تێڕامانێك لە لووتكەی كۆمكاری عەرەبی

دەستپێك:

كۆمكاری عەرەبی، ڕێكخراوێكی هەرێمییە ‌و، لە بیست ‌و دوو دەوڵەتی عەرەبی لە باشووری كیشوەری ئاسیا و، باكووری كیشوەری ئەفریقا پێك هاتووە. ئەركی سەرەكیی ئەم ڕێكخراوە، خۆی لە نزیككردنەوەی وڵاتانی عەرەبی، باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان، یەكخستنی هەڵویست ‌و گوتاریان بەرامبەر وڵاتانی دیكەی دەرەوەی ئەم ڕێكخراوەدا دەبینێتەوە.

گرێدانی لووتكە ‌و كۆبوونەوەكانی ئەمساڵی كۆمكاری عەرەبی _لووتكەی عەممان_ لە بارودۆخێكدا بەڕێوە دەچێت، كە وڵاتانی ئەندامی، لەو دوو ناوچەیەی وڵاتانی عەرەبییان تێدایە ـــ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا ـــ ڕووبەڕووی جه‌نگی تیرۆر، ململانێی مەزهەبی ‌و تائیفی، ئالۆزی ‌و ناسەقامگیریی سیاسی بوونەتەوە؛ بە جۆرێك بۆتە هۆی دابەشبوونی سیاسی ‌و تەنانەت جوگرافیی ئەم وڵاتانە، وەك لە عێراق ‌و سووریا ‌و یەمەن ‌و لیبیا دەیبینین.

ڕیشەی مێژووییی دروستبوونی كۆمكاری عەرەبی:

ئەگەرچی ڕیشەی مێژووییی دروستبوونی كۆمكاری عەرەبی، دەگەڕێتەوە بۆ كاری هاوبەشی بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی لە سەرەتای سەدەی بیستەم ‌و، بەو بۆنەیەیشەوە یەكەم كۆنگرەی عەرەبی لە ساڵی 1913 لە پاریس گرێ درا، بەڵام پاش ئەو هەوڵانە لە ڕێكەوتی 7ی تشرینی یەكەمی 1944، كۆنگرەی ئامادەكاری ‌و پەسەندكردنی پرۆتۆكۆلی پێكهێنانی كۆمكاری عەرەبی پەسەند كرا ‌و، بەمەیش لە ڕێكەوتی 22ی ئازاری 1945، ئەم كۆمكارە لە لایەن حەوت دەوڵەتی عەرەبییەوە دروست كرا، كە بریتی بوون لە وڵاتانی: عێراق، میسر، سعوودیا، ئۆردن، سووریا، لوبنان و یەمەن.

ئەم كۆمكارە لە ساتەوەختی دروستبوونییەوە تا ئێستا، 40 كۆبوونەوەی لووتكەی ئەنجام داوە؛ بە جۆرێك كە 28 لووتكەی ئاسایی و 9 لووتكەی نائاسایی و 3 لووتكەیش ئابووری بوون. یەكەم كۆبوونەوەی لووتكەی ئەم كۆمكارە عەرەبییەیش لە ساڵی 1946 لەسەر داوای مەلیكی میسر ـــ مەلیك فارووق ـــ و، بە بەشداریی حەوت وڵاتی دامەزرێنەری كۆمكارەكە بەڕێوە چوو و، بەپێی پەیماننامەی كۆمكاری عەرەبی، ساڵانە بەپێی پیتی ئەبجەدی، وڵاتانی ئەندام پێشوازی لە بەستنی لووتكەی عەرەبی دەكەن.

هەیكەلی كۆمكاری عەرەبی:

پەیماننامەی كۆمكاری عەرەبی لە دیباجەیەك، دە ماددە ‌و سێ پاشكۆ پێك دێت، كە تیایدا هەیكەلی كۆمكارەكەی ڕێك خستووە؛ بە جۆرێك كە ئەم كۆمكارە لە سێ بەش پێك دێت، بەم شێوازە:

یەكەم: دامەزراوەی سەرەكی (ئەنجومەنی گشتی): لە ئەنجومەنی كۆمكار، ئەنجومەنی ئابووری و كۆمەڵایەتی ‌و ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتانی ئەندام لە كۆمكاری عەرەبی، پێك دێت.

دووەم: ئەمیندارێتیی گشتی: پێك دێت لە: نووسینگەی ئەمینداری گشتیی كۆمكار، جێگری ئەمینداری گشتی، كەرتەكانی كاروباری ئاسایشی نیشتمانی، سیاسەتی نێودەوڵەتی، ئابووری ‌و كۆمەڵایەتی، ڕاگەیاندن ‌و پەیوەندییەكان، كارگێڕی ‌و چاودێریی دارایی و كەرتی فەلەستین ‌و خاكی داگیركراوی عەرەبی.

سێیەم: نووسینگە ‌و نێردراوە دەرەكییەكان: ئەم بەشە لە كۆمكاری عەرەبی، لەو نووسینگە ‌و نێردراوە دەرەكییانە پێك دێت كە ئەم ڕێكخراوە لەسەر ئاستی جیهان هەیەتی؛ بە جۆرێك لە كیشوەری ئەفریقا 8 ناوەند، لە كیشوەری ئەوروپا 11 نوێنەرایەتی، لە كیشوەری ئەمریكا 4 نووسینگە ‌و لە كیشوەری ئاسیا 5 ناوەندی هەیە.

هەروەها ئەم كۆمكارە، بیست ‌و دوو ئەندامی هه‌یه‌، كە یەكسانە بە تەواوی ژمارەی وڵاتانی عەرەبی لە جیهاندا، كە بریتین لە: میسر، عێراق، یەمەن، لیبیا، مەغریب، تونس، میرنشینی یەكگرتووی عەرەبی (ئیمارات)، بەحرێن، قەتەر، سعوودیا، جەزائیر، لوبنان، مۆریتانیا، ئۆردن، جیبووتی، دوورگەكانی قەمەر، كوێت، سووریا، سۆمال، سوودان، عومان ‌و فەلەستین.

لووتكەی عەممان:

ڕێكەوتی 29ی ئازاری 2017، لە وڵاتی ئۆردن (28)ەمین لووتكەی ئاساییی كۆمكاری عەرەبی، بە بەشداریی شا، سەرۆك و گەورە بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبی جگە لە سووریا ‌و، بە ئامادەبوونی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی فەڕەنسا و نوێنەرانی سەرۆكی ڕووسیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەسترا.

ئەو بابەتە گەرمانەی لەم لووتكەیەدا تاووتوێ دەكرێن پەیوەستن بە چەند كەیسێكی هاوبەشی نێوان وڵاتانی عەرەبی لەسەر ئاستی هەرێمی، وەك: جه‌نگی داعش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دەستتێوەردانی وڵاتان بەگشتی ‌و بەتایبەتی ئێران لە كاروباری ناوخۆی وڵاتانی عەرەبی، هاریكاریی ئەمنی لە نێوان وڵاتانی عەرەبی، پەرەپێدانی پەیوەندیی دیبلۆماسیی وڵاتانی عەرەبی، كێشەی فەلەستین، هاریكاریی ئابووریی نێوان وڵاتانی عەرەبی و پشتیوانیی چارەسەری كێشەكانی سووریا ‌و یەمەن و لیبیا.

بەڵام بە شێوەیەكی گشتی، لووتكەی ئەم جارەی كۆمكاری عەرەبی لەسەر دوو تەوەری هەستیار هەڵوێستە دەكات، كە ئەویش خۆی لە دەرهێنانی عێراق لەژێر هێژموونیی دەسەڵاتی شیعی ‌و گەڕانەوەی بۆ نێو هاوكێشە عەرەبییە سونییەكان، لەگەڵ دانانی سنوورێك بۆ دەستێوەردانی ئێران لە كاروباری ناوخۆی وڵاتانی عەرەبیدا، دەبینێتەوە.

لووتكەی عەممان؛ لووتكەی ئاشتەواییی سعوودیا ‌و عێراق:

لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ دەربازكردنی عێراق لە هێژموونی ‌و تەوژمی دەسەڵاتی شیعی ‌و خودی كۆماری ئیسلامیی ئێران ‌و، گەڕانەوەی بۆ نێو بەرەی عەرەبی سوننی، سعوودیا بەنیازە وەك هەنگاوی سەرەتا ‌و پیشاندانی نیازپاكیی خۆی لە بەرامبەر عێراق، لە قەرزە كەڵەبووەكانی پێشووی سەر عێراق خۆش ببێت، لەگەڵ زیادكردنی ئاڵوگۆڕكردنی بازرگانیی نێوان هەر دوو وڵات. هه‌روه‌ها لە هەوڵیشدایە گەشتە ئاسمانییەكان لە سعوودیاوە بۆ بەغدا و نەجەف دەست پێ بكاتەوە؛ هەروەك لە بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی سعوودیادا هاتبوو، كە لە ڕێكەوتی 23ی ئازاری 2017 بڵاو كراوەتەوە.

سعوودیا دەیەوێت دووبارە پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراقدا دابڕێژرێتەوە، چونكە لە دوای جەنگی دووەمی كەنداوەوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق بەرەو پووكانەوە چوو بوون؛ لەگەڵ ئەوەی تەواوی پەیوەندییە دیبۆماسییەكانیشی لەگەڵیدا هەڵپەساردبوو. بۆیە لە ئێستادا سعوودیا بەدوای دەلاقەیەكدا دەگەڕێت كە لە ڕێگه‌یەوە پرۆسەی ئاشتكردنەوە لەگەڵ عێراق دەست پێ بكات ‌و، بەرەی سوننی لە ناوچەكە، كە خۆی ڕابەرایەتیی دەكات، بەهێزتر بكات. بۆیە دەیەوێت لە ڕێگەی لووتكەی عەممانەوە لەسەر ئەم پرسە سەرنجی دونیای عەرەبی بۆ خۆی ڕابكێشێت و، بەرەیەكی گەورە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكەی دروست بكات.

لووتكەی عەممان؛ لووتكەی وەستانی دەستێوەردانی ئێران لە كاروباری وڵاتانی عەرەبی:

لووتكەی عەممان بەوە لە لووتكەكانی پێش خۆی جیا دەكرێتەوە، زیاتر جەخت لەسەر وەستانی دەستێوەردانی ئێران ‌و تەوژمی شیعی لە كاروباری ناوخۆی وڵاتانی عەرەبی دەكاتەوە و، دەیانەوێت هەڵوێستێكی توندیش لە لایەن  كۆمكاری عەرەبییەوە دژ بە كۆماری ئیسلامی بنوێنرێت. بۆ ئەم مەبەستەیش ئەنجومەنی كۆمكاری عەرەبی، پرۆژەبڕیاری "دەستێوەردانی ئێران لە كاروباری ناوخۆییی وڵاتانی عەرەبی"ی داڕشت ‌و بڵاو كردەوە؛ كە تیایدا داوا لە كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكەن، دەست لەو سیاسەتانە هەڵبگرێت كە پەرە بە ناكۆكیی تائیفی و مەزهەبی لەنێو وڵاتانی عەرەبیدا دەده‌ن و، نابێت ئێران تاقم و گرووپ ‌و میلیشیا و حزبە شیعییەكان بە ئاراستەی تێكدانی ئاسایشی نیشتمانیی ناوخۆی وڵاتانی عەرەبی، تەیار ‌و پڕچەك بكات. بۆیە چاوەڕوان دەكرێ وڵاتانی عەرەبی لە لووتكەی عەممان، هەڵوێستی خۆیان لەبارەی دەستێوەردانەكانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەكە بەگشتی ‌و، لە عێراق و سووریا ‌و بەحرێن ‌و یەمەن ‌و لوبنان بەتایبەتی، ڕابگەیەنن.

كۆمكاری عەرەبی ‌و چارەسەریی كێشەكان:

بەشی زۆری ئەوانەی كە چاودێریی كار‌وباری كۆمكاری عەرەبی دەكەن، پێیان وایە ئەم كۆمكارە ‌و گرێدانی كۆبوونەوە لووتكەكانی، خاوەنی هیچ چارەسەرییەك نین ‌و، بەستن، یان نەبەستنی ئەم كۆنگرە ‌و لووتكانە هیچ لە واقعی حاڵ ناگۆڕێت. دەیشبینین لە مێژووی ئەم كۆمكارەدا چەندین بڕیار ‌و ڕاسپاردەی باش دەركراون، بەڵام ئەم بڕیار ‌و ڕاسپاردانە لە چوارچێوەی تیۆری ‌و مەڕەكەبی سەركاغەز ماونەتەوە ‌و، نەچوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە؛ چونكە لە لایەكەوە كێشەی ئەم كۆمكاره‌ی عەرەبی ئەوەیە، نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەل ‌و هاونیشتمانیانی عەرەب ناكات، بەڵكو تەنیا نوێنەرایەتیی حكوومەتەكانیان ‌و نوخبەیەكی كەمی دیاریكراویان دەكات. لە لایەكی دیكەوە، بڕیار لەنێو لووتكەكانی كۆمكاری عەرەبیدا بە ڕێككەوتن لە نێوان وڵاتان دەبێت، نەك بنەمای كەمینە و زۆرینە؛ لەگەڵ ئەوەی بڕیارەكانی ئەم كۆمكارە، مەرجی پابەندبوونیان تێدا نییە، بۆیە توانای جێبەجێكردنی بڕیار ‌و ڕاسپاردەكانی كۆمكاری عەرەبییان كەم كردووەتەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples