ئاسەوارەکانی تێکچوونی پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا، بە هۆی پرسگەلێکی ئایدیۆلۆژی، سیاسی و مرۆیییهوه، تا دێت پەرە دەسێنێت و لێکەوتە و ڕەنگدانەوەی جۆری لە نێوان تورکیا و وڵاتانی ئەوروپادا لێ دەکەوێتەوە؛ بە جۆرێک کاریگەرییەکان گەیشتە ئاستی ئەوەی کە ڕێککەوتننامەی پەیوەست بە کۆچبەران لە نێوانیاندا هەڵبوەشێتەوە و، یەکێتیی ئەوروپایش یارمەتییە دارایییەکانی بۆ تورکیا کە بە 4 ملیار دۆلار مەزندە کرابوو، ڕابگرێت. تەنانەت پەیوەندیی دیپلۆماسی لە نێوان تورکیا و چەند وڵاتێکی ئەوروپیدا گەیشتە ئاستی هەڵپەساردن، وەک هەڵپەساردنی پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان تورکیا و هۆڵەندا؛ ئەمە سەرباری ئەوەی کە لە ئێستایشدا هیچ زەمینەیەک بۆ گرەنتیی چارەسەرکردنی ئەو هەلومەرجە سیاسییە ناڵەبارەی نێوانیان، بەدی ناکرێت. لەم وتارەدا، خوێندنەوە و شیکردنەوەی بابەتەکە چڕ دەکەینەوە لەسەر "گرژی و جهنگی دیپلۆماسیی نێوان تورکیا و هۆڵەندا" وەک نمونەیەکی زەق و بەرچاو، کە زۆرترین دەنگ و سەدای میدیاییی لێ کەوتۆتەوە.
بۆچی تورکیا و هۆڵەندا لە ئێستادا دۆخەکەیان گەیاندە ئاستی قەیران؟
هەڵدێربردنی دۆخی ئێستای پەیوەندییەکانی تورکیا و هۆڵەندا تا ئاستی قەیران، لە ڕاستیدا دەستەبژێری فەرمانڕەوا وەک "ئەردۆغان" و "مارک ڕووتە"ی سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندای لە پشتەوەیە؛ بەو پێیەی کە هەر دوو لا بۆ گرەنتیکردنی ڕیفراندۆم و هەڵبژاردنەکان و بردنەوەی دەنگی هاووڵاتیان، پێویستییان بە جهنگی سیمبۆلی و جهنگی ڕاگەیاندن بوو. هەرچەندە دەسپێکی ئەو جهنگە، لە چەخماخەی هۆڵەنداوە دەستی پێ کرد؛ کاتێک کە بە بڕیارێکی "حکوومەتەکەی مارک ڕووتە" ڕێگریی لە نێردەی دیپلۆماسی و بەرپرسە باڵاکانی تورکیا بۆ نێو خاکی هۆڵەندا کرد، بە مەبەستی دواندنی ڕەوەندی تورک و کۆکردنەوەی دەنگی ئەوان بە "بەڵێ"، بۆ ڕیفراندۆمە چاوەڕوانکراوەکەی تورکیا. ئەو ڕێگریکردنەی حکوومەتی مارک ڕووتە، کە لە هەمان کاتدا سەرۆکی حزبی لیبراڵی هۆڵەندایە، بۆ ئەوە بوو کە دەنگەکانی هێزە ڕادیکاڵەکان و توندڕەوەکانی هۆڵەندا کاڵ ببنەوە و، پێشبینی دەکرا ڕێژەیەکی بەرچاو لە کورسییەکان، لە کۆی 150 کورسی لەو خولەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هۆڵەندا بەدەست بێنن.
لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستەی هۆڵەندا، ئەردۆغانیش دەرفەتێکی باشی بۆ ڕەخسا بۆ ئەوەی جهنگی ڕاگەیاندنی پێ بکات و، بە مەبەستی ڕاکێشانی سۆز و هەستی ئەوان بۆ دەنگدان بە ڕیفراندۆمەکەی تورکیا، پەیامی سیمبۆلی بۆ گەلی تورکیا بنێرێت. ئەردۆغان لە پەیامە سیمبۆلییەکانی بۆ گەلی تورکیا، دەیەوێ تورکەکان وا حاڵی بکات کە سەروەری و کەڕامەتی وڵاتەکەیان لە لایەن هۆڵەندییەکانەوە ژێرپێ کراوە، کاتێک کە ڕێگری لە بەرپرسەکانی وڵاتەکەیان دەکرێت و، دیپۆرتیان دەکەنەوە. ئەو جهنگە سیمبۆلی و ڕاگەیاندنەی نێوان ئەردۆغان و مارک ڕووتە، قەیرانی دیپلۆماسیی لێ کەوتەوە؛ کە لە ئێستادا پەیوەندیی دیپلۆماسی لە نێوانیاندا هەڵپەسێردراوە.
ئاییندەی پەیوەندییەکانی تورکیا و هۆڵەندا لە پەراوێزی ئەو قەیرانەدا
پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە لەسەر کۆمەڵێک بنەمای ئابووری، بازرگانی و گەشتوگوزاریی پتەو دامەزراوە. ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە لە ساڵی 2015، گەیشتە 6 ملیار دۆلار. هەروەها کۆمپانیاکانی سەر بە هەر دوو وڵات لەناو خاکی یەکتردا کاری وەبەرهێنان دەکەن؛ ئەمە سەرباری ئەوەی کە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا پەیوەندیی هەواڵگریی زۆر بەهێز هەیە، کە زانیاریی پەیوەست بە ئاسایش ئاڵوگۆڕ دەکەن و هاریکاریی ئەولەهی پێشکەش بە یەک دەکەن. بەڵام ئەوەی کە جێگەی پرسیار بێت ئەوەیە: ئایە پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە ئاسایی دەبێتەوە، یاخود قەیرانەکە قووڵتر دەبێتەوە؟ یان هەر دوو لا پەنا بۆ سزای ئابووری دەبەن؟
لە ڕاستیدا ئەو دۆخەی ئێستای نێوان تورکیا و هۆڵەندا، دۆخێکی کاتییە و، لە دوای ڕیفراندۆمەکەی تورکیا، کە لە مانگی ئەپریلی داهاتوو ئەنجام دەدرێت، کۆتاییی پێ دێت. هەر دوو لا دەست دەکەن بە هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، چونکە لە بنچینەدا ئەو دۆخە لە لایەن دستەبژێرەکانەوە وەک تاکتیک مامەڵەی پێوە کراوە؛ بە شێوەیەک کە لە ستراتیژییەتی هیچ کام لەو لایەنانەدا نییە کە قەیرانەکە قووڵتر بکەنەوە و درێژەی پێ بدەن؛ هەروەها بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەو دوو وڵاتە، وا دەخوازێت کە ئەو دۆخە زوو چارەسەر بکرێت و پەیوەندییەکان بگەڕێنەوە بۆ دۆخی ئاسایی.
ئەو دوو وڵاتە، لە کاتێکدا کە لە ماوەی 2 ساڵی ڕابردوو تووشی جۆرێک لە قەیرانی ئابووری بوون، لە ئێستادا ئامادە نین زیانی زیاتر بە ئابووریی خۆیان بگەیهنن. بەتایبەتی بۆ تورکیا، سەپاندنی هەر جۆرە سزایەکی ئابووری بەسەر هۆڵەندا، وەک ئەوە وایە کە تورکیا سزای ئابووریی بەسەر خۆی سەپاندبێت؛ لەبەر ئەوەی تورکیا سوودمەندی یەکەمە لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ هۆڵەندا؛ ئەمە سەرباری ئەوەی کە ساڵانە بە ملیۆنان گەشتیاری هۆڵەندی سەردانی تورکیا دەکەن.
تورکیا پێویستە پەند لە نموونەی تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا وەرگرێت، کاتێک بەو هۆیەوە زیانێکی زۆر بە ئابووریی ئەو وڵاتە کەوت. هەر بۆیە، زوو ئەردۆغان کەوتە بەر هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ڕوسیا. ئەو ئەزموونە لە ماوەی داهاتوودا لەگەڵ هۆڵەندا دووبارە دەبێتەوە. ئەردۆغان پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هۆڵەندا ئاسایی دەکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە چەندین هۆکاری دیکە هەن وەک: هۆکاری سیاسی، ئەولەهی (ئاسایشی) و جیۆپۆلیتیکی، لە پاڵ هۆکاری ئابووری و بازرگانی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان؛ کە ناکرێت دەستەبژێری فەرمانڕەوا لەو وڵاتانە، ئەو هۆکارانە لەبەرچاو نەگرن و لە گرنگیی ئەو هۆکارانە تێ نەگەن.