ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چەند ساڵی ڕابردودا، تا ئێستا، دوو بگۆڕی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە: بەهاری عەرەبی و داعش. هەردووکیان کاریگەرییەکی بێئەندازهیان لەسەر سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هێز و گرتنەبەری سیاسەتگەلێکی جیاواز و خۆێندنەوەی ستراتیژیی هەنووکەیی و ئاییندەیی بۆ هەڵومەرجەکان و ئەگەرەکان هەبووە و هەیانە، سەرباری ئەوەی کە بە هۆی ئەو دوو بگۆڕەوە یەکە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، ناوچەکەیان کردۆتە گۆمێکی گەورە، بەتایبەتی لە سووریادا؛ هەر یەکەیان دەیەوێ لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە ئەو گۆمە بشلهقێنێ و، خەریکی دروستکردنی هێز و ناوچەی نفووز بن.
دۆخی سووریا، ئەو هەلومەرجە کۆتاییپێنەهاتووەیە کە لە پاڕادایمی بەهاری عەرەبیدا تایبەتمەندیی سیاسی و ئاسایشی و جیۆپۆلیتیکیی هەیە. بە گوزارشتێکی دیکە، سووریا ئەو هەلومەرجەیە کە تەواوی هێزەکان (هێزی لۆکاڵی، هەرێمی و نێودەوڵەتی)، خەریکی دروستکردنی ناوچەی نفووز و سەپاندنی هێژموونین، بە شێویەیهک کە هەر یەک لەم هێزانە بە پێوەری خۆی هەڵسەنگاندن بۆ چۆنیەتیی ئیدارەدانی ئەو دۆخە دەکات.
تورکیا یەکێکە لەو ئەکتەر و هێزە هەرێمییانەی کە لەو کارلێکە سیاسییانەی کە ئاماژەمان پێ کرد، لە گرتنەبەری هەموو چەشنە سیاسەتێک (سیاسەتی دەستێوەردانی ناڕاستەوخۆ بۆ ڕاستەوخۆ، سیاسەتی هاوپەیمانێتی Coalition Politics و سیاسەتی جەنگی بەوەکالەت Proxy War) و تاقیکردنەوەی هەموو جۆرە هێزێک (هێزی نەرمSoft Power، هێزی ڕەق Hard Power، هێزی زیرەک (Smart Power، ڕۆڵێکی مەزن دەبینێت.
لە دەسپێکی سەرهەڵدانی دۆخی سووریا و گرژبوونی ئەو دۆخە و دروستبوونی ململانێکان و پێکدادانی هێزەکان لەو وڵاتە، تورکیا لە ڕێگهی پیادەکردنی سیاسەتی جەنگی بەوەکالەت و لەخۆگرتنی گرووپی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سیاسەتی جەمسەربەندیی هەرێمی و پەنابردن بۆ هێزی نەرم لە ڕێگهی ئامرازە سیاسی و دیپلۆماسییەکانهوه، ڕۆڵێکی ناڕاستەوخۆی لە ئیدارەدانی ئەو دۆخەدا بینی. ئامانجی سەرەکیی تورکیا لەو چەشنە تێڕوانینە و دەستێوەردانە ناڕاستەوخۆیەی لە ئیدارەکردنی قەیرانی سووریا و چارەسەرکردنی، بریتی بوو لە لابردنی بەشار ئەسەد لەسەر جلەوی دەسەڵات و دروستکردنی ڕژێمێک و حکوومەتێک تازە لە لایەن ئەو گرووپە ئۆپۆزیسیۆنانەی کە تورکیا یارمەتیی دەدان و ڕێنوێنیی دەکردن. ئەو تێروانینەی تورکیا لە وەدا کورت دەکرایەوە و خوێندنەوەی بۆ دەکرا، کە ئەو وڵاتە دەیویست سووریای "پۆست-بەشار ئەسەد" بەشێک بێت لە ناوچەی نفووز و هێژموونیی سیاسەتی تورکیا و هاوپەیمانی ئەو وڵاتە. هەروەها تورکیا لەو دەستێوەردانە ناڕاستەوخۆیەی لە سووریا، بە نیاز بوو بە کەمترین زیانی ئابووری و سیاسی، بە ئامانجە سەرەکییەکەی بگات، هاوکات دەیویست هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ پێشڤەچوونە سیاسی و سەربازییەکانی "پهیهده" لە ڕۆژاوای کوردستان مامەڵه بکات، بەڵام ئەو سیاسەتەی تورکیا شکستی هێنا و، نەک هەر نەیتوانی ئامانجەکانی بپێکێت، بەڵکوو تورکیا بوو بە هێزێکی پەراوێز و، چووە دەرەوەی هاوکێشەکانی هێزهوه.
ئەو ڕۆڵە پەراوێزەی تورکیا زیانێکی گەورەی بە ئامانجە ستراتیژییەکانی گەیاند؛ لە لایەک هێزەکانی سووریای دیموکرات و پهیهده لە ڕووی سەربازییەوە پێشڤەچوونی زێتریان بە خۆیەوە بینی و گەیشتنە نێو شارۆچکەی منبج، لە لایەکی دیکەیشەوە لە ڕووی سیاسییەوە کانتۆنەکانی ڕۆژاوا وەک فۆرمێک لە سیستەمی سیاسی، گۆڕا بۆ سیستەمی فیدراڵی و، جۆرێک لە پاڵپشتیی نێودەوڵهتی لە لایەن ئەمریکا و ڕووسیاوە بۆ هێزە کوردییەکان هەستی پێ دەکرا. هەروەها پێگەی بەشار ئەسەد بەهێزتر بوو و شانسی مانەوەی لە دەسەڵات زێتر بوو؛ بەو شێویەیش سووریا لە بری ئەوەی ببێت بە ناوچەی نفووزی تورکیا، بەپێچەوانەوە، بوو بە ناوچەی هەڕەشە بۆ ئەو وڵاتە. ئەو گۆڕانکارییانە لە پرسی ڕۆڵی تورکیا، هاوتەریب بوو لەگەڵ ڕووداوی کەوتنی فڕۆکەی ڕووسیا لە لایەن سوپای تورکیاوە، بەو شێوەیەیش پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ یەکێک لە گرنکترین ئەو هێزانەی کە کاریگەریی لەسەر کۆی هاوکێشەکانی هێز لە سووریادا هەیە، تێک دەچێت؛ ئەویش ڕووسیایە. لە پاڵ ئەو هەلومەرجانەی کە ئاماژەمان پێ کرد و تورکیای لە سووریا تووشی قەیرانی ڕۆڵ كرد، هاوکات لەسەر ئاستی ناوخۆی تورکیایش ڕووداوێکی گەورە و لەناکاو ڕووی دا؛ ئەویش کۆدەتا سەربازییەکە بوو. ئەو ڕووداوە مێژوویییەی تورکیا، هێندەی دیکە ئەو وڵاتەی تووشی قەیرانی ڕۆڵ لە سووریادا كرد؛ لە ڕۆڵی پەراوێزهوه بۆ نەمانی ڕۆڵ، چونکە حکوومەتی ئاکەپە و دروستکەرانی بڕیار، ئیدی سەرقاڵی سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی سیاسەتی ناوخۆ و سوپای تورکیا بوون. بۆیە بڕیاربەدەستان و حکوومەتی تورکیا، هەر زوو هەستیان بە مەترسیی ئەو هەلومەرجانە کرد و، زوو کەوتنە داڕشتنی ستراتیژییەتێکی نوێ بۆ سەرلەنوێ دروستکردنەوەی ڕۆڵ بۆ تورکیا و، بوونی بەشێک لە هاوکێشە نوێیهکانی هێز لە سووریا.
ئەو ستراتیژییەتە نوێیهی تورکیا، نەک هەر توانیی ڕۆڵ بۆ تورکیا دروست بکاتەوە، بەڵکوو ئەو وڵاتە دەبێتە ڕەگەزێکی گرنگی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هاوکێشەکانی هێز لە سووریا. لەو بارەیەوە، چهند پرسیارێك دهخرێنه ڕوو: ڕۆڵی تورکیا، لە نەمانی ڕۆڵهوه بۆ ڕۆڵی سەرەکی لە مهسهلهی ئیدارەدانی پرسی سووریا، چۆن بنیات نرایەوە؟ ئایە ئەو سیاسەتە نوێیانە چین، کە تورکیا لەو بارەیەوە پەیڕەوی کردوون؟ ئامانجی نوێی ئەو ڵاتە لە سووریا چییە؟
هەنگاوی یەکەم بۆ بنیاتنانەوەی ڕۆڵی تورکیا لە سووریا، لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ڕووسیا دەستی پێ کرد؛ بەو مانایەی کە ڕووسیا دەرگهی سووریای سەرلەنوێ بە ڕووی تورکیادا کردەوە، واتە بەبێ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا، ئهستەم بوو تورکیا بتوانێت ڕۆڵی خۆی بنیات بنێتەوە. دوای ئەم هەنگاوە، تورکیا سیاسەتگەلێکی نوێی گرتە بەر؛ لە جەنگی بەوەکالەتهوه بۆ دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ و لە هێزی نەرمهوه بۆ هێزی ڕەق، واتە لە دەستێوەردانی سیاسی، بۆ دەستێوەردانی سەربازی. توركیا دهبیته فاكتهریكی گرنگ بۆ سهرلهنوی داڕشتنهوهی هاوكێشهكانی هێز له سووریادا، ئهویش له ڕێگای دروستكردنی بهرهبهندییهك و جهمسهریكی تازه، له جهمسهری ههریمی ههریمی بۆ جهمسهرێکی ههریمی نێودهولهتی.
بە دیوێکی دیکە، تورکیا کاتێک کە لە هێزگەلێکی هەرێمی، جەمسەرێکی هەرێمی پێک دەهێنێ، وەک ئەو جەمسەرە هەرێمییەی کە لە هەر یەک لە وڵاتانی تورکیا و سعوودیا و قەتەر دروست ببوو بۆ ئیدارەدانی دۆخی سووریا، لە گێڕانی ڕۆڵ و گەیشتن بە ئامانجەکانی شکست دەهێنێت، ئەو کاتە سیاسەتێکی هاوپەیمانی (Coalition Politics)ی نوێ دەگرێتە بەر و دەبێتە بەشێک لە هاوکێشەی هێزى نوێ؛ ئەو هاوکێشە نوێیەیش لە هێزگەلێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی پێک هاتووە، وەک هێزی تورکیا، ئێران و ڕووسیا.
بەو شێوەیەیش، بە چوونی تورکیا بۆ نێو هاوکێشەی نوێوه، تورکیا لاسەنگیی هێز بۆ لای ئەو بەرەبەندییە دروست دەکات کە پشتیوانی بەشار ئەسەد و حکوومەتی ئێستای سووریان. کەواته، ئامانجی تورکیایش لە دژایەتیکردن و نەمانی بەشار ئەسەدهوە، گۆڕاوە بۆ سەرخستنی ئۆپۆزیسیۆن بۆ سەر دەسەڵات بۆ سازانکردن لەسەر بەشار ئەسەد و دروستکردنی کەشوهەوای لێکتێگەیشتن لە نێوان ئۆپۆزیسیۆن و بەشار ئەسەد؛ دانیشتنەکانی ئاستانە لە ئاییندەیەکی نزیکدا، گەورەترین گەواهیی ئەو ڕاستییەن.
تورکیا لەو ڕۆڵە نوێیه و لە پاشگەزبوونەوەی لەو ئامانجەی کە ئاماژەمان پێ کرد، دەیەوێت ئەو ئامانجە، بکات بە قوربانی گەیشتن بە ئامانجێکی گەورەتر، کە لە بەرژەوەندیی خودی ئاسایشی نەتەوەییی خۆیدا بێت؛ ئەویش لەناوبردنی هەر قەوارەیهکی ئیداری- سیاسییە کە پهیهده بنیاتی ناوە. لەو چوارچێوەیەیشدا، تورکیا لە ڕێی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی لە نێوخۆی سووریاوە لە ڕووی سەربازییەوە، توانیی یەکێک لە گرنکترین ئامانجە ستراتیژییەکانی هەنووکەیی بپێکێت، ئەویش گەیشتنە بە ناوچەی "الباب". بەو هەنگاوە سەربازییەی، تورکیا توانیی ڕێگری لە فراوانبوونی ناوچەی ژێردهسهڵاتی پهیهده بکات و، نێوان هەردووک کانتۆنی عهفرین و جزیرێ دابخات. ئەمە سەرباری ئەوەی کە تورکیا توانیی هەڕەشەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ڕۆژاوای فورات دوور بخاتەوە. ئەم پێشڤەچوونە لە ڕۆڵی تورکیادا لە سووریا، ئهستەم بوو بێتە دی، ئەگەر تورکیا نەبووبایە به بەشێک لەو هاوکێشە نوێیهی هێز.
لە ئاییندەیشدا، تورکیا دەتوانێت یەکێک لە گرنکترین ئامانجەکانی بهێنێتە دی، ئەویش دروستکردنی ناوچەیەکە بە ناوی ناوچەی ئارام، کە ئەمریکا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی ڕێگریی لە دروستکردنی ئەو ناوچەیە دەکرد. بەڵام لە بەرامبەر ئەو داوایەی تورکیا، بێ گومان هەر یەک لە ئێران و ڕووسیایش داواکاریی خۆیان دەبێت، کە گرنکتریان ڕازیبوونی تورکیایە بە مانەوەی بەشار ئەسەد لەسەر دەسەڵات.
بە شێوەیەکی گشتی، دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە هەر چارەسەرییەکی نوێ بۆ دۆخی سووریا، بەبێ ڕەزامەندیی هەر یەک لە تورکیا و ئێران و ڕووسیا، لە ڕووی ڕەوشی سیاسی و ئەمنی و جیۆپۆلیتیکیی سووریاوه، ئهستەمە بێتە دی و، هەر یەک لە وڵاتانی ئێران و ڕووسیا، هەستیان بەوە کردووە کە گرنگیی هاتنی توركیا بۆ نێو بەرەبەندیی ئەوان چەندە، بۆ دروستکردنی هاوکێشەی نوێی هێز و، بۆ ئیدارەدانی ململانێیەکانی هێز لە سووریا، دوور لە هەر کاریگەرییەکی هەرێمی و لە لایەن سعوودیا و قەتەر و، دوور لە هەر کاریگەرییەکی نێودەوڵەتی لە لایەن ئەمریکاوە.