دەسپێک:
نەوت ئەو کاڵایەیە کە لە چەندین ڕەهەندەوە، دەکرێت باس لە بایەخ و گرنگیی بکرێت؛ بەپێچەوانەی تەواوی کاڵاکانی دیکە، کە هەر یەکەو لە کایەیەکی دیاریکراودا بایەخی خۆی هەیە و پێداویستییەکانی ئەم کایەیە پڕ دەکاتەوە. دەرکەوتنی نەوت و دۆزینەوەی بە شێوەیەکی فەرمی، دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییی سەدەی نۆزدەیهم و سەرهتای سەدەی بیستەم. دەرکەوتنی نەوت، وەرچەرخانێکی گرنک بوو لە مێژووی شارستانییەت و گۆڕینی ئامرازە شارستانییەکان؛ لە گواستنەوە و گەیاندن، پیشەسازی، وزە و هتد.
نەوت کاڵایەکی ئابووری ــ سیاسی ـــ ستراتیژیی گرنگە؛ بەڵام لەمە گرنگتر ئەوەیە کە: چۆن بە شێوەیەکی ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێـت؟ بەو مانایەی کە چۆن نەوت ببێت بە سەرچاوەی گەشەکردنی ئابووری و سیاسیی وڵات؟ چۆن دروستکەری بڕیار، بتوانێت لە ڕێگهی نەوتەوە ئامانجە ستراتیژییەکانی دەوڵەت دابڕێژێت؟ ئەگەر نا، بەپێچەوانەوە دەبێتە مایەی دروستبوونی جهنگ و دەرکەوتنی تۆتالیتارییەت و گەندەڵی لەو وڵاتانەی کە خاوەن ئەو کاڵایەن وەک: نایجیریا و عێراقی سەردەمی "سەددام حسێن" و سەردەمی ئێستا؛ هەروەها لیبیای سەردەمی "معەمەر قەزافی" و چەندین وڵاتی دیکە. سەرباری ئەمە، ناکرێت وڵاتانی خاوەن نەوت، تەنیا پشت بەو کاڵایە ببەستن وەک تاکە سەرچاوە بۆ داهاتی ئابووری، بەڵکوو پێویستە سەرچاوەی دیکەیشیان هەبێت. چونکە نەوت وەک هەر کاڵایەکی دیکە لە بازاڕدا، دەکەوێتە بەر یاسای خستنەڕوو و داواکاری، کە کاریگەریی لەسەر نرخی ئەو کاڵایە هەیە کە جاری وایە دادەبەزێت. بەو هۆیەیشەوە، زیان بە ئابووریی ئەو وڵاتە دەگەینێت؛ وەک ئەو نرخەی کە لە ساڵی 2014هوە تا ئێستا لە بازاڕی جیهانیدا دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، کە بەو هۆیەوە زیانی بە ئابووریی وڵاتانی هەناردەکار گەیاندووە.
نەوت سەرچاوەیەک و هۆکارێکی ڕاستەوخۆیە بۆ هەڵگیرسانی جەنگ و ململانێی ناوخۆیی و ناوچەیی. یەکەم ململانێ لەسەر نەوت لە عێراق، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1916 لە نێوان بریتانیا و فەڕەنسا. بەو پێیەی کە لە دوای ڕێککەوتننامەی "سایکس پیکۆ"، فەڕەنسا بۆی ئاشکرا دەبێت کە لەو کاڵا ستراتیژییە گرنگە بێبەش دەکرێت؛ بۆیە داوا لە بریتانیا دەکات کە "ویلایەتی مووسڵ"ی پێ بدرێت. لە هەمبەر ئەم داوایەی فەڕەنسا، بریتانیا ناچار دەبێت لە بری پێدانی ویلایەتی مووسڵ بە فەڕەنسا، بەشێک لە داهاتی نەوت بەو وڵاتە بدات. هەروەها لە ساڵی 1973 بە هۆی پاڵپشتیی وڵاتانی ڕۆژاوا لە ئیسڕائیل، پاشای ئەوسای سعوودیا هەناردەی نەوت ڕادەگرێت؛ بۆ ئەوەی نەوت وەک گوشارێکی سیاسی بەکار بهێنێت تا ئەو وڵاتانە واز لە سیاسەتی پاڵپشتیکردنی ئیسڕائیل بهێنن.
ئەو کردەوەیەی سعوودیا، لەو ڕووەوە، زیانێکی گەورەی گەیاندە سێکتەری پیشەسازیی ئەو وڵاتانە و، بە سەدان کۆمپانیا زیانیان پێ کەوت و، قەیرانی وزەی لە ڕۆژاوا دروست کرد. بۆیە ئەمریکا و ڕۆژاوا تاکوو ئێستایش لە ترسی ئهوهی، نهكا جارێكی دیكه قەیرانی وزە دروست ببێتهوه، ساڵانە 500 ملیۆن بەرمیل نەوت عەمبار دەكهن. هەروەها سعوودیا نەوت بەکار دێنێت وەک ئامرازێک بۆ ململانێی سیاسی لەگەڵ ئێران. بەو پێیەی کە هەوڵی داوە لە ڕێی سیاسەتی نەوتی خۆیەوە و زیادکردنی هەناردەی نەوت بۆ جیهان، کە لە ڕۆژێکدا نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، زیان بە ئابووریی ئێران بگەیهنێت. بەو هۆیەیشەوە نرخی نەوت دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و، دواجار بووە مایەی زیانگەیاندن بە ئابووریی ئێران؛ چونکە ئێران لە دوای ڕێککەوتنی وڵاتانی 5+1 سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، ئابڵووقەی ئابووری و بازرگانیی لەسەر هەڵدەگیرێت و، لەو ڕووهوە دەتوانێت بە ڕێژەی 4 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا هەناردە بکات، بەڵام ئەو ڕێژەیە لە هەناردەکردنی نەوت سوودێکی گەورە ناگەیێنێت بە ئابووری ئەو وڵاتە، بە هۆی دابەزینی نرخی نەوت، وەک ئاماژەم پێ دا. لە بەرامبەر ئەمەدا، ئێران ناوە ناوە هەوڵی داوە لە ڕیێ هەڕەشەکردن بە داخستنی "گەرووی هورمز" گوشار بخاتە سەر سعوودیا بۆ ئەوەی ڕێژەی هەناردەی نەوتی کەم کاتەوە و، واز لە سیاسەتی ململانێ بێنێت؛ چونکە (80%)ی نەوتی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی لە گەرووی هورمزەوە هەناردە دەکرێت. بۆیە بە داخستنی ئەو گەروویە، زیانێکی لە ڕاددەبەدەر بەر ئابووریی ئەو وڵاتانە دهكهوێ. لە لایەکی دیکەیشەوە، بۆ چۆنێتیی یەکلاکردنەوەی ململانێی نێوان ڕووسیا و وڵاتانی ڕۆژاوا لە پەراوێزی دۆخی ئۆکرانیا، هەر دوو لایەنی ململانێیەکە پەنایان بۆ ئامرازی نەوت و گاز بردووە.
یەکەم جار کە نەوت لە عێراق دەردەهێنرا و سوودی لێ وەرگیرا، لە کوردستان بوو: لە "بابە گوڕگوڕ"ی شاری کەرکووک لە 4/4 /1927. هەر لەو ڕۆژەوە تاکوو ئێستا، لە نێوان کورد و حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقدا، لەسەر شاری کەرکووک کێشە و ململانێ هەیە. هەر لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و تا ئێستا، ئەو ململانێیە بەردەوامە. بۆ سەرکردایەتیی کورد، هەر لەسەردەمی شۆڕشەوە تا سەردەمی ئێستای سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەتی هەرێم، دەستبەردارنەبوون لەو شارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم شارە لە ڕووی جوگرافیا و ناسنامهوە بەشێکە لە کوردستان؛ بەڵام بۆ حکوومەتەکانی عێراق، دەستبەردارنەبوون لەو شارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو شارە خاوەنی یەدەگێکی گەورەی نەوتە، کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئابووریی عێراق هەیە. بۆیە لەو کۆنتێکستەدا هەوڵ دەدەم وەڵامی ئەو پرسیارانەی خوارەوە بدەمەوە:
١- کاریگەری و ڕۆڵی نەوتی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشەی ستراتیژی و سیاسی و ئابووریی ناوچەکەدا چییه؟
٢- کێشە و گرفت و تەگەرەی بەردەم پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم چین؟
ناوەڕۆک:
زۆرێک لە پسپۆرانی بواری جیۆپۆلیتیک پێیان وایە كه نەوت (10%) کاڵایەکی ئابوورییە و، 90% کالایەکی سیاسییە؛ بەشێکی دیکە لە پسپۆران پێیان وایە نەوت کاڵایەکی ستراتیژییە. لەسەر ئەو بنەما و بنچینە زانستییانە، هەوڵ دەدەین وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە کە خستبوومانە ڕوو و، لەو ڕووەوە ئەرگیۆمێنتی خۆمان بخەینە بەردەست.
نەوتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی پاش ڕێککەوتننامەی "ئانكارا"ی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی تورکیا لە ساڵی 2013، پەیوەست بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، دەنگۆ و مشتومڕێکی سیاسیی گەورەی لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بەدوای خۆیدا هێنا؛ لەوەی کە حکوومەتی هەرێم تاکلایهنە و بە شێوەیەکی سەربەخۆ و دوور لە دەستوور، نەوت هەناردە دەکات و مامەڵەی لەگەڵ دەکات. تەنانەت ئەو پرسە، بۆچوونی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیشی، لە نێوان پشتیوانیکردنی ئەم هەنگاوە و دژایەتیکردنیدا، پەرتەوازە کرد. هەرچی پەیوەست بوو بە هەڵوێستی حکوومەتی عێراقهوه، بۆ من چاوەڕوانکراو بوو کە ئەو هەنگاوەی حکوومەتی هەرێم ڕەت بکاتەوە و دژایەتیی بکات. لەبەر ئەوەی وەک ئاماژەم پێ دا، نەوت کاڵایەکی ستراتیژیی گرنگە و، حکوومەتی عێراق لەوە تێ گەیشتبوو کە هەرێمی کوردستان لە ڕیێ ئەو هەنگاوەیهوه، دەتوانێت یەکەم ههنگاو بەرەو سەربەخۆییی سیاسی بهاوێژێ. بەڵام ئەوەی کە بۆ من جیێ سەرسووڕمان بوو، ئەوە بوو کە حزبە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، خۆێندنەوە و هەڵوێستی جیاوازیان لەو ڕووهوه هەبووە؛ تەنانەت لەمەڕ پرسێکی ئاوا گرنگ، هیچ بۆچوونێکی کوردستانیی کۆڕا و کۆدەنگ نەبینرا، کە گوزارشت بێت لە ستراتیژییەتی هێزە سیاسییەکان بۆ ئەو پرسە. بەگشتی، لەم نووسینەدا گرنگیی نەوتی هەرێمی کوردستانیش لە هاوکێشە سیاسی و ستراتیژییەکاندا، بەتایبەتی لە دوای قۆناغی هەناردەکردنی، لە چوارچێوەی چەند ڕەهەندێکەوە دەخرێتە ڕوو. ئەو ڕەهەندانەیش بریتین لە ڕەهەندی: سیاسی، ئابووری و ستراتیژی.
ڕەهەندی سیاسی
نەوت فاکتەرێکی گرنگە بۆ سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان؛ چونکە نەوت یەکسانە بە هێز و، هێزیش پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ سیاسەتکردن و سەربەخۆیی.
نەوت دەبێتە مایەی پاراستنی هەریمێ کوردستان و ئاسایشەکەی، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان دەبێتە سەرچاوەی دابینکردنی ئاسایشی وزەی چەندین وڵات. بۆیە بۆ ئەو وڵاتانە گرنگە، کە باری سیاسی و ئاسایشیی کوردستان لەبار بێت، بۆ ئەوەی ئاسایشی وزەی ئەوان نەکەوێتە مەترسییەوە و، لەو بارەیەوە نەوتی کوردستان وەک یەکێک لە فاکتەرەکان، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر وهدهستهێنانی پاڵپشتیی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ هەرێمی کوردستان لە جهنگی داعش هەبوو؛ وەک چۆن ئەمریکا گرنگی بە ئاسایشی سعوودیا و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی دەدات، لەبەر ئەوەی ئەو ناوچەیە ئاسایشی وزەی ئەمریکا دابین دەکات. لەو ڕووەوە و لە مێژووی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و سعوودیا، چەندین جار سەرۆکەکانی ئەمریکا بەئاشکرا جەختیان لەسەر گرنگیی بەرقەرارکردنی ئاسایشی سعوودیا کردۆتەوە لە پێناو پاراستنی ئاسایشی وزەی خۆیان؛ وەک ئەو نامەیەی کە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، "ترومان"، لە ساڵی 1959 ئاراستەی پاشای پێشووی سعوودیا، "عهبدولعهزیز" دهكات و، جەخت لەسەر پاراستنی ئاسایش و سیستەمی حوکمڕانیی ئەو وڵاتە دهكاتهوه و، پاپەندیی دەوڵەتی ئەمریکا لەو بارەیەوە دووپات دەکاتەوە.
بە هۆی نەوتی هەرێمەوە، کۆمپانیا نەوتییەکانی جیهان لە ڕێگهی کاریگەرینواندن لەسەر دروستکەرانی بڕیار لە وڵاتەکانیان، بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان داکۆکی لە هەرێمی کوردستان دەکەن. نەوت دەبێتە مایەی دروستکردنی بایەخ بە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە لایەن ئەو وڵاتانەی کە پێویستییان بە وزەیە؛ دواجار ڕەنگدانەوەی لەسەر دروستکردنی پەیوەندیی سیاسی لەگەڵ ئەم وڵاتانەدا دەبێت. نەوتی هەرێم، کاریگەریی لەسەر دانپێدانانی وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی تورکیا، بە پێگەی فەرمی و دەستووریی هەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە دەکرێت (40%)ی سەرچاوەی ئاسایشی وزەی تورکیا، نەوتی هەرێم بێت.
ڕەهەندی ئابووری
هەناردەکردنی نەوت بە شێوەیەکی سەربەخۆ، مانای سەربەخۆییی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەگەیهنێت. بە دەربڕینێکی دیکە، ئابووریی هەرێمی کوردستان لە پاشکۆیەتی و وابەستەبوون بە ئابووریی عێراق ڕزگاری دەبێت، چونکە بە سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی نەتەوەیی ئەژمار دەکرێت. دەتوانرێت لە ڕێی داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی دیکەی داهات بۆ ئابووریی کوردستان دابین بکرێت؛ بەو مانایەی کە نەوتی هەرێم دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ دابینکردنی سەرچاوەی دیکەی داهات لە ڕێگهی بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ، پیشەسازی و فراوانکردنی بازنەی بازرگانی. نەوت فاکتەرێکی گرنگە بۆ گەشەکردنی وڵات لە ڕووی تەندروستی و خۆێندن و بوارەکانی دیکە؛ بەو مانایەی کە پێویستە ژێرزەوی، بۆ گەشەکردنی سەرزەوی بەگەڕ بخرێت.
نەوت کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی داهاتی تاک هەیە و، داهاتی تاکیش پێوەرێکە بۆ پێناسەکردنی ئاستی ئابووریی ئەم وڵاتە. بۆ نموونە داهاتی تاکەکەس لە وڵاتی قەتەر، کە بەرزترین داهاتە لەسەر ئاستی داهاتی تاکەکەس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە هۆی نەوت و گازی سروشتییەوەیە. نەوت، لە ڕێگهی کۆمپانیا نەوتییەکانەوە دەرفەتێکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری و کەمکردنەوەی دەڕەخسێنێت؛ بەو پێیەی ئەم کۆمپانیایانە پێویستییان بە دەستی کاری زۆر هەیە، هەر لە کارمەندێکی ئاسایی، تا تەکنیکارێک و ئەندازیارێک. نەوت کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بووژانەوەی بازاڕ و جموجووڵی بازاڕ هەیە. بە هۆی فرۆشتنی نەوتەوە، پارە و "سیولە" زۆر دەبێت و، پارەیەکی زۆر دێتە بازاڕەوە و دەستاودەستیی پێ دەکرێت.
لە کاتی بوون و سەرهەڵدانی قەیرانە نێودەوڵهتییەکان، ئابووریی کوردستان زیانی پێ ناکەوێت، لەبەر ئەوەی نەوت سامانێکی گرنگە و لە هەموو بارودۆخێکدا کڕیاری خۆی هەیە. بۆ نموونە ئابووریی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، جێگیر و پتەوە و زیانی پێ نەگەیشتووە؛ تەنانەت لە کاتی سەرهەڵدانی قەیرانە دارایییە نێودەوڵەتییەکانیشدا، مەگەر تەنیا لە ڕێی دابەزینی نرخی جیهانیی خودی نەوتهوه بێت؛ وەک دابەزینی نرخی جیهانیی نەوت لە ساڵی 2014، کە بەرمیلێک نەوت لە نێوان 35 $ بەرەو خوارەوە هەڵبەز و دابەزی پێ دەکرا و، لەو ڕووەوە ئابووریی هەرێمی کوردستان زیانێکی زۆری پێ گەیشت و، تەنانەت قەیرانی بێمووچەییی قووڵتر کردەوە.
ڕەهەندی ستراتیژی
نەوت کاڵایەکی ستراتیژییە؛ بەو مانایەی کە کاریگەریی دەبێت لەسەر داڕشتنی ستراتیژییەتێک بۆ هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە، بۆ چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ژینگەی دەرەوە لەمەڕ پرسگەلێکی سیاسی، ئابووری و جیۆپۆلیتیکی و، بە هۆی نەوتەوە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە ئاسایشی ناوچەکە دەبەسترێتەوە.
نەوت کاریگەریی لەسەر گۆڕینی هاوسەنگیی هێز هەیە: هاوسەنگیی هێز لە نێوان بەغدا و هەولێر؛ بەو مانایەی کە چیتر بەغدا بەتەنیا نابێتە بنکەی داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژییەت. نەوتی هەرێم کاریگەریی دەبێت لەسەر بەستراتیژیکردنی پەیوەندییەکانی هەرێم لە ناوچەکە، لە پەیوەندیی ئاسایییەوە بۆ پەیوەندیی ستراتیژی؛ وەک پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا لە قۆناغی دوای هەناردەکردنی نەوتەوە، كه لە پەیوەندییەکی ئاسایییهوه، دەگۆڕدرێت بۆ پەیوەندییەکی ستراتیژی.
هەناردەکردنی نەوت، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ورووژاندنی بیرۆکەی ڕیفراندۆم و پرسی سەربەخۆیی لە لایەن سەرکردایەتیی کوردەوە هەبوو؛ کە ئەمەیش پرسێکی ستراتیژییە و، پەیوەستە بە ستراتیژییەتی کوردانی باشوور بۆ ئاییندەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، چونکە سەربەخۆییی سیاسی، لە دوای سەربەخۆییی ئابوورییەوە دێت. هێزی نەوتی هەرێم، کاریگەریی لەسەر گۆڕینی ستراتیژییەتی ئەو وڵاتانەی کە پێویستییان بە نەوتە، دەبێت؛ سەبارەت بە تێڕوانینی ئەوان لە هەمبەر دۆزی کورد لە عێراق، لە دۆزێکی مرۆیییهوه بۆ دۆزێکی سیاسی.
ڕەنگە دوای ڕێککەوتننامەی ئانكارا سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت، ڕێککەوتننامەی دیکەیش لەگەڵ وڵاتانی دیکە بۆ ئەم مەبەستە بێتە کایەوە؛ وەک ئەو ڕێککەوتننامەیەی کە حکوومەتی هەرێم بەنیازە لەگەڵ حکوومەتی ئێراندا بە مەبەستی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێی ئێرانەوە بۆ وڵاتانی ڕۆژاوای ئاسیا و جیهان، مۆر بکات.
بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم
سەرەڕای ئەو ڕەهەندانەی کە وەک لایەنی ئەرێنیی نەوتی هەرێم لە ئاییندەدا، کە وەک ئاماژەمان بۆ کرد پێویستە لە کایەی سیاسی و ئابووری و ستراتیژیی هەرێمی کوردستاندا ڕەنگ بداتەوە، وەلێ لە پاڵ ئەمە، ئەم دۆسیەیه (هەناردەی نەوتی هەرێم) لە کەموکورتی و لایەنی نەرێنی بەدەر نییە، جا چ لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم و عێراق یاخود پەیوەست بە ژینگەی دەرەوە، کە وەک بەربەستێک لە هەمبەر دۆسیەکە دەردەکەون، کە بریتین لەمانەی خوارەوە:
١- لەمەڕ پرسێکی گرنگی وەک "نەوتی هەرێم"، لە لایەن ئەو پێنج حزبە سیاسییەی کە حکوومەتی هەرێمیان پێک هێناوە، بۆ چۆنێتیی داڕشتنی "سیاسەتی نەوت"، تێڕوانینکی هاوبەش بەدی ناکرێت.
٢- حکوومەتی عێراق هەمیشە هەوڵی داوە کە لە ڕیێ ئەو گوشارانەی کە لەسەر وڵاتانی کڕیار دروستی دەکات و، هەروەها لە ڕیێ کەناڵە دیپلۆماسییەکانییهوه، بەربەست بخاتە بەر پڕۆسەی مۆبیلیزەکردن و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێم؛ ئهمهیش لەبەر گرنگیی ستراتیژیی کاڵای نەوت، هەروەک لە ڕەهەندی ستراتیژیی ئەو کاڵایە گرنگەدا ئاماژەم پێ کردبوو.
٣- نەوتی هەرێمی کوردستان لە بازاڕەکانی جیهاندا بە هەرزانتر لە نرخی نەوتی وڵاتان دەفرۆشرێت، کە مەبەست لێی دۆزینەوەی کڕیارە؛ ئەمەیش مانای ئەوەیە کە هێشتا وڵاتانی هاوردەکاری نەوت و کڕیاران، جورئەت ناکەن نەوتی هەرێم بکڕن.
٤- حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاکوو ئێستا، تەنیا لە ڕێی تورکیاوە نەوت هەناردە دەکات؛ واتە تەنیا لە یەک دەروازەوەیە، کە ئەمە هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورەیە. بۆ ئەوەی ئاسایشی هەناردەی نەوت و ئاسایشی ئابووریی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت، پێویستە حکوومەتی هەرێم دەروازە و سەرچاوەی دیکەیش بۆ هەناردەکردنی بدۆزێتەوە؛ هەروەک چۆن ئێستا پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێی تورکیاوە بە هۆی هەڵوێستی توندی تورکیا لە هەمبەر پرسی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە شاری "کەرکووک"، مەترسیی ڕاگرتنی لە لایەن خودی توركیاوە لەسەرە.
٥- پێویستە حکوومەتی هەرێم لە ئاییندەیەکی نزیکدا بیر لە ئەڵتەرناتیڤی نەوت بکاتەوە، بۆ نموونه سەرچاوەکانی داهاتی نیشتمانی؛ چونکە قەبارەی یەدەگی نەوتی هەرێمیش، دهكرێ تهواو ببێت، وەک چۆن وڵاتانی وەک ئیمارات و عومان، خەریکی دروستکردنی سەرچاوەی دیکەی داهاتن و، بڕیاریان داوە چیتر نەوت هەناردە نەکەن.
سەرچاوەکان:
1. روبرت غیلبین، الاقتصاد السیاسی للعلاقات الدولیە، ترجمە ونشر: مرکز الخلیج للابحاپ، 2004.
2. توبی شیللی، النفط (السیاسە والفقر والکوکب)، ترجمە: دینا الملاح، العبیکان للنشر والتوزیع، 2010.
3. فیلیب سیبیل لویز، الجغرافیات السیاسیە للبترول، ترجمە: د. نجاە الیبی، هیئە ابو ابوظبي للنشر، 2013.
4. د. هانی حبیب، االنفط استراتیجیا وامنیا وعسکریا، شرکە المطبوعات للتوزیع والنشر، بیروت- لبنان، 2006.
5. روبرت سلیتر، النفط والتحول فی میزان القوى العالمیە، ترجمە: محمد فتحی ، مۆسسە هنداوی للتعلیم والنشر، 2016