پەیوەندییەکانی ئێران – ڕووسیا: ھەڵکشان و داکشان

پێشەکی: ڕەنگە گونجاو نەبێت سازانی ئێران و ڕووسیا دەربارەی چەندین دۆسیەی گرنگ بە ھاوپەیمانێتییەکی ستراتیژی وێنا بکەین. وێڕای نزیکیی دیدگه‌ی ھەر دوو دەوڵەت لەسەر چەندین دۆسیەی سیاسی و ئابووری و تەناھی (ئاسایشی)ی گرنگ، بەڵام دەکرێت وەک ھاوپەیمانێتییەکی پێویست (تحالف الضرورة) سەیر بکرێت؛ زیاتر لە چوار سه‌ده‌ لە دژایەتیی مێژوویی و چەندین دەیە لە دژبەیەکیی ئایدیۆلۆژی، لای بەشێک لە توێژەرانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ھاوپەیمانێتیی ستراتیژی بەرھەم ناھێنێت. ئەم ھاوپەیمانێتییە، ئەگەر دەستەواژەکە دروست بێت، ھۆکاری سەرەکی، پەیوەندیی بە فۆرمی نەزمی نوێی جیھانەوە ھەیە کە لە پاش کۆتاییی جەنگی سارد، ئەمریکا ڕابەرایەتیی ئەو تاکجەمسەرییەی دەکرد کە گۆڕانکارییەکانی بواری ژینگەی سیاسی و ئابووریی نێودەوڵەتیی گرتەوە. بە شێوەیەکی گشتی، لێرەدا تیشک دەخەینە سەر گرنگترین قۆناغە مێژوویییەکانی پەیوەندیی ڕووسیا و ئێران، ھەڵکشان و داکشانی پەیوەندییەکانیان، لێکنزیکبوونە و ھەڵوێستی ھاوبەش لەسەر دۆسیەکان، کاری پێکەوەیی، گرنگترین ناجۆرییە سیاسییەکان و جیاوازیی بەرژەوەندییەکان لەسەر گشت ئاست و ڕەھەندەکان. پاشان ئاییندەی پەیوەندییە سیاسییەکانیان و کاریگەرییان لەسەر سیستەمی نوێی جیھان .

تەوەری یەکەم، مێژوویەک لە دژایەتی و جیاوازی و لێکنزیکبوونەوە: پەیوەندییەکانی ئێران و ڕووسیا بە شێوەیەکی گشتی بە چوار قۆناغی گرنگدا گوزەریان کردووە :

١- ھەوڵە پاوانخوازییەکانی ڕووسیای قەیسەری، چەندین جەنگی خوێناویی لە نێوان ئێران و ڕووسیادا خوڵقاندووە. ڕووسیا سوودی لە لاوازیی دەوڵەتی ئێران پاش کەوتنی حوکمڕانیی سەفەوییەکان وەرگرت و، توانیی تا ڕاددەیەک کۆنترۆڵی فەرمانڕەوا قاجاڕییەکان بکات و، بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی جلستان ١٨١٣ و تورکمانچای ١٨٢٨ بەشێک لە باکووری ئێران بخاتە سەر ھەرێمی ڕووسیا؛ کە تا ئێستایش گرێیەکی گەورەیە لای ئێرانییەکان. لە نێوان ساڵانی ١٩٠٥ و ١٩١١دا سوپای ڕووسیا چووە ناوخاکی ئێرانەوە بۆ کپکردنەوەی شۆڕشی دەستووری (انقلاب مشروطه‌)؛ ئەم دەستێوەردانە لە سه‌روبه‌ندی جەنگی جیھانیی یەکەمیشدا ڕووی دا،  وێڕای ئەوەی ئێران لە حاڵەتی بێلایەنیدا بوو. لە جەنگی جیھانیی دووه‌میشدا یەکێتیی سۆڤیەت بۆ داگیرکردنی ئێران، ھاریکاریی بریتانیای کرد؛ بە بیانووی ڕێگریکردن لە ئەڵمانیای نازی لە دەستبەسەرداگرتنی کێڵگە نەوتییەکانی ئێران.

٢- سەرکەوتنی شۆڕشی شیوعییەکان لە ڕووسیا له‌ ساڵی ١٩١٧، بووە دەستپێکی وەرچەرخانێکی گرنگی پەیوەندیی ئێران بە ڕووسیاوە. سیاسەتی پاوانخوازیی کۆلۆنیالیستیی ڕووسیای قەیسەری کۆتایی ھات، بەڵام جیاوازی و ململانێی ئایدیۆلۆژی سەری ھەڵدا. یەکێتیی سۆڤیەت بە ھەموو توانای خۆیەوە ھەوڵی دا ھزری چەپ لە ئێراندا بڵاو بكاته‌وه‌، چ لە ئازەربایجان، چ لە کوردستان؛ وێڕای بوونی ململانێی توندی نێوان بلۆکی سۆسیالیستی و بلۆکی سەرمایەداری، کە لەو کاتەدا ئێران لە بەرەی پشتگیریکردنی ڕۆژاوادا بوو.  

٣- قۆناغی نوێی پەیوەندی، وابەستە بوو بەو گۆڕانکارییانەی کە لە ١٩٧٩دا لە ئێران ڕووی دا؛ کە لە ئەدەبیاتی سیاسیی ناوچەکەدا بە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئەژمار دەکرێت. دۆخەکە بۆ سۆڤیەتی پێشوو نوێ بوو؛ لە لایەک پێویستیی بەوە ھەبوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە نوێیە ناوخۆیییانەی ئێران، زیاتر بەرچاوڕوون بێت و، جۆرێک لە دڵەڕاوکێی ھەبوو، لە لایەکی دیکەیش بە کۆتاییھاتنی پەیوەندیی بەھێزی نێوان ڕۆژاوا و ئێران، خۆشحاڵ بوو. دەستێوەردانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو لە ئەفغانستان و ڕەتکردنەوەی بەتوندی لە لایەن ئێرانەوە، بەوەی کە ئەوە داگیرکارییەکی شیوعییەکانە بۆ "دەوڵەتێکی ئیسلامی" و، پشتگیریی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو بۆ ڕژێمی سەددام حسێن و ھاریکاریکردنی بە چەک لە جەنگی ھەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران (١٩٨٠-١٩٨٨) و، بوونی پەیوەندییەکی تا ڕاددەیەک باش لە نێوان ئیسڕائیل و یەکێتیی سۆڤیەت، بە قۆناغێکی داکشانی پەیوەندیی سیاسیی نێوان ڕووسیا و ئێران داده‌نرێت.  

٤- ھەرەس و ھەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، بریتی بوو لە قۆناغێکی جیاوازی پەیوەندیی نێوان ڕووسیا و ئێران. سەرەتاکانی ئاسۆی پەیوەندییەکی باش لە نێوانیاندا، لە سەردانەکەی ھاشمی ڕەفسەنجانی، سەرۆکی ئەوکاتی ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی، لە ساڵی ١٩٨٩دا  بۆ ڕووسیا، دەستی پێ کرد. بەڵام ھاتنی "یەلسن" لە ڕووسیا،  لە سەرەتادا وای لێ دەخوێنرایەوە کە پەیوەندییەکانی ڕووسیا و ئێران بە ھۆی نزیکیی یەڵسن لە ڕۆژاواوە، نەچێتە قۆناغێکی باشترەوە. ئێران تا ساڵی ١٩٩٢ چاوەرێی کرد تاوەکوو توانیی جۆرێک لە متمانە و نزیکبوونەوە لەگەڵ ڕووسیادا دروست بکات، بەوەی کە ڕێککەوتننامەی ھاریکاریی ھاوبەشی لەگەڵ ڕووسیادا سەبارەت بە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەھر واژوو کرد. لە پاش ئەوە پەیتا پەیتا پەیوەندییەکانی ھەر دوو لا، چوونە قۆناغێکی نوێوە، کە ڕەچاوکردنی ڕەھەندی جوگرافی و سیاسی و بەرژەوەندیی ئابووری و ھاوکێشەکانی کێبرکێی ھەرێمایەتی، پاڵنەر بوون بۆ دروستبوونی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای پێدراوی (معطيات) نوێ. بە شێوەیەکی گشتی، دۆخەکە گەیشتە ئەوەی ڕووسیا جۆرێک لە دڵنیاییی بۆ دروست ببێت کە ئێران لەسەر بنەمایەکی پراگماتییانە مامەڵەی نوێ دەکات و، دەکرێت ببێتە فاکتەری سەقامگیری بۆ ناوچەکانی باشووری ڕووسیا؛ ئێرانیش متمانەیەکی بۆ دروست بوو، کە دژایەتییەکانی سه‌ده‌ی ١٩ و ٢٠ ئەستەمە بەئاسانی دروست ببێتەوە و، ڕووسیا جارێکی دیکە نابێتە ھەڕەشە بۆ باکووری ئێران. لەگەڵ ھەموو ئەوانەیشدا وێڕای ئەوەی ئێران چەند گرێبەستێکی بۆ کڕینی چەک لەگەڵ ڕووسیا واژوو کرد و، تەنگژەی ئابووریی ڕووسیا لەو کاتەدا پاڵنەر بوو بەوەی کە ڕووسیا ھانی کۆمپانیا و دامەزراوە پیشەسازییە سەربازییەکانی بدات بۆ ڕووکردنە بازاڕی ئێرانی. بەڵام، بە ھۆی گوشاری ئەمریکا لەسەر ڕووسیا و سزاخستنەسەر چەند کۆمپانیایەکی ڕووسی، ڕووسیا ناچار بوو پاشەکشە لە گرێبەستەکانی لەگەڵ ئێراندا بکات لە بواری سەربازی و تەکنەلۆژی. ھەموو ئەمانەیش، پاش واژووکردنی یاداشتی "گور- چیرنومیردین"ی ساڵی ١٩٩٥ ھاتە ئاراوە. لە ساڵی ١٩٩٨یشدا، ڕووسیا گرێبەستێکی بۆ ھاریکاریی وێستگەی توێژینەوە لەگەڵ ئێراندا ڕاگرت.

٥- دەیەی یەکەمی سه‌ده‌ی بیست و یەک، دەستپێکی قۆناغی نوێ بوو لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ڕووسیا. بەگەیشتنی پووتین بە سەرۆکایەتیی ڕووسیا، ڕووسیا دەستبەرداری قۆناغی پاشکەوتەییی سیاسی بوو لەگەڵ ئەمریکادا. لە سێیەمین جار گەیشتنی پووتیندا بۆ سەرۆکایەتیی ڕووسیا، ئەم ویستەی ڕووسیا بۆ گەڕانەوەی ڕۆڵی گرنگی ڕووسیا لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، زیاتر ئاشکرا و بەرجەستە بوو. بەڵام لە سەرەتادا ڕووسیا ھەوڵەکانی خۆی بۆ گەڕانەوەی شکۆی سیاسی  و ڕۆڵی مێژوییی خۆی لەسەر ئاستی ھەرێمایەتی دەست پێ کرد. سەرەتا ڕووسیا فۆکەسی خستە سەر دوو ناوچەی گرنگی جیۆسیاسی، ئەوانیش بریتی بوون لە: ئاسیای ناوەند و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. بۆ ئەم مەبەستەیش ڕووسیا پێویستیی بە دووبارە ھەڵسەنگاندنەوەی ڕۆڵی جیۆستراتیژیی ئێران ھەبوو و، گرنگیی ڕۆڵی ئێران لە لە قەوقاز و دەریای قەزوین و ئاسیای ناوەند و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بووە جێگه‌ی بایەخی ڕووسیا. لەو زەمەنەدا بوونی سەربازیی ئەمریکا لە ئەفغانستان ٢٠٠١ و، عێراق ٢٠٠٣ و، فراوانبوونی ھێژموونیی ناتۆ بەرەو ڕۆژھەڵات لە قەوقاز و ئاسیای ناوەند و ناوچەی دەریای قەزوین، ببوونە مایەی دڵەڕاوکێی هه‌م ڕووسیا، هه‌م ئێران. ھەموو ئەمانە ھاندەر بوون بۆ ڕووسیا، کە ھەوڵی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەدا بدات كه‌ تا ڕاددەیەک لە ئەمریکاوە دوورن. بۆ ئەم مەبەستەیش ڕووسیا ھەوڵی پێکھێنانی بەرەیەکی دا، کە نیگەران و دژی سیاسەتی ھێژموونگەرا و پاوانخوازی ئەمریکا بوون، کە ھەر یەک لە ئێران و چین و بەڕازیل و ھندستان لەخۆ بگرێت. ئامانجی سەرەکیش لە پێکھێنانی ئەو بەرەیە، بریتی بوو لە چێککردنەوەی باڵانس و ڕاگرتنی جۆرێک لە ھاوکێشەی نوێ، کە پەیامی کۆتاییھاتنی تاکجەمسەریی پێ بێت.

تەوەری دووەم: بوارەکانی پەرەپێدانی پەیوەندی و دروستکردنی ھاوبەشی: ئێران و ڕووسیا لە ھەوڵی بەردەوامدان بۆ پێکھێنانی پەیوەندییەکی تۆکمە لە چەند بوارێکدا:

١- ھاریکاریی ئابووری و بازرگانی: ئێران توانیویەتی بۆ ڕووسیا ھاوبەشێکی بازرگانیی زۆر باش بێت، بۆ نموونە: بەگوێرەی ئەنجومەنی کاروباری ڕووسی، قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوانیان لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ -٢٠١١ بریتی بووە لە ٦،٣ ملیار دۆلار، بەڵام تەنیا لە ساڵی ٢٠١٢ بۆتە ٣،٦٥ ملیار دۆلار. لە ئێستایشدا ئەم ژمارانە ساڵانە گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، بەڵام لە ھەموو بارەکاندا بەھای ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییانە، زیاتر لە بەرژەوەندیی ڕووسیادا بوون. لەو ڕوانگەیەوە، دەکرێت بڵێین ئێران توانیویەتی لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا، ببێتە جێگه‌ی بایەخی ڕووسیا.  لە ٢٢ی شوباتی ٢٠١٧دا  ڕووسیا و ئێران دەرگه‌ی گفتوگۆیان بۆ ڕێککەوتننامەیەک لە بواری بازرگانیی ئازاددا کردەوە. ئیگۆر شۆڤاولۆڤ، جێگری یەکەمی سەرۆکوەزیرانی ڕووسیا و، مەحموود واعزی، وەزیری پەیوەندی و تەکنەلۆژیی زانیاریی ئێران، بۆ سازدانی ئەو ڕێککەوتننامەیە ئامادەکارییان کردووە. لە کۆتاییی ساڵی ٢٠١٦ دا، جیا لەمەیش ڕووسیا ھانی ئەنجومەنی باڵای یەکێتیی ئۆراسیای داوە بۆ دەستپێکی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بە مەبەستی ڕێککەوتننامەی بازرگانیی ئازاد. ئەگەر ئێران لە چوارچێوەی یەکێتیی ئۆراسیادا ئەو ڕێککەوتننامەیە واژوو بکات، کە بلۆکێکی ئابووریی گەورەیە و دەوڵەتانی ڕووسیا و قه‌زاقستان و ئەرمینیا و بیلاڕووسیا و قرقیزستان دەگرێتە خۆ، کە ڕووبەری جوگرافیی ئەندامەکانی ٢٠،٢ ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و، دەتوانێت لە ئاڵوگۆڕی بێسانسۆری شمەک و خزمەتگوزاری و سەرمایە و دەستی کار سوودمەند بێت.  

٢- ئێران وەک بازاڕێک بۆ چەکی ڕووسی: ئێران بازاڕێکی سەرەکییە بۆ کڕین و ساغکردنەوەی چەکی ڕووسی و، سێیەمین ھاوبەشی ڕووسیایە پاش چین و ھندستان. سیسته‌می بەرگریی  S٣٠٠ بە یەکێک لە گرنگترین ئەو مامەڵانە لە نێوان ڕووسیا و ئێراندا ئەژمار دەکرێت کە ساڵی ٢٠١٠ بە ھۆی گوشارەکانی ئەمریکاوە بۆ ماوەیەکی زۆر لە لایەن کرملینەوە بڕیاری ھەڵپەساردنی بۆ دەرچوو. ئێران گرێبەستێکی لەگەڵ ڕووسیادا بۆ کڕینی سیسته‌می مووشەکیی  TOR-M1، فڕۆکەی جەنگیی SU-٢٥UBT، فرۆکەی میکی ٢٩ و سۆخۆی ٢٤، لەگەڵ چەندین جۆرە چەکی جەنگیی دیکە، واژوو کردووە. وا مەزەندە دەکرێت سوود و قازانجی ڕووسیا لە فرۆشتنی چەک و کەرەستەی سەربازی بە ئێران، لە نێوان ١١ بۆ ١٣ ملیار دۆلار بێت. لە ئێستایشدا تیمێکی ئەمنی و سەربازیی ڕووسی، سەرقاڵی گفتوگۆکردنن بۆ چەندین مامەڵەی فرۆشتنی گرنگی بواری سەربازی، لە جۆرەکانی: سوخۆی ٣٠، تانکی T٧٢، مووشەکی یاخۆنتی دژەکەشتیگەلی سەربازیی دەریایی و، چەندین جۆری دیکەی چەکی پێشکەوتوو. لە ئێستایشدا بەگوێرەی ڕاپۆرتە ھەواڵییەکانی ڕۆژنامەی "یدیعوت ئەحرنۆتی ئیسرائیلی"، ئێران لە بەرنامەیدایە بە بەھای ٢١ ملیار دۆلار، ژێرخانی سەربازییەکەی نوێ بکاتەوە؛ بۆ ئەو مەبەستەیش بە پلەی یەکەم، پشتئەستوورە بە چەکی ڕووسی .

٣- ھاریکاریی ستراتیژیی بواری وزە و ئەتۆم: ڕووسیا، بە لایەنی پەیوەندیدار بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران ئەژمار دەکرێت؛ لە ھەمان کاتدا بە سەرچاوەی سەرەکیی ھاریکاریی ئێران لە بواری ھاریکاریی ئێران بە تەکنەلۆژیی ئەتۆم، دادەنرێت. ئاماژە سەرەتایییەکان دەگەڕێنەوە بۆ ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٩٢، کە بڕیار درا ڕووسیا لە بنیاتنانی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەھر بە مەبەستی "بەکارھێنانی ئاشتییانە"، ھاریکاری ئێران بێت. پاش فراوانبوونی پرۆسەی سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیی ئەتۆم و لێڵی و ناڕوونی لە ئامانجەکانی ئێران و ھەندێک ھەوڵی گوماناوی لەم پرۆسەیەدا، ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەوروپای ڕۆژاوا، بە شێوازی جیاجیا، دژایەتیی خۆیان بۆ ھەوڵەکانی ئێران دەربڕی. لە بەرامبەریشدا، ڕووسیا لەم دۆسیەیەدا بۆ ئێران ھاوسۆز دەرچوو. وێڕای ڕەزامەندیی ڕووسیایش لە ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر سەپاندنی سزاکان بەسەر ئێراندا، بەڵام ئەوەی نەگەیاندووە کە لە ھاریکاریکردنی ئێران لەو دۆسیەیەدا پاشگەز بێتەوە. بەپوختی ئەوەی پەیوەندیی بە ھەڵوێستی ڕووسیا ھەبووە لەم دۆسیەدا، دوو خاڵی گرنگ بووە، یەکەم: پشتگیریی مافی ئێران لە بەدەستھێنانی تەکنەلۆژیی ئەتۆمی بۆ کاری ئاشتییانە. دووەم: ڕێگریکردن لە ئێران و پشتگیریکردنی سزاکانی ڕۆژاوا لەسەر ئێران بۆ نەگەیشتن بە بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیی ئەتۆمیی سەربازی. ئەمەیش بەکورتی پەیامێک دەگەیەنێت کە ڕووسیا ئێرانێکی بەھێزی دەوێت، بەڵام مەرجە نەگاتە ئەو ئاستەی ببێته‌ ھەڕەشە لەسەر خۆیشی.  

٤- ئاسیای ناوەند و قەوقاز: نزیکیی ئێران و ڕووسیا لە یەکدی لە ڕووی جوگرافییه‌وه،‌ لەسەر ئاستی ھەرێمایەتی خاڵی لێکتێگەیشتن و دژبەیەکی بۆ دروست کردوون. بەڵام ستراتیژیی ھەر دوو لا لە ئێستادا لەسەر ئەو بنەمایە داڕێژراوە کە بە دوای خاڵی ھاوبەش و گرتنەبەری سیاسەتی سازان و لێکنزیکبوونەوە لەسەر پرسە جیاوازەکاندا بگەڕێن. لە ئێستادا، بوونی ئێران لە ڕێکخراوی شانگھای وەک چاودێر، کە ڕووسیا، چین، قه‌زاقستان، قرقیزستان، تاجیکستان و ئۆزبەکستان تیایدا ئەندامن، لە بوارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بازرگانیی ماددەی ھۆشبەر و بەقاچاخبردنی چەک و تاوانی ڕێکخراو لەم ناوچەیەدا جۆرێک لە نزیکبوونەوەی لە نێوان ڕووسیا و ئێراندا دروست کردووە . لە پاڵ ئەمەدا "ڕێکخراوی ھاریکاریی ئابووریی ناوچەی دەریای قەزوین"، وێڕای بوونی جیاوازی و تێڕوانینی ناجۆر لەگەڵ یەکدی لە ڕێکخستنی باری یاساییی دەریای قەزوین، کە ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە نەوت و گازی سروشتی، بەڵام بۆتە ھۆکاری نزیکبوونەوەی زیاتر لە نێوانیان، چونکە ڕووسیا و ئێران کە بەشێکن لەو ٥ دەوڵەتەی دەکەونە سەر ئەو دەریایە، بەبەردەوامی بۆ کەمکردنەوەی پانتاییی ڕا جیاوازەکانیان، بیر و ڕا ئاڵوگۆڕ دەکەن.

٥- تەنگژەی سووریا: تەنگژەی سووری، بووە دەرخەری ھاوھەڵوێستی و زیاتر لێکنزیکبوونەوەی ڕووسیا و ئێران. ئەمریکا و ڕۆژاوا و ئیسرائیل و سعوودیا و قەتەر و چەند دەوڵەتێکی دیکە لە چوارچێوەی ستراتیژێکی لێکچوو، یان لێكنزیک، مامەڵە لەگەڵ تەنگژەی سووریدا دەکەن؛ جۆرێک لە ھاوھەڵوێستی و لێكنزیكیی دیدگه‌یان ھەیە. ئێرانیش ئه‌کتەرێکی گرنگی ئەو بەرەیەیە کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ڕووسیا پێشەنگیەتی و، حزبوڵڵای لوبنانی و ھەندێک گرووپی چەکداری شیعەمەزھەبی عێراقی و تا ڕاددەیەکیش چین لەخۆ دەگرێت. ڕووسیاو ئێران لە ڕێگریکردن لە ھەر دەستێوەردانێکی سەربازیی دەرەکی لە سووریا ھاوھەڵوێستن و، ڕایان وایە کە تەنگژەکە، دەبێت لە چوارچێوەی ململانێی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا بخوێنرێتەوە و بە ڕێگه‌چارەی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت؛ جیا لەوەی ھەر دوو لایان ھاوڕان لەسەر ئەوەی بوونی دەیان گرووپی توندڕەو و تیرۆریستی لە سووریا لە پاڵ داعشدا، ئاسایشی ھەرێمایەتیی ناوچەکەیان خستۆتە بەردەم مەترسییەکی گەورەوە. لە بواری دیپلۆماسیدا ڕووسیا پێی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داده‌گرت کە پێویستە ئێران ھاوشانی سعوودیا لە "ژنێف ٢"دا بەشداریی پێ بکرێت.

ڕووسیا و ئێران کۆمەڵێک خوێندنەوەی ستراتیژی و جیۆسیاسیی گرنگی ھاوبەشیان سەبارەت بە دۆخی ئێستا و ئاییندەی سیاسیی سووریا ھەیە. ھەر یەک بەجیا و لە ھەمان کاتدا بە شێوەی پێکەوەیی، لە ھەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییە قووڵەکانی خۆیانن لە سووریادا؛ وێڕای بوونی ھەندێک جیاوازی لە میکانیزمی مامەڵەکردندا کە ھەندێک لە توێژەران بە دابەشکردنی ڕۆڵی ناوزەند دەکەن، نەک جیاوازی لە میکانیزمی کار. جیا لەو بابەتانەی کە ئاماژەیان پێ کرا، دەکرێت تیشک بخرێتە سەر سێ دیدگه‌ی سەرەکی لەناو ئێراندا سەبارەت بە دەستێوەردانی ڕووسیا لە جەنگی سووریادا: دیدگه‌یەک بە تێڕوانینێکی کۆدەتائامێزی دەزانێت بەسەر ڕۆڵی گرنگی ئێراندا؛ دیدگه‌یەکی دیکە تا ڕاددەیەک ڕەشبینە بەو دەستێوەردانە؛ دیدگه‌ی سێیەم بە گرنگ و گەشبینییەوە لەو دەستێوەردانە دەڕوانێت و، لای وایە دەبێتە ھۆی پتەویی پەیوەندییەکانی ئێران – ڕووسیا و بەدیھێنانی بەرژەوەندیی ھاوبەش لەم ڕووانەوە

•       ڕێگریکردنە لە دروستبوونی حکوومەتێک لە سووریادا، کە ھاوسۆز بێت بۆ ڕۆژاوا بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەت.

•       قەڵاچۆکردن، یان زیانگەیاندنی قووڵە بە گرووپە "جیھادییەکان" لە سووریادا، کە ٥٠٠٠ تا ٧٠٠٠ لەو تیرۆریستانە لە بنەڕەتدا خەڵکی دەوڵەتانی ئاسیای ناوەند و قەوقازن؛ ئەمەیش پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییی ڕووسیایه‌ لە تیرۆر و، بۆ ئێرانیش لە لاوازبوونی ئەو گرووپانەدا گرنگیی دەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە ئێرانیش دراوسێی ئاسیای ناوەندە.

•       دەستێوەردانی ڕووسیا لە سووریا، بارسووکییەک بۆ ئێران دروست دەکات لەوەی کە ڕێگه‌ی چارەسەری سیاسی بەم دەستێوەردانەی ڕووسیا، ھیوای زیاترە.

لە لایەکی دیکەوە ئەو تیمەی دیدگه‌یەکی ڕەشبینیان سەبارەت بە دەستێوەردانی ڕووسیا لە سووریا ھەیە، باس لە چەند خاڵێکی گرنگ دەکەن :

•       ڕووسیا ھەوڵی سنووردارکردنی ئێران لە ناوچەکەدا دەدات.

•       ڕووسیا، بە ھاوپەیمانێکی مێژووییی ئێران لە ناوچەکەدا دانانرێت .

•       دەستێوەردانی ڕووسی لە سووریا، ئاییندەی چارەنووسی سیاسیی ئێران لە سووریادا بە ناڕوونی دەھێڵێتەوە. ئەگەری ئەوەیش ھەیە لە ئاییندەدا ڕووسیا لەگەڵ ئەمریکادا سەبارەت بە سووریا بگاتە دیدگه‌یەکی ھاوبەش، بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕای ئێران و بەرژەوەندییەکانی لە سووریادا.

٦ ھاریکاریی ئێران– ڕووسیا و ئاسایشی کەنداو:  ڕووسیا وای بۆ دەچێت کە ھاریکاریی سەربازیی ڕووسی –ئێرانی، نابێتە ھۆی ھەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی کەنداو، چونکە ڕووسیا ئەو چەک و کەلوپەلە سەربازییانە دەداتە ئێران کە چەکی بەرگرین، نەک چەکی ھێرشبردن. لەگەڵ ئەوەیشدا ڕووسیا لای وایە، پێدانی چەکی ڕووسی بە ئێران ھاوسەنگیی ستراتیژی لە ناوچەکەدا ناگۆڕێت؛ بەتایبەت ناوچەی کەنداو بارگاوییە بە چەندین جۆرە چەکی پێشکەوتووی ئەمریکی، کە لە ئاستی کوالێتیدا لەو چەکانەی کە لای ئێرانن، زۆر بەرزترن. لە ڕەھەندێکی دیکەدا ڕووسیا باش لەوە تێ گەیشتووە کە ناوچەی کەنداو لە ڕووی ئابووری و ستراتیژییشەوە، گرنگیی زۆری بۆ ڕووسیا ھەیە. بۆ ئەو مەبەستە، ڕووسیا ھەوڵی داوە خۆی وەک نێوەندکارێک بۆ لێکنزیکبوونەوەی کەنداو و ئێران پیشان بدات. دیدگه‌ی ستراتیژیی ڕووسیا بۆ ئاسایشی ناوچەکە، بریتییە لە دامەزراندنی سیسته‌می ئاسایشی ھەرێمایەتی، کە ھەر شەش دەوڵەتەکەی کەنداو و عێراق و دراوسێكانی عێراق لەخۆ بگرێت.

تەوەری سێیەم: گازی سروشتی و ھێڵی نابۆکۆ: ئاشکرایە بیرۆکەی دامەزراندنی ھێڵی نابۆکۆ بۆ گواستنەوەی گازی سروشتی بۆ ئەوروپای ڕۆژاوا، بیرۆکەیەکە زیانی گەورە لە ئابووریی ڕووسیا دەدات. پاش ئەوەی ڕووسیا لە دروستکردنی کێشەیەکی یاسایی بۆ ناوچەی دەریای قەزوین سەرکەوتوو بوو، کە سەرەتای ھەوڵی ڕووسیا بوو بۆ پەکخستنی پرۆژەی ھێڵی نابۆکۆ، وێستگەی دووەمی لە ئێرانەوە دەست پێ دەکات. ئومێدێکی گەورەی ئەوروپییەکان ھێڵی نابۆکۆ بوو بۆ دەرچوون لە ھێژموونیی وزەی ڕووسی لە بواری گازی سروشتی و، یەکێک لە  سەرچاوەکانی دابینکردنی گازی سروشتی بۆ ئەوروپا لە پاڵ چەند دەوڵەتێکی دیکە بریتی بوو لە ئێران؛ چونکە ئێران خاوەنی دووەمین یەدەگی گازی سروشتییە پاش ڕووسیا و، چوارەمین دەوڵەتی بەرھەمھێنی گازی سروشتییە. وێڕای ئەوەی ئەمریکا ڕەزامەند نییە بە وەرگرتنی گازی سروشتیی ئێرانی لە لایەن ئەوروپاوە، بەڵام ئەوروپییەکان پێویستییەکی زۆریان بە گازی سروشتی ھەیە. ئەم پێویستییە لە پاش واژووکردنی ڕێککەوتننامەی کیوتو ١٩٩٢ و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست لە لایەن ئەوروپییەکان بۆ ڕێگریکردن لە پیسبوونی ژینگە، بەبەردەوامی لە زیادبووندایە. ئێرانیش ناردنی گازی سروشتیی وڵاتەکەی، بە دەروازەیەک بۆ کەمکردنەوەی سزا ئابوورییەکانی دەزانێت، بەڵام ڕووسیا بەبەردەوامی لە ھاندانی ئێراندایە کە کاڵاکانی لە بواری وزە لە بازاڕەکانی ئاسیادا، وەک ھندستان و چین، ساغ بکاتەوە و، ڕوو لە ئەوروپا نەکات؛ بەڵام ئێرانیش لە ئێستادا تووشی گرفت بووە، کە چەندین کێبڕکێکاری لە بازاڕەکانی ئاسیادا بۆ دروست بووە. دۆسیەی گازی سروشتیی ئێران لای ھەندێک لە توێژەران لە ئاییندەدا دەبێتە خاڵی ناکۆکیی نێوان ڕووسیا و ئێران، ئەگەر ئێران بە ئاراستەی فرۆشتنی گازی سروشتیی وڵاتەکەی بۆ ئەوروپای ڕۆژاوا ھەنگاو بنێت.  

دەرەنجام: پەیوەندییەکانی ئێران و ڕووسیا لەمڕۆدا کۆمەڵێک پێدراوی ستراتیژی و بەرژەوەندیی ھاوبەش ئاراستەی دەکات. ئێران لە ئێستادا لای ھەندێک لە توێژەران ھاوبەشێکی ستراتیژیی ڕووسیایە و لای ھەندێکی دیکەیان ھاوبەشێک و ھاوپەیمانێکی پێویستی دۆخی نوێی ھاوکێشەی نێودەوڵەتی و سیسته‌می ھەرێمایەتییە. دروستکەرانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە کاتێکدا بڕیاریان دا ئاستی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕووسیادا ببەنە قۆناغێکی پێشکەوتوو، ھاوکێشەیەکی گرنگی دوولایەنەیان لەبەرچاو گرت کە بریتی بوو لە پاڵپشتیکردنی ئێران لە لایەن ڕووسیاوە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بەرامبەر ھاریکاریی تەواو و پاڵپشتیی ئێران بۆ ڕووسیا لە ناوچەی ئاسیای ناوەند و قەوقاز. بە شێوەیەکی گشتی، جیا لە لێکنزیکبونەوە و پاڵپشتییەکان، چاوەرێی بوونی تەنگژەیش لە نێوان ڕووسیا و ئێراندا، بەتایبەت لە سووریادا دەکرێت، ئەگەر ڕووسیا دیدگه‌ی خۆی سەبارەت بە ئاییندەی سووریا زیاتر ڕوون بکاتەوە. چونکە ھەندێک لە توێژەرانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وای دەبینن کە ڕووسیا سووریا وەک گۆڕەپانێک بۆ ئیستفزازکردنی ڕۆژاوا، بەتایبەت لە ئۆکرانیا، بەکار دەھێنێت و، ڕووسیا سەبارەت بە ئاییندەی سووریا خاوەن دیدگه‌یەکە کە ڕەنگە پەیوەندییەکانی بە ئێرانەوە بخاتە تەنگژەوە. ڕووسیا لەگەڵ مانەوەی ئەسەدە و تا ڕاددەیەکیش ڕەنگە بە بوونی ھێژموونیی عەرەبی سوننە لە ناوەڕاستی سووریا ڕازی بێت و، کوردیش لە باکووری ئەو وڵاتە، لەگەڵ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە کەناراوەکانی سووریا. ئەمەیش تا ڕاددەیەک لە دیدگه‌ی ئێراندا بۆ ئاییندەی سووریا، ناکۆکە.

سەرچاوەکان:

1-  عبدالسلام جمعة زاقود، الابعاد الاستراتيجية للنظام العالمي الجديد،1989-2011، دار زهران، 2013.

2- شاهرام تشوبين، طموحات ايران النووية، دار العربية للعلوم ناشرون، بيروت، 2007.

3- محجوب الزويري، ايران الثورية والثورات العربية: ملاحظات عن السياسة الخارجية الايرانية ومآلاتها، المركز العربي للابحاث ودراسة السياسات، الدوحة، 2012.

4- فاطمة الصمادي، ماذا بعد الاتفاق النووي الإيراني؟.. الرابحون والخاسرون، مركز الجزيرة للدراسات، 25 يونيو/حزيران 2015. تاريخ الدخول: 10مايو/أيار 2016

http://studies.aljazeera.net/ar/reports/2015/06/20156259435992376.html

5- فرح الزمان أبو شعير، العلاقات الإيرانية-الروسية: شراكة حذرة تميز حلف الضرورة، مركز الجزيرة للدراسات، 07 أكتوبر/تشرين الأول 2013. تاريخ الدخول 10 مايو/أيار 2016.

http://studies.aljazeera.net/ar/reports/2013/10/201310710612251555.html

6- Elena Holodny, Business Insider , Russia is ready to jump on the 'new opening' in Iran

http://www.businessinsider.com/iran-russia-us-relations-after-nuclear-deal-2015-6#ixzz3dP0zpwBh

7- Karoun Demirjian, Russia-Iran relationship is a marriage of opportunity: https://www.washingtonpost.com/world/russia-iran-relationship-is-a-marriage-of-opportunity/2015/04/18/5de80852-e390-11e4-ae0f-f8c46aa8c3a4_story.html?utm_term=.0b6b8f7dc0fd

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples