ئاڵا، وەك سیمبۆل ‌و شكۆی نەتەوە

دەروازە:

هەروەك سوقرات ‌و ئیبن خەلدوون دەڵێن: "مرۆڤ، بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتییە"، واتە لە دێرزەمانەوە مرۆڤەكان بەكۆمەڵ ‌و پێكەوە لەگەڵ یەكتردا ژیاون؛ بە جۆرێك هەر گرووپێك لەم گرووپە مرۆڤانە شوێنێكیان _پارچە زەوییەكیان_ بۆ قەڵەمڕەوی تایبەت بە خۆیان دیار كردووە و، ناوبەناویش بۆ پەرەپێدان ‌و فراوانكردنی سنووری جوگرافیا و، بەدەستهێنانی زیاتری پێداویستییەكانی ژیانیان، هێرشیان كردۆتە سەر یەكتر. بۆیە دەبینین ململانێ ‌و جەنگەكان، ڕووداوی دانەبڕاو و جیانەكراوەیە لە ڕەوتی مێژووی گەلانی جیهان و، لەو نێوەندەیشدا هەر گەل ‌و نەتەوە ‌و هۆز ‌و گرووپێك، بۆ پێشاندانی پێناس ‌و ناسنامەیان لەسەر شوێنی نیشتەجێبوون و، لە كاتی جەنگەكاندا، ئاڵایان وەك ڕەمز و هێمایەكی تایبەت بە خۆیان هەڵكردووە. هەر بۆیە دەبینین لە پێناسەی ئاڵادا ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت: "ئاڵا، واتە هێما و ناسنامەی گەل ‌و نەتەوە و دەوڵەت و هەرێم و حزب و گرووپەكان و، شانازییەكی بەردەوامی بەرجەستەكراوی هەر یەكەیانە."

مێژووی ئاڵا:

وەك لە بەڵگە مێژوویییەكاندا ئاماژەی پێ كراوە، تەمەنی هەڵكردنی ئاڵا دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی دوو هەزار ساڵ پێش زایین ‌و، بۆ یەكەم جار لە شارستانییەتی میزۆپۆتامیا _كوردستانی گەورە_ ئاڵا هەڵدراوە و، دەوڵەتی ماد ‌و شارستانییەتی سۆمه‌ڕییەكان ‌و ئاشوورییەكان و میدیاكان، ئاڵایان وەك نیشانەیەك بۆ دەسەڵاتدارێتیی خۆیان هەڵداوە و، میسرییە كۆنەكان ‌و ئیمپراتۆرییه‌تی چین و ژاپۆن ‌و ڕۆمانییەكانیش خاوەنی مێژوویەكی دەوڵەمەندن لە هەڵكردنی ئاڵادا. كەواتە، لەمەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە كە هەر لە مێژەوە سازكردن ‌و هەڵكردنی ئاڵا، بووه‌تە پیشەی مرۆڤەكان ‌و، وەك بەشێك لە ناسنامە ‌و هێمای تایبەت بە خۆیان سەیریان كردووە.

ئاڵا، وەك سیمبۆلی نەتەوە:

بیرمەندی ئەمریكی، "مایكل بیلگ"، ئاڵا بە یەكێك لە سیمبۆلە سەرەكییەكانی دەوڵەتی نەتەوەییی مۆدێرنەوە دەبەستێتەوە و، پێی وایە ئاڵای وڵات ‌و نیشتمان ‌و نەتەوە، ئەو هێما دیارەیە كە ڕۆڵێكی گرنگ و بەردەوام لە بەرهەمهێنان و پاراستنی گوتار و ناسنامه‌ی نەتەوەییدا دەبینێت و، لەگەڵ ئەوەیشدا مایكل پێی وایە، ئاڵا یەكێكە لە سیمبۆلە سەرەكییەكانی ناسیۆنالیزم.

بە درێژاییی سەدەی بیستەم ‌و، دوای كۆتاییهاتنی جەنگە جیهانییه‌كان ‌و دروستبوونی دەوڵەتان ‌و ڕێكخراوی گەورەی سەر ئاستی جیهانی بە نموونەی نەتەوە یەكگرتووەكان، دەبینین ئاڵا، بە بەراورد بە ڕەمزە نەتەوەیییەكانی تر، ڕۆڵێكی بەرچاوی لە یەكخستنی گەل ‌و نەتەوەی ناو دەوڵەتەكاندا گێڕاوە؛ بە جۆرێك ئاڵای نەتەوەیی، بوو بە بەشێك لە پرۆسەی دروستكردنی سنووری نەتەوە و نیشتمان، كە كۆمەڵگه‌ بە سنووری جیاكردنەوەی خۆی لە دونیای دەره‌وەی خۆی دەزانێت. بەمەیش ئاڵا، بوو بە چەقی سیمبۆلێكی پیرۆزی نەتەوەیی و نیشتمانی لە سەدەی بیستەمدا؛ بە جۆرێك كە هەر دیاردەیەكی وەك سووتاندنی ئاڵا و ژێرپێنان ‌و سووكایەتیپێكردنی، بە ڕەمزی لەناوبردن و بێنرخكردن و ئیهانەكردنی نەتەوە سەیر دەكرا. واتە ئاڵا بە ڕاددەیەك بەرز ‌و پیرۆز ڕاگیرا، كە لەگەڵ نەتەوە و نیشتمان هاوشان ‌و یەكسان دەكرا و، نەتەوەیان وەك درێژكراوەی ئاڵا دەبینی؛ بەمەیش ئازاردانی ئاڵاكە، وەك ئازاردانی نەتەوەكە خۆی وێنا دەكرد. لە ئێستایشدا بەپێی عورفی دیپلۆماسی، دانان ‌و هەڵكرنی ئاڵا لە ڕێوڕەسمە پرۆتۆكۆلییەكانی پێشوازی لە سەرۆكی وڵات ‌و شاندی باڵایان، گرنگی ‌و بایەخی خۆی هەیە؛ بە جۆرێك هەر مامەڵەیەكی ناتەندروست لەگەڵ ئاڵای وڵاتی میوان لە لایەن وڵاتی خانەخوێوە، بە پێشێلكاری لە سەروەریی وڵاتی بەرامبەر دادەنرێت و، بەپێچەوانەیشەوە ڕاستە، كە هەر مامەڵەیەكی تەندروست لەگەڵ ئاڵای نەتەوەییی وڵاتان، بە ڕێزگرتن لە سەروەری ‌و شكۆ ‌و سیمبۆلی نەتەوەی وڵاتان هەژمار دەكرێت.

ئاڵای كوردستان:

ئاڵای كوردستان، ڕەمزی شۆڕشی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردە بە درێژاییی مێژوو تاكوو ئەمڕۆ و، ئەگەرچی ئاڵای كوردستان بە شێواز ‌و ڕەنگی جیاواز لە پارچەكانی كوردستان تەمەنێكی دوورودرێژی هەیە و، هەر لە ساڵی 1919ه‌وە لە سەردەستی چەندین ڕێكخراو و شۆڕشی كوردی، هەڵكراوە؛ وەك ڕاپەڕینی بەتلیس لە ساڵی 1914، شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید لە ساڵی 1919، شۆڕشی سمكۆخانی شكاك لە ساڵی 1922‌، شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی 1925، كۆمەڵەی هیوا لە ساڵی 1937 و كۆمەڵەی ژێكاف.

بەڵام بە هەندێك دەستكارییەوە ئەم ئاڵایە _ئاڵای ئێستا_ بەفەرمی لە كانوونی دووەمی ساڵی 1946، لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی كۆماری كوردستان لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد هەڵدراوە و، كراوه‌ بە ڕەمزی كۆماری كوردستان. واتە ئاڵای ئەمڕۆی كوردستان یادگاری بەجێماوی كۆماری سەربەخۆی كوردە لە مێژوودا؛ بۆیە یەكێكە لە سیمبۆلە هەرە گرنگەكان، كە دەبێت بیكەین بە هەوێنی بەیەكەوەبەستنمان؛ وەك چۆن ئاڵای كۆماری كوردستان بووبە چەتری كۆكردنەوەی تەواوی چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردی، كە دەستیان لە نەخشاندن ‌و خزمەتكردنی ئەو كۆمارە كەمتەمەنەدا هەبوو.

هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە شاری كەركووك:

بە بڕوای من، ئەگەرچی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە شاری كەركووك درەنگوەخت بوو، بەڵام كارێكی گرنگ ‌و ڕووداوێكی مێژووییی مەزنە؛ ئەمە سەرباری ئەوەی ئەم كارە بێ مەترسی نییە ‌و، بێ بەربەرەكانێ ‌و ململانێ لە نێوان پێكهاتەكانی ئەو شارە تێپەڕ نابێت، ئەگەرچی مافێكی ڕەواو دەستوورییە. بۆیە بە تێڕوانیی ئێمە، بۆ خاوكردنەوەی هەڕەشه‌ی هێزە ناكوردییەكانی ئەو شارە ‌و، لێدوانی توندی سەركردە ناوخۆیی ‌و دەرەكییەكان ‌و، پاشانیش ملدان بە هێزە سیاسییەكانی عێراق ‌و نوێنەرانیان بە ڕووداوەكە، پێویستیی كورد ‌و سەركرادایەتییە سیاسییەكەی پاش بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگه‌ی ئەو شارە ‌و هەڵكردی ئاڵای كوردستان لەسەر دامودەزگه‌ حكوومییەكان، ئیدی كاتی بەدیفاكتۆكردن ‌و قبووڵكردنی ئەم پرسەیە لە ڕێگەی دەرچەی یاسایی ‌و دەستووری ‌و ورووژاندنی لە ناوەندە میدیایییەكان ‌و، یەكخستنی هەڵوێست ‌و بڕیاری حزبە سیاسییە كوردییه‌كان؛ چونكە ناكرێت هەڵكردنی ئاڵا لە كەركووك، تەنیا لە سۆزی نەتەوەیییه‌وه‌ سەیر بكەین، بەڵكوو، دەبێت بیكەین بە كەرەستەیەكی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە لەمێژینەیییەكانمان لەو شارە ‌و تەواوی كوردستاندا.

بیبلۆگرافیای ئاڵای كوردستان:

ئەم ئاڵایە _ئاڵای كوردستان_ لە تەواوی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندان هەڵدەكرێت. بەم دوایییانەیش بە بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگه‌ی كەركووك، ئاڵای كوردستان لە كەركووك ‌و ناوچە دابڕێنراوەكان هەڵكرا و، پەرلەمانی كوردستان بەپێی بڕیاری ژمارە (26) لە ڕێكەوتی 11ی تشرینی دووەمی 1999، ئاڵای كوردستانی بەفەرمی ناساندووە ‌و ڕەنگ ‌و دروشم ‌و پێوانە و شیوازی هەڵدانی دیاری كراوە. دیسانەوە لە ساڵی 2009 دا پەرلەمانی كوردستان بڕیاری دا، كە ڕۆژی 17ی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێك وەكوو "ڕۆژی ئاڵا" لە هەرێمی كوردستان دیاری بكرێت.

ئاڵای كوردستان، لە لاكێشەی ئاسۆیی پێك هاتووە: لاكێشەی سەرەوە ڕەنگی سوورە، ئەوەی ناوەند ڕەنگی سپییە و، لاكێشەی خوارەوە ڕەنگی سەوزە و، دروشمی نەتەوەییی ئاڵای كوردستان خۆری زێڕینە، ئەم خۆرە 21 تیشكی یەكسان و هاوشێوەی هەیە. بەپێی زانستی "ئاڵاناسین" (Vexillology) تەواوی ڕەنگ و نیشانەكانی ئاڵا، هەڵگری مانای تایبەتن و، بەو پێیەی زۆربەی ئاڵاكان هەڵقووڵاوی مێژووی هەر گەل ‌و نەتەوەیەكن ‌و، بوونه‌تە پێناسەی ئەوان ‌و وەكوو هێمایەكی نەتەوەیی چاویان لێ كراوە و ڕێزیان لێ گیراوە.

هەر لەمێژە ئاڵاكان لە باری ڕەنگ و نیشانەكانەوە لەگەڵ یەك جیاوازییان هەبووە و، هەر گەل ‌و نەتەوە ‌و هۆز و دەسەڵاتێك ڕەنگ و نیشانەیەكی بۆ ناساندنی خۆی دەستنیشان كردووە. هەرچی تایبەت بە مانای ڕەنگەكانی ئاڵای كوردستانیشە، دەكرێت بڵێین: ڕەنگی سوور، هێمای شۆڕشگێڕی و خوێنی شەهیدانی میللەتی كوردە لە پێناو مافەكانیان و، ڕەنگی سپی، هێمای ئاشتی و ئارامییە، كە گەلی كورد بەردەوام میللەتێكی ئاشتیخواز بووه‌ و، ڕەنگی سەوز، لە سروشتی كوردستانەوە هاتووە و هێمای ژیانەوەیە. ڕەنگی زەردیش، مەبەست لە ڕۆژە بیست و یەك تیشكییەكەیە، كە هێمای دواڕۆژی میللەتی كورد ‌و جەژنی نەتەوەییی نەورۆز و سەرساڵی كوردییە.

كۆتایی:

هەموو گەل و نەتەوەیەك خاوەنی كۆمەڵێك بەها و سیمبۆلی تایبەت بە خۆیەتی؛ لەنێویشیاندا ئاڵا، كە لە دیارترین ئەو سیمبۆلانەیە ‌و، بایەخی گەورەی هەیە ‌و هەموو ڕەنگ و ئاراستە جیاوازەكان لە دەوری خۆی كۆ دەكاتەوە ‌و، دەبێتە چەقی كۆبوونەوە و خاڵی بەیەكەوەگرێدانی هەموویان. لە لایەكی دیكەوە ئەگەر ئاڵا وەك سیمبۆلی نەتەوە، بۆ گەلە سەربەست و خاوەن دەوڵەتەكان سیمبۆلێكی پڕبەها بێت، ئەوا بۆ ئەو گەل و نەتەوانەی لە دۆخی بەرەو سەربەخۆییدان ــ وەك نەتەوەی كورد ــ گرنگتر و پڕبایەخترە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples