"ئۆرجانسکی"، پسپۆری ناسراوی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، پێی وایە: "سیاسەتی دەرەوەی هەر یەکەیەکی نێودەوڵەتی، گوزارشتە لە خواست و ویست و بەرژەوەندییەکانی ئەو یەکەیە لە ژینگەی دەرەوەدا؛ جا ئەو بەرژەوەندییانە، سیاسی و ئابووری بن، یاخود ئایدیۆلۆژی و ڕۆشنبیری." ئەو بۆچوونەی ئۆرجانسکی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە وڵاتان ئامانجی جیاوازیان هەیە، چونکە توانا و هێزی جیۆپۆلیتیکی و ئابووری و مرۆیییان جیاوازە.
ئێران لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وڵاتێکی گەورەیە؛ خاوەن قەبارەی هێز و نفووز و توانای جۆراوجۆری خۆیەتی و، ئەکتەرێکی کاریگەری سیستەمی هەرێمییە. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، ئامانجە ئایدیۆلۆژی و سیاسییەکانی، لەو جوگرافیایەی کە بە "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" ناومان برد، قەتیس ماونەتەوە؛ لە کاتێکدا کە ئێران گەورەترین ئامانجە ئابووری و بازرگانییەکانی لە دەرەوەی سنووری ئەو ناوچەیە، وەک: بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ کەنەدا و وڵاتانی ئەمریکای لاتین، ئەوروپا و تەنانەت ئەفریقا. هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سیاسەتی دەرەوەی ئێران هەڵقووڵاو و زادەی بنەماکانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانە له ساڵی 1979، کە زیاتر پێکهاتبوو لە بنەمای ئایدیۆلۆژی و سیاسی و بیروباوەڕی و، پێویست بوو لە ڕێی سیاسەتی دەرەوە ئەو بنەمایانە هەناردە بکرێن.
شۆڕشی ئیسلامی و ستراکتۆری ناوەندی بڕیار
شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئەو ڕووداوە بوو، کە کاریگەرییەکی زۆری کردە سەر سیاسەتی دەرەوە و ناوەندی بڕیار لەو وڵاتەدا، بۆ چۆنێتیی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ژینگەی دەرەوەدا. بە شێوەیەک کە دید و ڕوانگەی دروستکەری بڕیار لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە سەبارەت بە ژینگەی هەرێمی و نێودەوڵەتی، گۆڕانێکی ڕیشەییی بەسەردا هات؛ بەو پێیەی کە بڕیار لەسەر هاوپەیمانێتیی نوێ درا و، پێداچوونەوە لەسەر هاوپەیمانێتیی ستراتیژی کرا؛ هەروەها ڕکابەرە نوێیهکان و دۆستەکان لە هەر دوو سیستەمی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا دەستنیشان کران. ئەم ئاڵوگۆڕە نوێیە لە ڕوانگە و بۆچوونی دروستکەری بڕیار لە سیاسەتی دەرەوە، پێویستیی بەوە بوو کە ستراتیژییەتێکی ئەوتۆ دابڕێژرێت کە تەواوی ئەو گۆڕانکارییە نوێیانە لەخۆ بگرێت و، سەرلەنوێ ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دیاری بکرێت؛ بە شێوەیەک کە تێکەڵاوی و پلەبەندییەک لە نێوان ئامانجە ئایدیۆلۆژییەکان و پێداویستییە سیاسییە نەتەوەیییەکاندا هەبێت.
کاریگەریی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ئاراستەکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە
"هانز مۆرگنتاو"، باوکی ڕۆحیی قوتابخانەی ڕیالیزم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، پێی وابوو کە: "کاریگەرترین داگیرکاری، داگیرکاریی ئایدیۆلۆژییە؛ چونکە بە هۆیەوە دڵ و عەقڵی گەلان داگیر دەکرێت." لە چوارچێوەی ئەو بۆچوونەی مۆرگنتاودا دەتوانین ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە ئێران بە هۆی بنەماکانی شۆڕشی ئیسلامییەوە گەورەترین کاریگەریی كردۆته سەر مێنتالیتی و دڵ و دەروونی بەشێکی گەلانی ئیسلامی. بەو پێیەی کە ئایدیۆلۆژی و بیروباوەڕ، لە ڕوانگەی ئێرانی ئیسلامییهوه سەبارەت بە ژینگەی دەرەوە، ڕۆڵێکی بنەڕەتییان بینی، کاتێک کە بڕیاربەدەستان کاریان لەسەر هەناردەکردنی بنەماکانی شۆڕشی ئیسلامیی وڵاتەکەیان بۆ دەرەوە کرد. گوتە بهناوبانگەکەی "خومەینی" لەسەر ئەم ڕاستییە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە، کاتێک کە گوتی: "ڕووبەڕووی بوونەوەی ئێمە لەگەڵ ولاتان، لهسهر بنهمای بیروباوەڕە." جگە لەمەیش سیستەمی سیاسی لەو وڵاتەدا، بەپێی هەمان ئەو بنەمایانە دامەزراوە کە بە "ویلایەتی فەقیھ" ناو نراوە. ئەو هەنگاوەیش هەڵسوکەوتەکانی ئەو وڵاتەی لە سنووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لە بەرامبەر وڵاتە عەرەبییەکان، زێتر بەو بنەمایانەوە پابەند کرد.
هەناردەکردنی بنەماکانی شۆڕش لە لایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە سیاسەتی دەرەوەدا، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی عەرەبی، لە ڕاستیدا پەیوەندییەکانی ئێرانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە تووشی لەباربردن و هەرەسهێنان کرد؛ لەبەر ئەوەی وڵاتانی کەنداو هەستیان بە مەترسیی ئەم هەڵسوکەوتانەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران کرد، کە ئەم هەڵسوکەوت و ڕەفتارانە، چ مەبەست و ئامانجێكی لە پشتەوەیە و، چۆن ئێران دەیەوێ ببێتە جەمسەرێکی ئیسلامی و، ڕۆڵ و پێگەی ئیسلامیی سعوودیا کەمتر بکاتەوە؛ بەتایبەتی کار لەسەر ئەوە بکات کە کاریگەرییەکانی سعوودیا لەسەر وڵاتانی ئیسلامی کاڵ بکاتەوە. ئەمە سەرباری ئەوەی کە پرسی سازکردنی هیلالێک بە ناوی "هیلالی شیعی" لە لایەن ئێرانەوە، ئاسایشی نەتەوەییی وڵاتە عەرەبییەکان، لە ڕێگهی ورووژاندن و پشتیوانیکردنی دۆسیەی شیعەکان لەو وڵاتانەدا، دەخاتە مەترسییەوە. بۆ ئەم مەبەستەیش، ئێران توانیی بە هۆی پشتیوانیکردنی "حزبوڵڵا" و لە ئێستایشدا حەشدی شەعبی و هێزە شیعەکانی دیکە، هێز و هێژموونیی خۆی بەسەر هەندێک لە وڵاتانی عەرەبیی وەکوو لوبنان، سووریا، عێراق و یەمەن بسەپێنێت. ئەوەیش کە جێگهی سەرنجە ئەوەیە کە تاکوو ئێستا کاریگەریی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ڕووی هزری و ئایدیۆلۆژی و مەزهەبییەوە بەسەر وڵاتانی عەرەبی ماوەتهوه؛ سەرەڕای ئەوەی کە پەیوەندییەکانی ئێران و وڵاتانی عەرەبی، لە دوای شۆڕشی ئیسلامییەوە تا ئێستا، چەندین بەرزی و نزمیی لە مێژووی پەیوەندییەکانی ئەم دوو لایەنەدا بەخۆیەوە بینیوه.
یەکێک لە گرنکترین دروشمەکانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، کە لە گوتەیەکی خومەینی وەرگیرابوو، بریتی بوو لە: "ڕێگهی ئازادکردنی شاری قودس لە کەربەلاوە دەست پێ دەکات." ئەو دروشمەی شۆڕش، وڵاتێکی وەک ئیسڕائیلی لە دۆستێكی زۆر نزیکەوە بۆ ئێرانی پێش شۆڕش، کرد بە نەیارێکی سەرسەختی ئەو وڵاتە لە دوای شۆڕش. هەروەها ئەو دروشمە، پەیامێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی بۆ جیهانی ئیسلامی پێ بوو؛ بەو واتایەی کە "قودس" و "فەڵەستین" بەدەستی شیعەکان ڕزگاریان دەبێت و، ئیتر شیعەکان لەمەودوا ڕۆڵێکی بێئەندازەیان لە سیاسەتی هەرێمی و هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەدا دەبێت. یەکێکی تر لە دروشمەکان "بەشەیتانکردنی ئەمریکا" بوو؛ بە هۆی ئەو دروشمەوە، گرژی كهوته نێوان ئەو دوو وڵاتە و، ئەو گرژییەیش وای کرد کە تا ئێستایش پەیوەندییەکانیان پچڕاو بێت. هەروەها ئێران هەوڵی دا، کە لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتی جاراندا، کاریگەرییەکانی شۆڕش بۆ ئاسیای ناوەڕاستیش بگوازرێنەوە؛ بەو پێیەی کە زۆربەی گەلانی ئەو ناوچەیە مسوڵمانن، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کە لەگەڵ ئێراندا هاوسنوورن. ئێران هەوڵی دا کە لەو ناوچانەدا شیعەگەرایی بچەسپێت و، گەلانی ئەو ناوچانە شیعە وەک ئایدیۆلۆژیی خۆیان ببینن و باوەڕی پێ بکەن، نەک مارکسیزم.
بەگشتی، ئەوەی کە جێگەی ئاماژەبۆکردنە، ئەوەیە کە سیاسەتی دەرەوەی ئێران تا ئێستایش بەو بنەمایانەوە کاریگەرە و، ئێران ئێستایش دەستی لە سیاسەتی تائیفی و پشتیوانیکردنی شیعەکان و هەوڵی دەستەمۆکردن و سەپاندنی هێژموونی بەسەر بەشێک لە حکوومەتەکانی ناوچەکەدا هەڵنەگرتووە؛ ئەمە سەرباری ئەوەی کە پەیوەندییەکانی ئێران بەرامبەر بە هەر یەک لە وڵاتانی عەرەبی و وڵاتی ئیسڕائیل و ئەمریکا، وەک خۆیەتی. ئەو چەشنە ئاراستەیه لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران، لە ڕاستیدا بژاردەکانی بەردەستی دروستکەری بڕیار لە سیاسەتی دەرەوەدا بەرامبەر بە هەر هەلومەرج و دۆخێک کە کاتێک لە ژینگەی دەرەوە دروست بێت و بێتە پێشەوە، کەمتر و تەسکتر دەکاتەوە. ئەوەیش وا دەکات کە ئێران کاریگەرییەکانی هەر لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا قەتیس بمێنێتەوە و، بۆ سنوورەکانی دیکە تەشەنە نەکات، چونکە ڕەوشی تائیفی و شیعەگەرایی هەر لەو جوگرافیایهدا بوونی هەیە. بۆیە، پێویستە ئێران خۆی لە بنەما ئایدیۆلۆژییەکان ڕزگار بکات و، پەنا بۆ سیاسەتی کراوە و، لەسەر بنەمای دیموکراسی و لیبراڵییەت ببات.