نیمچەدوورگەی کۆریا لە بەردەم تاقیکردنەوەی یەکەم جەنگی ئەتۆمیدا؛ یاریی مەزنی شەترەنج

خستنەڕووی پرس:

بە هەمووو پێوەرێکی پێوانەکردنی ئاستی هەڕەشە لەناوچەیەک، وەک پێوەری "هەڵکشانی ململانێی نێوان دوو هێز"، ئەو ئاماژەیە بە دەستەوە دەدات کە ڕێژەی هەڵکشانی ململانێ لە نێوان ئەمریکا و کۆریای باکوور لە نیمچەدوورگەی کۆریا، ئاستی هەڕەشەی لەو ناوچەیە گەیاندۆتە سەرووی هێڵی سوورەوە؛ بە چەشنێک ئەو دەڤەرە خراوەتە دۆخێک، کە مەترسیی جەنگی ئەتۆمیی لێ بکەوێتەوە.

بەشێکی زۆر لە پسپۆرانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و جیۆپۆلیتیک، پێیان وابووە کە بە هۆی بوونی چەکی ئەتۆمییەوە مەترسیی سەرهەڵدانی "جەنگی جیهانیی سێیەم" لە ئارادا نییە؛ چونکە ئەگەر جەنگێکی لەو شێوەیە بەرپا بێت، ئەوا هیچ لایەک تیایدا براوە نابێت. بەڵام هەڵکشان و بەرزبوونەوەی ئاستی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و کۆریای باکوور لەم دوایییەدا، بە هۆی تاقیکردنەوەی مووشەکە بالیستییەکانی کۆریای باکوور، خەریکە ئەو بۆچوونەی پسپۆران سەراوژێر بکاتەوە.‌ بەپێچەوانەوە، ڕه‌نگه خودی چەکی ئەتۆمی، هۆکاری سەرەکیی ڕوودانی جەنگێکی جیهانی بێت؛ بەو پێیەی کە ئەمریکا وا دەڕوانێتە پێشڤەچوونەکانی بواری سەربازیی کۆریای باکوور و تاقیکردنەوە بالیستییەکانی، بەتایبەتی لە ڕووی بەدەستەوەهێنان و فراوانکردنی ئەوەی کە  پێی دەگوترێت "چەکی ستراتیژی" (Strategic Weapon)، وەک چەکی "ئەتۆمی"، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەو دەڤەرە.

ڕووبەری دڵەڕاوکێ (Tension) و هەڕەشە لە نیمچەدوورگەی کۆریا، تا دێت فراوانتر دەبێت؛ بەو پێیەی کە لایەنەکانی ململانێ، بیر لە چەکی ئەتۆمی دەکەنەوە وەک چەکێکی یەکلاکەرەوە بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێیەکە و کۆتاییهێنان بە دڵەڕاوکێ و هەڕەشەکان. بە دیوێکی دیکە، ناوچەکە لە بەردەم تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆمییە؛ چونکە هەڕەشەکردن بە پەنابردن بۆ چەکی ئەتۆمی، لە بەرامبەردا وەڵام و بەرپەچدانەوەكه‌ی، بە هەمان شێوە بە چەکی ئەتۆمی دەبێت.

نیمچەدوورگەی کۆریای باکوور لە یاریی شەترەنجدا

پرسی بەرزبوونەوەی ئاستی دڵه‌ڕاوکێ و هەڕەشە لە نیمچەدوورگەی کۆریا، پرسێکی لە ڕاددەبەدەر گرنگە بۆ کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی و هێزە گەورەکانی وەک: ئەمریکا، چین و ڕووسیا، تەنانەت بۆ تەواوی جیهان. ئەو پرسە، وەک یاریی شەترەنج وایە کە هەر هێزێک دەیەوێ داشەبەردی خۆی بە شێوەیەک بجووڵێنێت کە لە ئەنجامەکەی دڵنیا بێت؛ لەبەر ئەوەی دۆخەکە پێویستیی بە خوێندنەوەیەکی لەسەرخۆ و هۆشەمەندانەیە. بەپێچەوانەوە، جووڵاندنی هەر داشەبەردێک بە ئاراستەی هەڵە، ڕەنگە بۆ ناوچەکە و بۆ خودی هێزە یاریکەرەکان کارەساتبار بێت. نەخشە و پلانی ئەتۆمی لە یاریی شەترەنجدا لەسەر دوو ڕێسا و بنەما دادەڕێژرێت: 1. ئەوەی زووتر گورز بوەشێنێت، ئەوا یارییەکە لە بەرژەوەندیی خۆی کۆتایی پێ دێنێت. 2. سفرکردنەوەی بەرامبەر. سەبارەت بە ڕێسای یەکەم؛ مەبەست لێی ئەوەیە کە ڕەگەزی "کات" زۆر گرنگە. ڕاستە دۆخەکە پێویستیی بە خۆێندنەوەی لەسەرخۆ و هۆشەمەندانەیە بۆ ئەوەی وەک ئاماژەم پێ کرد هەنگاوی هەڵەی لێ نەکەوێتەوە کە دواجار بۆ ئەو لایه‌نە بە زیان بشکێتەوە، وەلێ لە هەمان کاتدا خێرایی لە گورزوەشاندن زۆر گرنگە. کاتێک کە دۆخەکە دەکەوێتە سەر خاڵی تەقینەوە و، لەو چەشنە هەلومەرجەدا، هەر هێزێک زووتر گورزی خۆی بوەشێنێت ئەوا ئەنجامی یارییەکە مسۆگەر دەکات؛ چونکە گورزەکە گورزێکی ئەتۆمی دەبێت و بەتەواوی هاوکێشەکە یەکلایی دەکاتەوە. هەرچی سەبارەت بە ڕێسای دووەمیشە؛ مەبەست لێی ئەوەیە کە لە گورزی ئەتۆمیدا، پێویستە وه‌شاندنی گورزه‌كه‌ بەو ئەندازەیە بێت کە هێزی ئه‌تۆمی لە لایەنی بەرامبەردا دابمالێت؛ بە شێوەیەک کە دەرفەت و توانای ئەوەی نەمینێت هێزی بەرپەچەدانەوەی ئەتۆمیی هەبێت.

 ئەمریکا بۆ ئەوەی بتوانێت ئەنجامی یارییەکە مسۆگەر بکات، ئەوا هێزێکی سەربازیی زەبەلاحی لە نیمچەدوورگەی کۆریا كۆ كردۆته‌وه‌. لەو بارەیەوە سایتی  "روسیا الیوم" ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمریکا کەشتییەکی سەربازیی، كه‌ لە جۆری هەڵگری ئەو فرۆکانەیە کە مووشەکی ئەتۆمییان پێیە، ڕەوانەی ناوچەکە کردووە، وەک: فڕۆکەی B-52 Stratu fortis، فڕۆکەی B-2  Nur Throb و فڕۆکەی B-1  Rockwell. جگە لە  فڕۆکەکان، ئەمریکا ژێرده‌ریاییشی بۆ ئەو ناوچەیە ناردووە؛ کە ئەمیش ڕوکێتی ئەتۆمیی عەمبار کردووە؛ ڕۆکێتەکان دەتوانن لەژێر دەریاکاوە ناوچە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور بکه‌نه‌ ئامانج. سەرەڕای ئەم هێزە زۆروزەوەندە لە هێزی ئاسمانی و هێزی دەریاوانی، کە وەک ئاماژەم پێ کرد ئەمریکا لە نیمچەدوورگەی کۆریای بنەجێی کردوون، نزیکەی 70 هەزار سەربازی ئەمریکا لە بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە هەر یەکە لە وڵاتی کۆریای باشوور و ژاپۆن بوونیان هەیە و، بۆ هەر ئەرکێک کە پێیان بسپێردرێت، ئامادەن.

ستراتیژییەتی ئەمریکا

ئەمریکا، سەرباری ئەوەی کە بۆ حاڵەتی پێویستی و زەرووری، هێزیکی زۆری لەو ناوچەیە کۆ کردۆتەوە، بەڵام ستراتیژییەتی ئەو وڵاتە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی مووشەکە بالیستییەکانی کۆریای باکوور، لەسەر دوو بنەمایە: یەکەم، پەنابردن بۆ ئامرازە سیاسی و دیپلۆماسییەکان (گفتوگۆ و دانوستاندن)؛ دووەم، پەنابردن بۆ هێزی ڕەق (هێزی سەربازی).

"ترامپ" لە دوایەمین تویتی خۆیدا، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێمە ئۆمیدمان هەیە کە بەیەکەوە لەگەڵ وڵاتی چین کێشەی مووشەکە بالیستییه‌كانی کۆریای باکوور چارەسەر کەین، بەڵام ئەگەر چین هاریکار نەبوو، ئێمە دەتوانین بەتەنیا چارەسەری کەین. مەبەستی "ترامپ" لەو لێدوانەی، ئەوەیە کە ئەمریکا لە دەسپێکدا هەوڵ دەدات کە ئەو پرسە مەترسیدارە بە ڕێگه‌ی دیالۆگ و گفتگۆ چارەسەر بکات، یاخود لە ڕێگه‌ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و سزا و ئابڵووقە بخرێتە سەر کۆریای باکوور؛ بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ تاقیکردنەوە بەردەوامەکانی مووشەکە بالیستییەکانی ئەو وڵاتە دیاری بکرێت و، ئەو وڵاتە لە چەکی ئەتۆمی دابماڵرێت و، چیتر نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە نیمچەدوورگەی كوريا.

بەڵام کاتێک ئەو میکانیزمە، بێبەرهەم بێت و هیچی لێ سەوز نەبێت، لەو حاڵەتەدا، ئەمریکا پەنا بۆ بەکارهێنانی ئامرازی هێز دەبات. لە ئێستایشدا بیری لەوە کردۆتەوە بۆ ئەوەی کە مەترسییەکە لە ئەمریکاوه‌ دوور بێت، ئەمریکا هێزی خۆی لە نیمچەدوورگەی کووریا کۆ کردۆتەوە وەک ئاماژەم پێ کردبوو؛ ئەمەیش وەک ئاماژەیەک بۆ گوتەکەی "ترامپ" کە گوتی: "دەتوانین بەبێ هاریکاریی چینیش چارەسەری ئەو پرسە بکەین." مەبەستی "ترامپ" ئەوە نییە کە  ڕژێمی پیونگ یانگ لەناو بەرێت، بەڵکوو مەبەستی ئەوەیە کە ئەو وڵاتە لە چەکی ئەتۆمی دابماڵرێت، چونکە ئەمریکا له‌وه‌ تێ دەگات کە ئاماژەکردن و ناردنی پەیام لە لایەن ئەمریکاوە بۆ کۆریای باکوور، لەوەی کە بەنیازە ڕژێمی پیونگ یانگ لەناو بەرێت، ئەوا ڕەنگە کۆریای باکوور پێش ئەمریکا بکەوێت و گورزی ئەتۆمی بوەشێنێت؛ بۆ ئەوەی ئەو ڕژێمە نەکەوێت.

ستراتیژییەتی چین و ڕووسیا

کۆریای باکوور یەکێکە لە هاوپەیمانە گرنگەکانی چین و ڕووسیا. پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ وڵاتی کۆریای باکوور لە سەردەمی دەسەڵاتی باوکی سەرۆکی ئێستای کۆریای باکوور، "کیم جۆن ئون"، باشتر بوو؛ بەو پێیەی کە " کیم جۆن ئون" بەبێ ڕەزامەندیی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، بەتایبەتی چین، ڕووبەری دەسکەوتنی مووشەکی بالیستیی فراوانتر کردووە؛ ئەمەیش بەپێی بۆچوونی چین، ناوچەکەی تووشی دڵەڕاوکێ و مەترسیی گەورە کردۆتەوە.

ستراتیژییەتی چین و ڕووسیا بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە لە ئێستادا، بەو ئاراستەیەیە کە هەر دوو لا هەوڵ دەدەن پرسەکە بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکەن؛ هیچ لایەک، نە ئەمریکا و نە کۆریای باکوور، پەنا بۆ هێز نەبەن. لەو بارەیەوە وەزیری دەرەوەی چین "وانگ یی لی" هۆشداریی دایە هەر دوو لا، کە ئەگەر هەر لایەک پەنا بۆ هێز ببات ئەوا خۆی بەرپرسیارێتیی تێکچوونی دۆخە هەڵدەگرێت. هەروەها وەزیری دەرەوەی چین ئاماژەی بەوە دا کە تێگەیشتنێکی تەواو لە نێوان وڵاتەکەی و ڕووسیادا بۆ دۆزینەوەی ڕێگه‌چارەیەکی ئاشتییانە هەیە. لە دانیشتنێکی نێوان هەر دوو وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و چین، هەر دوو لا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو لایەک (کۆریای باکوور، ئەمریکا، کۆریای باشوور، ژاپۆن، چین، ڕووسیا)، بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە بگەڕینەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

کۆتایی:

لە کۆتاییدا، دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم کە ناوچەکە سەرباری ئەوەی کە لە ڕووی هەلومەرجی سەربازییەوە لەسەر لێواری تەقینەوەدایە، لە هەمان کاتیشدا یارییەکە لە نێوان دوو یاریزانە (ترامپ و کیم جون ئون)، کە لە ڕووی سایکۆلۆژیی سیاسی (Syco politics) و تایبەتمەندیی سەرکردەوە، سەرباری جیاوازیی تەمەنیان چەند خاڵێكی هاوبەشیان هەیە: هەردووکیان لە پەنابردن بۆ هێز و هەڕەشەکردن بە هێز زۆر گەرمن؛ بەو پێیەی کە هەردووکیان ئەزموونی سیاسییان کەمە و به‌ دوای دروستکردنی شکۆی كه‌سین، بە بیانووی دروستکردنی شکۆی ئەمریکا و شکۆی کۆریای باکوور؛ هەردووکیان لە ئێستادا، دۆخی ناوچەکەیان گەیاندە ئەو ئاستەی کە خوێندنەوەی تەقینەوەی ئەتۆمی بۆ ئەو ناوچەیە بکرێت؛ "خوا ڕەحم بکات".

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples