. پەیوەندییە مرۆیییەکانی ٢٥ ساڵی ڕابردوو، بوونە پەیوەندیی سیاسیی ئاستبەرز. ئیتاڵیا، بەفەرمی لەگەڵ سەرۆکایەتیی ھەرێم و پەرلەمان و حکوومەتی باشووری کوردستاندا پەیوەندیی بەست. ئەمەیش دەیان سەردان و دیداری سیاسیی گرنگی ھەر دوو لای لێ کەوتۆتەوە، لەوانە: سەردانی چەندینجارەی بارزانی بۆ ئیتاڵیا لەسەر بانگھێشتی دەوڵەتی ئیتاڵیا و، سەردانی وەڤدی پەرلەمان و حکوومەتی باشووری کوردستان بۆ ئیتاڵیا، بە ھەمان شێوە سەردانی پیترۆگراسۆ سەرۆکی ئەنجومەنی پیرانی ئیتاڵیا و وەزیرەکانی دەرەوه و بەرگری و پەرلەمانی ئیتاڵیا بۆ کوردستان.
٢- لە بواری سەربازیدا: ھاوکاری و پشتگیرییە سەربازییەکانی ئیتاڵیا بۆ کوردستان، لەو ساتانەوە دەستی پێ کرد کە کوردستان ڕووبەڕووی جەنگی تیرۆریستانی داعش بووەوە. خۆراگریی پێشمەرگە و قارەمانێتییان و تێکشکاندنی داعش لە ناوچەکەدا، ئیتاڵیای ھێنایە سەر خەتی ھاوکاریکردنی سەربازی بۆ باشووری کوردستان؛ دیارە ئەمەیش ئەنجامی بوونی ڕایەڵەیەک پەیوەندیی سیاسی بوو، لەگەڵ بوونی زەمینەیەکی باشی پەیوەندیی ئابووریی دوولایەنە. ماڵپەڕی پانۆرامای ئیتاڵیا پێش ساڵێک ڕای گەیاند کە مەشقکارە ئیتاڵییەکان لە کوردستاندا، مەشق و ھاوکاریی لۆجیستی پێشکەش بە ٣٠٠ پێشمەرگەی کوردستان دەکەن. جیا لەوەیش، لە ماوەی ٨ مانگی ڕابردوودا (لە مانگی ٥ی ساڵی ٢٠١٦ تا ١-٢-٢٠١٧) دوو جار ڕوبیرتا بینۆتی، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا و شاندێکی سەربازیی ئیتاڵی، کە سەرۆکئەرکانی سوپای ئیتاڵیایش لەنێویاندا بوو، سەردانی کوردستانیان کردووە و، پەیامی پشتگیرییان بە حکوومەتی کوردستان داوە و، جەخت لەسەر ھاریکاریی پێشمەرگە دەکەنەوە و دەستەواژەی "شانازی دەکەین كه ھاوکاریی پێشمەرگە دەکەین" بەکار دەھێنن.
٣- لە بواری ئابووریدا: لە کوردستاندا دەیان کۆمپانیای ئیتاڵی لە گشت بوارەکاندا لەکاردان. ڕەنگە قەیرانی داراییی ئێستای کوردستان ڕێگەی بە فراوانبوونی ژمارەی کۆمپانیاکان نەدابێت، بەڵام پەیوەندییەکی گرنگی بازرگانی لە نێوان کوردستان و ئیتاڵیادا لە زۆر لە بوارەکاندا بوونی ھەیە: بواری وزە و کارەبا و پەروەردە و تەندروستی و بیناسازی و کشتوکاڵ لە گرنگترین بواری کاری کۆمپانیا ئیتاڵییەکان بوون. بەشێکی زۆر لەو کۆمپانیایانە لە ڕێگهی کۆمپانیای "ئیتاڵیا ئیکسپۆ"دا ڕێک خراون و لە پێشانگهکان بەشدار دەبن، کە لە کوردستاندا ساڵانە ئەنجام دەدرێت و، ھاوکار بوون لە پێشکەشکردنی تەکنەلۆژیی بواری کشتوکاڵی بە کوردستان. بە ھەمان شێوە، ساڵانە کۆڕبەندی ئابووریی ئیتاڵیا ئەنجام دەدرێت و، کۆمپانیاکانی باشووری کوردستان بەشداریی تێدا دەکەن
٤- لە بواری پەروەردە و فێرکردندا: ئیتاڵیا دەوڵەتێکی گرنگ و پێشکەوتووی بواری زانست و پەروەردەیە؛ لەم بوارەدا، کوردستان توانیویەتی سوود لە ئیتاڵیا وەربگرێت و، بە ھەمان شێوەیش ئیتاڵیا لە ڕووی ماددییەوە لە کوردستان سوودمەند بووە. لە ٢٢—٥-٢٠١٢وە، باڵوێزی فەڕەنسا یاداشتی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای کوردستان واژوو کردووە بۆ پێدانی ڤیزهی خوێندن و ئاسانکاری بۆ کاندیدانی تواناسازیی ھەرێمی کوردستان و، زانکۆ و دامەزراوە پەروەردەیییەکانی ئیتاڵیایان لە بەردەم کوردستاندا واڵا کردووە؛ کە دواجار دوولایەنە سوودمەند دەبن. جیا لەو چوار بوارە، چەندین بواری دیکەی پەیوەندیی دوولایەنە، بوونیان ھەیە.
کۆتایی: ڕوانگەیەک بۆ ئاییندەی پەیوەندییەکان: باشووری کوردستان، بە حوکمی دۆخی وابەستەکراوی بە عێراقەوە کە لە قۆناغێکی مێژووییدا بەو دەوڵەتەوە لکاوە، باشترین ڕێگهچارەی، ھەنگاونانە بە مەبەستی سازدان و بنیاتنانی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی پێشکەوتوو و بەھێز، کە لە قۆناغی ئاییندەی بڕیاردانی باشووری کوردستاندا، بتوانن سوودێک، یان ھەڵوێستێکی پۆزەتیڤیان بۆی ھەبێت. کوردستان بەگوێرەی ئەو پێوەرانەی لە زانستی دیپلۆماسییەتدا بۆ گەشەکردنی ئاست و ڕایەڵەی پەیوەندیی دیپلۆماسی، پشتیان پێ دەبەسترێت، ئێستا لە قۆناغی گەشەکردنێکی بەرچاوی پەیوەندیی دیپلۆماسیدایه. ئەم گەشەکردنەی پەیوەندیی دیپلۆماسیی باشووری کوردستان بە دنیای دەرەوە، بەتایبەت ڕۆژاوای ئەوروپا، بووهتە جێگهی تێبینیی زۆر لە دەوڵەتانی ناوچەکەیش؛ کە ئەمەیش وای لە کوردستان کردووە وەک ئهکتەرێکی دەوڵەتی دەربکەوێت، کە لە واقعدا ئهکتەرێکی نادەوڵەتییە. ئیتاڵیایش وەک دەوڵەتێکی گرنگی ئەوروپا و ڕێڕەوی داھاتووی وزە بۆ ئەوروپا و دەوڵەتێکی پیشەسازی و خاوەن ئابوورییەکی بەھێز و خاوەن دەیەمین ھێزی سەربازیی جیھان و ئەندامی کارای سەدان ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتیی گرنگ لە بواری سیاسی، ئابووری، سەربازی، کهلتووری، پەروەرددەیی، کشتوکاڵی و ژینگەیی و...، گرنگە لەگەڵ کوردستاندا خاوەن پەیوەندیی بەردەوام بێت. ئەم مامەڵە دیپلۆماسییەی بەر لە دەوڵەتبوونی کوردستان، وای لێ دەخوێنرێتەوە کە سوودێکی گرنگی بۆ قۆناغی پاش دەوڵەتبوون ھەبێت و، کوردستان وەک ئەندامێکی کارای ئەرێنیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بناسێنێت.
سەرچاوەکان :
1- http://www.hawlergov.org/ku/article.php?id=1452412022