لە مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، هەمیشە ئەو وڵاتانەی کە لە ڕووی هێز و پێگەی سیاسییەوە لێک نێزیک بوون، خەریکی ئەوە بوون کە لەسەر ئاستی ناوچەکە سیستەمێک دامەزرێنن ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی ئەوان بکات، هاوسەنگیی هێز لە نیۆان خۆیان بپارێزێت و ڕەچاوی جیاوازیی پێگەی سیاسی و هێزی ئەوان بکات لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە لە ڕووی هێزەوە لە خوارووی ئەوان بوون؛ وەک ئەو سیستەمەی کە هێزە ئەوروپییەکان لە ساڵی 1642 دایان مەزراند، بەناوی سیستەمی فرەجەمسەری؛ بۆ هاوسەنگکردنی باڵانسی هێز لەنێو خۆیان و دابەشکردنی میراتی کۆلۆنیالیستی و بەهێژموونکردنی سیاسەتی خۆیان بەسەر ئەو وڵاتانەی کە لە خوارووی ئەوان بوون لە ڕووی توانا و هێزی سەربازی و ئابووری.
ئەمریکا لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم ساڵی 1945، بەپێچەوانەی ئەو هێزە ئەوروپییانەی کە سیستەمی فرەجەمسەرییان پێک هێنا، لە بری ئەوەی بیر لە هاوسەنگکردنی هێز بکاتەوە لەگەڵ هێزە ڕۆژاوایییەکان، بەپێچەوانەوە دۆخ و هەلومەرجی جهنی جیهانیی دووەم و لێکەوتەکانی بۆ سەر ئابووریی ئەوروپا بە دەرفەت دەزانێت، کە هەوڵ بۆ جەمسەربوونی خۆی بدات. بۆ ئەم مەبەستە، توانیی لە دوو پرۆژەدا سیاسەت و ستراتیژیەتی خۆی بۆ بەجەمسەربوون دابڕێژێت: یەکێکیان پڕۆژەی مارشال بوو، بە مەبەستی ئاوەدانکرنەوەی ئەوروپا؛ هی دووەمیان بڕۆژەی کۆمەککردنی داراییی دەزگه ئابوورییه نێودەوڵەتییەکان بوو، وەک بەنکی نێودەوڵەتی و سندوقی نێودەوڵەتیی دراو. بە هۆی ئەو دوو سیاسەتەوە، ئەمریکا توانیی ئەوروپا بخاتە ژێر کاریگەریی سیاسەتەکانی خۆی و، لە لایەکی ترەوە، توانیی لە ڕێگهی ئەو دەزگه و ڕێکخراوە ئابوورییانەی کە ناومان بردن، کاریگەری بکاتە سەر ئابووریی جیهانی. ئەم سیاسەتەی ئەمریکا، توانیی ئەو وڵاتە بکاتە هێزێکی گەورە و، ڕکابەری هێزێکی گەورەی وەک یەکێتیی سۆڤێەتی جاران بکات.
لە دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران و کەوتنی جەمسەرێکی ڕکابەری ئەمریکا لە کۆتاییی هەشتاکان و دەسپێکی نهوهدەکانی سەدەی بیستەم، کۆتایی بە سیستەمی دووجەمسەری (Bilateral Polar System) دێت. بەو هۆیەیشهوه پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتی نێودەوڵەتی، پێ دەنێنە نێو قۆناغێکی نوێی ڕێکخستن و دیسپلین لە کایەی سیستەمیدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی؛ ئەویش بە لەدایکبوونی سیستەمێکە بە فۆرمی تاکجەمسەری (Unipolar System). بە مانایەکی دیکە، بە ڕووخانی جەمسەری یەکێتیی سۆڤیەتی جاران، ئەمریکا وەک تاکجەمسەر دەمینێتەوە، کە توانیی کاریگەری لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بنوینێت.
ئەو هەلومەرجە نوێیە، زەمینەی مۆنۆپۆڵکردنی سەرچاوەکانی دروستکردنی هێز و سەرچاوەی دروستکردنی بڕیاری ستراتیژیی بۆ ئەمریکا ساز کرد. هەروەها ئەمریکا بە سوودوەرگرتن لەو هەلومەرجە، سیاسەتی نێودەوڵەتیی بە پێوانەی تەرازووی خۆی دەپیوی؛ واتە بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی، سیاسەتی نێودەوڵەتیی بەڕێوە دەبرد، نەک بەپێی بەرژەوەندیی گشتیی وڵاتان. تا ئەو ڕاددەیە کە ئەمریکا بانگەشەی زلهێزبوونی دەکرد، لەوەی کە هیچ وڵاتێک ناتوانێت لە ڕووی هێز و کاریگەرینواندن لەسەر ئیدارەدانی سیستەمی نێودەوڵەتی و ئاراستەپێکردنی سیاسەتی نێودەوڵەتی و کۆنترۆڵکردنی، ڕکابەریی ئەمریکا بکات. لەو ڕووەوە و، لە دوای 11 سێپتەمبەری ساڵی 2001، ئەمریکا توانیی بەکردەوە ئەو بانگەشەیەی خۆی بسەلمێنێت، کاتێک کە جهنگی بەرامبەر عێراق و ئەفغانسانی ڕاگەیاند وەک وڵاتێکی داگیرکەر لە دەرەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی؛ سەرەڕای ناڕازیبوونی هەر یەک لە وڵاتانی ڕووسیا و چین و فەڕەنسا بەو بڕیارەی ئەمریکا.
لە هەمبەر ئەم پاوانخوازییەی ئەمریکا و مۆنۆپۆڵکرنی سیستەمی نێودەوڵەتی، چەند هێزیکی گەورە، لە ڕووی تایبەمەندی و ستراکتۆری ئەو سیستەمەوە، بەم سیستەمە ناڕازین وەک: چین و ڕووسیا. پێیان وایە کە ئەم سیستەمە نەیتوانیوە باڵانسی هێز لە نێوان هێزە گەورەکان دروست بکات و، تای تەرازووی هێز تەنیا بە لای ئەمریکا شکاوەتەوە و، تەنیا ئەویش مۆنۆپۆلی سەرچاوەکانی هێزی کردووە و، دەستی بەسەر دەزگه و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ئابووری و سیاسییەکانی وەک (سندوقی نێودەوڵەتیی دراو، بەنکی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوی بازرگانیی نێودەوڵەتی و...)دا گرتووە. لەو بارەیەوە هەوڵی خۆیان خستۆتە گەڕ بۆ گۆڕینی سیستەمی نێودەوڵەتی، لە تاکجەمسەرییهوه بۆ فرەجەمسەری (System Multi Polar).
پێیان وایە کە سیستەمی فرەجەمسەری، زێتر دەتوانێت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی تەواوی ئەو وڵاتانە بکات کە لە ڕووی کاریگەرینواندن لەسەر جووڵەپێکردنی سیاسەتی نێودەوڵەتی، خۆیان بە وڵاتگەلێکی مەزن ئەژمار دەکەن. هەروەها سیستەمی فرەجەمسەری، زیاتر دەتوانێت ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییهكان و بنەماکانی پەیڕەوی نەتەوە یەکگرتووەکان بگرێت و، تەواوی یەکە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن لە چواچێوەی ئەم سیستەمەدا سوودمەند بن و گوزارشت لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکەن.
یەکێک لەو هەوڵانەی کە چین و ڕووسیا بۆ ئەم مەبەستە گرتوویانەتە بەر، بریتییە لە فراوانکردنی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە ڕێگهی فراوانکردنی بازنەی ئەندامبوون لەو ئەنجومەنە، بە شێوەیەکی هەمیشەیی. لەو بارەیەوە، ڕووسیا و چین هەمیشە داوایان کردووە کە هەر یەک لە وڵاتی هند، بەڕازیل، ئەڵمانیا و چەند وڵاتێک لە کیشوەری ئافریقا، ببن بە ئەندامی هەمیشەییی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
ئەم هەنگاوانەی چین و ڕووسیا لەسەر ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەتایبەتی لەسەر ئاستی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەیە کە بتوانن ڕێگە لە نفووزی ئەمریکا بگرن لەم ئەنجومەنەدا و، جۆرێک لە بەرەیەک لەنێو ئەنجومەندا پێک بهێنن لە دژی بڕیاری تاکڕەوانەی ئەمریکا. لەبەر ئەوەی زۆر جار ئەمریکا، بە بۆچوونی ئەوان، ڕێزی لە ئیرادەی کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی نەگرتووە و، پرسەکانی بردۆتە دەرەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی؛ وەک ڕاگەیاندنی جەنگی دژی عێراق له ساڵی 2003 هەروەک ئاماژەمان پێ کردبوو، کە بەپێچەوانەی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەژمار کرا؛ تەنانەت بە سەرپێچییەکی ڕوونی یاسای نێودەوڵەتیش ناوزەد کرا. ئەم هەنگاوەی ئەمریکا، لە لایەن چین و ڕووسیا بەوە خوێندنەەوەی بۆ کرا، کە ئەمە یەکێکە لە ئاسەوارەکان و خەسلەتەکانی سیستەمی تاکجەمسەری. بۆیە داوایان کرد کە سیستەمێکی نێودەوڵەتیی ئەوتۆ بێتە کایەوە و دابمەزرێت، کە هاوسەنگیی هێز بە لای تەواوی یەکە نێودەوڵەتییەکانهوه بێت بەتایبەتی وڵاتە مەزنەکان؛ کە دەتوانن لە ڕووی هێزەوە ڕکابەریی ئەمریکا بکەن، هەروەها کردەوە و هەڵسوکەوتی هەر دەوڵەتێک بە یاسای نێودەوڵەتییهوه ببەسترێتەوە و سنووردار بکرێت.
هەنگاویگی تری ڕووسیا و چین سەبارەت بە سنووردارکردنی هێژموونیی ئەمریکا و دژایەتیکردنی سیستەمی تاکجەمسەری، بریتییە لە دژایتیکردنی سیستەمی مووشەکیی ئەمریکا و کەمکردنەوەی نفووز و کاریگەرییەکانی ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهان، بەتایبەتی لە ئاسیای ناوەڕاست، کە بە ناوچەی بەرژەوەندییەکان و نفووزی ڕووسیا ئەژمار دەکرێت. لەم ناوچەیەدا ڕووسیا توانیی ئۆزبەکستان ڕازی بکات لەوەی کە داوا لە ئەمریکا بکات بنکەی سەربازیی خۆی لەو وڵاتە بکشێنێتەوە.
لە ڕووی ئابوورییشهوه، هەوڵ دەدرێت کەوا نفووز و کاریگەرییەکانی ئەمریکا لەسەر دەزگه ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان کەم بکەنەوە. بۆ ئەم مەبەستەیش ڕووسیا و چین توانییان بە هۆی دامەزراندنی ڕێکخراوی شەنگەهای، بەرەیەکی ئابووریی گەورە لە دژی هێزی ئابووریی ئەمریکا دادەمەزرێنن؛ سەرباری ئەوەی کە ئەو دوو وڵاتە هەوڵ دەدەن ڕێگری لە تەشەنەکردنی نفووزی ئەمریکا لە نیمچەدوورگەی کۆریا بکەن، لە ڕێگهی فراوانکردنی بازنەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئەو دوو وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.
بەگشتی، تەرازووی هەر یەک لە وڵاتی چین و ڕووسیا بۆ پێوانەکردنی سیستەمی نێودەوڵەتی، لە تەرازووی ئەمریکاوه جیاوازە. پێیان وایە کە جیهان پێویستیی بە زیاتر لە جەمسەرێکە، نەک تاکە جەمسەرێک؛ بۆ ئەوەی هاوسەنگیی هێز دروست ببێت و، بۆ ئەوەی ببێتە مایەی بەرجەسەتەبوون و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی تەواوی وڵاتان، بە هەموو قەبارەیەک، لە وڵاتی مەزن و مامناوەند و بچووکەوە؛ دواجار دەبێتە مایەی بەدیهێنانی دادپەروەری لە نێوانیان لە ڕووی بڕیاردان و بوونی ئەوان لە گۆمەلگهی نێودەوڵەتی و قەبارەی کاریگەرییەکانیان لەسەر دامودەزگه و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.