پێشەکی: مێژووی پەیوەندییەکانی سعوودیا و ئێران بە درێژاییی سەدەی ڕابردوو، ھیچ کات هێندهی ئێستا لە قۆناغێکی وا سەخت و دژواردا نەبووە. ئەم ململانێیە لە کوێوە دەست پێ دەکات و بە کوێ دەگات؟ سروشتی چۆنە؟ لێکەوتەکانی چین؟ مەزھەب چ ڕۆڵێکی لە ململانێکەدا ھەیە و تەوەری ململانێکان چین؟ ئەم پرسیارانە بە شێوەیەکی گشتی لە چوارچێوەی ئەم تەوەرانەدا تیشکیان دەخرێتە سەر:
یەکەم: پەیوەندیی ئێران و سعوودیا بەفەرمی لە ساڵی ١٩٢٩وە دەستی پێ کردووە. ھەردوو دەوڵەت بە میراتگری ململانێی ئیمپراتۆرییەتی سەفەوی و عوسمانی ئەژمار دەکرێن. سعوودیا پاش ھەرەسی دەوڵەتی عوسمانی و کزبوونی ڕۆڵی تورکیا لەو ململانێیەدا، بووە میراتگر و بەشێک لە ململانێکە. ئەم ململانێیە لە چەندین فۆرمدا خۆی نمایش دەکات. ململانێکە ھەندێک جار سیاسی و ئایینیی و ئایینزایی، خۆی دەنوێنێت، ھەندێک جاریش لە فۆرمی ململانێی ھێژموونیی ئابووری و سەربازی و کاریگەریدانان لەسەر دەوڵەتانی دراوسێ، خۆی نمایش دەکات. لە ساڵی ١٩٢٧، کە ڕێكهوتی دامەزراندنی دەوڵەتی سعوودیایە، تا ١٩٧٩ بەر لە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، پەیوەندییەکان لە نێوان دوو دەوڵەتی خاوەن سیستهمی فەرمانڕەواییی پادشایەتی لە ئاستێکی باشدا بوو. لەو ماوەیەدا چوار پاشا حوکمڕانیی سعوودیایان کرد (شا عەبدولعەزیزی دامەزرێنەری سعوودیا و کوڕەکانی شا سعوود و شا فەیسەڵ و شا خالید ئال سعوود، لە ئێرانیش بنەماڵەی بەھلەوی، کە ڕەزا شا پەھلەوی و کورەکەی محەمەدڕەزا پەھلەوی بوون)، بەڵام ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، دۆخەکەی بە ئاراستەیەکی دیکەدا برد. پەیوەندییەکان بە شێوەیەکی پهیتا پهیتا (تدریجي) بە ئاراستەی گرژیدا چوون.
لە سەردەمی حوکمڕانیی "ھاشمی ڕەفسەنجانی" و "محەمەد خاتەمی"دا ھەوڵ ھەبوون بۆ لێکنزیکبوونەوەی زیاتری ھەر دوو دەوڵەت، بەڵام ھاتنی "ئەحمەدینەژاد" بۆ سەرۆکایەتیی ئێران، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی نوێی ھێنایە پێش. ئەم قۆناغە، قۆناغی بەرەوپێشچوونی ھەندێک دۆسیەی گرنگ و گۆڕانکاری بوو. ئێران ھەوڵی دا پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات. لەگەڵ ڕۆژاوا جۆرێک لە ململانێی توندی بۆ دروست بوو. ھەندێک ھاوپەیمانێتیی ھەرێمایەتیی پێك هێنا و ڕایەڵەکانی ئەو ھاوپەیمانێتییەی توندوتۆڵتر کردەوە. گۆڕانکارییەکانی دەوڵەتانی عەرەبی سەری ھەڵدا، کە لە ئەدەبیاتی ناوچەکەدا بە "بەھاری عەرەبی" دەناسرێت. ململانێکانی ئێران و سعوودیا و پێکدادانی بەرژەوەندییەکانیان، تۆختر بووەوە. جیاوازیی تێڕوانینە سیاسییەکانی نێوان ھەر دوو لا لەبارەی دۆسیە گەرمەکانی وڵاتانی وەک عێراق، سووریا، یەمەن، بەحرێن، فەلەستین و لوبنان تۆختر بوونەوە. لە ھەندێک لەو دەوڵەتانەدا "جەنگی بەوەکالەت" بۆ ئێران و سعوودیا بەڕێوە دەچوو؛ لە ئێستایشدا بەردەوامیی ھەیە.
تەوەری دووەم: بەرەکانی جەنگی بەوەکالەت:
آ- سووریا: دۆسیەی سووریا بە یەکێک لە گەرمترین و گرنگترین دۆسیەكان ئەژمار دەکرێت، کە ململانێی توند و ناکۆکیی قووڵی لە نێوان سعوودیا و ئێران دروست کردووە. تەنگژەی سووری، تەنگژەیەکی ناوخۆیی بوو. لە سەرەتادا داواکاریی گەلێکی ستەمدیدە بوو. ڕاپەڕینێک بوو دژی سیستەمێکی حوکمڕانیی بەعسی، کە ھاوشێوەی حوکمڕانیی بەعسی عێراقی بوو. بەڵام گرنگیی ھەڵکەوتەی جوگرافیای سووریا و پێگە جیۆسیاسییەکەی و گرنگیی ئەو دەوڵەتە لە بابەتی وزە و ھەندێک ھاوکێشەی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی دیکەی گرنگ، وای کرد تەنگژەکە ببێتە تەنگژەیەکی ھەرێمایەتی و پاشانیش نێودەوڵەتی. بۆ سعوودیا و ئێرانیش، ئەم دەوڵەتە بووە مەیدانی جەنگێکی خوێناویی ناوخۆیی کە بە جەنگی وەکالەت ئەژمار دەکرێت؛ وێڕای بوونی داعش و دەیان گرووپی دیکەی توندڕەوی ئیسلامی سیاسی. ئێران تا ئێستا توانیویەتی پارێزگاری لە مانەوەی بنەماڵەی بەشدار ئەسەد بکات. لە بەڕێوەبردنی ئەم تەنگژە و جەنگەدا، ئەمە دەسکەوتێکی گرنگە بۆ ئێران و، زیانە بۆ سعوودیایش کە تا ئێستا نەیتوانیوە ئامانجه سەرەکییهكهی، کە لاچوونی ئەسەدە لە حوکمڕانی، بەدی بھێنێت. بە بارێکی دیکەیشدا، ئەو وتەیە دروستە بگوترێت کە سعوودیا سوودی لەو دۆخە بینیوە کە سووریا جارێکی دیکە نەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش ڕووداوەکانی بەھاری عەرەبی لە ٢٠١١ و، ئەمەیش زیانە بۆ ئێران کە جارێکی دیکە ڕەنگە سووریای پێش بەھاری عەرەبیی دەست نەکەوێتەوە. لە ئێستادا سووریایش بۆتە دەوڵەتی خوێن و، ھێزە جیھانی و ھەرێمایەتییەکان بۆ بەدەستھێنانی زۆرترین ڕێژەی ھێژموونیی خۆیان سووریایان بە خوێنی خەڵکەکەی، کردۆتە دەوڵەتێک کە خوێنرێژی و نائارامییەکەی تەواوی ناوچەکەی خستۆتە بەردەم دۆخێکی شڵەژاوی ئەمنییەوە.
ب- یەمەن: خاڵێکی دیکەی گەرمی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان سعوودیا و ئێران، "یەمەن"ە. پاش پێشڕەوییەکانی حوسییەکان بۆ سەنعای پایتەخت و دەستبەسەراگرتنی زۆربەی یەمەن و دەوردانی سعوودیا و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ئەو دەوڵەتە لە سنوورەکانی باشوور و ڕۆژھەڵاتییەوە، سعوودیا بەقووڵی لە مەترسیی ئەم دەورەدانە تێ گەیشت، وەڵامی خێرای سعوودیا بڕیاردان بوو لە پرۆسەیەکی سەربازیی فراوان بە ناوی "عاصفة الحزم" کە ڕاستەوخۆ هاته ناوهوه بۆ لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئێران؛ ئێرانیش ئەم ھەنگاوەی سعوودیای بە کارێکی داگیرکارانە بۆ سەر دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری، ناو برد. دۆخی ناوخۆییی ئێستای یەمەن و بەھێزبوونی گرووپی حوسییەکان لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە، ئامرازێکی گرنگی دروستکردنی گوشاره لە لایەن ئێرانەوە بۆ سەر سعوودیا. ئێران توانیویەتی ھاوکارێکی جددیی زەیدییەکانی یەمەن بێت و مەترسیی گەورە لەسەر ئاسایشی سیاسی و بازرگانیی سعوودیا دروست بکات. ھەندێک لە توێژەران ئەم زیادبوونەی ڕۆڵی ئێران لە یەمەن، بە ڕۆڵگێڕانێکی ستراتیژیی گرنگی ئێران دەبینن بۆ گەمارۆدانی سعوودیا و دروستکردنی مەترسی لەسەر ڕێرەوە ئاوییە بازرگانییەکان کە دەوڵەتانی کەنداو پشتی پێ دەبەستن.
ج- عێراق: وەک "عەلی یونسی"، گەورە ڕاوێژکاری سەرۆکی ئێران، ئاماژەی پێ کرد لە ئازاری ٢٠١٥ دا، عێراق بۆتە پایتەختێکی گرنگی سیاسیی دیکە بۆ ئێران. کشانەوەی ئەمریکا و لاوازیی ڕۆڵی ھەرێمایەتیی سعوودیا و نەبوونی ستراتیژییهکی ڕوونی کارکردنی سعوودیا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی سیاسیی نوێی عێراق و بوونی دەستەبژێرێکی فەرمانڕەواییی سیاسیی شیعەئاییننزا لە بەغدا، ڕۆڵی ئێرانیان لە عێراق فراوان کردووە. ئێران لە ڕێگهی بەغداوە توانیویەتی ڕۆڵی ھەرێمایەتیی سعوودیا لاواز بکات. لە ھەمان کاتدا ئێران توانیویەتی عێراق بکاتە پشتێنەیەکی ئەمنی گرنگ بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی. ئێران بەقووڵی لە گرنگیی پێگەی جوگرافیی عێراق تێ گەیشتووە وەک دەروازەی ڕۆژاوای وڵاتەکەی. بۆ ئەو مەبەستەیش لە پاش ڕووخانی سیستەمی حوکمڕانیی بەعسەوە، ئێران ھەموو ڕێگه زیرەکەکانی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی گرتۆتە بەر. لە بەرامبەریشدا سعوودیا لە سەرەتاوە ھەوڵی دوورەپەرێزیی دا. بە ھەموو جۆرێک ڕەتی کردەوە ببێتە بەشێک لە پرۆژەی ئەمریکا، کە بریتی بوو لە داگیرکردنی عێراق و پاشان دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەتی عێراقی؛ ئێرانیش لە سەرەتاوە بۆ سەلماندنی ئامادەییی خۆی لە عێراق ھەوڵی فراوانی دا.
ھەندێک لە توێژەران ڕایان وایە ئێران دەیەوێت ھێژموونیی بەسەر حوکمڕانیی عێراق و سامانە سروشتییەکەیەوە ھەبێت. لە بەرامبەریشدا سعوودیا دەیەوێت ڕێگری لە ھێژموونیی ئێران بکات و سنوورەکانی پارێزراو بکات. ھاتنی داعش بۆ عێراق، گەیشتن بە پرۆژەکەی ئێرانی لە عێراقدا خێراتر کرد. ئێران لەژێر ناوی پاراستنی عێراق و نەکەوتنی بەغدا و پاراستنی مەزارگه شیعەکاندا، ئێستا لە عێراقدا فەرمانڕەوایەکی بەھێزە. گرنگترین ستراتیژی کە بۆ ئێران بەسوود بێت، بریتی بووە لە نەبوونی حکوومەتێکی بەھێزی نیشتمانی و نەبوونی سوپایەکی بەھێزی نیشتمانی و نەبوونی یەک گوتاری سیاسی ـــ نیشتمانی لە عێراقدا. پرسیار ئەوەیە: ئایا ئێران بۆ بەدیھێنانی ئەم ستراتیژییە، سەرکەوتوو بوو؟ ئاماژەکان بە "بەڵێ" وەڵام دەدەنەوە. ئێستا ئێران ڕۆڵی حکوومەتی عێراقی زۆر بێبهها و نانیشتمانی کردووە، چونکە بوونی حکوومەتێکی نیشتمانیی بەھێز لە بەرژەوەندیی ئێران نییە. لە ئێستادا ئایا شتێک ھەیە لە ڕووی سەربازییەوە بە ناوی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانیی عێراقیی بەھێز؟ بەدڵنیایییەوە بوونی نییە. ئەوەی کە ھەیە بریتییە لە ھێزێکی ئەلتەرناتیڤ بۆ سوپای عێراق کە حەشدی شەعبیە و، لە چوارچێوەیەکی تائیفیدا و لەژێر فەرمانڕەواییی ویلایەتی فەقیھدا کار دەکەن.
ئەگەر ھەندێک وا بزانن ئەم حەشدی شەعبیە بە فەتوای مەرجەعییەتی نەجەف دامەزرابێت، ئەوا بەوە نازانن کە فەتواکە بە ڕێنماییی ویلایەتی فەقیھدا بووە؛ وەک "غالب شابەندەر"ی بیرمەندی شیعەی عێراق دەڵێت تا سیستەمی ویلایەتی فەقیھی ئێران فەرمان دەرنەکات بە ھەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، ئەوا بەدڵنیایییەوە حەشدی شەعبی بە تەنیا بە فەتوای مەرجەعییەتی نەجەف ھەڵناوەشێتەوە. دوای چواردە ساڵ لە ڕووخانی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکەی سەددام حسێن، ھیچ کات ئێران بە ئەندازەی ئێستا لە عێراقدا "ھێژموونیدار" (خاوهن هێژموونی) نەبووە (عێراقی عەرەبی)؛ ھێژموونییهک کە کایەی سیاسی و سەربازی و ئابووری و فەرھەنگیی مۆنۆپۆڵ کردووە. لە بەرامبەر ئەم ھێژموونیی ئێرانییەدا، سعوودیا بە ھیچ جۆرێک لە حاڵەتی ھێرشبردندا نییە، بەڵکوو لە حاڵەتێکی بەرگریکردنێکی سەرەتاییدایە. ئەگەر سعوودیا پشتگیر نەبێت لەوەی عێراق لە ڕووی سیستەمی فەرمانڕەوایی و مافی پێکھاتەکان و دابەشبوونی عێراق بە شێوەیەکی بوێرانە و دوور لەو دڵەڕاوکێیەی ئێستای، دۆخی بگۆڕدرێت، وا مەزەندە دەکرێت لە ھێژموونیی ئێران لە عێراقدا زەرەرمەندی سەرەکی بێت.
تەوەری سێیەم: ململانێ و جەنگی سارد: ململانێ و جەنگی ساردی نێوان سعوودیا و ئێران لە چەند دەوڵەتێکی ھەرێمایەتی و ناوچەکەدا، لە ئاستێکی زۆر بەرزدا دەگوزەرێت. جەنگی سارد لە لوبنان و بەحرێن و ئەھواز، ململانێی گەرمی ئەو دوو دەوڵەتەیە:
لوبنان: لوبنان دەوڵەتێکی فرەڕەنگ و دەنگی کۆمەڵایەتی و سیاسییە. کایەی سیاسی و حوکمڕانیی زۆر ئاڵۆز و لێوانلێوە بە ھاوکێشەی ئایینی و مەزھەبی. دەوڵەتێکی نایەکانگیری کۆمەڵایەتی و ساسییە. لە ئاستی ململانێکاندا بەبەردەوامی بۆتە جێگەی ڕووبەڕووبونەوەی خوێناویی نێوان پێکھاتە سیاسییەکان، کە دواجار نوێنهرایهتیی ئایینێک، یان ئایینزایەک دەکەن. بۆ ئەم مەبەستەیش سعوودیا پاڵپشتی بەرەیەکی سیاسیی دیاریکراوە کە ناسنامهیهكی دیاریکراویشی ھەیە و، بە ھەمان ئاست و زیاتریش ئێران پاڵپشت و داکۆکیکاری بەرەیەکی ئایینی و ئایینزاییی دیاریکراوە. ئێستا لوبنان بە ویستی لوبنانییەکان بەڕێوە ناچێت. ھەر کات سعوودیا و ئێران بڕیاریان دا پرۆسەی سیاسی لەو وڵاتەدا بە ئاراستەی تەنگژە بەرن، دەتوانن ئەوە ئەنجام بدەن. ئێران جیا لە ھێژموونیی سیاسی، خاوەن ھێژموونییهکی سەربازیی گەورەیە لە ڕێگهی گرووپە شیعە سیاسییەکانەوە؛ لە دیارترینیشیان حزبوڵڵای لوبنانی.
بەحرێن: بەحرێن دەوڵەتێکی گرنگی کەنداوە و جێگهی ململانێ و ھەوڵدانە بۆ ھێژموونیگەراییی سعوودیا و ئێران. ئەم دەوڵەتە لە دۆخی چوار ساڵی ڕابردوودا بە ھۆی ناکۆکیی ئایینزایییەوە، ناسەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی، یەکێک لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی بووە. سعوودیا پشتگیرکاری سیستهمێکی فەرمانڕەواییی سوننەمەزھەبە، کە لە لایەن شیعەکانەوە بە کەمینە ئەژمار دەکرێن و، ئێرانیش شیعەکانی بەحرێن بە ستەملێکراو دەزانێت. ئەمە سیما و ڕواڵەتێکی ئەو جەنگە ساردەیە لە ئێستادا، بەڵام ئەوەی لەبارەی سەقامگیری و ئارامییەوە خاوەنی بڕیاری دروست نەبێت، دانیشتووانەکەی بەحرێنە؛ سعوودیا و ئێران بڕیار لە ڕەوشی سیاسیی ئەو دەوڵەتە دەدەن. دەیان بەرژەوەندیی ستراتیژی و جیۆسیاسی و جیۆئیکۆنۆمیی گرنگیان لە بەحرێندا ھەیە، کە ھەر یەکەیان دەیەوێت کەشتییەکە بەرەو ئەو ئاراستەیە لەنگەر بگرێت کە کەناری بەرژەوەندییەکانیهتی. ئێران بە ناسەقامگیربوونی ڕەوشی بەحرێن سوودمەندترە و، توانیویەتی دۆخی ناوخۆییی بەحرێن وەک کارتێکی گوشار و دووبارە سنووردارکردنەوەی ڕۆڵی ھەرێمایەتیی سعوودیا بخاتە گەڕ. ھەرچی سعوودیایشە بەتوندی لە ڕووبەڕووبونەوەی بریکارە لۆکالییەکانی ئێرانە لە بەحرێن و لەسەر ھێڵی گەرمی ڕووداوەکانە بۆ پاراستنی سیستەمە سیاسییەکەی و، دواجاریش پاراستنی دۆخی ناوخۆی سعوودیا و بەرژەوەندییە دەرەکییەکانی. بۆ سعوودیا و ئێران دۆسیەی بەحرێن و سووریا خاڵی لێکچووی زۆری تێدایە. لە سووریا کەمینەیەکی شیعەمەزھەب فەرمانڕەوای زۆرینەیەکی سوننەمەزھەبە. لە بەحرێن کەمینەیەکی سوننەمەزھەب فەرمانڕەوای زۆرینەیەکی شیعەمەزھەبە. بەھانەکانی پشتگیرییان ھاوتەریبە.
ئەهواز: شرۆڤەکاران و توێژەرانی سعوودیا لە ھەوڵی توێژینەوەیەکدان بۆ دیاریکردنی سوودەکانی دەستێوەردانی سعوودیا لە ھەرێمی ئەهوازی ئێرانی و پشتگیریکردنی عەرەبەکان لەو ھەرێمەدا. بەڵام بە ڕای ھەندێک لە توێژەران ئەو بابەتە ناتوانێت سوودێکی زۆر بۆ سعوودیا بەرھەم بھێنێت، لەبەر دوو ھۆکاری گرنگ: یەکەم: لاوازیی ھەستی جوداخوازی لای عەرەبەکان لەو ناوچەیە، کە پێشتر دەوڵەتێکی سەربەخۆ بووە و، ئێران لە ١٩٢٤دا لە ڕێگهی ھێزەوە بە ئێرانەوە لکاندی. دووەم: دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سعوودیا لەو ناوچەیە، بەئاسانی بیانوو دەداتە ئێران کە لە بەشی ڕۆژھەڵاتی سعوودیا، کە ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت، دەستێوەردان بکات. ھەرچەندە سعوودیا ھەوڵی داوە لە ڕێگهی پشتگیریکردنی میدیایییەوە پاڵپشتیی "حرکة نضال العربي لتحریر الاحواز" بکات. ئاژانسی "واس"ی سعوودیا چەندین جار ئەم کارەی ئەنجام داوە و، سعوودیایش پێگەیەکی ئەلیکترۆنیی بە زمانی فارسی بۆ پاڵپشتیکردنی عەرەبەکانی ئەهواز کردۆتەوە و، چەندین جار میدیا فەرمییەکانی سعوودیا ڕووماڵی ئەو چالاکییانەیان کردووە کە ھەندێک لە جوداخوازەکانی ئەهواز دژ بە دامەزراوە ئێرانییەکان ئەنجامیان داوە. لە ڕاستیدا ئەستەمە پاڵپشتیی سعوودیا بۆ عەرەبەکانی ئەهواز ئەم سنوورە تێ پەڕێنێت و بتوانێت ھاریکاریی چەک و سەربازییان بکات، چونکە دۆخەکە بە ئاقاری ڕووبەڕووبونەوەیەکی گەرمدا دەبات.
دەرەنجام: ئاییندەی فۆرمی پەیوەندیی سعوودیا و ئێران جێگهی بایەخی توێژەران و لێکۆڵەرەوانی سیاسییە. چەند خوێندنەوەیەکی لێکجودا بۆ خستنەڕووی دیدگهی ئاییندەی پەیوەندییەکانی سعوودیا و ئێران، دەکرێت :
سیناریۆی یەکەم: بە ھۆی دژیەکیی ستراتیژی و سیاسی و مەزھەبییەوە، ھەندێک لە توێژەران ڕایان وایە پەیوەندییەکانی سعوودیا و ئێران بەرەو دۆخی تەقینەوە دەچێت؛ ڕەنگە ڕووبەڕووبونەوەی سەربازیی لێ بکەوێتەوە. ئێران لە پاش ساڵی ٢٠١٢وە بە چەند بنکەیەکی سەربازی لە سوودان و ئەریتریا و دوورگەکانی دەھلک و عێراق و پشتگیریکردنی ڕەھای بەشار ئەسەد و حیزبوڵڵای لوبنانی و حوسییەکانی یەمەن و ئۆپۆزیسیۆنی شیعەمەزھەبی بەحرێن، ھەوڵی گەمارۆدانی سعوودیای داوە. لە بەرامبەردا سعوودیا لە ڕێگهی پشتگیریکردنی حکوومەتەکەی "عهبدولفهتاح سیسی" لە میسر و پێکھێنانی بەرەیەکی عەرەبی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و بەرپاکردنی پرۆسەی سەربازی لە یەمەن و ھاریکاریکردنی ئۆپۆزیسیۆنی سووری بە چەک و پارە و وەستانەوە بە ڕووی نەیارانی حکوومەتی ئال خەلیفە لە بەحرێن و گواستنەوەی ململانێکەی لەگەڵ ئێران بۆ ڕەھەندی ئابووری بەتایبەتی وزە لە بازارەکانی جیھاندا، ھەوڵی زیادکردنی ھێژموونیی خۆی لە ناوچەکەدا دەدات. ئەمانە ئاماژەن بۆ ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوە. لەم دۆخەدا ناوچەکە دەکەوێتە بەردەم پەشێوی و نائارامییەکی زۆرەوە. ھەموو ئەمانە ئامادەسازی دەکەن بۆ گواستنەوەی دۆخەکە لە جەنگی بەوەکالەتەوە (By Proxy) بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ .
سیناریۆی دووەم: ھەندێک لە توێژەران ڕایان وایە کە لە بەرژەوەنديی ئێراندا نییە ھیچ پێکدادانێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سعوودیا دروست بکات؛ لەو ڕوانگەیەوە ئێران لە قۆناغی "جیھادی ئەکبەر"دا بمێنێتەوە باشترە، بەوەی کە بە ھێزی نەرم ئایدیۆلۆژیی شۆڕش ھەناردە بکات، نەک کردنەوەی بەرەکانی جەنگ. لایەنگرانی ئەم سیناریۆیە ڕایان وایە تا ماوەیەکی دیکەیش دۆخی جەنگی سارد لە نێوانیاندا بەردەوامیی دەبێت.
سیناریۆی سێیەم: توێژەرانی لایەنگری ئەم سیناریۆیە، ڕایان وایە کە ئێران و سعوودیا دەگەنە سیناریۆی سازان؛ بەوەی ھەر دوو لا دەتوانن ئاستی ململانێکان کەم و کاڵ بکەنەوە و ھەوڵ بدەن ڕەچاوی یەکدی بکەن و ناوچەکانی ھێژموونی لە نێوانیاندا دابەش بکەن.
لە کۆتاییدا، دەکرێت بڵێین لەبەر ھەندێک باری سیاسی و ئابووری و سەربازی لە ئێستادا، ئێران وای لێ دەخوێنرێتەوە کە نەچێتە ھیچ پێکدادانێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سعوودیا و، نەیەوێت بەرەی جەنگی ڕاستەوخۆ بکاتەوە؛ بەتایبەت جەنگی یەکەمی کەنداو ( عێراق – ئێران ١٩٨٠-١٩٨٨) ئەزموونێک بوو بۆ ئێران، کە تووشی ئەو حاڵەتە نەبێتەوە. لە ھەمان کاتدا سیناریۆی سازان و دابەشکردنی ناوچەی ھێژموونی لە نێوانیان و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی بەگوێرەی ئاماژە سیاسییەکانی دۆخی ئێستای پەیوەندییەکانیان و ناوچەکە کارێکی مەحاڵ نییە، بەڵام ئەستەمە. لەو ڕوانگەیەوە ئەوەی لە ئێستادا چاوەڕێ دەکرێت، سیناریۆی جەنگی ساردە لە ڕێگهی دوو میکانیزمی دیارەوە: یەکەم، جەنگی بەوەکالەت، دووەم، ھێزی نەرم.