بەشێک لە پسپۆرانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێیان وایە کە زلهێزی داهاتوو لە دوای ئەمریکا، "چین"ە. ئەم لێکدانەوەی ئەوان لە چوارچێوەی تیۆرییهک دیت بە ناوی گواستنەوەی هێز (The theory of Transition of Power). مەبەستیان گواستنەوەی هێز و توانایە لەسەر ئاستی جیهان لە ڕۆژاوا بۆ ئاسیا، بە سەرکردایەتیی چین. ئەوان بیانووی ئەو گواستنەوەیە لە هێز، بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە ئابووریی ئەمریکا ئیدی بەرگەی ئەوە ناگرێت چیتر پاڵپشتی لە هێژموونی و سیاسەتی ئەو وڵاتە لە تەواوی جیهاندا بکات و، لە ئێستایشدا وڵاتی چین بەشێکی زۆری لە ڕەگەزەکانی هێزی تێدایە وەک: هێزی ئابووری، هێزی سەربازی و هێزی گەردوونی، بۆ ئەوەی بتوانێت لەسەر ئاستی جیهان کێبڕکێی ئەمریکا بکات. بەڵام لە بەرامبەر ئەو بۆچوونەیش، بۆچوونی دیکە هەیە کە بەپێچەوانەوە، دەیانەوێ ئەوە بسەلمێنن کە ئەمریکا هێشتا لەسهر پێی خۆیەتی و، سەدەی بیست و یەک سەدەی ئەمریکا دەبێت و، تائێستایش ئەمریکا هێزی یەکەمە بە هەموو ڕەگەز و ڕەهەندەکانی هێزەوە.
لەو بارەیەوە پسپۆری بەناوبانگی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، "جۆزێف نای"، لە نوێترین کتێبیدا بە ناوی "ئایا سەدەی ئەمریکا کۆتایی هاتووە؟ (is the American century over?)، پێی وایە کە نەخێر، هێشتا ئەمریکا زلهێزی جیهانە (The lonely Super Power) و هیچ مەترسییەک لەسەر زلهێزیبوونی ئەو وڵاتە نییە. تەنانەت وڵاتێکی وەک چین، هێشتا لە ڕووی ئابوورییەوە نەگەیشتۆتە ئاستی هێزی ئابووریی ئەمریکا، کە هێزی یەکەمە لەسەر ئاستی جیهان؛ ئەمە جگە لەوەی ئەمریکا هێشتا لە ترۆپکی هێزی سەربازی، تەکنەلۆژی، گەردوونی، پیشەسازی و ڕۆشنبیریدایە.
بە هەر حاڵ بۆچوونی پسپۆران هەرچییەک بێت، ناتوانن خۆیان لە ڕاستییەک بە دوور بگرن کە؛ ئەویش ئەوەیە کە وڵاتی چین تاکە وڵاتە لە 20 ساڵی ڕابردوودا توانیویهتی لە ڕووی ئابوورییەوە کێبڕکێی ئەمریکا بکات. لە قەیرانی داراییی جیهانیشدا لە ساڵی 2008، ئەو وڵاتە تاکە وڵات بوو لەسەر ئاستی جیهان كه ئابوورییەکەی نەک تەنیا زیانی پێ نەگەیشت، بەڵکوو (8.34%)ی داهاتی نەتەوەییی ئەو وڵاتە زیادی کردبوو و، تاکوو ئێستایش ئابووریی چین لە گەشەکردندایە.
چین بە هۆی گرتنەبەری ئامرازی ئابووری بۆ ململانێکردن لەگەڵ ئەمریکا لە دوو دەیەی ڕابردوودا، ئەم ململانێیە بۆ جەنگێگ بە ناوی جەنگی دراوەکان (Coins War)، چڕ بووهوە. مەبەستی چین لەو چەشنە جەنگە، ئەوە بوو کە بەهای دۆلار لە بەرامبەر بەهای دراوی یوانی چینی تا ئەو ئاستە بەرز بکاتەوە، كه نزیکەی ملیارێک و 300 ملیۆن هاووڵاتیی ئەو وڵاتە نەتوانن کاڵای ئەمریکی بکڕن و، هەروەها زیاتر بە کڕینی کاڵای ناوخۆوه سەرقاڵ بن. جگە لەمەیش، ئەو وڵاتە نەبێتە بازاڕێکی گەورەی ساخکردنەوەی کاڵای ئەمریکی و، لە بەرامبەردا هاووڵاتیانی ڕۆژاوا بتوانن کاڵای چینی بکڕن. ئەو سیاسەتەی چین لە ڕووی ئابوورییەوە هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ بەهێزکردن و بووژانەوەی ئابووریی ئەو وڵاتە.
لە پاڵ ئامرازە ئابوورییەکان، چین ئامرازی سیاسییش بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجە ستراتیژییەکانی دەگرێتە بەر، وەک: سنووردارکردنی هێژموونیی ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهان و ڕاستکردنەوەی باڵانسی هێز لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا، لە فۆرمی "تاکجەمسەری"یهوه بۆ فۆرمی "فرەجەمسەری".
ئەم هەوڵانەی چین بۆ ململانێکردنی ئەمریکا، هەمیشە وای کردووە کە پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە لە سنوورێکی دیاریکراودا قەتیس بمێننهوه و هەڵوێستەکانیان لە هەمبەر یەکتر لە چوارچێوەی کردار و پەرچەکردار بمێنێتەوە؛ بەتایبەتی بۆ ئەمریکا، کە زۆر جار پەنای بردۆته بهر سیاسەتی دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی چین، وەک دەستێوەردانی ئەمریکا لە پرسی تبت، پرسی تایوان، پرسی دەریای چین لە باشوور و پرسی مافەکانی مروڤ لە چین.
لە ئێستایشدا و بە هۆی ئیدارەی تازەی ئەمریکاوه بە سەرۆکایەتیی ترامپ، ئاسۆی پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێت کە تەشەنەی زێتری تێ کەوێ و خاڵی ناکۆکی نێوانیان زێتر بێت. ترامپ هەر لە دەسپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەم دوایییەی ئەمریکا، لەو بانگەشانەی کە بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاوه پەیوەست بوون، کۆمەڵێک لێدوانی له دژی سیاسەتەکانی چین دا. ئەم لێدوانانەی ترامپ سەبارەت بە چین، لەو گۆشەنیگایەوە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت کە ترامپ بەنیازە گۆڕانگاریی گەورە لە ستراتیژییەتی ئەمریکا لە هەمبەر ئەم وڵاتە بکات؛ کە بە بۆچوونی من بریتی دەبێت لە ستراتیژیەتی "بنکۆڵکردن"، واتە مەبەستی سەرەکیی ئەمریکا لە داڕشتنی ئەو ستراتیژییەتە، بریتییە لە بنکۆڵکردنی چین لە ڕووی جیۆسیاسی و ئابوورییەوە.
لە ڕووی جیۆسیاسییەوە، ئیدارەی ترامپ هەوڵ دەدات سوود لە پێگەی جوگرافیی هاوپەیمانانی ببینێت، کە کەوتوونەتە سەر "ئۆقیانووسی ئارام"، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە سەبارەت بە ئاوی دەریای چینی باشوور و داهاتەکانی ئەو دەریایە، ناکۆکییان لەگەڵ وڵاتی چین هەیە وەک: تایوان، مالیزیا، برونای و فلیپین. ئەم وڵاتانە لە لایەن ئەمریکاوە پشتگیرییان لێ دەکرێت و خاوەنی سنووری ئاویی گرنگن، کە دەکرێت بە ڕێگهی ئاوی سەرەکیی هێڵی بازرگانیی چین ناو ببرێت، بەوەی کە چین بۆ هەناردەکردنی کاڵاکانی بۆ جیهان بەتایبەتی بۆ ئۆسترالیا و ژاپۆن و کەنەدا و تەنانەت بۆ ئەمریکایش و، چەندین وڵاتی دیکە لە چەندین کیشوەری جیاواز، بەکاریان دەهێنێ. ئەم هێڵە ئاوییە گرنگە کاتێک لە لایەن ئەمریکاوە مۆنۆپۆڵ بکرێ، مانای ئەوەیە کە چین لە ڕووی جیۆسیاسییەوە هێز و تواناکانی سنووردار دەکرێت. جگە لەمەیش، پێشبینی دەکرێت کە ترامپ هێزی سەربازیی زێتر ڕەوانەی ئەو وڵاتانە بکات کە ناومان بردن و، بنکەی سەربازیی زێتر لەو ناوچانە بکاتەوە.
لە ڕووی ئابوورییەوە و، بەپێی دۆکتراینی ئابووریی ترامپ "هەموو شتێک لە پێناوی ئابووریی ئەمریکا"، ترامپ هەوڵ دەدات کە پێداچوونەوە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان وڵاتەکەی و چین بکات، بە شێوەیەک کە سوودمەندی یەکەم و زێتر، ئەمریکا بێت. هەروەها هەوڵ دەدات کە لە ڕێگهی خستنی باجی زیاتر لەسەر کاڵای چینی و ڕەچاوکردنی زێتری بەرژەوەندییەکانی خاوەن کار و بەرهەمهێنەرانی ئەمریکی، بازاڕی ئەمریکا لە هەمبەر شەپۆڵی کاڵاکانی چین بپارێزێت.
ئەم تێڕوانینەی ترامپ، بۆ هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی پەیوەندیی وڵاتەکەی لەگەڵ چین، کە تاکوو ئێستا هەنگاوی کرداریی لێ نەکەوتۆتەوە و نەبووهتە بەشێک لە هەڵسوکەوتی ئەو وڵاتە لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا، بێ گومان چینی هێنایە دەنگ و، بە زمانێکی گرژ وهڵامی ترامپی دایەوە. لەو بارەیەوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە لێدوانیکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتەکانی ترامپی بە ناسیاسی و نادیپلۆماسی وێنا کرد و، ئاماژەی بەوە کرد کە ترامپ کەسێکی "ناواقعبینە".
ڕەنگە لە ماوەی داهاتوودا هەڵوێستی هەر دوو وڵات لە هەمبەر یەکتر بەرەو ئەو ئاراستەیە هەنگاو بنێت کە کرداری نەرێنیی لێ بکەوێتەوە و، پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە تووشی جۆرێک لە دابڕانی دیپلۆماسی بێت و دژایەتیی زێتری یەکتر بکەن و، لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهان جهنگی بەرژەوەندییەکانی یەکتر بکەن. هەروەها جۆرێک لە جهنگی سارد لە نێوانیان دروست ببێت، بهبێ ئەوەی ببێت بە جهنگی گەرم. چونکە دروستکەرانی بڕیار لە هەر دوو وڵات، دەزانن قەبارەی زیانەکانی ئەو جهنگە، چەندە گەوره و قەبە دەبێت، نەک تەنیا بۆ سەر ئەوان، بەڵکوو بۆ سەر تەواوی جیهان؛ لەبەر ئەوەی هەردووکیان خاوەن هێزی ئەتۆمیی جۆری و گەورەن و، هەردووکیان هێزی یەکەم و دووەمی ئابوورین لەسەر ئاستی جیهان و، هەردووکیان خاوەنی مافی "ڤیتۆ"ن لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و، هەردووکیان کۆلەکەی سەرەکین لە سیستەمی نێودەوڵهتیدا.