ئەمریکا و کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی بۆ هاوکاری و پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان لە جهنگی داعش، ڕاستەوخۆ دوای هێرش و هەڕەشەی داعش بۆ سەر هەرێم لە ئابی ٢٠١٤، کۆمەڵێک ئەرگیومێنتیان بۆ ڕەوایەتیدان بە کارەکەیان و ڕازیکردنی جەماوەری ناوخۆیی بەکار هێنا. یەکێک لە دیارترین لەو ئەرگیومێنتانە، پرسی پاراستنی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ناوچەکە بوو، کە لە جهنگی داعشدا ڕووبەڕووی هەڕەشەی لەناوچوون ببوونەوە و، هەرێمی کوردستان وەکوو کیانێکی میانڕەو (moderate) و لێبووردە ((tolerant، وەکوو تاکە ناوچەی ئارام و ئامنی ناوچەکە، کە زەمینەکی سیاسی، کهلتووری، کۆمەڵایەتیی باش بۆ پاراستنی کەمینەکان لە ئارادایە، دەرکەوت. ئەوە لە کاتێکدایە کە لە تەواوی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست، جیاوازییە ڕەگەزییەکان و ئیتنیکییەکان و، بوونی فرەییی ئایینی و نەتەوەیییەکان لە نەبوونی ڕێکارێکی سیاسیی تەندروست، بووەتە هۆی ناسەقامگیری و پێکدادانی کۆمەڵایەتی لە تەواوی ئاستە جیاوازەکاندا.
هەرێمی کوردستان تا ئێستا ڕەنگە نموونەی ناوازە بێت و، ئەوەی سەلماندووە کە بۆ کەمینە جیاوازەکان جێگەی پارێزراو و گونجاوە، کە لە ئاییندەدا ئەگەر بەباشی کاری لەسەر بکرێت، دەتواندرێت وەکوو ئەرگیومێنتێکی بەهێز بۆ پرسی سەربەخۆیی بەکار بهێندرێت. بەپێچەوانەیشەوە، ئەگەر هات و هەرێم لە دروستکردنی ژینگە و زەمینەیەکی لەبار بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان زۆرینە لەگەڵ کۆمەڵە جیاوازەکان سەرکەوتوو نەبوو و، بەتایبەت کاتێک دەستێوەردانی دەرەکی بە بیانووی پاراستنی یەکێک لە کەمینەکان دێتە پێشەوە، ئەوا ڕەنگە وەکوو ئەرگیومێنتێک لە دژی سەربەخۆییی کوردستان بەکار بهێندرێت، بەتایبەت کاتێک قسە لەسەر دەشتی نەینەوا و ناوچە جێناکۆکەکان دەکرێت، کە جێگەی سەرنجی هێزە هەرێمایەتییەکانن.
ئاستی هەڕەشەی داعش لەسەر کەمینە و پێکهاتەکان بەتایبەت لە سنووری پارێزگای مووسڵدا بە جۆرێک بوو، نەوەک هەر دۆخی ئێستای ئەو خەڵکانەی خستە ژێر هەڕەشەوە، بەڵکوو ئاییندەی ئەو هەر پێنج پێکهاتە سەرەکییەکەی پارێزگاکەی خستە ژێر پرسیارەوە؛ کە بریتین لە مەسیحی، ئێزیدی، تورکمان، شەبەک و کاکەیی. ڕاستە لە ڕووی جوگرافی و ئیدارییەوە ئەو کۆمەڵانە کەوتوونەتە دەرەوەی سنووری هەرێم و بەشێکن لە ناوچە جێناکۆکەکان، بەڵام کوردستانیبوونی زۆرێک لەو ناوچانە حەتمییە و، دەبێت بەشێک بن لە هەر پڕۆژەیەکی سەربەخۆییدا.
بۆ چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ کەمینەکان، یاسای ژمارە (٥)ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە ناوی "یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە کوردستان-عێراق"، هەروەها پڕۆژەی ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان بە بنەمایەکی یاساییی گرنگ لەو بوارەدا دادەنرێت، بەڵام پێویستە لە ئاستی جێبەجێکردندا میکانیزمی باشی بۆ دابندرێت، کە دەکرێت سوود لە ڕێکخراوەکان و پسپۆڕانی ئەو بوارە ببینرێت، کە چەندین پێشنیازیان کردووە، لەوانە زیادکردنی بەشێک بۆ "الجزاءات" لەو یاسایەدا. هەر لە یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٥دا لە بەرامبەر وشەی "کەمینە"، وشەی "پێکهاتە"ی بەکار هێناوە، کە مەبەست تیایدا گرووپ و کۆمەڵە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانن. ڕاستییهكهی، زۆرێک له هاووڵاتیانی ئاساییی کۆمەڵە و گرووپە کەمینەکانی کوردستان، لە بەرامبەر بەکارهێنانی وشەی کەمینەدا هەستێکی باشیان نییە و، ئەو یاسایەی پەرلەمان بە کارێکی باش دەزانن. لەگەڵ ئەوەیشدا، لە یەکێک لە پڕۆژەکانی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی لەسەر کەمینەکانی کوردستان، بە ئامادەبوونی چەندین پسپۆری یاسایی و چالاکوانی مەدەنی لە پرسی کەمینەکان، کە زۆربەیان خۆیان لە یەکێک لە کەمینەکان بوون، پێشنیازیان کرد وشەی کەمینە بەکار بهێندرێتەوە؛ چونکە ئەو وشەیە هەر هەمان ئەو وشەیە لە یاسا و ڕێکكەوتننامە نێودەوڵەتییە پەیوەنددارهکان بەو بوارە بەکار دەهێنرێت و، هەروەها جۆرێک لە جیاکاریی ئیجابی بە پرسی کەمینەکان دەدات. لەبەر ئەوە، بە ئیمزای دەیەها چالاکوان و ڕێکخراوی پەیوەنددار لەو بوارە، پێشنیازی پڕۆژەیاسایەکی نوێ کرا، کە وشەی "کەمینە" لە جێگەی وشەی "پێکهاتە" بەکار بهێندرێتەوە.
لەگەڵ ئەوەیش، بابەتی کەمینەکان لە ئەدەبیاتی سیاسیی کوردستانی، بابەتێکی دەوڵەمەند نییە و بەباشی تیۆریزە نەکراوه و، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە کاری ڕێکخراو و چالاکوانەکاندا زیاتر جەخت کراوەتە سەر ڕەهەندی مافی مرۆڤ و کۆمەڵێک هەوڵی تەشریعاتی لەو پرسەدا؛ بەڵام ڕەهەندی سیاسی، بەباشی کاری لەسەر نەکراوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، کاری لەسەر مافی کەمینەکان کردووە، بەڵام بۆ زۆرێک لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش، سەرەڕای بوونی پێکەوەژیانێکی مێژوویی، تێگەیشتنێکی باش و نیشتمانییانەیان لەسەر کۆمەڵە جیاوازەکان نییە. توێژینەوەکان لە مەیداندا سەرەتای قۆناغی جۆرێک لە لێکتێنەگەیشتنیان لە نێوان کۆمەڵەکان بەتایبەت لە دوای ڕووداوەکانی شەنگال و هاتنی داعش دەرخستووە؛ لە ئەگەری بەردەوامبوونیدا، ڕەنگە پەل بکێشێت بۆ جۆرێک لە پێکدادانی کۆمەڵایەتی، کە بە هیچ شێوەیەک نابێت ڕوو بدات.
لە ئێستادا ئەو پرسە کەوتۆتە ژێر باس و لێکۆڵینەوەوە. لەگەڵیدا کۆمەڵێک چەمک و ڕێباز پێشنیاز کراوە و هاتۆتە نێو ئەدەبیاتەکە؛ کە ڕەنگە لەگەڵ بەستێنی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مێژووییی کۆمەڵگهی کوردستانیدا یەک نەگرێتەوە و، کۆمەڵێک لایەنی دەرەکی بە مەبەستی جیاواز لەسەر ئەو بابەتە کار دەکەن. مەترسی ئەوەیە، بابەتەکە بەسیاسی بکرێت و کێشە بۆ پێکەوەژیان و پەیوەندیی نێوان کەمینەکان لەگەڵ زۆرینەدا دروست بکەن؛ بۆیە وردبوونەوەیەکی جددی و، سیاسەت و بەرنامەیەکی نیشتمانی پێویستە.
هەرێمی کوردستان چ ڕێبازێک بگرێتە بەر؟
کارکردن لەگەڵ خەڵکی کەمینەکانی کوردستان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، زۆر جیاوازە لە خوێندنەوەیەکی تیۆری، یا گوێگرتن لە نوێنەرانی ئەو کەمینانە. لە ئەزموونی کارکردنم وەکوو بەڕێوەبەری پڕۆژە، بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک لەسەر پڕۆژەیەک بە ناوی "پاراستنی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکانی هەرێمی کوردستان"، یەکێک لەو دەرەنجامانەی پێی گەیشتم ئەوەیە کە: زۆربەی زۆری پێداویستی، داواکاری و کێشەی هاووڵاتیانی کەمینەکانی کوردستان ئاسایین و، هاوشێوەی پێداویستی، داواکاری و کێشەی زۆرینەی خەڵکن؛ کە "حوكمڕانیی باش" و دابینکردنی خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر، دەتوانێت زۆربەی ئەو کێشانە بۆ تەواوی هاووڵاتیان چارەسەر بکات، بێ ئەوەی پرسەکە بەسیاسی بکرێت. ههندێك لە داواکارییەکانیش پەیوەندییان بەوەوه هەیە نوێنەرەکانیان بۆ پاراستنی ناسنامە و کهلتوور و مێژوویان و، هەروەها پێدانی جۆرێک لە سەربەخۆییی ئیداری لەو ناوچانەی تیایدا زۆرینەن، داوای کۆمەڵێک ڕێکار دەکەن. بۆیە خوێندنەوەیەکی ورد لەسەر داواکارییەکانی خەڵک، ڕێگە بۆ دۆزینەوەی ڕێگهچارەی گونجاو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەمینەکانی کوردستان خۆش دەکات.
یەکەم: کۆکردنەوەی هاووڵاتیان لە چوارچێوەی بنەما نیشتمانییەکان
لە ڕاستیدا باشترین سیستەم و ڕێباز بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەمینەکانی کوردستان، ئەو مێژووە و ئەزموونەی کورد خۆیەتی لە ناوچەکە، کە بۆ زیاتر لە سەدەیەک وەکوو کەمینە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە و سەیر کراوە؛ لە کاتێکدا کورد لە هیچ یەک لەو شوێنانە کەمینە نەبووە، بەڵکوو لە ناوچەکانی خۆیدا زۆرینە بووە؛ بە هەمان شێوە، ئەوەیش بۆ بەشێک لە کەمینە و کۆمەڵەکانی ناوچەکە ڕاستە. بۆیە هەرێمی کوردستان بە گەڕانەوە بۆ مێژوو و ئەزموونی کورد لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا کە چۆن وەکوو کەمینەیەک سەیر کراوە، دەتوانێت کۆمەڵێک وانە و ڕێکار بۆ دۆزینەوەی سیستەمێکی گونجاوی مامەڵەکردن لەگەڵ کەمینەکان بدۆزێتەوە، کە مەبەستی یەکەم و دوایی، دەبێت کۆکردنەوەی هەموو هاووڵاتیان لەسەر پرسە نیشتمانییەکان بێت. ئەوە وانەیەکە کە ئێران و تورکیا و عێراق و سووریا لە زۆربەی قۆناغەکاندا لەبەر سیاسەتە جیاکارییەکانیان، لە کۆکردنەوەی هەموو هاووڵاتییەکان لە چوارچێوەی کۆمەڵێک بنەمای نیشتمانیدا شکستیان هێنا. بەردەوام، ئەوەی وەکوو ئاسایش و بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەو وڵاتانە داندراوە، بۆ کورد نەوەک هەر گرنگ نەبووە بەڵکوو هەوڵی شکاندنی داوە؛ لە بەرامبەریشدا، بووەتە هۆی ناسەقامگیرییەکی بەردەوام لە ئاستی ناوخۆییدا. بۆیە یەکەم وانە، دەبێت ئەوە بێت كه پرسە نیشتمانییەکان لەوانە (سەربەخۆیی، پێشمەرگە، سەروەری، ئاڵا، سرودی نیشتمانی، زمان)، تەنیا جێگەی بایەخی زۆرینە نەبێت، بەڵکوو ببێتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی هەموو هاووڵاتیان لە تەواوی پێکهاتە و کۆمەڵە جیاوازەکان.
دووەم: دروستکردنی کۆمەڵگهی کوردستان
یەکێک لەو ڕێکارانەی کە دەتواندرێت ژینگەیەک دروست بکرێت کە کۆمەڵگهی ئێمە تەنیا گوزارشت نییە لە نەتەوەی کورد، لە تەکیدا ئیسلام و سوننە، بەڵکوو گوزارشتە لە تەواوی کۆمەڵە ئایینی و نەتەوەیییە جیاوازەکان؛ کۆمەڵگهکە، دەبێت لە کۆمەڵگهیەکی کوردیی ئیسلامیی پوخت بۆ کۆمەڵگهیەکی کوردستانی بگوازرێتەوە. لە زۆربەی کۆمەڵگه هاوچەرخەکان، یەکێک لە فاکتەرەکانی سەقامگیری بریتی بووە لە هەستکردنی هاووڵاتییان لە تەواوی کۆمەڵە جیاوازەکان بەوەی کە بەشێکن لە پڕۆسەی حوكمڕانی و، خۆیان خاوەنی پرۆسەکەن؛ نهمازه لە ئێستادا کە هەوڵی پڕچەککردنی کەمینەکان هەیە، بەتایبەت لە شنگال و دەشتی نەینەوا، بۆیە باشتر وایە ئەوە لە چوارچێوەی پڕۆسەیەکی نیشتمانی بەڕێوە بچێت. پێشمەرگە نەوەک هەر تەنیا ڕەمزی کورد بێت، بەڵکوو هی هەموو کۆمەڵەکان بێت؛ ئەوە هەر بە قسە دووپات نەکرێتەوە، بەڵکوو بەرمەبنای هەستێکی ڕاستەقینە بێت.
سێیەم: بەشداریی کارای کەمینەکان لە دروستکردنی بڕیاردا
بەشداریی کەمینەکان، هەر نابێت تەنیا لە شێوەدا دەربکەوێت، بەڵکوو ئەو بەشدارییە، دەبێت لە ناوەڕۆکدا ڕەنگ بداتەوە. کەمینەکانی کوردستان ئەو هەستەیان هەیە کە وەکوو پێویست ڕێگەیان پێ نەدراوە لە حکوومەتدا پێگەیان هەبێت؛ ئەوە هەست و قەناعەتی زۆرێک لە ئەندامانی کەمینە و کۆمەڵەکانە. ئەگەر ژمارە و فاکتەکان ئەوە دووپات ناکەنەوە، ئەوا هەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمە بە شێوەیەکی گونجاو کار لەسەر دروستکردنی ئەو هەستە بكا، تا کەمینەکان نەک وەکوو بەشدارێک، بەڵکوو وەکوو خاوەنی پڕۆسەکە دەربکەون.
چوارەم: قسەکردن لەگەڵ خەڵک بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، نەوەک لە ڕێگەی نوێنەرەکانیانەوە
ئەو ڕێگهیەی تا ئێستا گیراوەتە بەر، بریتی بووە لە گوێگرتن لە داواکاریی کەمینەکان لە ڕێگەی چەند کەسێکی دیاریکراوەوە، بە ناوی "نوێنەر"ی ئەو خەڵکانەوە، بەڵام بەپێی ئەزموونی من لە مەیداندا، لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەمینەکاندا، پێموایە ئەو ڕێگهیە ڕێگهیەکی دروست نییە، بەتایبەت ئەگەر مەبەست لێی، گەیشتن بێت بە هەلومەرج و دۆخی ڕاستەقینەی تەواوی ئەندامانی ئەو گرووپە. زۆربەی زۆری ئەوانەی وەکوو نوێنەر سەیر کراون، لە چاوی خەڵکی خۆیاندا نوێنەر نین و نیگەرانی بەرژەوەندی و باری خەڵکەکە نین. بۆیە لە جیاتی ئەوەی تەواوی پڕۆسەی پەیوەندیکردن و دەستگەیشتن بە هەستی ڕاستەقینەی ئەندامانی کەمینە و کۆمەڵەکان، پشت بە چەند کەسێک بە ناوی چالاکوان و نوێنەر ببهستێت، دەبێت حکوومەت ئامرازی دیکەی هەبێت و بچێتە نێو خەڵکەوە. یەکێک لەو ئامرازانە بەستنی چەند دیدار و کۆبوونەوەیەک بێت کە خەڵک تیایدا بەشدار بن و، خۆیان ببن بە بەشێک لە پڕۆسەکە.
پێنجەم: ڕێگەگرتن لە بەمیلیتاریزەکردنی پرسی کەمینەکان
لە ئەزموونی کورد خۆی وانەیەک هەیە، کە هەڵەی گەورە ئەوەیە ڕێگە بە کۆمەڵەیەک بدرێت خۆی پڕچەک بکات و، بۆ پاراستنی خۆی ناچار بێت بیر لە دروستکردنی هێزی چەکداری بکاتەوە. سەرەتای ئەو قۆناغە لە شنگالەوە دەستی پێ کردووه. بۆیە بە هەموو شێوەیەک، دەبێت ڕێگە لە دروستبوونی هێزی چەکداری لە دەرەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بگیرێت. ئەوە بە مانای ئەوە نایهت ئەو کەمینانە ئامادەیییەکی باشیان لەنێو هێزە عەسکەرییەکان نەبێت، بەڵکوو گرنگە، بەتایبەت لە ناوچەی خۆیان ئەندامانی ئەو کۆمەڵانە لەنێو پێکهاتەی پێشمەرگە و دەزگه ئەمنییەکاندا بن، بەڵام نابێت هیچ ڕێگهیەک هەبێت بۆ بوونی هێزی چەکداری لە دەرەوەی پێشمەرگە و دەزگه ئەمنییەکان.
بۆچی هەرێمی کوردستان، دەبێت ئەو کارانە بکات؟
لە پێناو سەقامگیریی ناوخۆیی و ڕێگەگرتن لە هەر هەوڵێک بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی ئاڵۆز لە پرسی پێکەوەژیانی کۆمەڵە جیاوازەکان لە ئاییندەدا؛ دووەم، ئەو وێنەیەی کە هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە دوای جهنگی داعشەوە پێی دراوە، کە مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ کەمینەکان دەکات، ژینگەیەکی لەبار بۆ لەخۆگرتنێکی ئاشتییانەی نێوان کۆمەڵەکان ڕەخسێندراوە، دەبێت ئەو وێنەیە وەکوو سەرچاوە و بنەمایەکی هێزی نیشتمانی سەیر بکرێت، کە "جۆزیف نای" ناوی دەنێت "هێزی نەرم" (soft power) و، لە ئاییندەدا وەکوو ئەرگیومێنتێکی بەهێز بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەت، دەتواندرێت بەکار بهێندرێت.